ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و دانانی پارێزگارەكان نیگەرانی لێدەكەوێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت، لەبری درێژكردنەوەی كاركردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، شەرعیەتی یاسایی‌ و دیموكراسی ئەوە دەخوازێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، دەشڵێت: “هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجوومەن دەرگا لەسەر دەرچوونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە، كە دڵخوازی مەكتەب سیاسی حزبەكانن”.

پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن لە یاداشتێكدا، كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستانی كردووە و وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، ڕایگەیاندووە، هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، دەرگا لەسەر دەرچوونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە، كە دڵخوازی مەكتەب سیاسی حزبەكانن بە بەڵگەی ئەوەی دەنگی ڕاستەوخۆی هاووڵاتیانی بەدەستنەهێناوە.

دەشڵێت: “لەبری ئەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان درێژبكرێتەوە، شەرعیەتی یاسایی‌ و دیموكراسی ئەوە دەخوازێت، هەڵبژاردن بۆ خولی سێهەمی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتریش سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندبوو، درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تا هەڵبژاردنی ئایندە بەبێ دیاریكردنی هیچ وادەیەك بڕوا نەبوونە بە حكومەتی خۆجێیی و لامەركەزیەت.

دەقی یاداشتەكە:

یاداشتێك.. یاسای پارێزگاكان بە پینەوپەڕۆ هەموارناكرێتەوە
لە/ پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن KIE
بۆ/ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
یاسای پارێزگاكان بە پینەوپەڕۆ هەموارناكرێتەوە
پەرلەمانی كوردستان، لەدانیشتنی ژمارە (10)ی ئاسایی خولی پێنجەمی خۆیدا، لەرێكەوتی 6-7-2019، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواركردنی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 2009 ئەنجامدا، كە ئەوانیش بریتین لە:
– درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
– رێگەدان بە هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەنیشەوە.
ئێمە وەك پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن بۆچوونی خۆمان لەبارەی ئەو هەمواركردنەوە
بەم شێوەیەی خوارەوە دەخەینەڕوو :
* ئامانج لە دەرچوونی یاسای پارێزگاكان قوڵكردنەوەی پرەنسیپی لامەركەزییە لەرێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆجێی پارێزگاكان، بەڵام ئەم هەمواركردنە مافی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی پارێزگار لە هاوڵاتیان دەسەنێتەوە و ئەوەش كوشتنی رۆحی لامەركەزیەتە.
* چەسپاندنی لامەركەزیەتی كارگێڕی پێویستی بە زیاد لە یاسایەكە و تەنها بە یاسای پارێزگاكان روومال َناكرێت، چ جای ئەوەی وەك ئێستا بە پەلەپروزكێ‌و پینەوپەڕۆ ئەو دوو بڕگەیەی یاساكە هەمواربكرێتەوە.
* لەبری ئەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژبكرێتەوە، شەرعیەتی یاسایی‌و دیموكراسی ئەوە دەخوازێت، هەڵبژاردن بۆ خولی سێهەمی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.
* هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەرگا لەسەر دەرچوونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە كە دڵخوازی مەكتەب سیاسی حزبەكانن بە بەڵگەی ئەوەی دەنگی راستەوخۆی هاوڵاتیانی بەدەستنەهێناوە.
پێشنیارەكان:
پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە كار لەسەر پرسی لامەركەزی كارگێڕی دەكات و لەو پێناوەدا چەندین هەمووارنامەو پەیپەری سیاسەتە گشتییەكان و توێژینەوەو راپرسی چەندایەتی و چلۆنایەتی ئەنجامداوە، هەربۆیە پێشنیاردەكەین:
1- لەهەموارەكەدا پارێزگار راستەوخۆ لەلایەن هاوڵاتیانی پارێزگاوە هەڵببژێردرێت.

2- یاسای پارێزگاكان بەشێوەیەكی سەراپاگیرو لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپی لامەركەزیدا هەمواربكرێتەوە.

3- هەماهەنگی هەبێت لەنێوان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەپێناو دەوڵەمەندكردنی چێوەی یاسایی لامەركەزی كارگێڕی لەهەرێمی كوردستاندا.

4- حكومەتی هەرێمی كوردستان بە راوێژ لەگەڵا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان‌و ڕاپرسی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری بكات

کوردستان

تەندروستی هەرێم ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری 24 كاژتمێری ڕابردووی ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: ٣١٧٠ پشكنینی نوێیان ئەنجامداوە كە (١٤١٣ پشكنین لە هەولێر) و (٣٤٦ پشكنین لە سلێمانی) و ( ١٣٦ پشكنین لە گەرمیان) و (١٢٧٥پشكنین لە دهۆك) بووە.

تەندروستی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ٣٤٨ تووشبووی نوێ تۆماركراون كە ٢٤٤ تووسبوو لە هەولێر و ١٩ لە سلێمانی و ٢٥ لە گەرمیان و ٦٠ تووشبووش لە دهۆك بوون.

تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە: 14 حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤیارۆسی كۆرۆنا نۆماركراوە كە ٥یان لە هەولێر و ٦ لە سلێمانی و ٢ لە گەرمیان و ١ كەسیش لە دهۆك بووە.

هەروەها ئاشكراشیكردووە كە ١١٤ تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەوەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕاگەیاندراوی (٢٤) كاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (١٦٠)

1. كەرەنتین: (٣٠ هاوڵاتی نوێ لە كەرەنتین)
٨١٦ هاوڵاتی لە كەرەنتینن لە ١٦ شوێنی جیاواز (١٣٥ سلێمانی)، (٦٨١ دهۆك).

2. پشكنین: (٣١٧٠ پشكنینی نوێ)
(١٤١٣ هەولێر)، (٣٤٦ سلێمانی، ١٣٦ گەرمیان)، (١٢٧٥ دهۆك)

3. تووشبوو: (٣٤٨ تووشبووی نوێ)
(٢٤٤ هەولێر)
(١٩ سلێمانی، ٢٥ گەرمیان)
(٦٠ دهۆك)
4. چاكبوون: (١١٤ چاكبوون)
(٨٢ هەولێر)
(٢٧ گەرمیان)
(٥ دهۆك)

5. مردن: (١٤ مردن)
(٥ هەولێر)
(٦ سلێمانی، ٢ گەرمیان)
(١ دهۆك)

ئاماری گشتی:
كەڕەنتین ٢١١٨٧ هاوڵاتی (٢٠٣٧١ دەرچوو)
پشكنین ٢١١١١٤ (٨٩٧٤٥ هەولێر، ٦٦٨٣٧ سلێمانی، ٥٢٥٣٠ دهۆك، ٢٠٠٢ هەڵەبجە)
تووشبوون ١٤٨١٦ (٤٩٨١ هەولێر، ٨٦٤٢ سلێمانی، ٧١٨ دهۆك، ٤٧٥ هەڵەبجە)
چاكبوون ٩٤١٣ (٣١٧٩ هەولێر، ٥٤٣٨ سلێمانی، ٣٧٦ دهۆك، ٤٢٠ هەڵەبجە)
مانەوە لە نەخۆشخانە ٤٨٢٩ (١٦٦٦ هەولێر، ٢٧٧٨ سلێمانی، ٣٣٨ دهۆك، ٤٧ هەڵەبجە)
مردن ٥٧٤ (١٣٦ هەولێر، ٤٢٦ سلێمانی، ٤ دهۆك ، ٨ هەڵەبجە)

بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن لەم لینكە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەكانی پزیشكی كە لە ئەركدان، جارێكی تر داوا دەكەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەكانی تەندروستی و دوركەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستكێش، وە لەكاتی پێویستدا پەیوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
٣ی ئاب ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

نوێنەرێك: هەرێم ڕەزامەند نەبووە ڕاژەی فەرمانبەرەكانی بخرێتەسەر بەغدا

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چەند زانیارییەكی نوێ لەبارەی گواستنەوەی میلاكی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات پێشتر بەغدا قایل بووە بەو هەنگاوە، بەڵام هەرێمی كوردستان ڕەزامەند نەبووە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە (میللەت)ی ڕاگەیاندووە، پێشتر حكومەتی فیدراڵ قایل بووە میلاكی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتەسەر بەغدا و مووچەیان لەرێی حكومەتی عیراقەوە بۆ دابین بكرێت بەو مەرجەی خۆیان وردبینی لەناو و لیستی فەرمانبەراندا بكەن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای كردووە، بەغدا قایلبوونەكەی بەو مەرجە بووە خۆیان لیژنەی تایبەتمەند ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكەن و وردبینی لەمیلاك و ناوی فەرمانبەراندا بكەن پێشتریش وردبینیان لە میلاكی چەند وەزارەت و فەرمانگەیەكیشدا كردووە، بەڵام پێناچێت ئێستا بەغدا قایل بێت، چونكە خۆیان كێشەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانیان هەیە.

جەمال كۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێشتر هەرێم ڕەزامەند نەبووە ڕاژەی فەرمانبەرەكانی بخرێتەسەر بەغدا و وەكو ئاسایشی نەتەوەی مامەڵەی لەگەڵ ئەو دۆسیەیە كردووە و خوێندنەوەیان بە جۆرێك بۆ كردووە كەئەگەر ڕاژەی فەرمانبەران بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغدا مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم دروستدەبێت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی وتیشی، بەغدا خۆی كێشەی هەیە و پێناچێت لەم قۆناغەدا بەو داوایە قایل بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پۆلیسی سلێمانی: تەقەكەرێك دەستگیر كرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، شەوی ڕابردوو تەقەكەرێك لەگەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی لەلایەن ھێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركرا.

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند:”دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو تۆمەتبارێك تەقەی لەماڵی دوو ھاووڵاتی كرد و دواتر ھەڵھات، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستیپێكرد و توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت”.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە:”ھاوكات دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلی تۆمەتبار و چەكێك لەجۆری كڵاشینكۆفدا كە تۆمەتبارەكە تەقەكانی پێكردبوو”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو:”لەئێستادا تۆمەتبار (ب، ن، ر) لە دایكبووی ١٩٨١دانیشتووی شاری سلێمانی بەفەرمانی بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی ٣١/٤٠٥ ڕاگیراوە و لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەكەیدا ناوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان