توركیا دەروازە سنوورییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ناكاتەوە


وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەو دەروازە سنوورییانەی لەژێر دەستی هەسەدەدان ناكەینەوە

وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، ئەوان دەروازەكانی توركیا لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان بە لێقەوماوانی بوومەلەرزە ناكەنەوە.

مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیبیا ڕایگەیاند، لەگەیاندنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ بوومەلەرزەلێدراوان لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا هاوكار دەبن، چەند دەروازەیەك كراوە دەبن لەوانە دەروازەی سنووری بابولهەوا، دەتوانرێت هاوكارییەكان لەو دەروازانەوە بگوازرێنەوە.

ئۆغلۆ ئاماژەی بەوەشكرد، ناتوانن دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە ژێردەستی هێزەكانی سووریای دیموكراتدان بكەنەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا ئەو هەواڵ و زانیارییانەشی ڕەتكردەوە كە باس لە دەستپێكردنی شەپۆلێكی نوێی كۆچبەری لە باكووری سووریاوە بۆ توركیا دەكەن.

دەشڵێت :ئێمە ئێستا سنووری بابولهەوامان نەكردووەتەوە، بەڵكو ساڵانێكە ئەو دەروازەیە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ گواستنەوەی هاوكارییەكان بەكاردەهێنرێت، ڕۆژانە چەندین بارهەڵگر لەو دەروازەیەوە تێدەپەڕن، ئێستا ژمارەی بارهەڵگرەكان زیادیانكردووە.

دەربارەی ڕەوشی باكووری كوردستان و توركیا ئۆغلۆ باسی لەوەكرد، 99 دەوڵەت و 16 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی پێشنیازی هاوكارییانكردووە، لە 77 دەوڵەت و نۆ هەزار و 401 كەسەوە هاوكاری لێقەوماوان دەكرێت، 747 كەسی دیكەش خواستی خۆیان بۆ هاوكاری نیشانداوە.

ئەوەشی خستەڕوو ئێستا 23878 چادر بۆ لێقەوماوان گەیشتوون، 43482 چادریش لە ڕێگەدان، دەوڵەتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بەڵێنی دابینكردنی 96561 چادری دیكەیان داوە.

لەلایەكی دیكەوە ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بارەگاكەی لەبەریتانیایە و ڕووماڵی ڕووداوەكانی سووریا دەكات بە كەناڵی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند، لە بوومەلەرزەكانی باكووری كوردستان و توركیا، 1300 سووریایی گیانیان لەدەستداوە و لە دەروازە سنوورییەكانەوە تەرمەكانیان بۆ سووریا دەگوازرێتەوە.

ئاشكراشیكرد لە توركیا توركەكان مامەڵەی ڕەگەزپەرستانەیان لەگەڵ سووریاییەكاندا كردووە، وەك پلەدوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.

لای خۆیەوە ئەنتۆنی گۆتێرێش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند حكومەتی سووریا ڕەزامەندی بۆ كردنەوەی دوو دەروازەی دیكەی سنووری لەنێوان توركیا و سووریا بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان داوە، ئەوانیش دەروازەكانی بابولهەوا و ڕاعین.
گۆتێرێش دەڵێـت: ئێمە پێشوازی لەو بڕیارەی دەوڵەتی سووریا دەكەین، بە زوویی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان دەستپێدەكەین.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، نزیكەی یەك ملیۆن كەس پێویستیان بە فریاگوزاری خێرا لە خۆراك و كەرەستەی پزیشكی هەیە، لە باكووری سووریا تەنگەژەی دابەشكردنی هاوكارییەكان سەریهەڵداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ زیاتر لەپێنج ملیۆن كەس لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئاوارە بوون و بێ ماڵ و حاڵن.

هاوکارییەکەی نەنە خورشید، دەبێتە باسی گەرمی میدیاکانی تورکیا
پێشت هاوکارییەکەی نەنە خورشید، دەبێتە باسی گەرمی میدیاکانی تورکیا
نزیكەی 100 كەس بە تۆمەتی دزی و تاڵانی دەستگیركران
دواتر نزیكەی 100 كەس بە تۆمەتی دزی و تاڵانی دەستگیركران
پەیوەندیدار