ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

كەركوك، و پارێزگار و دەسەڵاتەكانی

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەدوای (۱٦)ی ئۆكتۆبەری ساڵی (۲۰۱۷) ولەدەستدانی نیوەی خاك وخەڵكی كوردستان بەكەركوكی دڵ وقودسی كوردستانیشەوە ، ئیتر ململانێیەكی نالۆژیكی وناشەریفانە دەستی پێكرد لەسەردانانی پارێزگارێكی كورد بۆكەركوك لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان ویەكێتی نیشتمانی كوردستان ، كەهەموو ئاستەكانی گرتەوە .

بەبڕوای من گەركوردێك بكرێتەپارێزگارو وەك پشكی حیزبیش وەربگیرێت ، ئەوابەركەوتەی یەكێتی نیشتمانیە لەبەردوو هۆكار یەكەم هەموان بەپارتیشەوە ئەوەدەزانن كەیەكێتی لەوشارەدا جەماوەریترەو لەدواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەكۆی (۱۲)كورسی كەبەركەوتەی پارێزگاكەیە یەكێتی بوەخاوەنی (٦)كورسی واتا نیوەی كورسیەكانی كەركوك .

بەڵام چەند پرسیارێك لێرەدا خۆی قوتدەكاتەوەو پێویستیان بەوەڵامی جدییە، ئیترنازانم پارتی ویەكێتی شەن وكەوی پرسیاروئەگەرەكانیان كردوە، یان لەم بابەتەشدا وەك هەموو ڕوداووپێشهاتەكانی تر بێ پلان وبێ پیلانن .

پرسیار ئەوەیە ؛

ئایاكەشارەكەبەتەواوی وپێش شانزەی ئۆكتۆبەركەئیدارەكەی لەلایەن كوردەوەبەڕێوەدەبرابەپارێزگارو زۆربەی بەڕێوەبەرایەتیەكانیشەوە چی بۆكەركوك كرا ؟ و سەدی چەندی ماددەی (۱٤۰)ی دەستوری عێراق جێبەجێكراوە ؟
ئایا لەئێستادا كورد لەوشارەدا چ دەسەڵاتێكی سیاسی وسەربازی هەیە ؟ و بەهێزی ولاوازییەكەی بەبەراورد بەپێش (۱٦)ی ئۆكتۆبەر چەندەوچۆنە ؟

ئایایەكێتی وپارتی ساڵ ونیوێك زیاترە ململانێیانەو ڕێكنەكەوتوون لەسەردانانی پارێزگارێك بۆكەركوك ، ئەوەیان زانیوە كەمترلەو ماوەیەی ماوە كە هەڵبژاردن بكرێت بۆئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەكەركوكیشەوە ؟

تۆبڵێیت گەرپارێزگارێكی كورد بۆشارەكە دابنرێت بتوانێت ئەوكارەنایاساییانەی لەدوای (۱٦)ئۆكتۆبەركراون لەسنوری پارێزگاكە هەڵیانبوەشێنێتەوەوڕاستیان بكاتەوە ؟

ئایالەلایەن حكومەتی ناوەندو لایەنەپەیوەندیدارەكانیەوە تاچەند هاوكار ویاریدەدەری ئەوپارێزگارەكوردە دەبن لەكاروبارەكانیداو هەڵوەشاندنەوەی ئەوبڕیارەنایاساییانەی دەركراون وگەڕاندنەوەی ئەوبەڕێوەبەرەكوردانەی كەلەسەركارەكانیان دورخراونەتەوەولادراون ؟

پرسیارگەلی تری تایبەت زۆرن بەڵام ئێمەتەنها ئاماژەمان بەهەندێكیان داوە ، بۆیە بمانەوێت ونەمانەوێت ، پێمانخۆشبێت یان نا دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك لەم هەلومەرجەی ئێستادا گەر كوردێكی سۆپەرمان ئاساش بێت ڕایكردنی كارەكانی بەسانایی نزیكەلە ئەستەم و ڕووبەڕووی دنیایەك چەندوچون دەبێتەوەو زاڵبونیش بەسەریاندا ئاسان نیە .

بۆیەخوازیارم بەزوویی پارێزگارێكی كورد بۆشارەكەدابنرێت ،و هیوادارم بەدەمەوەهاتنی پارتیش بۆدیاریكردن ودانانی پارێزگاری شارەكە تەنهاوتەنها لەبەر خاتری زووپێكهێنانی حكومەتی هەرێم و چوونەژێرباری یەكێتی نەبێت وبەس بۆبەشداریكردنیان .

خوازیاریشم لەنوێنەرانی كورد لەبەغداد هاوكاروپشتیوانی ڕایكردنی كاروبارەكانی پارێزگاری نوێی كەركوك بن وهێندە بیرتەسكانەوحیزبیانە بیرلە ئایندەی ئەوشارەو خەڵكەستەمدیدەكەی نەكەنەوەو چیدیكە خاك وخەڵكەكەی نەكەنە قوربانی ململانێ حیزبیەكانی خۆیان ، چونكە كەركوك خوێن لەجەستەی دەچۆڕێت و خەڵكەكەشی بەتەواوی نائومێددەكەن .

لەكۆتاییدا پێویستە ئەوڕاستیەبڵێین كەلەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە تاكو نەمانی دەسەڵاتی كوردی لەوپارێزگایەدا كورد نەتوانیبوی ئیدارەیەكی سەركەوتوی شارەكەبكات ، و نەپلانیان هەبوو بۆئایندەی شارەكەو ڕێگەخۆشكردن بۆژیانێكی پێكەوەیی لەنێوان پێكهاتەجیاوازەكانی پارێزگاكە تاكو لانی كەم سۆزێكی ڕاستەقینەیان لەزیهینیاندا بەرامبەر بەكوردو ئیدارەی كوردی بچەسپایەو بونایەتە هاوكارێكی باشی نەتەوەی كورد.

ماوەتەوەبوترێت كورد بۆكەركوك وناوچەدابڕێنراوەكان پێویستی بەكوردبون ، یەكڕیزی ، تەبایی و پێكەوەژیانی ڕاستەقینەیە ، نەك حیزبایەتی ، جودایی ، ململانێی ناشەریفانەو چاڵ هەڵكەندن وپاشقولگرتن لەیەكدی .

 

وتار

سەدامی لە كەركوك

د.بەختیار شاوەیس

بەبەرچاوی هەموانەوە، بەبێ شەرم و بەبێ ترس لەبەردەم كامێراكان، ژنێك لەكەركوك هاواری كردو گوتی سەدامیم و بەعسیم.

ئەم ڕوداوە لەڕوكەشدا واسەیردەكرێت كە كاردانەوەیەكی عاتفیەو پێویست ناكات زۆر لەسەری بوترێت و باشترە اهمال بكرێت،كەئەم جۆرە لەبیركردنەوەو تێگەیشتنە لەخودی ڕووداوەكە ترسناكترە. چونكە ئەو بێشەرمیەی كەئەو ژنەكردی هەروەك زەنگێكی مەترسیدارە بۆ داهاتوی عیراقی نوێ و دەستكەوەتەكانی پڕۆسەسیاسیەكەی.

هەروەها بێحورمەتیەكی لەڕادەبەر نائینسانیشە دەرهەق بەمێژووی عیراقی بەرلەساڵی ۲۰۰۳، دەرهەق بەكەسوكاری قوربانیانی عیراقیەكان لەبەسڕەوە بۆ كوردستان، بێحورمەتیە دەرهەق بە كەسوكاری ٥۰۰۰ پەپولەی خنكاوی هەڵەبجە و ۱۸۲ هەزار گۆڕ ونی ئەنفال و هەزاران لەسێدارەدراوی خوشك و براكانمان لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور و بێڕێزیە بەرامبەر وشككرنی هۆڕاوەكان و ڕاپەرینی شەعبان و دەیان حاڵەتی تراژیدی تر. هەروەك ئەم ڕووداوە تەحەدایەكی گەورەی ئێمەیشە وەك نوێنەرانی گەل و پێمان دەڵێ ئەو دەستورەی كەئێوە كردوتانەتە بنەمای كاركردن و ئەو یاسایانەی كەنوێنەران دەریدەكەن بەڕۆژی نیوەڕۆ پێشێلدەكرێن و كەسیش بەدواداچون ناكات بۆ پەراوێزخستنیان و كار وابڕوات هێدی هێدی بەهاو سەنگینی و میسداقیەتی یاساكان لەدەستدەچن.

لەڕووی سایكۆڵۆژیەوە، ئەم ڕوداوە پێمان دەڵێت كەناخی بەشێك لەتاكی عیراقی لەفكرەی بەعسیبون و سەدامیبون پاكنەبوەتەوەو لەهەر كێشەیەكدا پەنای بۆدەبرێت و دەبێتە ئامڕازێك بۆ چارەسەركردنی كێشەسیاسی و ئیداریەكان و سەدام وەك مۆتەكە لەدوای ۱۳ ساڵ لە ئیعدامكردنی ئێستاش دەكرێتە چەكێك بۆ ترساندنی پاشماوەی قوربانیەكانی ڕابردوو.

ئەمە پەیامێكی وریاكەرەوەیە دەبێت هەموان لێیتێبگەین، بەپەرلەمانتار و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەسەرۆك وەزیر و كابینەكەیەوە، بەسەرۆك كۆمار و چەترەدەستوریەكەیەوە پێویست تێبگەین كە شەپۆلی سێیەمی پاشماوەكانی بەعس لەجموجوڵ و پیلانی تازەدان و دەیانەوێت چەقی ئەم پیلانگێڕەیە لەكەركوك جێبەجێبكەن. هەروەك چۆن شەپۆلی یەكەمی بەعسیەكان هەماهەنگی قاعیدە بوو هەتا تەقاندنەوەی مەزاری هەردوو ئیمامی شیعی هادی و عەسكەری لەشوباتی ۲۰۰٦ و شەپۆلی دوەمیشیان هەماهەنگی داعش و ئەبوبەكری بەغدادی بوە بۆهاتنە ناو خاكی عیراق، ئێستاش بەعسیەكان بەخۆپیشاندان و بەناوی كۆمەڵگەی مەدەنی خەریكی نانەوەی ئاژاوەو فیتنەن لەكەركوك دەیانەوێت دۆخەكە ببەن بەرەو شەڕو ئاژاوەو ململانێی ئەهلی.

هەربۆیە باشرترن ئەلتەرناتیڤ سەپاندنی یاسا و دەستورە لەكەركوك، جێبەجێكردنی یاسا بەسەر ئەوانەی كەداوای گەڕانەوەی بەعس دەكەن و جێبەجێكردنی ماددەی ۱٤۰ی دەستوور بەسەر ئەو پیلانە ناوخۆیی و ئەجێندا دەرەكیانەی كە دەیانەوێت لەكەركوكەوە ئاگر بەربدەنە تەواوی عیراق.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێم بەغدا دەرفەت و ئاستەنگەکان

سالار مەحمود

لەهەرسێ ئاستی سیاسی و ئابوری و یاساییدا هێشتا گرفت و ئاسۆی دەربازبوون لە ئاستەنگیەکان هەیە. گرەنتی دەربازبوون گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆی راشکاوو نیازی گەیشتن بەچارەسەر بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خەڵک و بەردەوامی موچە و دەستکردن بەچاکسازیی..
لەدوایین دوو سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ لای سەرۆککۆمارو پەیامی فرەنساو بەریتانیا بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەنێوان بەغداو هەرێم دەلاقەی نوێی لەنێوان هەردوو لادا کردۆتەوە.
دۆخەکە بە تێڕوانینی رابروو سەختە بەردەوام بوونی.
دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک و پڕ کردنەوەی پۆستەکانی کورد لەبەغدا دوای دانانی وەزیری داد و دروستکردنی ژووری هاوبەش لایەنە کوردستانیەکان لەبەغدا و بەتایبەتی هاوپەیمانی لایەنە کوردستانیەکان لەپەرلەمانی عیراق پێگەی کوردستان بەهێز دەکات. لەهەمان کاتدا گرەنتی بەردەوامی پشکی کوردستان لە بودجەی عیراقدا دەکات کە بەم جۆرەی ئێستا بەشێک لەهێزە عێراقیەکانی نیگەران کردوە.
دورخستنەوەی بەڵای ململانێی ئێران و ئەمریکا پەیوەستە بە یەکگوتاری هەرێم و بەغدا، جوڵە دیبلۆماسیەکانی سەرۆک کۆماری عیراق لەناوچەکەو جیهان و سود وەرگرتنی کوردستان لەو پێگە دەستوریە کوردستان دەباتەوە ناو مەحفەلی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانەکانی وڵاتان ئەستەم دەکات.
پەیوەندی نێوان هێزە عیراقیەکان بەناسنامەی مەزهەبی و تایفیانەوە لە ئاڵۆزیەکی قوڵدایە، ئەمەش وای کردوە نەتوانن گەلەکۆمەی مەترسیدار لەسەر مافە دەستوریەکانی هەرێم بکەن، بەڵام هەر کۆدەنگیەکی کوردستان ئەوان کۆدەکاتەوە وەک ئەوەی لەکەرکوک لەخۆپیشاندانی کۆنە بەعسی و شۆڤێنیەکاندا خۆی بینیەوە. لەبەر ئەوە گرتنەبەری دیبلۆماسیەتی نەرم میکانیزمێکی گونجاوترینە بۆ سود وەرگرتن لە دەرفەتەکان. دەستگرتن بەچارەسەری دەستوریەوە بەشێک لە لەدەستچوەکانی ناوچە دابڕاوەکان دەگەڕێنێتەوە.
دۆخی ئێستای عیراق دەرفەتی گەورەو ئاستەنگی گەورەی تێدایە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەلایەن هێزە کورستانیەکان بەتایبەتی دوو هێزە باڵا دەستەکە، دەرفەتەکان زاڵ دەکات بەسەر ئاستەنگە هەمیشە بەردەوامەکاندا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

دەربارەی پەكەكە‌و هەرێمی كوردستان

هەندرێن شێخ راغب

 

پەكەكە كارتێكی هێجگار بەهێزی دەست هەرێمی كوردستانە، كە بەخۆڕایی‌و بێ بەرامبەر دەستی كەوتووە، بەڵام لاوازی بیركردنەوەی ستراتیژی كوردی وایكردووە ئەم كارتە بەرامبەر خۆی هەڵگەڕێتەوە.

ئەگەر هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە لایەنگیری توركیا بكات، ئەوا كورت بینی سیاسیە. بەهەمان شێوەش ئەگەر لەبەر پەكەكە پەیوەندی لەگەڵ توركیا نەبەستێت هەر كورت بینی سیاسیە. ناشێ دراوسێیەكی زۆر گرنگی وەك توركیا لەبەرچاو نەگرین‌و پەیوەندیمان لەگەڵی نەبێت. بەڵام ئەم پەیوەندییە هاوسەنگ نیە.

پەكەكە بیانوو نیە بۆ توركیا كە هەرێمی كوردستان داگیربكات، بۆچی؟ چونكە عەفرین نمونەیەكی زۆر زیندووە. عەفرین لە سنوری هەرێمی كوردستان‌و توركیا نەبوو؟ لە عەفرین یەك دەمانچە چیە بەرامبەر توركیا نەتەقی بوو؟ هەموو لایەنەكانی ناو سوریا‌و رێكخراوە مرۆیی‌و مافەكانی مرۆڤ رایانگەیاند كە شاری عەفرین ئارامترین‌و پارێزراوترین ناوچەی سوریایە، بەڵام توركیا داگیری كرد. لەكاتێكدا یەك دەمانچەش لەسنوری عەفرین بەرامبەر توركیا نەتەقی بوو. توركیا دژی هەرێمی كوردستانە بۆیە هاتۆتە سیدەكان‌و خواكوڕك‌و بامەڕنی‌و ئامێدی‌و سنوری زاخۆ. پەكەكە هەبێت یان نەبێت توركیا ئەم لەشكركێشیە هەر ئەنجام دەدات. ئەی لەم رۆژانە گوێتان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەبوو گوتی من نەمهێشت توركیا هێرش بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان كە (65) شەست‌و پێنج هەزار سەربازی ئامادەكردبوو، سەرۆكی ئەمریكا گوتی ئەردۆغان( لەراستیدا توركیا) كێشەی گەورەی لەگەڵ كوردەكاندا هەیە.

هەرێمی كوردستان نەیتوانیووە بۆ تەنازوول كردن بە توركیا پەكەكە بكاتە كارتێكی بەهێز‌و روبەروی توركیای بكاتەوە، بە پێچەوانەوە توركیا پەكەكەی كردۆتە كارتی فشار‌و دژی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنێت‌و تەنازوول بەهەرێمی كوردستان دەكات. لە روانگەی ستراتیژی نەتەوەیی‌و نیشتمانی، خراپی پەیوەندی نێوان پەكەكە‌و پارتی‌و یەكێتی‌و دیموكرات لەگەڵ پەیەدەش لە رۆژئاوای كوردستان ئەوپەڕی خیانەتە، چونكە حسابات‌و گۆڕانكاری ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێكردوەو لەدۆخێكی زۆر هەستیاری چارەنوسساز داین‌و ناكرێت یەكگرتوو نەبین. دەبێت پەیوەندی نێوان پارتی‌و پەكەكە رێك بخرێتەوە. هەر گرژی‌و بەیەك دادانێك لەنێوان پەكەكە‌و پارتی خیانەتە.

هاوكات دەبێت بزانین نەمانی پەكەكە لە قەندیل، روخانی دیوارێكی ئەستوری ئاسایشی سنوری هەرێمی كوردستانە. ئەگەر پەكەكە لە قەندیل نەمێنێت، ئێران‌و توركیا ناوچەكە پڕ دەكەن  لە جڕوجانەوەری وەك داعش، بەرەی نوصرە، قاعیدە، بەرەی شام، حوسیەكان، حزب اللە، ئەم گروپانەی ئیدلەبی سوریا كە توركیا كۆمەكیان دەكات. ئەوكاتەش ئەم گروپانە بە كەوڵ‌و پێستەوە هەرێمی كوردستان دەخۆن‌و لەناو شەقام‌و سەرجادە‌و گوند‌و ناحیە‌وقەزا‌و پارێزگاكان تەقینەوە دەستت ماچ دەكات‌و ئاسایشی هەرێم دەكەنە بێژنگ.

نابێت پارتی‌و یەكیەتی ئەوەندە قیستە تەنگ بن بە چالاكیەكانی گروپەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، هەر حزب‌و رێكخراو‌و چەند كەسێك یان راگەیاندنێك لەهەرێمی كوردستان گەشەبكەن‌و لە پەكەكە نزیك بن، ئەوا دەسەڵاتدارانی هەرێم وا دەزانن پەكەكە باشور داگیردەكات‌و ئینقلابیان لێ دەكات. پێویست بەم جۆرە ترسە ناكات. شێوازی ژیان‌و سیاسەت‌و پێگەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شێوازو سیاسەت‌و خەباتی پەكەكە جیاوازی هەیە. پەكەكە خۆشی ئەوە دەزانێت.

لەلایەكی ترەوە پەكەكە لەشەنگال، كەركوك، مەخمور، ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، دژی داعش شەڕی كرد. رۆڵی هەبوو. جگە لە شەنگالیش تەواوی گەریلاكانی كشاندەوەو چووە شوێنی خۆی. ناكرێت بۆچونمان وابێت پەكەكە دەیەوێت دەست بەسەر باشوری كوردستاندا بگرێت، نەخێر، ئەوان دەیانەوێت تەنها باشوری كوردستان(هەرێمی كوردستان) دژایەتیان نەكات، واتە ئەوەی پەكەكە دەیكات بەرگرییە نەوەكو هێرش.

سیاسەتی هەڵەی پەكەكە ئەوەیە دۆست‌و نەیاری خۆی لە باشوری كوردستان لێ تێكەڵ بووە. مەبەستمە بڵێم وەك حاجی یونسی لێهاتووە چ خراپەی لەگەڵ بكەی، یان چاكەی لەگەڵ بكەی وەك یەكە. ئەمەش بۆ متمانەی خۆیان باش نیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان