ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

ئەو ئەستێرە ئیتاڵیانەی نازناوی مۆندیالی ٢٠٠٦یان بەدەستهێنا، چییان بەسەر هات؟ ئێستا چی دەکەن؟

خەڵک سپۆرت

بەرزکردنەوەی جامی مۆندیالی ٢٠٠٦ لەلایەن هەڵبژاردەی ئیتاڵیاوە (١٣ ساڵ)ی تەواوی تێپەڕاند، لەئێستاشدا پاڵەوانانی ئەفسانە جیهانییەکە هەریەکە و لە یانە و خول و وڵاتێک سەرقاڵی کاروباری وەرزشیین.

تۆڕی “سپۆرت میدیا سیت”ی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، تەواوی (٢٤) وەرزشکار و ستافی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەماوەی ئەو (١٣) ساڵەدا هەرگیز بێکار نەبوون، بەڵکو هەندێکیان لەنێو یاریگاکاندا بەردەوامبوون و هەندێکیشیان ئەرکی ڕاهێنانی یانەکانیان بەدەست هێناوە، کەمینەیەکیش خۆیان بە کاری میدیایی و شیکاری تەلەڤیزیۆنیەوە سەرقاڵ کردووە.

ئەستێرەکانی ئیتاڵیای ٢٠٠٦ چییان بەسەر هات؟ سپۆرت میدیا سیت پێگە و کاری هەریەکەیان لەئێستادا بەم شێوەیە ئاشکرا دەکات:

  • جیانلویجی بوفۆن: تائێستا یاریی دەکات و پەیوەندی بە یانەی یوڤانتۆسەوە کردۆتەوە
  • دانێلی دی ڕۆسی: وەرزی ڕابردوو ماڵئاوایی لە ڕۆما کرد و چاوەڕوان دەکرێت وازهێنانی یەکجارەکی ڕابگەیەنێت
  • فابیۆ کاناڤارۆ: ڕاهێنەری یانەی جیانگزو ئێڤەرگراندی چینیە
  • جیانلوکا زامبرۆتا: نوێنەری (یوێفا)یە بۆ یورۆی ٢٠٢٠
  • فرانچیسکۆ تۆتی: لەم هاوینەدا دەستبەرداری پۆستە ئیداریەکەی بوو لە یانەی ڕۆما
  • فابیۆ گرۆسۆ: ڕاهێنەری پێشووی یانەکانی باری و هیلاس ڤیرۆنایە
  • ئەلیساندرۆ نێستا: ڕاهێنەری یانەی فرۆزینۆنی-یە.
  • فیلیپۆ ئینزاگی: ڕاهێنەری یانەی بینیڤینتۆیە
  • کریستان زاکاردۆ: تائێستا لەخولی سان مارینۆ یاریی دەکات
  • ئەندریا بارزالی: لەم هاوینەدا وازهێنانی لە بواری تۆپی پێ ڕاگەیاند
  • مارکۆ ئەمیلیا: ڕهێنەری یانەیەکی پلە چوارە لە ئیتاڵیا
  • ئانجێلۆ پیروزی: ئەندامی کارگێڕیە لە یانەی لازیۆ
  • مارکۆ ماتیرازی: ڕاهێنەرە لە خولی هندستان
  • ماسیمۆ ئۆدۆ: ڕاهێنەری پێشووی یانەکانی ئودینێزی و پیسکارایە
  • سیمۆنی پیرۆتا: ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیایە
  • جینارۆ گاتوسۆ: ڕاهێنەری پێشووی میلان بووە
  • ئەندریا پێرلۆ: شیکەرەوەی وەرزشییە
  • ماورۆ کامورانێزی: شیکەرەوەی وەرزشییە
  • سیمۆنی بارۆنی: ئەندامی دەستەی هونەری یانەی ساسولۆیە
  • ئالبێرتۆ جیلاردینیۆ: ڕاهێنەری یانەی پرۆڤێرچیلی-یە
  • ڤینچینسۆ یاکوێنتا: لەدەرەوەی جیهانی تۆپی پێ کاری بازرگانی دەکات
  • ئەلیساندرۆ دیل پیێرۆ: شیکەرەوەی وەرزشییە
  • لوکا تۆنی: وازهێنانی لە بواری تۆپی پێ ڕاگەیاندووە
  • مارچێللۆ لیپی (ڕاهێنەر): ڕاهێنەری هەڵبژاردەی چینە

ڕاپۆرت و شیکاری

پێنج یاریزانی نه‌ناسراو به‌هۆی کۆپا ئه‌مریکای ٢٠١٩وه‌ خۆیان به‌ جیهان ناساند !

خه‌ڵک سپۆرت

کۆپا ئه‌مریکا کۆتایی هات و خاوه‌ن یاریگا ” هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل” نازناوه‌که‌ی بۆ نۆیه‌م جار له‌مێژوویدا چنییه‌وه‌ و جیاوازی کۆپی ٢٠١٩ له‌ کۆپیه‌کانی پێشوو ئه‌وه‌بوو که‌ ڕێژه‌ی به‌هره‌کانی لاوان که‌متر ده‌رکه‌وتن.

سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ پێیان وایه‌ له‌ پاڵه‌وانێتی ساڵی ٢٠١٩ هیچ به‌هره‌یه‌کی نوێ ده‌رنه‌که‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش بۆ زۆری پاڵه‌وانێتیه‌ ئه‌نجامدراوه‌کان و دواکه‌وتنی تۆپی پێی کیشوه‌ره‌که‌ به‌گشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێنج یاریزان توانیان ناوی خۆیان به‌ جیهان بناسێنن، له‌ کاتێکدا پێش ده‌ستپێکی خوله‌که‌ ناو و ناوبانگیان نه‌بوو.

پێشکه‌شکردنی ئاستی گونجاو له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک یاریزانه‌وه‌ بێگومان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر داهاتوویان ده‌بێت، به‌ دوور نازانرێت له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا یانه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی ئه‌وروپا داوای گواستنه‌وه‌یان بکه‌ن:

  • ئێڤه‌رتۆن سۆزا: ته‌مه‌نی ٢٣ ساڵه‌ و له‌پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل جێگه‌ی خۆیی کرده‌وه‌، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکو توانی سێ گۆڵ تۆمار بکات و نازناوی گۆڵکاری پاڵه‌وانێتیه‌که‌ به‌ده‌ست بهێنێت، ناوبراو له‌ یانه‌ی گریمیۆی به‌رازیلی یاریی ده‌کات و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌داهاتوودا یانه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی ئه‌وروپا داوای گواستنه‌وه‌ی بکه‌ن.

  • ئیدیسۆن فلۆریس: هه‌ڵبژارده‌ی پیرۆ له‌م پاڵه‌وانێتیه‌دا ئاستێکی ناوازه‌ و چاوه‌ڕوان نه‌کراوی پێشکه‌ش کرد، گه‌یشتنه‌ یاریی کۆتایی و به‌رامبه‌ر به‌رازیل شکستیان هێنا، به‌ڵام توانیان چه‌ند ناوێک به‌ جیهانی تۆپی پێ بناسێنن له‌ نمونه‌ی ئیدیسۆن فلۆریس که‌ ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵه‌ و بۆ یانه‌ی مۆنارکاس مۆریلیا له‌ مه‌کسیک یاریی ده‌کات، له‌ پاڵه‌وانێتیه‌که‌ دوو گۆڵی تۆمار کرد و وه‌ک یه‌کێک له‌ باشترین ناوه‌ندسازه‌کان نمایشی تواناکانی کرد.

  • پیدرۆ گالیسی: گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی پیرۆیه‌ و ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵه‌، له‌ سێ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی کۆپا ئه‌مریکا گۆڵه‌که‌ی به‌ خاوێنی هێشته‌وه‌، له‌ لێدانی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌شدا به‌رامبه‌ر ئۆرۆگوای ئاستێکی ناوازه‌ی نیشانی هانده‌رانی کۆپا دا و په‌ناڵتییه‌کی لویس سوارێزی ڕه‌تکرده‌وه‌، هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ گه‌یشتنیان بۆ قۆناغی نیوه‌ی کۆتایی یه‌کلایی کرده‌وه‌.

  • ئیریک پوڵگار: ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵه‌ و له‌ ناوه‌ندی هه‌ڵبژارده‌ی چیللی یاریی ده‌کات، یه‌کێک بوو له‌ یاریزانه‌ کاریگه‌ره‌کان و به‌ڕوحیه‌تێکی به‌رزه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوی ڕکابه‌رانی ده‌بوه‌وه‌، له‌ یانه‌ی بۆلۆنیا له‌ خولی ئیتاڵیا یاریی ده‌کات، یانه‌کانی ناپۆلی و سڤیلیه‌ که‌وته‌نه‌ته‌ هه‌وڵدان بۆ گواستنه‌وه‌ی.

  • ستیفان مێدینا: مێدینای کۆڵۆمبی وه‌ک یه‌ده‌گی سانتیاگۆ ئاریاس به‌شداری کۆپا ئه‌مریکای ٢٠١٩ی کرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی کاتدا توانی پێگه‌ی سه‌ره‌کی مسۆگه‌ر بکات و متمانه‌ی کارلۆس کیرۆشی ڕاهێنه‌ر به‌ده‌ست بهێنێت، ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵه‌ و له‌ یانه‌ی مۆنتێری له‌ مه‌کسیک یاریی ده‌کات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

زێدان، نایماری له‌به‌ر پێنج هۆکار ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و قه‌ناعه‌تی به‌ سه‌رۆکی ڕیاڵ مه‌دریدیش کردووه‌ !

خه‌ڵک سپۆرت

نایمار دا سیلڤای به‌رازیلی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی پاریس سانت جێرمان، حاڵی حازر له‌به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژارده‌ی قورسدایه‌ و هه‌ڵبژارده‌ی سێیه‌م به‌هۆی زینه‌دین زێدانه‌وه‌ شکستی هێناوه‌.

پۆرتاڵی “دۆن بالۆن”ی ئیسپانی ئاشکرای کردووه‌، له‌ گواستنه‌وه‌کانی هاوینه‌ی ٢٠١٩دا نایمار له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌دایه‌ و داهاتووی له‌سه‌ر میریکاتۆی هاوینه‌ وه‌ستاوه‌، یاریزانه‌که‌ دوو هه‌ڵبژارده‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ که‌ یه‌که‌میان به‌رده‌وامبونه‌ له‌ یانه‌ی پاریس سانت جێرمان، ئه‌و یانه‌یه‌ی حه‌ز به‌ یاریکردن ناکات تیایدا و هه‌ست به‌ بێزاری ده‌کات.

دووه‌م هه‌ڵبژارده‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، به‌ڵام ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ش له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ قورسه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌نجام نه‌درێت، به‌م هۆیه‌وه‌ باوکی یاریزانه‌که‌ خوازیاره‌ یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ده‌رگا به‌ڕوویاندا بکاته‌وه‌ وه‌ک هه‌ڵبژارده‌ی سێیه‌م، که‌ ده‌کرێت ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ باشترین بێت بۆ کوڕه‌که‌ی، به‌ڵام زینه‌دین زێدانی ڕاهێنه‌ری شاهانه‌ ئه‌م ده‌رگایه‌ی به‌ڕوویاندا قه‌پات کردووه‌ و توانیویه‌تی قه‌ناعه‌ت به‌ فلۆرنتینۆ پێریزی سه‌رۆکی یانه‌ش بکات به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌رازیلیه‌ ناوداره‌که‌ نه‌دات.

هۆکاره‌کانی زێدان بریتی بوون له‌:

یه‌که‌م: ڕه‌وشتی یاریزانه‌که‌ پێچه‌وانه‌یه‌، له‌ خولی فه‌ره‌نسا کێشه‌ی هه‌یه‌ و پێشتریش له‌ ئیسپانیا و ته‌نانه‌ت له‌به‌رازیلیش، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی له‌هه‌ر یانه‌یه‌ک به‌شه‌ڕ دێت له‌نمونه‌ی دراکسله‌ر له‌ پاریس و سیمیدۆ له‌ بارسا.

دووه‌م: ئاستی وه‌ک پێشوو نییه‌، له‌ یانه‌ی پاریس سانت جێرمان به‌شێوه‌یه‌ک ئاستی دابه‌زیوه‌ که‌ هه‌رگیز ناچێته‌ خانه‌ی یاریزانه‌ یه‌که‌مینه‌کانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت کیلیان مباپی فه‌ره‌نسی به‌چه‌ند هه‌نگاوێک پێشی که‌وتووه‌.

سێیه‌م: کێشه‌ی پێکانه‌کان، ماوه‌ی چه‌ند وه‌رزێکه‌ به‌هۆی پێکانی له‌سه‌ریه‌که‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، سه‌یریش له‌وه‌دایه‌ هه‌ر کاتێک نزیکی که‌رنه‌ڤاڵی ڕیۆ دی جانێرۆ ده‌بینه‌وه‌ یاریزانه‌که‌ توشی پێکان ده‌بێت و له‌به‌رچاوان ون ده‌بێت، دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌شداری که‌رنه‌ڤاڵه‌که‌ ده‌کات.

چواره‌م و پێنجه‌م: ئه‌م دوو هۆکاره‌ به‌یه‌که‌وه‌ کارده‌که‌ن، مه‌له‌فی یاریزانه‌که‌ و درێژه‌کێشانی گواستنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نرخه‌که‌ی، هه‌موو ئه‌مانه‌ یانه‌ی شاهانه‌ ده‌خه‌نه‌ بارودۆخێکی دارایی خراپه‌وه‌ و کاردانه‌وه‌ خراپه‌کانی دواتر ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ڕه‌نگه‌ هاوشێوه‌یه‌کی تری بۆندی گاریس به‌یل بێت و هیچی تر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

به‌(سێ مه‌رج‌) نایمار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و پێکهاته‌ی وه‌رزی داهاتووی به‌رشلۆنه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت !

خه‌ڵک سپۆرت

ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌ڕانه‌وه‌ی نایمار دا سیلڤای به‌رازیلی بۆ خولی ئیسپانیا و به‌تایبه‌ت یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ له‌ ڕاستی نزیک ده‌بێته‌وه‌، به‌ر له‌و واده‌یه‌ش یاریزانه‌که‌ ناچاره‌ مه‌رجه‌کانی یانه‌ که‌ته‌لۆنیه‌که‌ جێبه‌جێ بکات.

سه‌رچاوه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌کانی ئه‌وروپا پێیان وایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی “نێی” بۆ ڕیزه‌کانی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بابه‌تێکی مه‌حاڵ نییه‌، به‌ڵکو ئیداره‌ی بارسا ده‌توانن بودجه‌ی تایبه‌ت به‌م گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی فرۆشتنی یه‌کێک له‌ فیلیپی کۆتینیۆ، یاخود عوسمان دیمبیلی هاوشانی چه‌ند یاریزانێکی تر ته‌رخان بکه‌ن‌، له‌کاتێکدا یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌که‌ گڵۆپی سه‌وزی بۆ یانه‌ی پێشووی داگیرساندووه‌ و به‌ هاوڕێکانی له‌ بارسا ڕاگه‌یاندووه‌: په‌له‌تان نه‌بێت، به‌م زووانه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

مه‌رجه‌کانی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بۆ نایمار

ئیداره‌ی بارسا میکانیزمی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نایمار، به‌ڵام کێشه‌یان له‌گه‌ڵ خودی یاریزانه‌که‌ و باوکی و ئه‌و موچه‌یه‌دا هه‌یه‌ که‌ ساڵانه‌ له‌پاریس سانت جێرمان به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، به‌و هۆیه‌وه‌ داوای جێبه‌جێکردنی سێ مه‌رجی سه‌ره‌کییان لێکردووه‌ و به‌رامبه‌ر مه‌رجه‌کانیش  نایمار ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌:

  • داوای لێبوردن کردن به‌ ئاشکرا له‌ هانده‌ران و یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ به‌گشتی، دان پێدانان به‌ هه‌ڵه‌ی ڕۆیشتن له‌ یانه‌ و په‌یوه‌ندیکردن به‌ یانه‌ی پاریس سانت جێرمانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م میدیا و که‌ناڵی یانه‌.
  • که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌که‌ی له‌ ٣٧ ملیۆن یورۆ بۆ که‌متر له‌ ٢٠ ملیۆن یورۆ، ئه‌و نرخه‌ی له‌پێشوودا له‌یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌، واتا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ژێر سه‌قفی موچه‌کان له‌دوای مێسی.
  • پاشگه‌زبونه‌وه‌ و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و سکاڵایه‌ی خۆی و باوکی له‌سه‌ر یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ تۆماریان کردووه‌، نایمار و باوکی له‌و سکاڵایه‌دا داوای بڕی ٢٦ ملیۆن یورۆیان له‌ ئیداره‌ی بارسا کردووه‌ له‌پای شیرینی نوێکردنه‌وه‌ی بۆنده‌که‌یان به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی پاریس سانت جێرمانه‌وه‌ بکه‌ن.

نایمار بگه‌ڕێته‌وه‌ چی ڕووده‌دات؟

گه‌ڕانه‌وه‌ی نایمار (ئه‌گه‌ر ڕووبدات) تاکه‌ بۆندی هه‌ژێنه‌ری یانه‌ که‌ته‌لۆنیه‌که‌ نابێت، به‌ڵکو بارتومیۆی سه‌رۆکی یانه‌ و هاوکارانی پێشوه‌خت توانیویانه‌ بۆندی ئه‌نتوان گریزمان له‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیکۆ مه‌دریده‌وه‌ یه‌کلایی بکه‌نه‌وه‌.

ئاشکرانه‌کردنی بۆندی ئه‌ستێره‌ فه‌ره‌نسیه‌که‌ش به‌هۆکاری پارێزگاریکردنه‌ له‌هاوسه‌نگی دارایی یانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕێساکانی یاریی خاوێن، بۆیه‌ پێکهاته‌ی ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی بۆ وه‌رزی نوێ جیاوازی زۆری ده‌بێت له‌چاو وه‌رزه‌کانی ڕابردوودا و چانسی یاریکردن به‌ سوارێز، مێسی، گریزمان، نایمار، یه‌کێک له‌ دیمبیلی یاخود کۆتینیۆی له‌ هێڵی ناوه‌ند و هێرشبه‌ر ده‌بێت.

به‌پێی ئه‌و پێشبینیه‌ی ڕۆژنامه‌ی “سپۆرت”ی که‌ته‌لۆنی کردویه‌تی، پێکهاته‌ی وه‌رزی داهاتووی بارسا بۆ وه‌رزی نوێ ده‌کرێت به‌چه‌ند شێوه‌ پلانێک بێت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

پلانی (٤ – ٤ -٢)

پلانی (٤ – ٣ – ٣)

پلانی (٤ – ٢ – ٣ – ١)

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان