ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

مۆرینیۆ بەهێزترین بۆندی لەمێژووی تۆپی پێدا ڕەتکردۆتەوە و چاوەڕێی زەبەلاحەکانی ئەوروپایە !

خەڵک سپۆرت

جوزێ مۆرینیۆی پورتوگالی ڕاهێنەری پێشووی یانەکانی یونایتد و چێڵسی و ڕیاڵ مەدرید و ئینتەرمیلان، پێی وایە هێشتا لەتوانایدا ماوە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەست بهێنێت.

تۆڕی “سکای سپۆرت”ی بەریتانی ئاشکرای کردووە، لەئێستادا مۆرینیۆ سەرقاڵی حەوانەوەکانی هاوینەی ٢٠١٩یە و لەهەمان کاتیشدا بڕیاریداوە لەکۆتاییەکانی هاویندا بڕیار لەسەر داهاتووی بدات، بەڵام ئەوەی ڕوونە ڕاهێنەرە سپێشەڵەکە چاوەروانی بۆندی یانەیەکی ئەوروپیە و تائێستا هیچ یانەیەکی گەورە ئەو هەنگاوەیان نەناوە کە ناوبراو چاوەڕوانی دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی “سکای سپۆرت”، لەماوەی ڕابردوودا “مۆو” لەگەڵ شو جیاینی ملیاردێری چینی و سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکانی ئێڤەرگراند لە شاری لەندەن بەیەکەوە بینراون، سەرمایەدارەکە پێشنیاری کردووە پۆستی ڕاهێنەری یانەی گوانژو ئێڤەرگراند وەربگرێت.

ئەو بۆندەی چینیەکان پێشکەشی مۆرینیۆیان کردووە بڕەکەی (١٠٠ ملیۆن یورۆ) بووە هاوشانی چەندین پاداشت و ئیمتیازاتی تر کە بڕەکە زۆر بەرزتر دەکاتەوە، هەروەها سەرپشکیشیان کردووە لەوەی چەند وەرز لە خولی سوپەری چین بەردەوام دەبێت، مەرجی سەرەکی بریتی بووە لە بەدەستهێنانی ٢٨ ملیۆن یورۆی ساڵانە بەبێ باج، ئەم بۆندەش تائێستا لەمێژووی تۆپی پێدا پێشکەشی هیچ ڕاهێنەرێک نەکراوە.

“سکای” جەخت دەکاتەوە، مۆرینیۆ بۆندەکەی بەدڵ بووە و سوپاسگوازری هاوڕێ سەرمایەدارە چینیەکانی بووە، بەڵام دووپاتیکردۆتەوە، کە هێشتا دەیەوێت لە لوتکەی خولە ئەوروپیەکان بەردەوام بێت تا لەیانە و خولێکی تر نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەست دەهێنێت، سەیریش لەوەدایە تا ئەم ساتە هیچکام لە یانە زەبەلاحەکان بۆندیان پێشکەش نەکردووە.

جیهانی

ئایا مۆرینیۆ لە گواردیۆلا باشترە؟ (١٥) ساڵ کۆنترۆڵ کردنی تۆپی پێ و ململانێیەکی بەردەوام

خەڵک سپۆرت

ململانێی مێژوویی نێوان جزێ مۆرینیۆی پورتوگالی و پیپ گواردیۆلای ئیسپانی لەسەر پێگەی باشترین ڕاهێنەری ڕاستەقینە لەجیهاندا هێشتا بەردەوامە و ڕاهێنەرە پورتوگالیەکە هەنگاوێک لە پێشەوەیە.

ماڵپەڕی “سپۆرتیس کیدا” لەڕاپۆرتێکدا بە داتا و ژمارە و لێکدانەوەی لۆجیکی بڵاوکردۆتەوە، لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا دوو ڕاهێنەر لەهەناوی بەرشلۆنەوە دەرکەوتن و خۆیان بە جیهان ناساند، یەکەمیان جوزێ مۆرینیۆی پورتوگالی بوو وەک وەرگێڕێک لە کەتەلۆنیا کاری کردووە و دوو نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی بەدەستهێناوە، دووەمیشیان پیپ گواردیۆلای یاریزانە لەهەمان سەردەمی مۆرینیۆدا، کە ئەویش بەهەمان شێوە توانیویەتی دوو نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەست بهێنێت.

مۆرینیۆ لەماوەی کارکردنیدا توانیویەتی لەگەڵ پۆرتۆ (٢٠٠٤) و ئینتەرمیلان (٢٠٠٨) نازناوی چامپیۆنز لیگ بەدەست بهێنێت، لەبەرامبەردا گواردیۆلا لەهەردوو وەرزی (٢٠٠٨ – ٢٠٠٩) و (٢٠١٠ – ٢٠١١) نازناوە ئەوروپیەکەی تەنها لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە بەدەست هێناوە، ئەگەر بەراوردی چوار نازناوەکە بکەین بۆمان دەردەکەوێت “مۆو” لەگەڵ دوو یانەی جیاواز و لە دوو خولی جیاوازەوە بووە بە پاڵەوان، هەروەها پێکهاتەکانیشی هەرگیز لە ئاستی سەردەمی زێڕینی بلاوگرانای گواردیۆلادا نەبوون، ئەوەش پێشەنگی بە پورتوگالیەکە دەبەخشێت.

ئەوەی پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت، شێوازەکانی ئەم دوو ڕاهێنەرە جیاوازە، یەکەمیان بەرگریکارە و بە هێرشی هەڵگەڕاوە یاریی دەکات و لەشێوازەکەی خۆیدا بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید و پێشتریش لەگەڵ ئینتەرمیلان داهێنانی کردووە، لەبەرامبەردا گواردیۆلا ڕاهێنەرێکی چێژبەخش و فەلسەفیە لەهەر یانەیەک بێت ستایلی تایبەت و ناوازەی هەبووە، ئەوەی گواردیۆلا دەخاتە خانەیەکی یەکلانەکراوەوە ئەوەیە کە هێشتا وەک ڕاهێنەری مانچستەر سیتی باشترینی ئینگلتەرا بەردەوامە و بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان لەگەڵ ئەو یانەیە بەرامبەر مۆرینیۆی ڕکابەری پێشەنگی پێدەبەخشێت.

بۆیە لەکۆتاییدا سەرچاوەکە جەخت دەکاتەوە، مۆرینیۆ لە پێشە، بەڵام گواردیۆلا دەتوانێت هاوتای بکاتەوە و بگرە تێپەڕیشی بکات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

یوڤانتۆس لە “واندا میترۆپۆلیتانۆ” بە پێکهاتەیەکی جیاوازەوە ڕووبەڕوی ئەتلەتیکۆ دەبێتەوە !

خەڵک سپۆرت

یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی بەدەست پێکانی ئەستێرەکانیەوە دەناڵێنێت و یەکەمین ڕووبەڕوبونەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان بە پێکهاتەیەکی جیاوازەوە دەست پێدەکات.

ماڵپەڕی “توتۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، لەکۆتا ڕووبەڕوبونەوەی نێوان یانەی یوڤانتۆس و فیورنتینا لە چوارچێوەی ململانێکانی خولی ناوخۆی ئیتاڵیا، دۆگلاس کۆستا و میرالیم پیانیچ و دانێلۆ دووچاری پێکان هاتوون و هەریەکەیان ماوەیەک لە یاریکردن دادەبڕێت، دەستەی پزیشکی یانەکەش وادەی دوورکەوتنەوەیانی دیاری نەکردووە، بەڵام گومان لە بەشداریکردنیان دەکرێت بەتایبەت لەڕووبەڕوبونەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید.

سەرچاوەکە ئاماژەی کردووە، جگە لە پێکانی سیانەی ناوبراو بەهەمان شێوە جۆرجیۆ کیلینی بەرگریکاری پۆڵایین پێکراوە و گومان لە بەشداریکردنی گۆنزالۆ هیگواین دەکرێت، هەموو ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەن تەواوی ئەو پێنج یاریزانە لە یەکەمین جەولەی چامپیۆنز لیگ بەرامبەر پێکهاتەکەی دیێگۆ سیمیۆنی بەشداری نەکەن، هەر ئەوەش وایکردووە ماوریزیۆ ساری ڕاهێنەر بیر لە بەکارخستنی پێکهاتەیەکی نوێ و جیاواز لە پێکهاتەی سەرەکی بکاتەوە.

چوارشەممەی داهاتوو (١٨/٩) لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ لە مەدرید یانەی یوڤانتۆس یەکەمین ڕووبەڕوبونەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەنجام دەدات، شارەزایان پێیان وایە ئەم ڕووبەڕوبونەوەیە یەکلاکەرەوە دەبێت لەڕووی ئاست و ئەنجامی کۆمەڵەکەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

نۆیەر بەتوندی وەڵامی تێر شتیگن دەداتەوە: لێدوانەکانیم بە دڵ نەبوو

خەڵک سپۆرت

مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی ناوداری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن، ڕەخنەی توند لە تێر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە دەگرێت.

لەماوەی ڕابردوودا ئەندرێ تێر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە سەبارەت بە یاریی نەکردن و دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی مەکینەکانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، شایستەی پێکهاتەی سەرەکییە و بە پێوەری ئەوەی لە باشترین ئاستیدایە و لە یەکێک لە بەهێزترین یانەکانی جیهانیش یاریی دەکات، هەروەها دووپاتیکردەوە، کە ماوەیەکی تریش لەو بارودۆخەدا چاوەڕوان دەکات تا یواکیم لۆوڤی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە بیروبۆچونی لەوبارەیەوە دەگۆڕێت.

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا نۆیەری گۆڵپارێزی سەرەکی بایرن و ناسیوناڵ مانشافت بە “بێلد سپۆرت”ی ڕاگەیاندووە :” هەندێک لە لێدوانەکانی تێر شتیگنم خوێندەوە و هەرگیز بەدڵم نەبوو، چونکە ڕووبەڕو قسەی لەگەڵ نەکردووم و دەربارەی ئەو کێشەیە ئاگاداری نەکردومەتەوە”.

هەروەها دەڵێت :” ئێمە پێکهاتەیەکی یەکگرتوین و پێموابێت ئامانجمان هەمیشە بردنەوە بووە، ئەو جۆرە ڕەفتار و لێدوانانە سود بە کەس ناگەیەنێت و ڕێگر دەبێت لەبەردەم بەدیهێنانی ئامانجە بەکۆمەڵەکان، پێشموایە ئەم جۆرە لێدوانانە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە من زۆر بەشێوەیەکی باش یاریی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم دەکەم”.

هەردوو گۆڵپارێزی ناوداری ئەڵمانیا لەسەر پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان ململانێیەکی توندیان لەدەرەوەی یاریگا دەست پێکردووە، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لۆوڤی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە بە ناچاری جەمسەری گۆڵپارێزەکەی بایرنی گرتووە، هەندێک لەشارەزایانیش بابەتەکەیان بە یانەی بایرن میونشنەوە بەستۆتەوە کە لەناوخۆی وڵاتەکەدا کاریگەری بەهێزی لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمان و ڕاهێنەرەکانیش هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان