ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

نامه‌يه‌كى كراوه‌ بۆ هه‌ردوو به‌ڕێزان نێچيرڤان ومه‌سرور بارزانى

شێرزاد شێخانى

له‌ده‌ستپێكى ئه‌م نامه‌يه‌دا پيرۆزبايى خۆم ئاراسته‌ى هه‌ردوو به‌ڕێزتان ئه‌كه‌م به‌بۆنه‌ى ده‌ستنيشانكردنتان بۆ دوو پۆستى باڵاى هه‌رێمى كوردستان و وه‌رگرتنى ئه‌و به‌پرسياريه‌تيه‌ گه‌وره‌يه‌ له‌قۆناغێكى زۆر هه‌ستيارداو، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌ردوو به‌ڕێزتان ئه‌خوازم .

له‌سۆنگه‌ى هه‌ستكردنم به‌ به‌رپرسيارێتى به‌رامبه‌ر به‌ ميلله‌ته‌كه‌م وه‌كو رۆشنبيرێك ، ئه‌مه‌وێ ئه‌م نامه‌يه‌ به‌راشكاوانه‌ ئاراسته‌ى به‌ڕێزتان بكه‌م و هه‌ندێ خاڵى گرنك بخه‌مه‌ به‌رده‌متانه‌وه‌ ، به‌ئومێدى ئه‌وه‌ى بتوانم له‌م رێگه‌يه‌وه‌ خزمه‌تێكى گه‌لو نيشتمانه‌كه‌م بكه‌م .

به‌ڕێزان : خۆتان ئه‌زانن ميلله‌تى ئێمه‌ ساڵانێكى دوورودرێژ له‌ژێر جه‌ورو‌سته‌مى ده‌سه‌ڵاته‌ ديكتاتۆره‌كانى عيراق ئازارو نه‌هامه‌تى بێ ئه‌ندازه‌ى چه‌شتووه‌ ، ده‌ريايه‌ك خوێنى له‌پێناو ئازادى وسه‌رفرازيدا به‌خشيوه‌ ، هيچ ميلله‌تێكى ترى سه‌ر ئه‌م زه‌مينه‌ به‌قه‌ده‌ر كورد نه‌چه‌وساوه‌ته‌وه‌ ، برينه‌كانى ئه‌نفال وكيمياباران تا رۆژى قييامه‌ت سارێژ نابنه‌وه‌ ، ئه‌م هه‌موو قوربانيانه‌ى ميلله‌ت شاييسته‌ى ئه‌وه‌ن دواى ده‌يان ساڵى نه‌هامه‌تى ومه‌ينه‌تى بگه‌نه‌ ئامانجى ره‌واى خۆيان ئه‌ويش دابينكردنى ژيانيكى سه‌ربه‌رزانه‌و شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌يه‌ . بۆيه‌ ئه‌مڕۆ دواى ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ له‌ئازادبوونمان له‌دواى راپه‌ڕينه‌وه‌ ، له‌قۆناغێكى تازه‌ى وه‌كو ئه‌مڕۆدا كه‌ ئێوه‌ى به‌ڕێز دوو پۆستى نوێ وه‌رئه‌گرن ، پێويسته‌ ئاوڕێك له‌داخوازى ميللله‌ته‌كه‌مان بدرێته‌وه‌و كار بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارييه‌كى گه‌وره‌ رووبدات له‌پێناو باشتركردنى ژيان و گوزه‌رانى خه‌ڵك .

به‌ڕێزان : ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ده‌وره‌پشتى خۆتان بده‌نه‌وه‌ ، بێگومان ئه‌بينن ، كه‌وا چه‌ندين ميلله‌تى ئه‌و ده‌وروپشته‌ به‌هێزو بازووى خۆيان‌ له‌ژێر سايه‌ى كه‌سانى ميلله‌تپه‌رست ودڵسۆزى وڵاته‌كانيان، چه‌ندين نمونه‌ى جوانى‌ هه‌ڵسانه‌وه‌يان تۆمار كردوه‌ . هه‌ر له‌نمونه‌ى باشوورى ئه‌فريقياو سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌كه‌ى نيلسۆن مانديلاوه‌ ، بۆ سه‌ركرده‌ى ماليزيا مه‌هاتير محمه‌د و، نيجوين فان لينى فێتنام و، لى كوانى سه‌نگاپوورو، محمد‌ بن راشدى ئيمارات و،كاغامى رواندا و، ده‌يان سه‌ركرده‌ى ترى وڵاتان كه‌ هه‌ر يه‌كه‌و له‌شوێن خۆيه‌وه‌ وڵاته‌كانيان گه‌يانده‌ ترۆپكى پێشكه‌وتن وبوونه‌ نمونه‌يه‌كى جوانى سه‌ركه‌وتن . هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ گه‌وره‌ييان له‌وه‌دايه‌ كه‌ له‌وڵاتێكى خاپوورى وێرانه‌ خاكه‌وه‌ ميلله‌ته‌كانيان گه‌يانده‌ ترۆپكى پێشكه‌وتنه‌وه‌ .. پرسياره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌ بۆچى ئێمه‌ى كورد له‌م هه‌رێمه‌ى خۆماندا ناتوانين سه‌ركه‌وتنێكى هاوشێوه‌ى ئه‌وانه‌ بۆ خۆمان تۆمار بكه‌ين ؟؟ . بۆچى له‌ناو كورددا وه‌كو هه‌ر ميلله‌تێكى زيندوو كاراكته‌رى هاوشێوه‌ى ئه‌م پياوه‌ مه‌زنانه‌ ده‌رناكه‌ون ، كه‌شتى ئه‌زمونه‌كه‌مان به‌ره‌و كه‌نارى ئارام ببه‌ن و ، ئێمه‌ش نمونه‌يه‌كى جوانى خۆمان پيشانى دونيا بده‌ين ؟؟ .   

هه‌رێمى كوردستان زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌بوارى سامانو ئابوورييه‌وه‌ ، ئاوو خاكى به‌پيت ، ميلله‌تێكى رۆشنبير ، ئيراده‌يه‌كى به‌هێز بۆ گۆڕانكارى ، بۆچى ناتوانێ وه‌كو ميلله‌تانى دونيا پێشبكه‌وێ ؟؟..  هه‌ڵبه‌ت هۆكارى سه‌ره‌كى‌ دواكه‌وتنى ئێمه‌ له‌ نه‌بوونى ئيداره‌يه‌كى تۆكمه‌و يه‌كريزيى هێزه‌ سياسيه‌كانه‌وه‌يه‌ ، كه‌واته‌ ئێستا له‌هه‌ر كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ يه‌كريزييه‌كى راسته‌قيينه‌‌ هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين له‌هه‌موو بواره‌كانى ژيانو به‌ڕێوه‌بردندا چاكسازى گشتگيير ئه‌نجامبده‌ين. لێره‌وه‌ و به‌ئومێدى ئه‌وه‌ى ئێوه‌ى به‌رێز بتوانن له‌م چوار ساڵه‌ى له‌پێشتاندايه‌ له‌ئه‌رك و به‌رپرسياره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بن ، ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ وه‌كو پێشنيار ئه‌خه‌مه‌ به‌رده‌م به‌رێزتانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ ده‌ستپێكى چاكسازييه‌كى راسته‌قيينه‌و گشتگيير كه‌ يارمه‌تيده‌ر بێت بۆ ئه‌ركى داهاتوتان .

له‌بوارى ئيداره‌دا :

– چه‌سپاندنى پره‌نسيپى ( كه‌سى شاييسته‌ له‌شوێنى شاييسته‌ ) كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌كيترين پێويستيه‌كانى سه‌ركه‌وتنى هه‌ر ئيداره‌يه‌كه‌ له‌خوارى خواره‌وه‌ بۆ سه‌رووى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ .. ئيتر به‌سه‌ به‌خشينى پۆست له‌سه‌ر ئه‌ساسى وه‌لائى حيزبى و كوتله‌بازى وده‌سته‌گه‌رى ، خۆ حزبه‌كانى كوردستان ئه‌وه‌نده‌ ئه‌ندام وسه‌ركرده‌يان زۆره‌ ، كه‌ ئه‌توانن باشترين كه‌سايه‌تى خۆيان هه‌ڵبژێرن بۆ پۆسته‌ ئيداريه‌كانى‌ حكومه‌ت ، بۆچى ئه‌بێ كه‌سانى‌ شاره‌زاو ئه‌كاديمى و چيينى گه‌نجان له‌پۆسته‌كان دوور بخرێنه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سه‌يرى ئه‌زمونى گه‌لان بكه‌ن ئه‌بينن كه‌سايه‌تيه‌كى گه‌نجى وه‌كو ئيمانويل ماكرۆن و جاستن ترودۆ وجاسيندا ئوردرنى نيوزيلندا چۆن و به‌چ حه‌ماسێكه‌وه‌ خزمه‌تى وڵاته‌كانيان ئه‌كه‌ن و گه‌يشتونه‌ته‌ چ ئاستێكى خۆشه‌ويستى ميلله‌ته‌كه‌يان .

– بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵى ئيدارى له‌سه‌رتاسه‌رى جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵات . ئه‌وه‌ى تا ئێستا كراوه‌ با لێره‌دا بوه‌ستينرێ . بيستوهه‌شت ساڵه‌ گه‌نده‌ڵى له‌م هه‌رێمه‌‌دا وه‌كو ديارده‌يه‌كى ترسناك خۆى به‌سه‌ر ئيداره‌ى حكومه‌تدا فه‌رز كردووه‌، ناتوانم داواى له‌سێداره‌دانى هه‌مو ئه‌و تاوانبارانه‌ى گه‌نده‌ڵيتان لێبكه‌م ، به‌ڵام ئه‌توانم داواى ئه‌وه‌تان لێبكه‌م ئيدى لێره‌وه‌ بيانوه‌ستێنن . به‌سه‌ ئه‌و هه‌موو ملياران دۆلاره‌ى چۆته‌ گيرفانى به‌شێكى بچووكى ئه‌م هه‌رێمه‌و زۆربه‌ى زۆرى ميلله‌تى لێ بێبه‌شكراوه‌ . كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ڵكيش به‌شێكى هه‌بێت له‌سامان و خێروبێرى وڵاته‌كه‌ى خۆى ، چونكه‌ هه‌ر ئه‌وانن به‌يانى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا فرياتان ئه‌كه‌ون .. بێبه‌شكردنى ميلله‌تيش سنورى خۆى هه‌يه‌، ئيتر به‌سه‌ برسيكردنى ميلله‌ت بۆ تێركردنى ده‌ستوپێوه‌ند .

– ئيمه‌ى ميلله‌تى كورد ده‌يان ساڵى خه‌باتمان له‌پێناو ئازاديدا بووه‌ ، سه‌دان هه‌زار قوربانيمان له‌م پێناوه‌دا داوه‌ ، كه‌ به‌شێكيان له‌ ئێوه‌ش بوونه‌ ، ده‌يان ساڵه‌ به‌م شاخانه‌وه‌ بوين له‌پێناو ئازاديدا ، چۆن ئه‌بێ ئێستاو دواى بيستوهه‌شت ساڵ له‌سه‌ربه‌خۆيى ئازاديه‌كان ته‌سك بكه‌ينه‌وه‌ ؟ چۆن ئه‌بێ خه‌ڵكانى رۆشنبيرى ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌ر راده‌ربڕين بدرێنه‌ به‌رشه‌ق وبخرێنه‌ كونجى زيندانه‌وه‌ ؟. چۆن ئه‌بێ رۆژنامه‌نوس بكوژرێ له‌سه‌ر بابه‌تێكى نوسينه‌وه‌ ؟ . كۆمه‌ڵگه‌ى ته‌ندروست خه‌ڵكانى رۆشنبير دروستى ئه‌كه‌ن ، چۆن ئه‌بێ ئه‌وانه‌ كه‌ پێشه‌نگى هه‌ر كۆمه‌ڵگايه‌كن   له‌ناو ببرێن ئازادييان زه‌وت بكرێ ؟؟ ئه‌ى كێ به‌رپرسياريه‌تى بونياتنانى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرێ؟؟ .رۆڵپێدان به‌ كه‌سانى رۆشنبيرو گوێگرتن لێيان به‌شێكه‌ له‌بونيادى كۆمه‌ڵگه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ بچه‌وسێنرێنه‌وه‌ وڵات ئارامى به‌خۆيه‌وه‌ نابينێ، به‌تايبه‌تيش له‌م سه‌رده‌مه‌دا فه‌زا كراوه‌يه‌و هه‌واڵ به‌ چركه‌يه‌ك به‌سه‌ر دونيادا بڵاو ئه‌بێته‌وه‌، ئيدى به‌سه‌ پێشێلكارييه‌كانى هه‌رێم ببێته‌ مانشێتى گه‌وره‌ى‌ ناو راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كانه‌وه‌ ، با له‌وه‌ زياتر سومعه‌ى هه‌رێمه‌كه‌مان له‌كه‌دار نه‌بێت .

– سه‌روه‌رى ياسا يه‌كێكه‌ له‌كۆله‌گه‌كانى ئۆقره‌يى و ئارامى وڵات ، بۆيه‌ پێويسته‌ به‌فيعلى و به‌شێوه‌يه‌كى راستگۆيانه‌ رێز له‌سه‌روه‌رى ياسا بگيرێ .حزب ده‌ست ‌نه‌خاته‌ ناو كاروبارى دادگاوه‌ . تاوانكاران له‌سزاى ياسايى له‌به‌ر هه‌ندێ ئيعتباراتى حزبى نه‌به‌خشێنرێن ، ياساى لێبووردنى گشتى كۆتايي پێ بێنن ، با تاوانباران سزاى ياسايى خۆيان وه‌ربگرن ، چونكه‌ له‌ غيابى ياسادا ، ياساى جه‌نگه‌ڵ حوكم ئه‌كات ، ئه‌و كاته‌ش وڵات ئه‌بێت به‌جه‌نگڵستان ، ئه‌مه‌ش كۆتايى هه‌ر ميلله‌تێكه‌ .

له‌رووى ئابوورييه‌وه‌ :

– پێويسته‌ له‌ئێستاوه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێ ئابوورى هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌مه‌ چه‌شنه‌ بكرێ ، ته‌نها پشت به‌سامانى نه‌وته‌وه‌ نه‌به‌سترێ . تا چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا هه‌ولێر گه‌نمى هه‌موو عيراقى‌ دابين ئه‌كرد ، ميوه‌و سه‌و‌زه‌ى گونده‌كانمان به‌شى هه‌موو دانيشتوانى هه‌رێمى ئه‌كرد ، ئێستا كشتوكاڵى له‌ خوارى خواره‌وه‌ى گرنگيپێدانى حكومه‌ته‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدايه‌ سامانى كستوكاڵ زۆر زۆرتره‌ له‌سامانى نه‌وت . ئه‌گه‌ر نه‌توانين به‌روبومى كشتوكاڵى وه‌كو ساڵانى پێشتر هه‌نارده‌ش بكه‌ين، خۆ ئه‌توانين بايى پێويستى دانيشتوانان بۆيان دابين بكه‌ين و، ئيدى ئه‌و هه‌موو ملياران دۆلاره‌مان نه‌چێته‌  گيرفانى بێگانه‌وه‌..

– له‌رووى پييشه‌سازييه‌وه‌ پێويستيمان به‌وه‌به‌رهێنانى تازه‌يه‌ ، له‌جياتى ئه‌وه‌ى ساڵانه‌ ملياران دۆلار له‌هاورده‌كردنى سه‌ياره‌ سه‌رف بكه‌ين ، با پرۆژه‌يه‌كى ستراتيژى گه‌وره‌مان هه‌بێ بۆ دروستكردنى‌ سه‌ياره‌ له‌ناو هه‌رێمدا . با كارگه‌ى دروستكردنى ته‌له‌فزيۆنمان هه‌بێ . له‌جياتى ئه‌وه‌ى موبه‌ريده‌ له‌ئێرانه‌وه‌ بێنين ، با بۆ خۆمان دروستى بكه‌ين .. زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌م ساڵانه‌دا هه‌ستاونه‌ته‌ سه‌ر پێ ، ئاوا ده‌ستيان پێكردوه‌ ، به‌ ئيمكانياتى ناوخۆوه‌ پێداويستيه‌كانيان ته‌ئمين كردووه‌ .

له‌رووى ته‌ندروستييه‌وه‌ :

– سێكته‌رى ده‌رمان گه‌نده‌ڵترين سێكته‌رى كه‌رتى ته‌ندروستييه‌ ، سه‌دان جۆره‌ ده‌رمان به‌كواليتى زۆر نزمه‌وه‌ له‌لايه‌ن كۆمپانياكانه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێم وساخئه‌كرێنه‌وه‌ ،نرخى ده‌رمان پشتى خه‌ڵكى‌ شكاندوه‌ ، ته‌ماعكارى و چاوچنۆكى خاوه‌ن كۆمپانياكان گه‌يشتۆته‌ ترۆپكه‌وه‌ . له‌هه‌موو دونيادا كه‌رتى ته‌ندروستى له‌ ئه‌وله‌وياتى ده‌سه‌ڵاته‌ ، ئێمه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هيچ زه‌مانه‌تێكى ته‌ندروستيمان بۆ دابين ناكرێ ، به‌ڵام خۆ ده‌كرێ هه‌ندێ بارى قو‌رسى خه‌ڵكى سووكتر بكه‌ين ، بۆچى حكومه‌تى هه‌رێم خۆى موباده‌ره‌ ناكات كه‌رتى ده‌رمان بخاته‌ به‌رده‌ستى خۆيه‌وه‌ ، بۆچى كۆمپانيايه‌كى‌ نيشتمانى دانامه‌زرێنێ بۆ هاورده‌كردنو دابه‌شكردنى ده‌رمان ؟. ئه‌و سه‌دان مليۆن دۆلاره‌ى ئه‌چێته‌ گيرفانى به‌شێكى بچووكى خاون كۆمپانياكان با بچێته‌ خه‌زينه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستييه‌وه‌و به‌و داهاته‌ چه‌ندين خه‌سته‌خانه‌ى تازه‌مان بۆ بكاته‌وه‌ .

له‌رووى ژيينگه‌وه‌ ، هه‌رێمى كوردستان پييسترين ژيينگه‌ى هه‌يه‌ . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ندين ساڵه‌ ده‌سته‌يه‌كمان هه‌يه‌ به‌ناوى ژيينگه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌سته‌يه‌كى بێده‌سه‌ڵاته‌ تا ئه‌مڕۆش نه‌يتوانيوه‌ ژيينگه‌كه‌مان تۆزێك بۆ پاك بكاته‌وه‌ ، سه‌دان پاڵاوگه‌ى ناياسايى ژه‌هر له‌ناو شاره‌كاندا بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌ ، بازاڕو كۆڵانه‌كان پڕن له‌پاشه‌ڕۆو پييس وپۆخڵى، رۆژێك ده‌سته‌ى ژيينگه‌ نه‌هاتنه‌ قسه‌ ، ژيينگه‌ پێيسبوون هه‌ر ته‌نها بۆ خه‌ڵكى ناوچه‌يه‌ك نيه‌ ، به‌ڵكو‌ كۆشك وته‌لارى مه‌سئووله‌كانيش ئه‌گرێته‌وه‌ . كه‌واته‌ پێويسته‌ بايه‌خێكى زۆر گه‌وره‌ به‌ پاككردنى ژيينگه‌وه‌ بدرێت ، با به‌پێى ياسا سه‌وزكردنى كۆڵان وشه‌قام وماڵه‌كانيش فه‌رز بكرێ ، با نه‌مام رواندن ببێته‌ كلتوور و له‌قۆناغه‌كانى خوێندندا بچه‌سپێت ، با ساڵانه‌ هه‌فته‌يه‌ك دياريبكرێ بۆ رواندنى نه‌مام له‌ناوه‌و ‌ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان .

به‌ڕێزان ئه‌م خاڵه‌ سه‌ره‌كيانه‌ بۆ به‌رچاوروونى هه‌ردوو به‌ڕيزتان ، هيوادارم توانيبێتم به‌م نامه‌يه‌وه هاوكارتان بم بۆ سه‌رخستنى به‌رنامه‌كانتان له‌پێناو خزمه‌تى  وڵاتو‌ هه‌رێمه‌كه‌مان .. له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕى رێزو حورمه‌تم بۆ به‌ڕێزتان ..

وتار

یەكێتی‌و كۆنگرەی دوای مام!

 د. موئمین زەڵمی

ئەم ستونە هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال تاڵەبانیەوە تا كۆچی دواییەكەی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەكانی قۆناغەکەش، بەشیكاری‌و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیاركەوتون‌و بەرەچاوكردنی بارودۆخی یەكێتی وەڵامگۆی بەشێك لەپرسیارەكان دەبێت.

یەكێتی نیشتمانی تا ئێستا تەنها سێ كۆنگرەی بەستووە‌، ئەگەرچی دوایین راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە باسلەوە دەكات حەوتی دیسەمبەر وادەی بەستنی كۆنگرەیە، بەڵام رەنگە گرنگترین پرسی كۆنگرەی یەكێتی پرسی یەكلاكردنەوەی شێوازی ئیدارەدانی حزبەكە بێت، چونكە پاش كوچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی تا ئێستا ئاراستەكانی ناو یەكێتی نەیانتوانیوە جێگرەوەیەك یان بەلایەنی كەمەوە شێوازێكی بۆ دانانی جێگرەوە دیاری بكەن، ئێستاش باسوخواسەكان هەر گەرمن‌و روون نیە كەئایا كۆدەنگی لەسەردانانی سەرۆک دروست دەبێت یان سیستەمی هاوسەرۆكی‌و دەستەی بەڕێوەبردن پیادە دەكرێت.

ئێستا یەكێتی بەرەو كونگرەیە‌و ئامادەكارییەكان چڕبوونەتەوە، ئەم كۆنگرەیە لەغیابی تاڵەبانی دا یەكەمین كونگرەیە، بۆیەش رەنگە لای تۆی خوێنەر‌و تۆی شرۆڤەكاریش چەند پرسیارێك بێنە پێشەوە، بەبڕوای تۆ یەكێتی لەدوای كۆنگرە بەكام ئاراستە دەڕوات؟ وەك ئێستای دەمێنێتەوە؟ عاتیفەی خەڵك زیاتر دەبێت بۆ یەكێتی بەهۆی نوێبوونەوەی ئەو حزبەوە؟ بەپێی خوێندنەوەكانی خۆت چی ئایندەیەك بۆ یەكێتی چاوەڕوان دەكەیت ؟ ئایا حزبێكی سۆسیال دیموكراتی وەكو یەكێتی چۆن گرفتەكانی دیاریكردنی كەسێك یان دەستەیەك بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی، تێدەپەڕێنێت؟ ئەگەر سەرنجێكی هێدلاینی رۆژنامە‌و مێدیاكان بدەین لەم ماوەیەدا، بڵاوبوونەوەی هەواڵەكانی چڕبوونەوەی پرۆسەی بەرەوكۆنگرەچوون تا دێن زیاتر دەبێت، دەستپێكی هەواڵەكان‌و ئەنجامگیری هەوڵەكان كۆمەڵە راستییەك روون دەكەنەوە، كەئەكرێ پێودانگێكی بەهێز بن بۆ قسەكردن لەسەر داهاتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتایبەت (یەكێتی دوای تاڵەبانی)، كەقۆناغێكی نوێ دەبێت بەنیسبەت یەكێتییەكانەوە بەگشتی.

دەكرێ بەپێی ئەوەی كۆمەڵگەی كوردی تاكەكانی زیاتر تاكێكی عاتیفین، گریمانەیەكی بەهێزمان دەستبەوكێت كەیەكێتی پاش مام زەمەنێكی باش عاتیفەی خەڵك بۆ خۆی ببات بەتایبەت لەدوای كۆنگرەی داهاتووەوە، بەڵام ڕەنگە ئەم بەرەوپێشچوونەوە بەردەوام نەبێت‌و ماوەیەكی كورتخانەیەن بێت، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە كەیەكێتی دوای كۆنگرەی ئەمجار چۆن ئایندە بەدەستدەهێنێتەوە؟.

مام لەچل ساڵی رابردوودا هەموو شتێكی یەكێتی بووە، دامەزرێنەر، رێكخەر، كۆكەرەوە، پەیامبەری سیاسی یەكێتی، چونكە هەموو فیكرە‌و ئایدۆلۆژیاكانی یەكێتیش هەر خۆی خاوەنیان بووە.

لەبەر ئەوە ئەگەری زۆرە لەم كۆنگرەیەدا هەموو هاوكێشە گرێدراوەكان ئەكتیڤ بكرێنەوە، وەك سەرنجێكی تایبەتی پێم وایە یەكێتی قۆناغی گەنجبوونەوەی لەبەردەمدایە‌و هەم بارودۆخە ناوچەییەكان‌و هەم خواستی ناوخۆییش هاوكاری یەكێتی دەبن.

دواجار دەكرێ لەماوەی ئەو عاتیفەراكێشانەی خەڵكدا كەپێشتر ئاماژەمان پێكرد، ئەگەر یەكێتی بتوانێت خۆی بگرێتەوە كەدەرفەتێكی باشی بۆ رەخساوە، ئەوا دەتوانێت هێزێك وەبەر خۆی بدات بەتایبەت پاش بێ ڕۆڵبوونی رێككەوتننامەی ستراتیژی، چونكە زۆرینەی كادیرو ئەندامانی یەكێتی دژی ئەو رێككەوتننامەیە بوون‌و ئەنجامگیرییەكانیش دەریدەخەن كەئەگەر “یەكڕیزی لەپێناو میللەت”دا پاساوی سەرەكی رێككەوتنەكە بووبێت ئەوا ئەمان زیاتر قوربانییان بۆ ئەو یەكڕیزییە داوە.

كۆنگرەی یەكێتی دەبێت پێش هەر شتێك هێزی ناوچەیی گورجوگۆڵ بكاتەوە، تین بداتەوە بەر رێكخستن‌و كادیرانی ئەو حزبەش، لەهەمووشی گرنگتر پێم وایە یەكێتی پێویستە بە پەیوەندییە ستراتیجییەكانیدا بچێتەوە، چونكە هەم چاوەڕوانی زیاتری لێ دەكرێت‌و هەمیش واقیعەكە وا دەخوازێت.

ئەم كۆنگرەیەی یەكێتی ئەگەر تەنها كۆنگرەی ئاشتەوایی بۆ ناوچەكە‌و تۆخكردنەوەی بنەماكانی پێكەوەژیان‌و فراوانكردنی ئازادی دەربڕین‌و ئاراستەكردن بخاتەوە بۆ ناوخۆی یەكێتی‌و بۆناوچەكەش ئەوا دەستكەوتی گەورەیە، پێشتریش لەسەر ئەمە وەستاوین كەئەوەی شەقامی كوردی بەتایبەت سلێمانی دەیخوازێت خزمەتكردنی پارێزگاكەیە‌و بەدڵنیاییەوە سەركەوتنی كۆنگرەی یەكێتی كاریگەری لەسەر ئیدارەدانی پارێزگاكە هەیە بۆیەش خواستی گشتی خواستێكی ئاشتیخوازانەی بەربڵاوی گشتییە بۆ سەركەوتنی كۆنگرەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

کورد: بوویەکی فریودراو یان بوویەکی بێ گوتار!

عەتا قەرەداخی

 

“خوێنی هەر کەسێکی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان لە هەر پێناوێکدا بڕژێت ىێجگە لە سەربەخۆیی و دەوڵەت بەفیڕۆ دەڕوات چونکە هیچ دەستکەوتێکی تر لە ئاستی بەهای ئەو خوێنەدا نیە”. کەواتە با لێرەوە بپرسین ئایا ئەو هەموو خوێنەی کورد لە راپەڕینی بەدرخانیەکانەوە تاکو ئێستا رژاوەو ئێستاش دەڕژێت لە پێناوی چیدا بووە بۆ چیە؟ ئایا ئەوەی بەدەستهاتووە بایی ئەو هەموو خوێنە دەبێت؟ ئایا بێجگە لە بەشێکی باشووری کوردستان و ئەو بەشەی رۆژئاوا کە ماوەی چەند ساڵێکە کورد خۆی بەڕێوەی دەبات خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان چی بەرهەمهێناوە؟ ئایا سەرباری ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە، حۆکاری ئەو دەستکەوتە کەمە پەیوەندی بە چیەوە هەیەو هۆکارە سەرەکیەکانی چین و کێن؟ داگیرکەران هۆکاری سەرەکین؟ سیاسەتی نێو دەوڵەتی بەرپرسیارە؟ یان کورد خۆی هۆکاری سەرەکیە؟ ئەگەر کورد خۆی هۆکاری سەرەکیە، ئایا کەموکورتیەکە جەماوەرە یان حیزبەکان؟ ئەگەر هۆکار حیزبەکانن، ئایا پێشمەرگەی حیزبەکان بێ تواناو بێ ئیرادەن، یان کەموکورتی و بێ توانایی و بێ بەرنامەیی و نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی نەبوونی دیدو تێڕوانینی ئایندەیی لە ئەستۆی سەرکردایەتی حیزبەکانەو گرفت بڕوانەبوونی زۆرینەی حیزبی کوردی و سەرکردایەتیەکانیانە بە سەربەخۆیی کوردستان؟

بێگومان ئەگەر چاوێک بە مێژووی حیزبی کوردیدا بگێڕین، بەئاشکرا دەبینین زۆرینەی هەرە زۆری حیزبی کوردی لەهەر چوارپارجەی کوردستان نەک بەرنامەی سەربەخۆییان نیەو کاری بۆناکەن راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەکو حیزبی ئەو نیشتیمانانە کاردەکەن و دەجوڵێن کە کوردستانیان بەسەردا دابشکراوەو ئێستا داگیرکەری کوردستانن. زۆرینەی حیزبەکانی ئێستای کوردستان لەسەر هەمان بەرنامەی حیزبە شیوعیەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە دەڕۆن کە کوردستانیان داگیرکردووەو بەرنامەی حیزبە شیوعیەکان بریتی بوو لە دیموکراتی بۆ دەوڵەتی سەردەستەو داگیرکەرو ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوەی کوردی وڵات داگیرکراو و ژێردەست. بەرنامەی زۆرینەی بزووتنەوەو حیزبە کوردیەکان با ناوی جۆراوجۆریشیان لە خۆیان نابێت بەڵام لە گەوهەردا لە سنووری هەمان بەرنامەدان کە ئەویش بریتیە لە بە دیموکراتیکردنی دەوڵەت لە ژێر ناوی دیموکراتی گەلان و پێکەوە ژیان و چەمکی هاووڵاتیبوون و پاراستنی یەکێتی نیشتیمان.

ئەگەر سەیری حیزبەکانی رۆژهەڵات بکەین، تاکو ئێستاش بە یاشکراو بێترس باسی روخاندنی کۆماری ئیسلامی و بە دیموکراتیکردنی ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەکەن. حیزبەکانی باکوری کوردستان بە تایبەتی پارتی کرێکاران و پارتی گەلی دیموکرات، هەردووکیان باسی بە دیموکراتیکردنی سیستێمی فەرمانڕەوایی تورکیا دەکەن. تەنانەت پارتی کرێکاران کە سەرەتا وەکو پارتێکی نەتەوەیی لیبراڵ خۆی نمایش کردو باسی دەوڵەتی کوردستانی دەکرد، ئێستا دوورو نزیک باسی سەربەخۆیی و جیاکردنەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی ناکات و باسی برایەتی کوردو تورک و پێکەوە ژیان و دیموکراتی تورکیا دەکات، هەمان شێوەی هەدەپە، لەکاتێکدا نەک هەر کوردی باکور بەڵکو زۆرێک لەو کوردانەی بەشەکانی تریش کە بڕوایان بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی هەبوو، ئومێدی زۆریان لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵچنیبوو. ئێستا بە ئاشکرا دیارە کورد لە باکوریش پرۆژەی سەربەخۆیی و جیاکردنەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی نیە.

ئەگەر سەیری باشووریش بکەین ئەوا لە دوای شێخ مەحموودی حەفید کە ئەو بە ئومێدی درووستکردنی دەوڵەت و بوون بە مەلیک بوو، ئیتر بەرزترین ئاستی داخوازیەکانی کورد لەم بەشەدا ئەوە بووە کە لە ریفراندۆمدا خەڵکی سەربەخۆخوازی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، بەڵام ئەوەش نەبووە بنچینە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و دەوڵەت. دیارە هەروەک لە بەرگی دووەمی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیشدا بەدرێژی شیکردنەوەی گوتاری حیزبەکانی باشوورمان کردووە، بێجگە لەو رووکەشە سادەی گوتار کە ریفراندۆمی بەرهەمهێنا، گوتاری نەتەوەیی لە ئاستێکی سادەدایەو وابەستەبوون بە عێراقەوە هێشتا لای رووبەرێکی فراوانی حیزبەکانی باشوور بەهێزو باڵادەستەو تەسلیمکردنەوەی رووبەرێکی فراوانی کوردستانیش بە عێراق دوای ریفراندۆم باڵادەستبوونی هەژموونی گوتاری عێراقچێتیە بەسەر گوتاری کوردیدا، بەجۆرێک باسکردنی کوردو کوردایەتی و کارکردن بۆی بەرزنابیتەوە بۆ دەرچوون لە چوارچێوەو سنووری عێراقیبوون و عیراقچێتی. واتە ئەو خەباتە دوورودرێژەی لە ساڵی ١٩١٥ بەدواوە کوردی باشوور کردوویەتی و ئەو هەموو خوێنەی بەخشیوێتی نەیتوانیووە هەڵوێستی رەتکردنەوەی عێراق لە بەرنامەو پەیڕەو و کارکردنی رووبەرێکی فراوانی بزووتنەوەو حیزبەکانی باشووری کوردستاندا درووست بکات.

ئێستا بارودۆخی رۆژئاوا لە بەشەکانی تر لەبەرچاوترە، بە تایبەتی ئەو نەبەردیانەی کە شەڕڤانانی رۆژئاوا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە دڕندەکانی دەوڵەتی خەلافەت لە لایەک و لە هێرشی سوپای داگیرکەی تورک و خەلیفە ئەردگان پێشتر بۆ سەر عەفرین و لە چەند رۆژی رابردووشدا بۆ سەر سەرێکانی و ناوچەکانی تر، کوردی رۆژئاوای نادیار و نائامادەی گواستەوە بۆ حاڵەتی دیارو ئامادە. لە زیهن و خەیاڵ و رووبەری یادەوەری  رووبەرێکی فراوان لە مرۆڤایەتی و دامودەزگا دەوڵەتی و سیاسی و میدیاییەکانی دنیادا، کورد بوو بە ناوێکی ئاشنا و جارێکی تریش وەکو هەتیووە بەجێهێڵراو و ناپاکی لێکراوەکانی دنیا باس دەکرێت. ئەمەریکا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، سەرباری ناڕەزاییەکانی تورکیا، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ کوردانی رۆژئاوادا هەبووەو چەندینجار بارخانە چەک و تەقەمەنی بۆ پەیەدە ناردووەو وەکو هاوپەیمانی خۆی باسی دەکرد، کەچی لەناکاوێکدا سەرۆکە ناهاوسەنگەکەی ئەمەریکا وەکو بەرجەستەکەری چەمکی نائینسانانەی لیبرالیزمی نوێ، لە پێناوی بەرژەوەندیە مادییەکانی وڵاتەکەیدا، کوردی وەکو بێ بەهاترین بوونەوەر بەتەنیا بەجێهیشت. بێگومان کوردستان تاکو ئێستا نەبووەتە عەرەبستانی سعودیە، بۆ ئەوەی ئەمەریکا وەکو مانگا بیدۆشێت. چواندنی سعودیە بە مانگا گەوهەری تێڕوانینی سیستێمی سەرمایەداری لیبریالیزمی نوێیەو لەو روانگەیەشەوە، ئەوەی گرنگە شیرەکەیە، مانگاکەو خاوەنی مانگاکەش هیچ بەهایەکیان نیە. هەر بۆیە هەر جۆرە پشبەستنێکی کورد بە ئەمەریکا هەمیشەیی نیەو هەمان دەرئەنجامی پشبەستنی ١٩٧٥ ی کوردی باشوور بە ئەمەریکاو پشتبەستنی ئەمجارەی کوردی رۆژئاوای دەبێت بەو دەوڵەتە.

ئایا کوردی رۆژئاوا کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەسەڵاتی بەسەر وڵاتەکەی خۆیدا کردووە، هەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی کوردی بووە، واتە ئایا کوردی رۆژئاوا پرۆژەی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ یان ئەویش هەمان شێوەی کوردی بەشەکەنی تری کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەی کۆماری سوریای عەرەبیدا بمێنیتەوە؟  راستە کوردی رۆژئاوا کانتۆن و دەسەڵاتی خۆسەریی دروستکردووە، بەڵام ئەوەی کردوویەتی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی یەکەی بچووکی خۆبەڕێوەبردن دەرناچێت کە ئەوەش لە روانگەی گوتاری نەتەوەییەوە لە چوارچێوەی گوتاری هەرە ناتەواودا پێناسەدەکرێت کە گوتارێکی ناوچەیی یان هەرێمایەتیە و نە خاسێتی گوتاری نەتەوەیی و نە رەهەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی یەکگرتووی هەیە. هەروەک لە لایەکی ترەوە روانینێکی ئایندەییش بۆ جیاکردنەوەی ئەو بەشەی کوردستان و دەرهێنانی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی داگیرکەری سووری، نە بوونی هەیەو نە باسیش دەکرێت. کەواتە ئاشکرایە مانەوەیەکی لەوجۆرەی کوردی رۆژاوا پەیوەندی بە شەڕی دڕندەکانی دەوڵەتی خەلافەتەوە هەیەو وەکو ئەوە وایە لە بۆشایدا هەڵواسرابێت چونکە ئاشکرایە داعش بوویەکی نەمر نیەو کۆتایی دێت و دەریشکەوت سیاسەتی روسیاو ئێران بۆ هێشتنەوەی ئەسەدو رژێمەکەی لە سیاسەتی ئەمەریکا سەرکەوتووتر بوو، واتە رژێمی ئیستای سووریا دەمێنێتەوە. کەواتە لە نەمان یان تەواو لاوزبوونی داعش ومانەوەی ئەسەدو رژێمەکەیدا، کوردی رۆژاوا چی دەکات و رووبەڕووی چی دەبێتەوە؟

ئەمەریکا رایگەیاند دەوڵەتی خەلافەتیان لەناوبردووە، کە ئەوە درۆیەکی گەورەیەو تاکو ئێستا مەترسیەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە ماون، راگایەندنەکەی ئەمەریکا بە تایبەتی ترامپ پاساو بوو بۆ پشتکردن لە کوردەکان و بوارکردنەوە بۆ هاوپەیمانە ستراتیژیەکەیان کە تورکیایە بۆ ئەوەی چی دەوێت بیکات. وەکو بینیمان سوپاکەی خەلیفە ئەردۆگان لە ژێر ناونیشانی “کانی ئاشتی”دا پەلاماری رۆژاوای دا. بێگومان ئەو ناونیشانە بەڵگەی بێ شەرمی و بێ روویی و بێ ئابڕوویی ئەردۆگان و سیستێمی داگیرکەری دەست بەخوێنسووری تورکی هەمەجە، چونکە لە دروستبوونی دەوڵەتی کەمالیستەوە ئەو داگیرکەرە خوێنڕێژە بەتەنیا زمانی چەک و کوشتن و بڕین و وێرانکردن دەزانێت، ئیتر چۆن لە رووی دێت باسی ئاشتی و کانی ئاشتی بکات!

کوردی رۆژئاوا کە هێشتا پاڵەوانانە بەرپەرچی سوپای داگیرکەری تورکی دەدایەوە، کەچی بە ناوەندگیری ئەو گەماڵە پیرەی کە چاوەڕوانە دڕندەکانی تر نێچیرێک راوبکەن وئەمیش دوای ئەوان ئێسقانەکانی بکڕینێتەوە، جارێکی تر سوپا شکستخواردووەکەی بەشار ئەسەدیان بانگهێشتی کوردستان کردەوە، کە بەخوێنی هەزارەها رۆڵەی کورد رزگارکرابوو. لە هەموویشی خراپتر بەو ئەندازەی سەربازەکانی ئەسەد هاواریان دەکرد ” خوداو سوریاو ئەسەدو بەس”، بەشیک لە بەرپرسە کوردەکانیش باسی یەکێتی خاکی سوریاو پاراستنی سوریا و پاراستنی سەروەری نیشتیمان واتە سوریایان دەکرد لە هێرشی داگیرکەری تورک. واتە لە قسەی بەشێک لە بەرپرسە دیارەکانی رۆژاوادا ناوی سوریاو یەکێتی خاکی سوریاو پاراستنی سەروەری سوریا تا ئەندازەیەکی ئاشکرا جێگای رۆژاوا و کوردیان گرتەوە. کە ئەمەش لە ئاستیکی قوڵتردا لاوازی پرۆژەی نەتەوەیی و گوتاری نەتەوەیی کوردی دەگەیەنێت.

تورکیا بە مەبەستی ئەوە هێرشی کردە سەر رۆژاوا کە بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر هێزەکانی هەسەدە پاشەکشە پێبکات و بە قسەی خۆی ناوچەی ئارام درووستبکات بۆ گێڕانەوەی ئاوارە سوریەکان. بەڵام دیارە مەبەستی تورکیا لە لایەک گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە، لە لایەکی تریش بە تەواوەتی بڕینی پەیوەندیە لە نێوان رۆژاوا و باکوری کوردستاندا، ئەمە بێجگە لەوەی زۆرینەی سامانە سرووشتیەکانی رۆژاوا دەکەونە ئەو رووبەرەوە کە تورک دەیەوێت بە ناوی ناوچەی ئارامەوە دەسەڵاتی بەسەردا بکات و لە ژێردەستی هێزە کوردیەکانی رۆژاوای دەربهێنێت.

ئەمەریکا دوای فریودانی یەکەم و پشتکردن لە کوردی رۆژاوا، لە کاتێکدا سوپا داگیرکەرەکەی ئەردۆگان لە سەرێکانی لە لایەن شەڕەڤانانی پاڵەوانەوە لوتی شکابوو، کەچی بە پەلە ترامپ جێگرەکەیی و وەزیری دەرەوەی بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ناردە تورکیا بە ناوی هەوڵدان بۆ رێکەوتن، ئەوەی تورک نەیتوانی بە شەڕ هیچی لێ بەدەست بهێنێت، شاندەکەی ئەمەریکا بە ناوی رێکەوتنەوە پێشکەشیان کرد. هەندێ لەسەرکردەکانی رۆژاوا هەر زوو رایانگەیاند بەو رێکەوتنە رازینین، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەڵویستەکانی مەزڵومی ئەبدیە کە راگەیاندنی کوردی بێ ستراتیژ و رووتکراوە لە بەرنامەی نەتەوەیی چەند رۆژێکە بەشان و باڵای ئەم کەسێتەدا هەڵدەدەن و مەترسی ئەوەی هەیە سەری لێتێکبدەن و ئەوەش ببێتە هۆی زیانی گەورە بۆ رۆژاوا. سەرئەنجام دەردەکەوێت هەرچۆن روسیا بوو بە دەڵاڵ بۆ هێنانەوەی سوپاکەی ئەسەد بۆ کوردستان، ئەمەریکاش بوو بە دەڵاڵ بۆ رزگارکردنی سوپای داگیرکەری تورکیاو تەسلیمکردنی رووبەرێکی فراوانی رۆژاوا بە تورکەکان. راستە بارودۆخی ژیانی رۆژاوا و بەرگریکردن سەختە بەڵام شەڕڤانان نەبەزیوون و پاڵەوانانە بەرگری دەکەن. دەشێ سەکردایەتی رۆژاوا پاساوی خۆیانیان هەبێت بۆ رازیبوون بە گەڕانەوەی سوپای داگیرکەری سوریا و بۆ رازیبوونیش بەوەی کە ئەمەریکا لە جوگرافیای رۆژاوا بە ناوی رێکەوتنەوە بەخشیوێتی بە تورکیا. باشە کە کورد لە رۆژاوا ئامادەبوو بەو دوو هەنگاوە ترسناکە کە هاتنی دوو داگیرکەرە بۆ کوردستان لە یەک کاتدا رازیبێت، بۆ هەر لەسەرەتاوە بێ شەڕ ئەوەی نەکرد بۆ ئەوەی خوێنی ژمارەیەکی تر لە رۆڵەکانی ئەم میللەتە بە فیڕۆ نەڕوات، چونکە وەکو لە سەرەتاشەوە گوتمان هەر خوێنێکی کورد لە پێناوی غەیری سەربەخۆیی و دەوڵەتدا بڕژێت، بەفێڕۆ دەچێت و سەرئەنجام راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبێتە خزمەت بۆ داگیرکەرانی کوردستان. بێگومان هەموو شکستە یەک لە دوای یەکانەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەرئەنجامی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی کوردیە کە لە چوارچێوەی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتدا پێناسە دەکرێت و هەتا کورد نەبێتە خاوەنی پرۆژەیەکی لەم جۆرە، بەردەوام لەسەر چێوەی ئەم بازنە داخراوە دەخولێتەوەو بەکاردەهێنرێت و هەر جارەی بە شێوەیەک فریودەدرێت و سەرئەنجامیش بە تەنیا بەجێدەهێڵرێت، هەرچەندە ناوی و قوربانیدانی و ئازایەتی و بەراورد بە نەتەوەو ئیتنیکەکانی تری ناوچەکەش نزیکتربوونی لە عەقڵ و کەلتووری رۆژاواوە وێردی سەر زمانی رەمزەکانی دەسەڵاتی رۆژاواو میدیاکانی جیهانیش بێت، بەڵام هێشتا ئەم قوربانیەو هەر رۆژێک بە جۆرێک بە تەنیا بەجێدەهێڵرێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئامانجە ئابوریەکانى تورکیا لەداگیرکارى ڕۆژئاوا

 *سەرکۆ یونس

ڕۆژئاواى کوردستان یان باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا، جوگرافیایەکى تایبەتمەند و دیموگرافیایەکى فرە ڕەنگ و فرە ئاینە لەنێوان کورد و عەرەب و مەسیحى خاوەنى سەروەت و سامانێکى زۆرى ژێر زەوییە.

لەدواى شۆڕشى مەدەنیانەى خەڵکى سوریا دژى حکومى بەشار ئەسەد و سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆیى و دەست تێوەردانى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان لەو وڵاتە، ڕۆژهەڵاتى باکورى سوریا کەوتە دەست دەسەڵاتى پەیەدە و یەپەژە هەر زوو توانیان ئیدارەیەکى خۆسەرى بۆ بەڕێوەبردنى ئەو ناوچانە پێک بهێنن سەرەڕاى هەموو ڕەخنەکان تاڕادەیەکى باش توانیان نمونەیەکى جوانى خۆ بەڕێوەبردن پێشکەش بکەن و ناوچەکەیان بکەن بەئارامترین شوێنى سوریا.

بەڵام هەڕەشەکانى تورکیا و ئەردۆغان لە ئێستادا ناوچەکەى کردوە بە نائارامترین شوێنى ئەو وڵاتەو و ناوچەکە، تورکیا مەبەستیەتى (ناوچەی ئارام) بە قوڵایى (30) کلم لەناو خاکى ڕۆژئاوا دروست بکات و هەژمون و پێگەى کوردى سوریا لەناوچەکە لاواز بکات بۆ ئەم مەبەستەش چەند هۆکارو مەبەستی ئاشکراو نهێنى کردوە بە بیانوى داگیرکارییەکەى لەدوا نیوەرۆى (9/10/2019) لەژێر ناوى (کانى ئاشتى) ئۆپراسیۆنەکەى دەست پێ کرد بە هاوکارى گروپە ئۆپۆزیسیونەکانى حکومەتى سوریا و هەندێ گروپى توندڕەوى ئیسلامى عەرەب کەدەستیان لەتاوانى مرۆیدا هەیە.

ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە لایەنى و ئابورى و هۆکارە شاراوەکانى ترى ئەم ئۆپراسیونەى تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەتوانین بڵێین خۆى لەم هۆکارانەى خوارەوە ئەبینێتەوە:-

1- دەوڵەمەندى ئەو ناوچانەى دەکەونە ژێر دەسەڵاتى خۆسەرى کوردانى ڕۆژائاوا (هەدەسە) کەبەدەوڵەمەنترین بەشى سوریا حساب دەکرێت و سەرجەمى یەدەگى نەوتى دڵنیایى سوریا نزیکەى دوو ملیار بەرمیلە و کەمتر لە (0.18%) ى یەدەگى نەوتى جیهانە ،ئەم ناوچانە خاوەنى لە (%90)ى سامانى نەوتى سوریایە و لە (%45) بەرهەمهێنانى غاز لە ڕۆژئاوایە و بەرهەمێنانى نەوت لە سوریا . لەساڵى (2010) گەشتە نزیکەى (400) چوار سەد هەزار بەرمیل ڕۆژانە لەم ژمارەیە (250) هەزارى لە ناوخۆ بەکاردەهێنرێت و ئەوەى ترى هەناردەى دەرەوەى دەکەن لە ئێستادا ئەم بەرهەمێنانە دابەش بووە بەسەر هەردوو دەسەڵاتى حکومەتى دیمەشق و ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاوا (هەسەدە) وە زۆربەى بیرە نەوتییەکانى دەکەونە باکورى خۆرهەڵاتى سوریاوە واتە رۆژئاوى کوردستان.هەروەها رۆِژئاوا خاوەنى چەندین کارگە و پرۆژەى ستراتیژى و پیشەسازى و کشتوکاڵى و وەک لۆکە و گەنم و زەیتون و جۆرەکانى ترە.

2- خۆ ڕزگارکردنى ئابورى و دارایى تورکیایە لەو بارگرانییەى کە بەهۆى ئاوارەکانى سوریاوە دروست بوە لە تورکیا کە نزیکەى (2 تا 3) ملیۆن ئاوارە لە تورکیا هەیە ،ئەردۆغان دەیەوێ بەم ئۆپراسیۆنە بەشێکى زۆرى ئەو ئاوارانە بگەڕێنێتەوە بۆ خاکى سوریا هەروەک چۆن لە کانتۆنى عەفرین ئەو سیاسەتەیان جێ بەجێ کرد دواى ئەوەى لە ئۆپراسیۆنێکا عەفرینى داگیرکرد و بەدەیان خێزانى ئاوارەى عەرەبى ناردەوە بۆ عەفرین، ئەردۆغان دەیەوێ بەدروست کردنى ناوچەیەکى ئارام ئەو سیاسەتە جێ بەجێ بکات.

3- ئامانجێکى ترى ئەردۆغان سڕینەوەى ناوچەکوردیەکانە بەهێنانى عەرەبى هاوردەى تورکیا بۆ ناوچەکە و لاوازکردنى پێگە و دەسەڵاتى کورد و سەرئەنجام هەڵگیرساندنى شەڕى کورد و عەرەب و بێ گومان ئەم سیاسەتە دەرئەنجامەکانى دوور مەودایە و مەترى بۆ سەر نەتەوەیى کورد دروست دەکات.

4- بیانویەکى ترى ئەردۆغان و تورکیا لەکوردانى ڕۆژئاوا دروست کردنى دەوڵەتێکى کوردیە لە ڕۆژهەڵاتى فورات لەسەر بیروڕاى و ئایدۆلۆژیاى عەبدوڵا ئۆجالان و پاڵپشت کردنى پەکەکە لەو دەوڵەتە و مەترسى ئەوەیە لە داهاتودا رۆژهەڵاتى فورات ببێتە شوێنێکى ستراتیژى بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا و بیانوى ئەوە ئەهێنێتەوە ئەم دەسەڵاتەى کوردان لە ڕۆژئاوا ببَیتە پێگەیەکى بەهێزى پەکەکە و لەئایندەیشدا ببێتە پێگەیەک بۆ شۆڕشگێڕانى ترى کوردى باکور .

*ئابوریناس

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان