ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

چەند بڕیارێك لە بارەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە دەركرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی كەلار ڕایدەگەیەنێت، لە كۆبونەوەیەكدا دوای خستەڕووی ڕەوشی كارەبای نیشتیمانی و كاروباری مۆلیدە ئەهلییەكان و داواكاری هاووڵاتیان، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی چەند بڕیارێك دەركرا.

لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی كەلار لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە ڕایگەیاندووە، قائیمقامی كەلار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری كارەبای كەلار و كۆنتڕۆڵی كارەبا لە گەڵ لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سەر بە قائیمقامیەتی كەلار كۆبووەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە كۆبوونەوەكەدا دوای خستەڕووی ڕەوشی كارەبای نیشتیمانی و كاروباری مۆلیدە ئەهلییەكان و داواكاری هاووڵاتیان، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی چەند بڕیارێك دەركرا، كە لەمەبەدوا خاوەنی مۆلیدە دەبێت بە ئاگاداری لیژنەی مۆلیدە سركت “جۆزە”ی كارەبای ماڵان بگۆڕێت.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هەموو مۆلیدەیەك بۆ ماوەی 24 كاتژمێر و لە كاتی نەبوونی كارەبای نیشتیمانی لە هەركاتێكدا دەبێت كارەبای مۆلیدە بدات بە هاووڵاتیان، لە كاتی پچڕانی كارەبای نیشتیمانی دەبێت لە ماوەی 10 خولەك كارەبای مۆلیدە بدرێتە هاووڵاتیان.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “هەر مۆلیدەیەك پێنج كاتژمێر بە بەردەوامی كارەبای مۆلیدە بدات بە هاووڵاتیان مافی خۆیەتی یەك كاتژمێر پشوو بە مۆلیدەكەی بدات، هەروەها ئەو مۆلیدانەی لە ناو باخچەكانی شارەوانین دەبێت دیواری مۆلیدەكانیان بە ڕەنگێكی جوان بۆیاخ بكەن”.

ئابوری

جموجۆڵی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران ئاسایی دەبێت

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو پشكنینانەی لەخاڵە سنوورییەكان بۆ خۆراك و پێویستیەكانی تر دەكرێن، كە لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێن بەشێوەیەكی ئاسایی بەرێوەدەچێت، چونكە مرۆڤ هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشیەكەیە.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، تائێستا ئەو پشكنینانەی هەبوون بۆ خۆراك و پێویستییەكانی تر، كە لەوڵاتی ئێرانەوە لەڕێگا سنوورییەكانەوە دێنە هەرێمی كوردستان هەر وەكو خۆیانن بەشێوەیەكی ئاسایی هەروەك لەخاڵە سنوورییەكانی تر لەگەڵ وڵاتانی دیكە دەكرێن، چونكە مەترسی ئەو نەخۆشیە زیاتر بەڕێگای مرۆڤەوەیە، كە هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشیەكەیە.

دەشڵێت: “دەبێ تیشكمان لەسەر ئەوە بێت مرۆڤ لەم پەتایە دووربخەینەوە، ئەگەر حاڵەتێكی وەها بێتە پێشەوە، كە بازرگانی بوەستێت، بەدڵنیایی حكومەتی هەرێم بڕیاری پێویستی دەبێت”.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆش گەیشتین بە بڕیارێك، كەوا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕێكبخرێت بەجۆرێك، كە خزمەتی هەردوولا بكات و بەدووریش بین لەگواستنەوەی پەتای كۆرۆنا .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بەڵێنی دابەشكردنی مووچە بە 30 ڕۆژ نەبرایەسەر

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەرچەندە وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش بكات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ماوەیە بەسەر دابەشكردنی مووچەی چەند وەزارەتێك تێپەڕی و تا ئێستا هیچ خشتەیەكی دابەشكردنی مووچە ڕانەگەیەنراوە و بەرپرسانی دارایی-ش زانیاری نادەن.

مانگی ڕابردوو لە 22ی مانگدا كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان هێنرا و مووچەی خانەنشینانیش دابەشكرا، بەڵام سبەینێ‌ یەك شەممە 30 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەی بەشێكی زۆری وەزارەتەكان تێدەپەڕێت و تا ئێستاش هیچ خشتەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە لەلایەن داراییەوە ڕانەگەیەنراوە.

بۆ پرسی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك لەسەر مووچە بدات.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) تا ئێستا پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەوانە نەكردووە و حكومەتی هەرێم-یش پارەی تەرخانكراوی فرۆشتنی نەوت بۆ مووچە، كە مانگانە نزیكەی 380 ملیار دینارە زیاد ناكات.

پێشتر چەند جارێك بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران هەر 30 ڕۆژ جارێك.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ژمارەیەك هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان ڕاگەیەنرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت ژمارەیەك هەلی كار بۆ دەچووانی چەند بەشێكی زانكۆ و پەیمانگا ڕادەگەیەنێت و قائیمقامیەتی چەمچەماڵ-یش دەڵێت: “گرێبەستەكە بۆ 10 ساڵە”.

قائیمقامیەتی چەمچەماڵ لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە لە پیناو خزمەتكردنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنوری شارۆچكەكەمان، بەهەوڵی قائیمقامی چەمچەماڵ لیژنەی ناو تۆماركردنی (ڕیكخراوی گەشەپیدانی ئابووری) ناوتۆماركردنی دەرچووانی بەشەكانی (كشتوكاڵ، كۆمپیوتەر، جوگرافیا) دەهێنێتە شارۆچكەی چەمچەماڵ.

ڕاشیگەیاندووە، لیژنەكە بۆماوەی یەك ڕۆژ ناوی دەرچووانی ئەو بەشانە تۆمار دەكەن و داواكار پێویستە (سی ڤی) پێبێت.

جەختیشی كردۆتەوە، هەلی كارەكە بۆ كەرتی تایبەتە و بە گرێبەستیكی ۱۰ ساڵی دەبێت لەگەڵ كۆمپانیای (الفیحا‌و الزهبی) .

ئاشكراشی كردووە، شوێنی ناوتۆماركردن لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چەمچەماڵ دەبێت لە ڕۆژی یەك شەممە ۲۳/ ۲/ ۲۰۲۰ لە كاتژمێر ۹ی بەیانی بۆ ٤ی ئێوارە و تەنها یەك ڕۆژە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان