ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕایدەگەیەنێت، یاساكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو ڕێكەوتننامانەدا گونجاون كە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق واژۆی كردووە.

دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، یاساكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو ڕێكەوتننامانەدا گونجاون كە حكومەتی فیدڕاڵی عیراق واژۆی كردووە.

وتیشی”ھەر یاسایەك لە ھەرێمی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستانەوە دەردەچێت، بەھیچ جۆرێك لەگەڵ دەستووری فیدڕاڵی عیراقدا پێچەوانە نییە و نابێت، چونكە دەستووری بوونی یاساكانی ھەرێمی كوردستان، مەرجی یەكەمی دەركردنی ھەریاسایەكە لە ھەرێمی كوردستان، بەڵام دەبێت بابەتێك ورد بكەینەوە كە ئەویش چوارچێوەی سەلاحیاتی ھەرێمی كوردستانە لە دەركردنی ھەندێك یاسا یان پابەند نەبوون بە ھەندێك یاسا و ڕێكەوتنامەوە كە سەڵاحیاتی ئیقلیمی خۆی بەكاردەھێنێت بەپێی ئەو بنەمایانەی كە لە دەستووردا دیاریكراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، گرنگترین میكانیزم كە لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت بۆ جێگیركردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە دامودەزگاكانی حكومەت لە بوارەكانی مافی مرۆڤ بەگشتی بریتییە لەوەی لە ساڵی 1992ـەوە، پەڕلەمانی كوردستان جاڕنامەی جیھانی مافەكانی مرۆڤ و یاسا و ڕێكەوتننامە نێودەولەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و منداڵ و ژنانی كردۆتە بنەمایەكی دانپێدانراو و ڕێزلێگیراو و بنەما بۆ داڕشتنی یاساكان.
ڕوونیشیكردەوە، یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ نموونە وەك یاساكە داوای كردووە، وەزارەتی داد فەرمانبەرێكی تایبەتمەند كردووە بۆ ئەوەی تایبەت بێت بە پێدانی زانیاری و ئەپلێكەیشنی ڕەسمی پێدانی زانیاری چاپ كردووە و ھەر كەسێك سەردانی وەزارەتی داد بكات بۆ وەرگرتنی زانیاری پێیان دەدرێت و وەڵامی پرسیارەكانیان دەدرێتەوە و بە ھیچ كەسێك ناگووترێت كە وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای ئێمە نییە.

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕاشیگەیاند، لە هەرێمی كوردستان ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین بەپێی یاسا رێكخراوە و لەكاتی بوونی هەر حاڵەتێك كە دژ بە ڕێنماییەكانی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن ئەوا كار بە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت، بۆیە پێویستە میدیاكارانیش نەبنە هۆی تێكدانی ڕەوشی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی و تایبەت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەركاتێك رۆژنامەنووس یان دەزگایەكی میدیایی یاسا پێشێل بكات ئەوا راستەوخۆ لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە رێوشوێنیان بەرامبەر ناگیرێتە بەر، چونكە بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسی ژمارە (35)ی ساڵی (2007) تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی ناكرێت هیچ رۆژنامەنووسێك دەستگیر بكرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.

لە بارەی بواری پەروەردە، ڕێكخەری ڕاسپاردە نیودەوڵەتییەكان ڕوونیكردەوە، قوتابخانە حكومی و نێودەوڵەتییەكان ساڵ بەساڵ لە زیادبووندان و ئەمەش بەرەوپێش چوونێكی باشە و كاریگەری ئەرێنی لەسەر سیستەمی پەروەردە هەیە، بەڵام سەبارەت بە بوونی توێژەری دەروونی لە خوێندنگاكان دەبێت ئاماژە بەوە بكەین بە گشتی ژمارەی توێژەرانی دەروونی لەناو قوتابخانەكان كەمن (1760) توێژەر و ڕێنماییكاری دەوروونی لە كۆی نزیكی(٨٠٠٠) قوتابخانە ‌بوونیان هەیە كە ئەمانیش بە ڕێكوپێكی دابەش نەكراون و تەنها لەناو شارەكاندا هەن، كەمی ئەم ژمارەیە دەگەرێتەوە بۆوەستانی دامەزراندن و پڕنەكردنەوەی ئەو بۆشاییە بەو كەسانەی بەشی كۆمەڵناسی دەرونناسیان تەواو كردوە و خوازیاری كاركردنن لەو بوارەدا.

کوردستان

بەهۆی بەفر چەند رێگایەك لە باڵەكایەتی و پشدەر داخران

خەڵک- نزارمستەفا
لەشەوی ڕابردوەوە شەپولێکی بەفربارینی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان گرتۆتەوەو تاکو ئێساش بەردەوامە.

بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەوەش چەند ڕێگا گیراون کە هەریه کە لە ڕێگای سیدەکان -حاجی ئۆمەران-مێرگەسۆر-ڕانیە و پشدەر، باڵەكایەتی داخراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتوە تاوەکو ئێستا لەقەزای مێرگەسۆر 50سم سیدەکان نزیکەی 30سم حاجی ئۆمەران 46سم باریوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دروست نییە

خەڵك- بەشی هەواڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە، بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی بۆچونی پێكهاتەكانی كورد و سوننە دروست نەبوو.

لە دیدارێكدا لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس، بارزانی باسی لەوەكردووە، لە ساڵی 2014 دا، چەكدارانی داعش لە فڕۆكەخانەی بەغدا نزیكبوونەوە، بۆیە عیراق داوای هاوكاری لە ئەمریكا كرد.

وتیشی”هێزەكانی ئەمریكا بۆ هاوكاری و مەشقپێكردنی سوپای عیراق و هێزە چەكدارەكان، لە نێویاندا پێشمەرگە هاتنەوە بۆ عیراق و لەسەر بڕیاری عیراق بوو”.

سەرۆكی هەرێم هەر لە قسەكانیدا پێیوابوو، بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا واقیعی و ڕاست نییە، چونكە گوزارشت لە بوچونی هەموو خەڵكی عیراق ناكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئایدن مەعروف لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی پێكھاتەكاندا كۆبوەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لەگەڵ نوێنەری ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا كۆبوەوە و باسیان لە كار و چالاكییەكانی ڕێكخراوەكان كرد و وەزیری هەرێمیش پشتیوانی خۆی بۆ كارەكانیان دووپاتكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێراوە، باس لەوەكراوە لە كۆبونەوەكەدا تیشك خراوەتەسەر دوا پێشھاتەكان و كارو چالاكی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان.

هەروەها نوسراوە” وەزیری ھەرێم پشتگیری و پشتیوانی خۆی دووپات كردەوە ، لەلای خۆشیانەوە نوێنەرانی ڕێكخراوە جەماوەریەكان پیرۆزباییان بەبۆنەی دەست بەكاربونیان بۆ خواست و چەند پێشنیار و داواكاریەكیان خستەڕوو”.

ئایدن مەعروف، لە دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لەگەڵ نوێنەری زۆربەی پێكهاتە، نەتەوە و ئاین و ئاینزا جۆراوجۆرەكاندا كۆبوونەوەی كردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بڕیارە سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە بكات بۆ هەمان مەبەست.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان