ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ململانێی پارتی و پەكەكە بەرەو پێكدادانی سەربازی هەنگاودەنێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

پەكەكە لەڕێگەی دروستكردنی باڵی سەربازیی خۆی تایبەت بە باشووری كوردستان چاو لەبەرپرسانی هەرێم سوور دەكاتەوە و تەنانەت خەریكە گڵۆپی سەوزیش بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە دژی ئەو حیزب و لایەنانەی هەرێم هەڵدەكات كە هاوكاری توركیا دەكەن و دژایەتی بوونی پەكەكە دەكەن.

پارتی كرێكارانی كوردستان هاوشێوەی پارچەكانی دیكەی كوردستان باڵی سەربازی خۆی لەباشووری كوردستان بەناوی هێزەكانی پاراستنی جەوهەری باشووری كوردستان ڕاگەیاند، ئەمەش بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە(خەڵك) ئامادەكاری پەكەكەیە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی سوپای توركیا و هاوكارەكانی لەباشووری كوردستان، بەڵام بەڕای چاودێران دروستكردنی ئەم هێزە تەنها وەك كارتێكی فشارە لەسەر بەرپرسانی هەرێم ئەگەرنا لەبەرژەوەندی پەكەكە نییە، كە شەڕی چەكداری دژ بە كوردانی باشوور بكات، لە حاڵی ناچاریدا نەبێت.

لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەڕاسیۆنی چنگ لەلایەن سوپای توركیاوە بۆسەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لەسنووری خواكوڕك سەركردە باڵاكانی پەكەكە لەلێدوانەكانیاندا بەئاشكرا پارتی دیموكراتی كوردستانیان تۆمەتباركرد بە كارئاسانی و هاوكاریكردنی سوپای توركیا، بۆیە ڕەخنەی توندیان لەپارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم گرت.

لەدوای دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنی چنگ، شەڕی توركیا و پەكەكە بۆ نێو ناوچەكانی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داكشا، بەتایبەت هێرشی فڕۆكە شەڕكەرەكانی سوپای توركیا بۆ ناوچەكانی ئامێدی و شارباژێڕ و پشدەر، كە بۆیەكەمجارە ئەم ناوچانە بكەونە بەر شاڵاوی هێرشەكانی توركیا، كە شەهید و برینداری لێكەوتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە(خەڵك) لەسەرچاوەیەكی نزیك لەپەكەكەوە، سەركردایەتی پەكەكە فەرمانی دروستكردنی باڵی سەربازی باشووری كوردستانی داوە لەژێر ناونیشانی”هێزەكانی پاراستنی جەوهەری باشووری كوردستان” بۆ بەرەوڕووبونەوەی سوپای توركیا و هەموو ئەو لایەن و كەسانەی هاوكاری توركیا دەكەن.

هەربەپێی ئەو زانیارییانە، ئەو هێزەی پەكەكە هاوشێوەی باڵە سەربازییەكانی دیكەی پەكەكەیە لەپارچەكانی دیكەی كوردستان، بەڵام ئەم هێزە سنووری چالاكییان لە باشووری كوردستانە و جگە لە هاوڵاتیانی باشووری كوردستان، هاوڵاتیانی پارچەكانی دیكەش دەتوانن تێیدا بەشداربن.

سەرچاوەكە دەڵێت:”گەیشتووین بەو بڕوایەی هێزی لەشكری ڕۆژ كە سەر بە(ئەنەكەسە)یە و لەلایەن توركیا و پارتییەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێكراوە، لەلایەن توركیاوە بەكاردەهێندرێن بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، هەر بۆیە بەشێك لەو هێزانە گواستراونەتەوە بۆ بەشی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ، هەروەها لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە كارئاسانی و هاوكاری توركیا دەكرێت”.

پەكەكە پێشتر زۆر داوای لەكاربەدەستانی باشووری كوردستان كرد، خۆیان لەهاوكاری سوپای توركیا ببوێرن، بەڵام هێرشەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێم بەردەوامییان هەیە، بۆیە پەكەكە پێیوایە، “دەسەڵاتدارانی باشوور گوێیان بەداواكاری و هۆشیارییەكانی پەكەكە نەداوە”، لەئێستاشدا پەكەكە بەمافی خۆی دەزانێت لەبەرامبەر سوپای توركیا و هاوكارەكانیدا بەرگری لەخۆی بكات، بەڵام لەحاڵی دروستبوونی شەڕی پەكەكە و هاوكارەكانی سوپای توركیادا، سەرچاوەكەی (خەڵك )پێیوایە، ئەوە شەڕی كورد و كورد نییە، بەڵكو شەڕی كورد و داگیركەرانی كوردستانە و هەموو ڕێگەیەك لەو پێناوەدا دەگرنەبەر.

ڕۆژی یەك شەممە كەتیبەی برادۆستی جەوهەری باشووری كوردستان ڕاگەیەندرا و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لەهەر كەسێك دەكات كە هاوكاری توركیا دەكات، لەلایەكی دیكەوە كەجەكەش هۆشداری توند دەداتە بەرپرسانی هەرێم و دەڵێت بێدەنگی یەكێتی و پارتی و بەرپرسانی هەرێم جێگەی قبوڵكردن نییە، بۆیە شەڕی پارتی و پەكەكە بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینیكراوە، بەتایبەت لەحاڵی بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشەی ئێستادا.


لەو بارەیەوە بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئاماژەی بەئەوەدا، پارتی بەهیچ شێوەیەك هاوكاری توركیای نەكردووە، چونكە پەكەكە هیچ شەڕێكی لەگەڵ توركیا نەكردووە، تاكو توركیا پێویستی بەهاوكاری بووبێت، بەپێچەوانەوە ئەوە پەكەكەیە هاوكاری توركیا دەكات بەوەی، هۆكارێك دەداتە دەست توركیا تاكو فڕۆكەی شەڕكەر بنێرێتە سەر خاكی باشووری كوردستان و خەڵكی مەدەنی بكوژێت، ئەوە پەكەكەیە ناهێڵێت 500 گوند لەباشووری كوردستان ئاوەدانببێتەوە و كردوونی بەبارەگای جەنگ، بەڵام یەك گوندی باكووری كوردستانی لەژێر دەست نییە.

ناوبراو بۆ (خەڵك) دەشڵێت “دەبوو پەكەكە هەوڵیبدایە لەلیستی تیرۆر بێتە دەرەوە، لەكاتێكدا ئەوان بەدەموچاو بەستراوی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خۆیان دەردەخەن، خۆیان بەتیرۆریست دەناسێنن، بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیكات كارێكی خراپە و زیان بە تێكڕای دۆزی كورد دەگەیەنێت، چونكە ئەگەر پەكەكە خەباتی مەدەنی یان سەربازی دەكات بابچێتەوە باكووری كوردستان”.

ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارن شەڕ لەنێوان پەكەكە و پارتی دروست نەبێت، چونكە هەموو هەوڵێكی بارزانی بۆ ئەوەیە، كە شەڕی نێوان هێزەكانی كوردستان دروست نەبێت، و ڕێگریش لەو شەڕە دەكەن و ناهێڵن پارتی ڕابكێشرێتە ناو شەڕێكی لەوجۆرەوە و ئەم پیلانانە سەربگرێت.

هێمای بۆئەوەشكرد، گومان لەداخوازی پەكەكە هەیە، چونكە ئەگەر پەكەكە دەیەوێت باكووری كوردستان ئازاد بكات، چ پەیوەندییەكی بەناوچەكانی كاروخ و شنگال و مەخمور و قەندیلەوە هەیە.

هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگەی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر هێرشێكی سەربازی دەرەكی هەیە، كە بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، لەئێستاشدا دروستبوونی ئەم هێزە چەكدارە لەگەڵ ئەوەی كوردن، بەڵام مەترسین بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و لەدەرەوەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم و عیراق دامەزراون.

لەبارەی هەڵوێستی هێزەكانی پێشمەرگەوە پەیوەندیمان بە جەبار یاوەر وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان لەوبارەیەوە بدات، بەڵام وتەبێژی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا گروپی چەكدارییان نەبینیوە، تاكو هەڵوێستیان هەبێت، بەڵكو لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە هەندێك بابەت لەسەر ئەو گروپە بڵاوكراونەتەوە، ئەگەرنا لەڕاستیدا هیچ نییە، چونكە نە بینیویانن نە هەستیان پێكردوون و نەدەزانن لەكوێن و كێن و چۆن دروستبوون، بەڵام وەك هەڵوێستی هێزەكانی 70 پێویستی بە بڕیاری سیاسی دەبێت نەك بڕیاری سەربازی.

باسی لەئەوەشكرد، ناكرێت هێزی چەكدار لەدەرەوەی یاسا و دەستوور دروستبكرێت، لەم كاتەشدا كە هێزی چەكدار دروستبكرێت، بەپێی دەستوور مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، چونكە پێویستیان بەهێزی دیكە نەبووە تا ناوچەكانیانی هەرێم بپارێزن و داوای هاوكاریشیان لەكەس نەكردووە كە بێن ناوچەكانیان بپارێزن.

ساڵانێكی زۆرە هاووڵاتیانی دێهاتنشینی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و توركیا بوونەقوربانی شەڕی پەكەكە و حیزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێران، بەهۆی ئەوەی ئەو حیزبانە مەیدانی باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان چۆڵكردووە و ناوچە سنوورییەكانی باشوری كوردستانیان كردووە بە مەیدانی شەڕەكانیان.

بەم هۆیەوە بەردەوام ئەو ناوچانە لەژێر هێرشی زەوینی و ئاسمانی ئێران و توركیادا بوون و دەیان كەسیان شەهیدو بریندار بوون و ماڵ و موڵكیان سوتاوە و ئاوارە بوون، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ئاست ئەو حیزبانە و ئێران و توركیاشدا دەستەوەستان بووە.

ئێستاش ڕەوشەكە خەریكە لەگرێژنە دەردەچێت و دەچێتە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە، بەوەی شەڕی پەكەكە و سوپای توركیا دێتە قوڵایی ناوچە ئاوەدانییەكانی باشوری كوردستانەوە و پەلیش دەهاوێژێت بۆ شەڕێكی چەندبارەی كوردكوژی پەكەكە لەگەڵ هێزەكانی باشوردا.

لەمێژە لەنێوان هێزە سەربازییە كوردییە جیاوازەكاندا شەڕ و ململانێی سەخت هەبووە و نەوە دوای نەوە ئەم ململانێیان گواستراونەتەوە تاكو ئێستا و بەردەوامیش لە شەڕەكانیاندا پەنایان بردۆتەبەر وڵاتانی داگیركەری كوردستان هەر لە تاران و ئەنقەرە و بەغداوە، بۆیە لە ئێستاشدا سەرهەڵدانەوەی شەڕێكی لەوجۆرە پێشبینیكراوە.

ریکلام

راپۆرت

“وێنەیەك هەموو مانگێك دووبارە دەبێتەوە”
مردنی خانەنشینێك لەسەرەی وەرگرتنی مووچە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ چوار شەممە لە سلێمانی لە سەرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی مانگی 5ی ساڵی ڕابردوو لەو بەر گەرمای هاوینە پیاوێكی بەتەمەن گیانی لەدەستدا و ئەوەش كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە، چونكە ئەمە چەندین جارە ئەو حاڵەتە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.

محەمەد گۆمەشینی، چالاكوان و نووسەر لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “كە دەڵێین پلانتان نیە و شكۆی مرۆڤتان شكاندوە و خەڵكتان كوشت لە خەفەتان، هەزار زۆڕنا ژەن و كۆیلەی بێ دەماغ دەیباتەوە سەر قەزیەی كوردایەتی و وەتەنیات فرۆشتن و ….هتد. ئاخر گەمژە با باوكت وەك ئەو پیاوە لە سرەی مووچە وەرگرتن دوای چوار سەعات وەستان لەگەرما دڵی وەستابێ و بمرێ بزانم چی دەڵێی . ئاخر وەك بیستم لە هەواڵەكە وتی لەو بانكە نزیكەی ١٢ هەزار كەس مووچە وەردەگرن”.

ئەو چالاكوانە، كە وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمیشە دەپرسێت: “كوا سیستەمی بانكی؟ كوا ڕێزی خانەنشین؟ كوا شوێنی وەستانی خەڵك بۆ وەستان؟ كوا ژن و مندال و باوكی خۆتان لەكام بانك بەو شێوە دەوەستن بۆ مووچە؟”

لای خۆشیەوە، د. ڕەوەند كامەران، پزیشكی نەخۆشییەكانی قوڕگ و لووت و گوێ لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووشیویەتی، “هەر فەرمانبەرێك بە درێژایی ماوەی خزمەتی وەزیفی مانگانە بڕێك لە مووچەكەی بۆ خانەنشینی لێ‌ دەبڕدرێت، بەلام كاتێك خانەنشین دەبێت بەو جۆرە كارەساتبارە مووچە وەردەگرێت، لەكاتێكدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان فەرمانبەر دوای خانەنشین بوونی باشترین شایستە و بیمەی بۆ دابین دەكرێت بۆ ئەوەی لەپای ئەو خزمەتی كردوویەتی تەمەنی پیری بە شكۆمەندانە بژی”.

ڕاشیگەیاندووە، ئێمە ڕۆژانە هاواردەكەین لەسەر خۆپارێزی كۆرۆنا، كەچی مام حاجییەك لەبەر گەرما دەمرێ و دەشڵێت: “پێرەكانی ئێمە، هیچیان كەمترنییە لە پیرەكانی خەلیج، كە مووچەیان بە چەك بۆ دەچێتەوە ماڵەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “وەزیرەكان، ئەمانە باوك و باپیرانمانن، ئەوان سەردەمانێكیان تێپەڕاند، كە ئێوەن ئێستا لێی دەخۆن، بەڵام بەو هەموو شەهادە زەبەلاحەی كە هەتانە، نەتانتوانی میكانیزمێك بۆ پێدانی مووچەكەیان بدۆزنەوە، تاوەكوو ئەوانیش تۆزێك بحەسێنەوە”.

هاوكات، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت: “لە بەشێکی زۆری وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەو کەسانەی دەچنە تەمەنەوە، جا پێشتر فەرمانبەر بوبن یان نا، حکومەت مووچە و هاوکاریی مانگانەیان بۆ دەبڕێتەوە تا ئەو تەمەنەی ماویانە بەسەربەرزی و ئیسراحەتەوە بژین و پێویستیان بە کەس نەبێ “.

دەشڵێت: “ئەم سوکایەتییەی بە ئینسانی کورد دەکرێت لەسەر دەستی دەسەڵاتدار و حکومەتی هەرێم لە دنیادا نمونەی نیە !”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، کام دەسەڵاتدار قبوڵی ئەوە دەکات دایک یان باوکە بەتەمەنەکەی بەم گەرمای هاوینە بۆ وەرگرتنی کەمە مووچەیەکی ساڵی ڕابردوو بوەستێ و بەوهۆیەشەوە گیان لەدەستبدات ؟!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كۆرۆنا گەیشتۆتە ناو زیندانیان
بەشێكی زیندانیان لە هەولێر و سلێمانی ماندەگرن

خەڵك-بەشی هەواڵ
بڕیاردەری لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لەمافی ژنان هۆكاری مانگرتنی سزادراوان لە هەولێر و سلێمانی ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، داوای مافی خۆیان دەكەن.

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لەمافی ژنان لەبارەی مانگرتنی سزادراوان و ڕاگیروان لەچاكسازیەكان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەپێی زانیاریەكان مانگرتنی سزادراوان لەسلێمانی بەزۆر پێیان شكاندون، بەڵام ئەوەی هەولێر زیاتر لەهەزار كەس دەبێت ماوەی سێ ڕۆژە مانیان گرتووە، كۆمەڵێك داواكاریان هەیە.

دەشڵێت: “سزادراوان و ڕاگیراوان داوا دەكەن چارەنووسی ئەو لێبوردنە تایبەتە دیاری بكرێت، كە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنا بڕیاری لەسەردرا و چەند لیژنەیەكیش پێكهات و كۆمەڵێك ڕاپۆرت ئامادەكرا و هەنگاونرا، بەڵام هیچ دەنگی نەما و جێبەجێ نەكراوە، كۆرۆناش تەنگی بەسزادراوان هەڵچنیوە و لەهەولێر و سلێمانی ژمارەیەكی تووشبووی زۆر هەیە”.

ئاماژەی بۆئەوەشكرد، سزادراوان داوا دەكەن دادگاكان دەست بەدەوام بكەنەوە و كارەكانیان ڕایی بكەن، چونكە زۆرێكیان ماوەی سزاكەیان تەواو كردوە و ڕاگیراوان و سزادراوان دەڵێن كارەكانیان ناچێتە پێشەوە و بەشێكیشیان داوای ئازادكردنی مەرجدار دەكەن، هەروەها بەشێكیان داوای مۆڵەت دەكەن، ئێمەش لەمانگی حوزەیرانەوە چەندین ڕاپۆرتمان بەرزكردۆتەوە بۆ پەڕلەمان و داوای كۆبوونەوەی پەڕلەمانمانكردوە تایبەت بەسزادراوان، كەدەبوایە ڕۆژی یەك شەممە ئەو كۆبوونەوەیە بكرایە، بەڵام نازانین بۆچی نەكرا، هەر سەبارەت بەم بابەتەش كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی پەڕلەمان و چەند ڕاوێژكارێكی یاسایی كردوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر كۆبوونەوەی پەڕلەمان كرا بەئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و داد و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بزانین لەگفتووگۆكان دەگەین بە چ شتێك، قسە لەسەر ئەوەشكراوە هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی ساڵی ۲۰۱۷ بكرێت ڕەنگە كارەكە بەرەو پێشەوە بچێت.

هاوكات تۆڕی میدیایی (خەڵك) بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی كرد بە ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد، وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە.

لای خۆشیەوە پارێزەر ئومێد پاڵانی، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندوە، دوو بەندكراوی چاكسازی گەورانی هەولێر پەیوەندیان پێوەكردوم، وتیان لە دوو ڕۆژ بەر لەئێستا لە ۹۷٪ بەندكراوان مانمان گرتووە لە خواردن و خواردنەوە، هیچ خواردنێك وەرناگرین.

ئەوەشدەخاتەڕوو، سزادراوان دەڵێن جیاوازی دەكرێت لە جێبەجێكردنی یاسای لێبوردنی گشتی لەنێو بەندكراوان لە شارێك بۆ شارێكی تر، ئەو مانگرتنەش بۆ ئەوەیە هەمووان داوای داوای لێبوردنی گشتی دەكەن، تاوەكو بۆ جەژنی قوربان ئازاد بكرێین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە هەرێم دروست دەكرێنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوای 20 ساڵ لە گۆڕانكاری نەكردن لە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان سەرلەنوێ پێك دەهێنێتەوە و جەختیشدەكاتەوە، كە بۆ یەكەمجار ڕێكخراوەكان ڕاستەوخۆ بەشداردەبن لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەكاندا دەدرێن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ باشتر ڕاییكردنی كاروباری شارەوانییەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگە و قەزا و ناحیەكان بەشێوەیەكی تر و سەرلەنوێ پێك دەهێنێتەوە، ئەویش بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لە كۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەندكرا، هەروەها لە ژمارەی 246 لە 27/1/2020 لە ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان و بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.

ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لە خولی نوێدا ئەو ئەنجوومەنانە بەڕێوە ببرێن، ئەمەش ببووە هۆی گلەیی هاووڵاتییان لە سستی كارەكانیان و ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای كاركردنیان دروستكردبوو، لە قۆناغی ئێستادا، واتە دووبارە پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بەرزترین ئاستی دەسەڵاتییان لە بەڕێوەبردنی شارەكاندا دەبێت و كاریگەری لەسەر باشی كاركردنیان و لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا دەبێت، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر رۆشنایی پرۆسەی چاكسازی حكوومەت، ئەو ئەنجوومەنانە بە دەسەڵاتی تەواوەوە پێك دەهێنێتەوە.

لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 184 شارەوانی هەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجوومەنەكانیان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە و بەگوێرەی ماددەی دووەمیش لە پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ئەنجومەنی پارێزگەكان ڕادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدەكان كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاری دەكرێن، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بەڕێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

یەكەم جارە لە مێژووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێكخراوەكان ڕاستەوخۆ بەشدارن لە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەكاندا دەدرێن.

دیاریكردنی نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان وەرچەرخانێكی گرنگە لە بەشداریپێكردنی ڕاستەوخۆی ڕێكخراوەكان لە بڕیاردان، ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكخراوەكان ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە بڕیاردان لە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەكاندا دەدرێن. هەروەها بوونی ژمارەیەكی زۆریش لە بەڕێوەبەری گشتی یا بەڕێوەبەری وەزارەتەكانی تر لەو ئەنجوومەنە وا دەكات كاروباری هاووڵاتییان لە شارەوانی كە پەیوەندیان بە وەزارەتەكانی ترەوە هەیە، خێراتر بەڕێوە بچێت، چونكە زۆربەی دامودەزگەكان بەشێكن لە بڕیارەكانی ئەو ئەنجوومەنە، بۆیە وێڕای نوێبوونەوە، ئەو گۆڕانكارییە هاوكار دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و بنبڕكردنی گەندەڵی.

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن كراون:

یەكەم:
بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٣)ی هەمواركراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر(پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێریش 17 ئەندام دەبن، ڕێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە 4 ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

دووەم:
سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە 13 كەس دەبن، بە هەمان شێوە رێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكانە دەكاتە 3 ئەندام و ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

سێیەم:
شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانیش 8 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 3 ئەندام لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

چوارەم:
شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 9 ئەندام ، 7 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

پێنجەم:
شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 7 ئەندامن، لەو حەوت كەسە، 5 ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.

شەشەم:
شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 5 ئەندامن، 3 ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان