ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

مەسرور بارزانی كارنامەی كابینەی نۆهەمی ڕاگەیاند

خەڵك-بەشی هەواڵ

مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كارنامەی چوار ساڵی حكومەتەكەی ڕاگەیاند.

مەسرور بارزانی لەسەرەتای خوێدنەوەی كارنامەكەدا ڕایگەیاند، ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنها هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكوومەتە و تێیدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەكی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێكردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین كار و كەمترین گوتارمان هەبێت.

ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنە سیاسییەكان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەكانی ناو كابینەی نۆیەم ڕێكخراوە و بۆچوون و پلانی تێكڕای بەشداربووانی ئەم كابینەیە لە خۆ دەگرێت، جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیاریەتیەكی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی ناو ئەم كابینەیە دەبێت.

لە ئاستی چاكسازیدا:
یەكەم: كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەركردن و ڕێكخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەك كە لەم كەرتە كرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستكردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەكردنەوەی پرۆژە یاسای چاكسازی و ناردنەوەی بۆ پەڕلەمان بە فۆرمێكی تازە و گونجاو.

دووەم: كار دەكەین بۆ نەهیشتنی ڕۆتین و هەروەها خێراكردنی ڕاپەراندنی ئیش و كاری هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەكاندا. بە كردەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزاركردنی دامەزراوە حكومییەكان لە ئاست هاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەكترۆنیەكان دەدەین.

سێیەم: نابێ بەرپرسانی باڵای حكومەت پێگەی كارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەكاربهێنن. بە پشت بەستن بە یاسا بەركارەكانی هەرێم، نابێ بەرپرسان كاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بكەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەك لەم بوارەدا دەكەین.

چوارەم: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی كۆنگرە و كۆنفڕانس، بەپێی پێویستی دەبێت و ڕێگە لە بە هەدەردانی سامان و خراپ بەكارهێنان و بەلاڕێدابردنێك لەم بوارانەدا دەگرین.

پێنجەم: بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندەڵیەكی دارایی و كارگێڕی دەبینەوە و ڕێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵك و مومتەلەكاتی هەرێم، ئەمەش لە ڕێگەی كاراكردن و پشتیوانی كردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پەڕلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواكاری گشتی.

شەشەم: كاردەكەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەكانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەكانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەكان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە كاردەكەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بە پێی یاسای پەیوەندیدار.

حەوتەم: بە پێی ستاندەرە جیهانییەكان، چاكسازی لە كەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراك دەكەین و ڕێكاری یاسایی بۆ هەر سەر پێچیەك كە لەم لایەنە ژیاریەدا بكرێت دەگرینەبەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین.

هەشتەم: چاكسازی لە سیستەمی باج دەكەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو ڕێكارێكی یاسایی و كارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میكانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێكخستنی باج.

نۆیەم: كار دەكەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخكاری (احتكار) بە پێی یاسای بەركار و ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی كۆمپانیاكانی پشكداری.

دەیەم: پشتیوانی كاری چاودێریی پەڕلەمانی دەكەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە هەموو ڕێكارەكانی چاودێری لە پەڕلەمانی كوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماكانی كاری پەرلەمانی. هەروەها بە پێی بنەماكانی كاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.

یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم كارا دەكەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرانتی مافەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بكات.

دوازدەیەم: بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم، لەپێناو بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میكانیزمی ڕێكخستن و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكەین و هەوڵ دەدەین بە هاوكاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەكی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەكان نزیك بكەینەوە.

سێزدەیەم: كار دەكەین بۆ سەروەركردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە كوردستاندا كەس لە سەرووی یاسا بێت. هیچ كەسێك رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابكات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها كاری جدی دەكەین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەك لە ناو كۆمەڵگەكەماندا.

لە ئاستی خزمەتگوزارییەكاندا:

یەكەم: كاردەكەین بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی خزمەتێكی باشتری تەندروستی بە هاوڵاتیان و هەوڵی جێگیركردنی سیستەمی بیمە یا خود دڵنییایی تەندروستی بە پێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان دەدەین. هەروەها كار دەكەین بۆ پێشكەشكردنی ڕەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێكخستنەوەی ماف و ئەركی پزیشكان بۆ پاراستنیان لە هەر دەستدرێژییەك.

دووەم: كار دەكەین بۆ چارەسەرییەكی بنەڕەتی بۆ كێشەی كارەبا، لە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهینان و كەمكردنی بەهەدەردان و دابەشكردنێكی پێشكەتوو و گونجاوی كارەبا. هەروەها كار دەكەین بۆ ڕێكخستنەوەیەكی گونجاوی نرخی كارەبا و دامەزراندنی میكانیزمێكی كاریگەر و سەردەمیانە بۆ كۆكردنەوەی پارەی كارەبا لە بەكاربەران.

سێیەم: كار دەكەین بۆ چاككردن و بەرزكردنی ئاستی خزمەتگووزارییەكانی پەروەردە و فێركردن لە كەرتی گشتی و دانانی ڕێكاری ڕاكێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی هەرێم و دەرەكی بۆ بەشداری لە ئاواكردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. هەروەها كار دەكەین بە پێداچوونەوە بە مەنهەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەڕۆكیان بەپێی ستانداردە باوەكان.

چوارەم: كار دەكەین بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەویی هەرێم بۆ بواری خواردنەوەی هاوڵاتیان و بە جۆرێك ئاوی پاك بگەیەنرێتە هەموو هاوڵاتیان و تا بكرێت ئاوی ژێرزەوی بەهەدەر نەدرێت.

پێنجەم: كار دەكەین بۆ باشتركردنی ڕێگەوبانی هەرێمی كوردستان و سیستەمی هاتووچۆی هەرێم و هەوڵدەدەین وەبەرهێنانی بیانی و كەرتی تایبەت بۆ ئەم بوارە ڕابكێشین و ڕێگەوبانی هەرێم كە ساڵانە هۆكاری زیانی گیانی و ماڵیی هاوڵاتیانمانە لە ستانداردە باوەكان نزیك بكەینەوە.

شەشەم: كار دەكەین بۆ رەخساندنی بواری كار بۆ كەرتی تایبەت و فراوانكردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكانی وەك پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، تاكو بەم هۆیەوە دەرفەتی كار زیاد بكرێن و یاساكانی كار بە جۆرێك رێك بخرێن كە دەرفەتی كار بۆ گەنجانی هەرێم زیاتر بكرێت.

حەوتەم: كاردەكەین بۆ زامنكردن و رێكخستنەوەی سەرجەم مافە یاساییەكانی كارمەند و كرێكارانی كەرتی تایبەت، بە جۆرێك مافی خانەنشینی و كاتژمێرەكانی كار و بیمە یا خود دڵنیایی تەندروستی و داهاتوویان پارێزراو بێت.

هەشتەم: خزمەتی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمئەندامانی سەنگەر و بریندارەكان و قوربانیانی هەڵمەتەكانی جینۆساید و زیندانییە سیاسیەكان، لە كارە بەراییەكانی حكومەت دەبێت. هەروەها كار دەكەین بۆ پێداجوونەوە بە لیستەكانیان و پاكردنەوەیان لەو ناوانەی بە شێوازی نایاسایی زیادكراون.

نۆیەم: بە مەبەستی دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە، گرنگیی تایبەت بە كاروباری خاوەن پێداوسیتیە تایبەتیەكان دەدەین.

دەیەم: ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە و كار دەكەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە كلتوری ژینگە پارێزی. كار دەكەین بۆ بەكارخستنی سیستەمێكی پیشكەوتووی ریسایكل و چارەسەریی زبڵ و خاشاك وكەمكردنەوەی مەترسییە ژینگەییەكان.

یازدەیەم: لەسەر شێوازێكی دادپەروانە و هاوسەنگ كار دەكەین بۆ ئاوەدانكردنەوەی شار و قەزا و ناحیەكان و گرنگی تایبەت دەدەین بە هاندانی خەڵكی لادێكان بۆ مانەوەیان لە گوند و دێهاتەكانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری شایستە بۆیان.

دوازدەیەم: گرنگی تایبەت دەدەین بە فەراهەمكردنی پانتایی كاری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی یاسادا و پاڵپشتی بوارە وەرزشی و هونەری و فەرهەنگی و كلتورییەكان دەكەین لە هەرێمی كوردستان.

سێزدەیەم: كاردەكەین لە پێناو گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش لە ڕێگەی پێشخستن و بەرزكرنەوەی ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم لە ڕووی جۆری، هەروەها فەراهەمكردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی. هەروەها كار دەكەین بۆ رێكخستنەوەی كاری زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكان و پێداچوونەوە بە كوالێتی زانستی و نرخەكانیان.

چواردەیەم: بە ئەلەكترۆنی كردنی كاروباری حكومەت(حكومەتی ئەلكترۆنی)، چ لە ئاست كاروباری ناوخۆی حكومەت و چ لە ئاست پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ئەلەكترۆنییەكان بۆ هاوڵاتیان، لە ئەركە لە پێشینەییەكانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕووتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و كاتی هاوڵاتیان و دامەزراوەكان دەگیرێت و كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان بەرز دەكرێتەوە.

پازدەیەم: گەنجانمان سەرمایەیەكی نیشتیمانیی گەورە و كاریگەری مرۆیین و ئایندەسازی وڵاتەكەمانن. بۆیە لە میانەی كار و بەرنامەی گشت وەزارەتەكان، كار دەكەین بۆ بەكارخستن و ئاراستەكردنی تواناكانیان بەرەو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و پێشكەتوو، كە ئایندەیەكی گەشتر بۆ وڵات فەراهەم بكات.

شازدەیەم: شوێنەوارە مێژووییەكانمان بەشێكن لە سەرمایەی مێژوویی و كلتوری وڵاتەكەمان و پاراستنیان ئەركێكی لە پێشینەمان دەبێت و كاردەكەین بۆ بەهێزتركردنی ئالییەتی دۆزینەوە و سەرپەرشتی و پاراستنیان و هەروەها هەوڵی بەكارخستنی كاراتری ئەم شوێنەوارانە دەدەین بۆ بواری گەشتیاری، بە پێی ستانداردە باوەكان.

لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقی فیدڕاڵ:
یەكەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان لایەنی فەرمیی دانوستان دەبێت لە گەل حكومەتی فیدڕاڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێم و پەڕلەمانی كوردستان، دەستەی دانوستان دروست دەكەن، بۆ دانوستان لەگەل بەغدا و بەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان.

دووەم: دەستور بنچینەی هەر دانوستانێكی هەولێر لەگەل بەغدا دەبێت و دۆسیەكانی پەیوەست بە مادەی ١٤٠ و پێشمەرگە و بودجە و سامانە سروشتیەكان و قەرەبووی ئەنفال و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و زیانلێكەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس و هەموو مافە دەستورییەكانی هاوڵاتیانی هەرێم لە نزیكترین كاتدا، بابەتی گفتوگۆمان لەگەل حكومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەبێت.

سێیەم: هەوڵەكانمان بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە گشتی و كەركوك بە تایبەتی، دەستپێكردووە و جەخت لە پێویستیی خێراكردنی ئەم پڕۆسەیە دەكەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ هەرچی زووترە دۆخی سەربازیی سەپێندراو لەم ناوچانە كۆتایی پێبهێندرێت و بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێش ١٠/٦/٢٠١٤ و ئەو ناوچانە لە لایەن پێكهاتە ڕەسەنەكانی ئەو دەڤەرانە بەڕێوەببردرێت و بە كردەوە دەست بە جێبەجێ كردنی قۆناغەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بكرێت.

چوارەم: هەڕەشەی تیرۆر، هێشتا هەڕەشەیەكی گەورەی سەر هەموو عیراقە. حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە بەردەوامیی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستان و ئامادەیی هاوكاریی تەواوی لە گەل حكومەتی فیدڕاڵ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر هەیە. بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەیە بنبڕ بكرێت، حكومەتی هەرێم ئامادەیی هێزی پێشمەرگە بۆ هاوكاریی سوپای عێڕاق لە دوورخستنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دووپات دەكاتەوە.

پێنجەم: كاردەكەین لەپێناو دەستەبەركردنی مافە دەستووریەكانی هێزی پێشمەرگەی كورستان وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عیراقی فیدڕاڵ، بە تایبەت لە بابەتەكانی موچە و دابینكردنی پێداویستیی سەربازییان.

شەشەم: هەوڵ دەدەین هەرچی زووترە، دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی ١١١ و ١١٢ ی دەستوری عیراقی فیدڕاڵ چارەسەر بكەین و یاسای نەوت و گاز لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەربچێت. هەروەها هەوڵ دەدەین دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتەكانی فیدڕاڵی وەك لە مادەی ١٠٦ی دەستوردا هاتووە دابمەزرێت.

حەوتەم: جەخت لە ڕەچاوكردنی پشكی هەرێـمی كوردستان لە دامەزراوە فیدڕاڵییەكانی عیراق بە گشتی و لە وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگری و نەوت بە تایبەتی دەكەینەوە.

هەشتەم: كاردەكەین بۆ چەسپاندنی هەرچی زیاتری بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی، بە ڕێگەی دروستكردنی ئەنجوومەنی (ئیتیحاد)ی و هەروەها جەخت لە سەر پرینسیپەكانی (تەوازون و تەوافوق و شەراكەت) لەگەل حكومەتی ئیتیحادی دەكەینەوە.

نۆیەم: جەخت لەسەر دەركردنی یاسای دادگای فیدڕاڵی عیراق دەكەینەوە، بە جۆرێك یاساكە گەرەنتیی سەربەخۆیی دادگای فیدڕاڵی بكات.

ئازادی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان:
یەكەم: پێداگری لەو پێكەوە ژیانە ئاشتیانەی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی ناو هەرێمی كوردستان لە كورد و توركمان و كلدان و ئاشوری و سریانی و ئەرمەنی و عەرەب و موسوڵمان و ئێزدی و مەسیحی و زەردەشتی دەكەینەوە و ئەو تایبەتەمندییەی هەرێم دەپارێزین و بەهێزتری دەكەین.

دووەم: پێداگری لە سەر چەسپاندن و بەهێزكردنی بنەما دیموكراسییەكان و ئازادیی و یەكسانی و دەستخستنی زانیاری بە پێی یاسا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەكەینەوە و بەرگریكاری مافەكانیان دەبین و دژی هەر دەمارگیری و توندڕۆییەكی تایفی و ئایینی و ڕەگەزی و حیزبی دەوەستینەوە.

سێیەم: دژی هەر جیاكارییەكی ڕەگەزی و بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە. پێویستە ئافرەتان بە توانا و لێهاتووی خۆیانەوە ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە كۆمەڵگادا وەرگرن و بەشدارییەكی كارای ناو كایەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەرێمدا بكەن.
چوارەم: هاوڵاتیانی كوردستان ئازادن هەر بیروباوەڕێكی سیاسی لە چوارچێوەی ژیانی سیاسیی هەرێمدا هەڵبژێرن و نابێ لە كوردستاندا هیچ كەس لەسەر بیر و باوەری سیاسی و سەرپێبوونی حیزبی سزا بدرێت و پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە مافە زەوتكراوەكانی ئەوكەسانە بگەڕێندرێتەوە كە لەمڕووەوە زیانمەندبوونە.

پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی:

یەكەم: دامودەزگا فەرمییە پەیوەندیدارەكانی هەرێم، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە سەر بنەمایەكی یاسایی نوێ رێكدەخرێتەوە.

دووەم: جەخت لەسەر پەیوەندییەكی باش لەگەل وڵاتانی دراوسێ دەكەینەوە، بە جۆرێك بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی دوولایەنە، پەرە بە ئاستی پەیوەندییەكان لە گشت بوارەكاندا بدرێت.

سێیەم: پشتگیریی چارەسەریی ئاشتیانەی گشت كێشەكانی ناوچەكە دەكەین و پێگەی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەیەك بەكار دەهێنین، كە بەشێك بین لە ڕەوتی چارەسەری.

چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات نوێنەرایەتیە هەنوكەییەكانی لە دەرەوەی هەرێم بەهێز بكات و نوێنەرایەتی نوێ بە پێی پێویست لە وڵاتان بكاتەوە و زەمینەیەكی لەباریش دەرەخسێنین بۆ ئەوەی وڵاتانی زیاتر كۆنسولگەرییەكانیان لە هەرێم بكەنەوە.

لە ئاستی ئابووری و داراییدا:

یەكەم: كاردەكەین بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێم فرە چەشن و فرەرەهەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدەین و هەوڵ بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی لەم كەرتانەدا دەدەین.

دووەم: كشتوكاڵ بوارێكی سەرەكیی گرنگیدانمان دەبێت و كار دەكەین بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە بە ئامراز و مەكائنی پێشكەوتوو و فراوانكردنی جۆریی و چەندیی بەرهەم بە پێی بنەما زانستییەكان. كار دەكەین بۆ بەكارهێنانی سەرچاوە ئاوییەكان و دروستكردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەكان گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ بواری كشتوكاڵ و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەریم. جەخت لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیی جوتیارانی هەرێم دەكەینەوە و كار دەكەین بۆ رەخساندنی بازاری گونجاوی ناوەوە و دەرەوە بۆ بەرهەمەكانیان.

سێیەم: كار دەكەین بۆ رێكخستنەوەی سیستەمی بانكی لە هەرێم و بەكارخستنی ئەو سیستەمە بۆ خزمەتگوزارییە كەسی و گشتیەكان و بەكارهێنانی ژمارە بانكیەكان و كارتە ئەلەكترۆنیەكان بۆ ئالوگۆڕی دراوی و خەرجییەكان و رێژەی مامەڵە بە پارەی كاش كەم بكرێتەوە.

چوارەم: هانی وەبەرهێنان دەدەین لە هەموو بوارەكاندا ، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتی یەكسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەك دەرەخسێنین. لە سەر ئەو بنەمایانەش كاردەكەین بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا.

لە ئاستی كارگێری:

یەكەم : كار دەكەین بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی پارێزگاكان كە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان و شۆركردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆكایەتی حكومەت.

دووەم: كاری جدی دەكەین بۆ تەرشیقی هەیكەلیەتی دام و دەزگاكانی حكومەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە شێوەیەك كە بۆ هەرێمی كوردستان گونجاو بێت، ئەمەش بە پێی پلانێكی تۆكمە و ئامادەكردنی نەخشەرێگایەكی زەمەنی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا

جیهان

ڤیدیۆ.. مەزڵوم كۆبانێ‌ بۆ وەزیری بەرگری ڕوسیا: تێبینیمان لەسەر چەند خاڵێكی ڕێككەوتنەكەى سوچی هەیە

خەڵك – بەشی هەواڵ

لە كۆنفڕانسێكی ڤیدیۆییدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕوسیا، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، تێبینیمان لەسەر چەند خاڵێكی ڕێككەوتنەكەی نێوان ڕوسیا و توركیا هەیە.

كەناڵی (ڕوسیا تودەی)بڵاویكردەوە، لە كۆنفڕانسێكی ڤیدیۆییدا مەزڵوم كۆبانێ‌ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ سێرگی شویگۆ سوپاسالاری ڕوسیا و ڤالیری گیراسیمۆڤ تاووتوێی دواپێشهاتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان (باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا) یان كردووە و گفتوگۆیان لەبارەی ڕێككەوتنەكەی سوچی لە نێوان ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كردووە، كە دوێنێ‌ سێ شەممە 22/10/2019 ئەنجامدرا.

لەوبارەیەوە، مەزڵوم كۆبانێ‌ ڕاگەیاند:”سوپاسی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕوسیا و حكومەتی ڕوسیای فیدڕاڵ دەكەین سەبارەت بە جەختكردنەوەیان لە ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچەكانمان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لەو نەهامەتیانەی كە چاوەڕێیانی دەكرد”.

مەزڵوم كۆبانێ‌ ئاماژەی بەوەشدا، تێبینییان لەسەر چەند خاڵێكی ڕێككەوتنەكە هەیە، پێویستە ئەو خاڵانە گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بكرێت بەمەبەستی لیكنزیكبوونەوەی بۆچوونەكان.

 

إلى الرأي العامأجرى وزير الدفاع الروسي السيد سيرغي شويغو و رئيس أركان الجيش الروسي السيد فاليري غيراسيموف اتصالا متلفزا مع القائد العام لقوات سوريا الديمقراطية الجنرال مظلوم عبدي تباحث فيه الطرفان ما تمخض عن اتفاقية سوتشي بين الرئيس الروسي السيد فلاديمير بوتين و الرئيس التركي رجب طيب أردوغان الذي انعقد في منتجع سوتشي يوم (22 تشرين أول الجاري).و قد أعرب القائد العام لقوات سوريا الديمقراطية ، عن شكره للرئيس فلاديمير بوتين و روسيا الاتحادية لحرصهم على العمل لنزع فتيل الحرب في مناطقنا و تجنيب المدنيين من ويلاتها.كما أعرب القائد العام عن تحفظه على بعض بنود الاتفاق و التي تحتاج إلى نقاشات و حوارات بغية تقريب وجهات النظر.القيادة العامة لقوات سوريا الديمقراطية23/تشرين الأول/2019

Posted by ‎قوات سوريا الديموقراطية‎ on Wednesday, October 23, 2019

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

ئیلهام ئەحمەد لە كۆنگرێس: توركیا قەتلوعامی كردووە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە كۆنگرێسی ئەمریكاوە ڕایدەگەیەنێت: توركیا قەتلوعامی كردووەو جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكان نەكردووە.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات ، لە میانەی وتارێكیدا لەبەردەم لیژنەی ئاسایشی كۆنگرێسی ئەمریكا ڕایگەیاند:”سوپاسی كۆنگرێس دەكەم بۆ ئەو دەرفەتە، من لە سوریاوە هاتم ، ماوەی چەند ساڵیكە لە سوریا شەڕێكی سەخت بەڕێوەدەچێت و لەو ماوەیەدا ژیانێكی سەختمان بەڕێكرد، گەلانی ئێمە كورد و عەرەب و توركمان و كریستیانەكان بەشێكی بەرچاویان لە سوریا ئازاد كرد”.

سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات وتیشی، هیواداربووین لەدوای شەڕی داعش ژیانێكی ئارام بەسەر بەرین، چونكە لەشەڕی داعشدا 11 هەزار شەهیدمان پێشكەش بەخاك و نیشتمان كرد و 25 هەزار شەڕڤانمان بریندار بوو.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، سوپاسی ئەمریكا دەكەین لەو شەڕەدا هاوكارمان بوو، ئەمریكا بە ئێمەی وت تا داعش مابێت ئێمە لە پشتتان دەبین و هاوكارتان دەبین، بەڵام كاتێك (عەفرین) كەوت وتیان سەربازمان كەمبوو لەو ناوچەیە، بۆیە ناتوانین یارمەتی بدەین و وتیان لە كوێ‌ هێزمان هەبوو ڕێگە نادەین هێرش بكرێتە سەرتان. بەڵام، بەداخەوە ڕۆژێك پێش هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان (باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا) دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای ڕاگەیاندووە، ئێمە پاشەكشە دەكەین. لەو كاتەدا ئێمە ئێمە تووشی شۆك بوین، بەڵام لە هەمان كاتدا كۆڵمان نەدا و شەڕمان كرد.

ئیلهام ئەحمەد ئەوەشیخستەڕوو، لەو هێرشانەی توركیادا بۆ سەر ڕۆژئاوای سوریا 250 كەسی سڤیل كوژراون كە ژمارەیەكی زۆریان منداڵ بوون، شاری سەرێكانی بە تەواوی وێران بووە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە، سیاسەتمەدارمان كوژران كە یەكێك لەوانە (هێڤین خەڵەف)ە، توركیا تیرۆریستانەكانی بەكارهێناوە بۆ كوشتنی ئێمە و چەكی كیمیایی و چەكی فۆسفۆڕی بەكارهێناوە لە دژمان، داعشەكان بەناوی سوپای ئازادی سوریا بە هاوپەیمانی توركیا لەدژمان شەڕ دەكەن. وتشیی، ئێمە سوێند دەخۆین، ئەوەی توركیا دەیڵێت ڕاست نییە، ئەوەی دەگوزەرێت داعش دەیكات، بەڵام لە ژێر ناوێكی تر.

سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەو كۆبوونەوەیەی كۆنگرێسی ئەمریكادا ئاشكرایكرد، لە هێرشەكانی توركيا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان (باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا) 160 خێزانی داعش ڕایانكردووە و لە نێویاندا، 6 كەسیان فەڕەنسایین و 2ی تریشیان بەلژیكایی و 10ی تریشیان ناسنامەیان دیار نییە.

ئیلهام ئەحمەد هۆشداریشیدا، دۆخێكی ترسناك هەیە و جارێكی تر ئەمریكا و جیهان لە مەترسیدایە، چونكە یەكێك لەو كەسانەی كە تۆمەتبارە لە ئەنجامدانی تەقینەوەكەی نیویۆرك لای ئێمە زیندانی بوو و بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە لە ئێستادا لە زینداندا ڕایكردووە، وتیشی، سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا جوگرافیای خاكی ئێمە دابەش بووە، دوێنێ‌ تەرمی شەڕڤانێكی ئێمە كە لە ڕووبەڕووبوونەوەكاندا شەهید بووە و كەوتووەتە دەستی هاوپەیمانانی سوپای توركیا تەرمەكەیان شێواندووە، ( لەگەڵ ئەو وتانەیدا وێنەی ڕووداوەكەی پیشانی ئامادەبوواندا).

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاووڵاتیەكی كورد بە تەقەی هێزەئەمنییەكان كوژرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای كرماشان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی كاسبكارێكی كورد كرد و بەو هۆیەوە شۆفێرەكەی گیانی لەدەستدا .

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە ڕایگەیاندووە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 23-10-2019 هێزەئەمنییەكانی ئێران ئۆتۆمبێلی كاسبكارێكی كوردیان كە باری ”مێوژ“ی پێ بووە داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، بەهۆی دەست ڕێژی گوللەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بە ناوی نامدار ساڵح زادە گیانی لە دەستداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان