ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

گەشتی ئاسمانی ناوخۆیی و هەرزان ڕادەگەیەنرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەمزوانە گەشتی فڕۆكەوانی بۆ گواستنەوەی نیشتمانی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستپێدەكات و بە بەرنامە و بە نرخی هەرزانی نوێوە لەماوەكانی داهاتوو جێبەجێ‌ دەكرێت.

وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی فیدراڵ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە”وەك هاندان بۆ جوڵەی گواستنەوەی ئاسمانی ناوخۆ و لەڕێی هێڵی ئاسمانی عیراقی لە وڵاتدا، ئەمڕۆ شەممە عەبدوڵڵا لعێبی وەزیری گواستنەوە، فڕۆكەخانەی هەولێرى بەسەر كردەوە، نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێخستنی فڕۆكەی گواستنەوەی نیشتمانی لەنێوان فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی و بەسرە بەشێوەیەكی دەوری ڕاگەیاند، و فەرمانی بە كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراقی كرد، بەرنامە و نرخی نوێی هەرزان بۆ جێبەجێكردنی لەماوەكانی داهاتوودا بە زووترین كات دابنێت”.

وەزیری گواستنەوەی عیراق، دەڵێت”سیستمی نرخە نوێیەكان گۆڕانكارییان تێدایە، و بە كەمترين نرخ دەبن، ئەمەش هاندانێك دەبێت بۆ گواستنەوەی ئاسمانی ناوخۆیی لەڕێی هێڵی ئاسمانی عیراقییەوە لە وڵاتدا”.

بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی گواستنەوە، هەوڵ دەدەن خزمەتگوزاریی باشتر پێشكەش بكەن كە لەگەڵ خواستی هاووڵاتيانی عیراقیدا بگونجێت و نرخە نوێیەكانیش تایبەتمەندی زیاتر بۆ ئەوانە دەڕەخسێنێت كە لەنێوان پارێزگاكانی عیراقدا بەزۆری بە فڕۆكە سەوزەكە سەفەر دەكەن.

عێراق

ژمارەیەكی زۆری حاجیان بەڕێگەی وشكانی گەیشتنە سعودیە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەستەی حەج و عومرەی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 1880 حاجی عیراقی لەڕێی مەرزی عەرعەری سنورییەوە چوونەتە سعودیە.

حەسەن فەهد كینانی، وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “یەكەم كاروانی حاجیا بۆ مەككە و مەدینەی پیرۆز، لە پارێزگاكانی دیالە و واست و دیوانیە و موسەننا و ئەنبارەوە، لەڕێی مەرزی عەرعەرەوە بووە”.

بە وتەی كینانی، “بەشی یەكەمی حاجیان لە 20 كاروان پێكهات، كە بەسەر 80 نەفەرهەڵگردا دابەشكران، لە هەر كاروانێكدا دوو بەڵێندەر و یاریدەدرێكی بەڵێندەر و دوو ڕێبەری ئاینیان لەگەڵ بووە”.

ئەو بەرپرسەی دەستەی حەج و عومرەی عیراق دەڵێت: “مەرزی عەرعەر لە ساڵی داهاتوودا بەڕووی عومرەكاراندا دەكرێتەوە و یاریدەر دەبێت بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە عومرەكارە عیراقییەكان لەڕێی وشكانییەوە سەردانی مەككە و مەدینەی پیرۆز بكەن”، وێڕای ئەوەش ئاماژەی بە كرانەوەی مەرزەكە كرد بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عیراق و سعودیە، كە پاڵپشتییەكی تر دەبێت بۆ ئابوری نیشتمانی.

پێشتر خالید عەتیە، سەرۆكی دەستەی حەج و عومرەی عیراق ڕایگەیاندبوو، مەرزی عەرعەر لە وەرزی داهاتووی عومرەدا بەتەواوەتی كراوە دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عەبدولمەهدی ئەنجامی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بارزانی ئاشكرا كرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵدا دەخاتەڕوو.

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد”.

بەپێی بەیاننامەكە، “مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێداگری لەسەر سەردانی بەغدا كردۆتەوە، وەك یەكەم وێستگەی سەردانەكانی لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت و جەختیشی لەسەر ئامادەیی حكومەتی هەرێم كردۆتەوە بۆ كاریی هاوبەش و هەماهەنگی و پتەوكردنی پەیوەندییە ئەرێنییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ لەپێناو چارەسەكردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستور”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “عەبدولمەهدی لای خۆیەوە خۆشحاڵی دەربڕیوە بە دروستبوونی كەشی هەماهەنگی و لێكگەیشتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان، لەپێناو پتەوكردنی یەكترتەواوكردن و چارەسەكردنی كێشە و گیروگرفتەكان، كە دەبێت لە بەرژەوەندی هەموو عیراقییەكان بێت و لەژێر چەتری دەستور و یەكێتی و یەكڕیزی گەل و یەركپارچەیی خاكی عیراقدا بێت”.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدڕاڵ كۆبووەوە و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ‌ كرد و لە دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمان، كە دواین وێستگەی گەشتەكەی بوو ڕایگەیاند، كە “پەیامی هەرێمی كوردستانمان بە بەغدا گەیاندووە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

سائیرون لە(خەڵك)ەوە هەڵوێستی لەسەر سەردانەكەی بارزارنی بۆ بەغدا ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوپەیمانی سائیرون، كە لەلایەن موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە سەرپەرشتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، دەبێت ببێتە مایەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا، بە كێشەی كەركوكیشەوە.

جەمال فاخر عوەید، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “پێشوازی لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكرێت بۆ بەغدا و بە هەنگاوێكی ئەرێنی تەماشا دەكرێت و هیوادارین ببێتە مایەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا”.

بە وتەی جەمال عوەید، “كێشەكان لەگەڵ هەرێمدا زۆرن، ئاستەنگ و بەربەست دێنە ڕێی هەوڵەكانی چارەسەركردنیان، بۆیە پێویستە ئەو كێشانە لەڕێی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵەوە چارەسەر بكرێن، حكومەتی عیراقی كێشەی بودجە و ڕەوانەكردنی ڕۆژانەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی لەگەڵ هەرێمدا هەیە، حكومەتی هەرێم تائێستا نەیتوانیوە ئەو كێشە چارەسەر بكات”، بەپێویستیشی زانی ئەو كێشەیە و كێشەی كەركوك لەنێوان هەردوولادا باس بكرێت و كار بۆ چارەسەركردنیان بكرێت و هەنگاوی گونجاو بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بنرێت.

پەڕلەمانتارەكەی سائیرون لە لێدوانەكەیدا جەختی لەسەر پێویستی چارەسەركردنی ناوخۆیی كێشەكان كردەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەدوور لە گوشارە دەرەكییەكان و وتی، “دەبێت هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوانیان بەشێوەیەكی ڕیشەیی چارەسەر بكەن و لەنێو خۆدا ناكۆكییەكان یەكلابكەنەوە و ڕێگە لە دەستوەردانی لایەنە دەرەكییەكان بگرن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان