ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

قوباد تاڵەبانی؛ هەندێك لە هەڤاڵانی یەكێتی پێش نەیارەكان دەستیانكردووە بە ڕەخنە گرتن

خەڵك – بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، ئەمڕۆ رۆژی یەكخستنەوەی كوردستان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ پارتی و گۆڕان، دەشڵێت،”ھێشتا نەیارەكانمان دەستیان نەكردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، كەچی ھەندێك لە ھەڤاڵانمان قەڵەمەكانیان خستووەتە گەڕ، كە سنووری ڕەخنە ‌و ڕەچاوكردنی گیانی ھەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەوتارێكدا لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەكردوە، كە بەردەوامبوونم وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە، ئەركی داھاتووم بە ھاوكاری تەواوی كابینەی وەزاری ئەوە دەبێت لەبری گلەیی و تلانەوە بەدەست گرفتەكانەوە، سەرگەرمی چارەسەركردنی گرفتەكان و دەستپێشخەری و دروستكردنی ھەلی كار و گەشەپێدان بین.

دەشڵێت،”دەستمان خستۆتە ناو دەست بۆ بەهێزكردنەوەی یەكێتی و باشتر خزمەتكردنی خەڵك، ئەمڕۆ رۆژی یەكخستنەوەی كوردستان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان، سەردەمی بەھێزكردن و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدایە”.

ڕاشیگەیاندووە، داوا لە دڵسۆزانی یەكێتی دەكەم پشتی كادرەكانی خۆیان بگرن بە متمانەوە تەماشای راسپێردراوەكانیان بكەن ، بەداخەوە ھێشتا نەیارەكانمان دەستیان نەكردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، بەڵام ھەندێك لە ھەڤاڵانی خۆمان، ھەندێك ڕاستەوخۆ، ھەندێك لە پشت پەیج و ئەكاونتی سێبەرەوە، قەڵەمەكانیان خستووەتە گەڕ، بۆ مەرامێك كە نەك ھەر ناكۆكە بە پرەنسیپی چەپكەگوڵەكەی مام، بەڵكو سنووری ڕەخنە ‌و رەچاوكردنی گیانی ھەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت.

 

دەقی وتارەكەی قوباد تاڵەبانی:

جارێكی تر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرفەت و شەرەفی ئەوەیان پێدام وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێم دەستبەكاربم و لەگەڵ چەند ھەڤاڵێكی تر نوێنەرایەتی یەكێتی بكەین لە حكومەتدا، لەپێناو ئەوەی لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا پڕۆگرام و دیدی یەكێتی لە كاری حكومەت و خزمەتگوزاری و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ ھاوڵاتیان شان بەشانی لایەنە بەشدارەكانی دیكە بەرجەستە بكەین.
بەردەوامبوونم وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە لە بەرامبەر خواو خەڵك و حزبەكەشمدا، پێشتریش چوار ساڵی زۆر قورس و پڕ لە قەیرانی سەختمان تێپەڕاند، بە باش و خراپییەوە لەو ماوەیەدا شانم دایە بەر ئەركێكی یەكجار گران، بەڵام من وەكو قوباد تیایدا بووم بە قوربانی و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی رەوا و ناڕەواش بوومەوە، ئاساییە ڕەنگە منیش ھەندێك ھەڵەم كردبێت (ئەوەی كار نەكات، ھەڵە ناكات).
دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم ئەركی داھاتووم بە ھاوكاری تەواوی كابینەی وەزاری ئەوە دەبێت كۆتایی ئەو قۆناغە پڕ لە قەیرانە كە لەكابینەی رابردوو بەشێكیمان چارەسەركرد، بەسەرەتای قۆناغێكی تازەتر ببەستینەوە كە قۆناغی دەستپێكردنی بووژانەوە و خزمەتگوزاری بێت، قۆناغێك بێت لەبری گلەیی و تلانەوە بەدەست گرفتەكانەوە، سەرگەرمی چارەسەركردنی گرفتەكان و دەستپێشخەری و دروستكردنی ھەلی كار و گەشەپێدان بین.
بۆ ئەم ئەركە داوا لە دڵسۆزانی یەكێتی دەكەم پشتی كادرەكانی خۆیان بگرن. بە متمانەوە تەماشای راسپێردراوەكانیان بكەن. ھێشتا دەستبەكارنەبووین، ھێشتا نەیارەكانمان دەستیان نەكردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، بەڵام ھەندێك لە ھەڤاڵانی خۆمان، ھەندێك راستەوخۆ، ھەندێك لە پشت پەیج و ئەكاونتی سێبەرەوە، قەڵەمەكانیان خستووەتە گەڕ، بۆ مەرامێك كە نەك ھەر ناكۆكە بە پرەنسیپی چەپكەگوڵەكەی مام، بەڵكو سنووری ڕەخنە ‌و رەچاوكردنی گیانی ھەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت.

ئەم دۆخە كاتی دەستبەكاربوونمان لە كابینەی ھەشتم بیر دێنێتەوە كە بەشێكی ناڕازی لە ناو حیزبی خۆمان تووندتر لە ئەوانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوون، رەخنەیان لێ دەگرتین و ھەموو ھەوڵێكی باشیان بێ بەھا دەكرد. ھەر ئەوەش بوو كە چەكی دایە دەستی نەیارەكانمان لە دژمان بەكاری بھێننەوە.
تكا لە ھەڤاڵانی یەكێتی دەكەم، سەبرتان ھەبێت لەبڕیاردان، ئەم تەشكیلەیە نموونەیەكە لە كۆكەرەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی یەكێتی، كە ئەگەر ھان بدرێت، نەك لێی بدرێت، پشتیوانی لێ بكرێت، نەك ھەڕەشەی لێ بكرێت، وا دەكات كابینەی نۆ، لە ژینگەیەكی تەندروست دەستبەكار بێت. ئەمەش زیاتر ھانمان دەدات بەرەو یەك ئاڕاستە كار بكەین. ئەویش ئاڕاستەی خزمەتی خەڵك و جێبەجێكردنی بەرپرسیاریە نیشتمانی و ئەخلاقیەكانە.
با لاپەڕە كۆنەكان ھەڵنەدەینەوە، ھەموومان ئەمڕۆ لە ژێر سێبەرەكەی مامین. دەستمان خستۆتە ناو دەست بۆ بەھێزكردنەوەی یەكێتی و باشتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئەمڕۆ ڕۆژی ئیش و خەباتە، نەك خۆپەرستی و شكاندنی ئەوانەی كەیفمان پێیان نایە. ئەمڕۆ رۆژی یەكخستنەوەی كوردستانە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیمانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، نەك كەرتكردنی كوردستان و ئاڵۆزتركردنی دۆخی ناو سلێمانی بەتایبەتی و كوردستان بەگشتی. ئەمڕۆ رۆژی ناساندنەوەی یەكێتییە بە خەڵكی خۆمان، ئاشتكردنەوە و قوڵكردنەوەی پەیوەندیی یەكێتییە بە خەڵكەوە.

سەردەمی بەھێزكردن و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدایە، بە لایەنە سیاسییەكانی عیراق، بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەمڕۆ رۆژێكی نوێیە لەو مێژووە دوورو درێژە پڕ لە سەروەرییەی یەكێتی.

با ھەوڵ بدەین لە ئاستی چاوەڕوانی ھاوڵاتیان بین، كارێك بكەین كە ڕەوتی شەپۆل و ئاوەكە بەرەو ئاشی خەڵك و خزمەتی ھەمووان ئاراستە بكەین، دوور لە توڕەیی و ھەڵچوونی میزاجی كەسیی. چونكە من ھەمیشە بڕوام وابووە سیاسەت بە لێبوردەیی و میھرەبانی دەكرێت، ئەوەش وانەیەكە لە مامەوە فێری بووم. بۆیە وەرن قەڵەمە ژەھراوییەكانمان فڕێ بدەین. بۆ یەكێتی و بۆ سەركەوتن، با ھەموومان پشتیوان و ھاوكاری پرۆژەی چاكسازی حكومی و خەمی خاك و خەڵك بین.

کوردستان

مەلا بەختیار: هۆشداری توند دەداتە یەكێتی و پارتی

خەڵك – بەشی هەواڵ

مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت، حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە كۆڕێكدا لە شارۆچكەی دەربەندیخان ڕایگەیاند، حكومڕانی و دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەجیهانگیری تێنەگەیشتوون، لەوانیش خراپتر حزبەكان سیاسەت و ستراتیژیان لەسەر بنەمای گۆڕانكارییەكانی جیهانیگری دانەڕشتووە. بۆیە تێنەگەیشتن لەجیهانگیری لەلایەن حزب و ڕێكخراوەكانەوە زۆر مەترسیدارە.

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە ئەوروپا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی حزبایەتی و خەباتی سەندیكایی و ڕێكخراوەكاندا هاتووە و ئەوان بەتەواوی خۆیان لەگەڵ جیهانگیریدا گونجاندووە، بەڵام بەداخەوە لە عیراق و كوردستاندا هێشتا بەشێوازی كۆن و كلاسیكی حزبایەتی دەكەین.

مەلا بەختیار، وتیشی، حزبایەتی لە عیراقدا لە ئەشكەوتی پەنجاكاندایە، ئێمە كەمێك باشترین، بۆیە حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەخۆیاندا بكەن و لەگەڵ سەردەمەكەدا خۆیان بگونجێنن، ئەگەرنا ئەم بازنە داخراوەی حزبایەتی كۆتایی دێت، ئەوە كۆتایی دێت كە كوڕ و خزمەكانیان كۆنتڕۆڵی ئەم دەڤەر و ئەملاوئەولا بكەن.

مەلا بەختیار جەختیشیكردەوە، ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بكەن، ئەمڕۆ 17/7/2019یە، ئەگەر تا دوو خولی هەڵبژاردنی تر یەكێتی و پارتی خۆیان نەگۆڕن بەتایبەتی یەكێتی، بەدیلی خراپتر و فەوزایەكی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا دروستدەبێت. ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، بەرەو گەندەڵی زیاتر هەنگاو دەنێنین پاكەكانیش پیس دەبن و ئەوكات كێشەی گەورە لەكوردستاندا دروستدەبێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئێستا خواستی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، خەمی ئەوەیەتی كە ئایا تۆ گەندەڵی لەناودەبەیت یان نا؟ یاسا سەروەر دەكەیت یان نا؟ سیستمی پەروەردە دەگۆڕی و ئازادی ژن دەستەبەر دەكەیت؟ چاودێری بازاڕ دەكەیت و قۆرخكاری ناهێڵیت و مافی بەركارەكان دەپارێزیت؟ ئەمانە خەمی نوێن، بۆیە گەندەڵی هاندەری سەرەكی ناڕەزایەتی خەڵكە و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە.

مەلا بەختیار جارێكی تر جەختی لە گۆڕانكاری ژیانی حزبایەتی لە كوردستان كردەوە و بە تایبەتی یەكێتی و هیوای خواست كۆنگرەی ئایندەی یەكێتی بەزوویی وەكو كۆنگرەی گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت سەرەپا گۆڕانكاری لەحزبەكەدا بهێنێتەدی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قوباد تاڵەبانی: چاكسازیی و خزمەتگوزاری بەرنامەی حكومەتە

خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نییەتمان وایە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند بەشێوەیەكی هەمیشەیی چارەسەر بكەین و كۆتایی بەچارەسەرە كاتییەكان بهێنین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، لە شاری ھەولێر، لەگەڵ ماتیۆ تولەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و ستیف فەیگن كونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر كۆبووەوە.

لەو كۆبووەنەوەیەدا قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی ئەمریكای ڕوونكردەوە، هەموو ئامادەكارییەكیان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لە بەغدا و تیشكی خستە سەر دوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە پێناو دانانی ڕێوشوێن بۆ كۆتاییهێنان بە چارەسەرە كاتی و كورت مەوداكان.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕوونیشیكردەوە، بەرنامەی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی چاكسازیی و خزمەتگوزار دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق ئیدانەی پەلامارەكەی هەولێر دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكات كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەیخستەڕوو، ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەن كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشدا، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئامانجی بەدەستهێنانی وردەكاری و زانیاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەكەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە چێشتخانەی (هۆك باز)ی نزیك ئێمپایەر لە شاری هەولێر پەلاماری ژمارەیەك لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا درا و تێیدا جێگری كونسوڵی توركیا و كارمەندێك كوژرا و كەسێكی تریش برینداربوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان