ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

پێنج كەس بریندارن
داعش پەلاماری گوندێكی نێوان دیالە و سەڵاحەدین دەدات


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەرپرسێكی خۆجێی لە دیالە، ئاماژە بە برینداربوونی پێنج كەس دەكات كە دوانیان ژنن، ئەمەش بەهۆی هێرشێكی رێكخراوی داعش بۆسەر گوندێك كە دەكەوێتە نێوان دیالە و سەڵاحەدین.

لەبارەی وردەكاریی رووداوەكە، عودەی خەدران قایمقامی قەزای خاڵس لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە”ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر دەوروبەری گوندی موبارەك فەرحان لە سنورەكانی نێوان دیالە و سەڵاحەدین، بەو هۆیەوە پێكداهەڵپژان لەنێوان ئەو چەكدارانە و خەڵكی ناوچەكە دروست بوو، لە ئاكامدا پێنج مەدەنی برینداربوون كە دوانیان ژنن”.

بە وتەی خەدران”لەدوای هەڵاتنی چەكدارانی داعش بەهۆی مقاوەمەی خەڵكەكەوە، لەئێستادا دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە”.

گوندی موبارەكە فەرحان، لەم چەند مانگەی رابردوودا رووبەڕووی ژمارەیەك هێرش و پەرماری داعش بۆتەوە و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك مەدەنی بریندار بوون.

عێراق

زۆترین حاڵەت لە بەغدا تۆماركراوە
عیراق، 781 كەس تووشی كۆرۆنا بوون


 

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عیراق 781 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەعیراقدا ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بە چاكبوونەوەی 587 كەسیش دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 781 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ لە تێكڕای پارێزگەكانی عیراقدا تۆماركران و 587 كەسیش چاكبوونەوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشت”.

بەپێی ئامارەكان”بەغدا زۆرترین ژمارەی تووشبوانی تۆماركردووە و زۆربەی حاڵەتەكانیش لە بەری ڕەسافە بوون كە تەنیا لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 262 حاڵەتی تۆماركردووە”.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقدا هاتووە،” تۆماركردنی حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا بەسەر زۆرێك لە پارێزگەكاندا دابەشبوون كە بەمشێوەیەن: بەغدا، ڕەسافە: 262 حاڵەت، مەدینە توب: 66 حاڵەت، بەغدا كەرخ، 109 حاڵەت،، بەسرە: 41 حاڵەت، نەجەف: 19 حاڵەت، سلێمانی: 46 حاڵەت، هەواێر: 6 حاڵەت، دهۆك: 52 حاڵەت، كەركوك: 35 حاڵەت، كەربەلا: 11 حاڵەت، دیالە: 8 حاڵەت، بابل: 33 حاڵەت، میسان: 35 حاڵەت، دیوانیە: 7 حاڵەت، زیقار: 28 حاڵەت، موسەننا: 18 حاڵەت، ئەنبار: 5 حاڵەت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی 21 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش دەكات لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو.

وەزرەتی تەندروستی عیراق دەڵێت”كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا گەیشتۆتە 8168 كەس و لەو ژمارەیەش 256 كەس گیانیانلەدەستداوە و 4095 كەس نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، ئەوانەش كە تائێستا لە نەخۆشخانەن و چارەسەرییان بۆ دەكرێت 3817 كەسن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

وادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان دیاریكرا
عیراق، دەنگ لەسەر پاشماوەی كابینەكەی كازمی دەدرێت


خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، پێكهاتە حكومییەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، لە دانیشتنی شەممەی داهاتوودا تەواو دەكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان سەرلەئیًوارەی ئەمڕۆ بۆ شەممەی داهاتوو هەڵگیرا.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند”تەواوكردنی پێكهاتە حكومییەكەی سەرۆك وەزیران، لە دانیشتنی شەممەی داهاتووی پەرلەماندا دەبێت”.

پەرلەمانی عيراق دانیشتنی ئاسایی خۆی بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەڵگرت.

هەر ئەمڕۆ شاكر حامد ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، ناوی كاندیدەكانی بۆ وەزارەتە بەتاڵەكان یەكلایی كردۆتەوە و لەو بارەیەشەوە پەرلەمانی ئاگاداركردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

پێیوایە لە حاڵەتی جەنگدان
وەزیری تەندروستی عیراق باس لە خەرجكردنی پارە دەكات بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا


خەڵك- بەشی هەواڵ
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە هیچ پڕە پارەیەك بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا خەرجبكرێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەوان لەئێستادا لە حاڵەتی جەنگدان و داواش لە هەموان دەكات پاڵپشتی وەزارەتەكەبن.

ئەمڕۆ چوار شەممە تەمیمی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە میانی ئامادەبوونی لەگەڵ نەقیبی سەندیكای پزیشكان لە عیراق و لە كاتی كردنەوەی سێ‌ ناوەندی پزیشكی لە نەجەف ڕایگەیاند”هەموو حاڵەتەكانی توشبوون چاوەڕوانكراون، لەئێستاشدا ڕەوشەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و تەنیا 43 حاڵەت لە بارێكی مەترسیداردان”.

وەزیری تەندروستی عیراق، پێشبینی كرد بودجەیەكی باش بۆ تەندروستی تەرخان بكرێت و وتی”ئێمە لە حاڵەتی جەنگداین، ڕەتیشیدەكەینەوە هیچ بڕە پارەیەك بدرێت بە نەخۆشانی كۆرۆنا، ئەمە تەنیا لەكەداركردنە، بۆیە داوا لە هەموان دەكەین پاڵپشتمانبن”.

تەمیمی دەڵێت”ئەوانەی دەیانەوێت سیستمی تەندروستی لە وڵاتدا دابڕوخێت، ئەو پڕوپاگەندانە بڵاودەكەنەوە”، فەرمانیشی كرد پاداشت بۆ هەموو كارمەندانی تەندروستی خەرج بكرێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان