ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

هۆكاریی ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەكان ئاشكرا دەكات
سەرۆكی ئەسقەفیەی بەسرە بۆ (خەڵك) باس لە ڕەوشی پارێزگاكە دەكات

 

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆكی ئەسقەفیەی كلدانی لە بەسرەو باشووری عیراق، هۆكاریی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لە پارێزگەی بەسرە ئاشكرا دەكات، ئاماژە بە بوونی هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانیش دەكات لە بەسرە كە بەبێ‌ ئیش و كار لە ماڵەكانیان دانیشتوون، وێڕای خراپی خزمەتگوزارییەكان لە شارەكەدا.

مەتران حەبیب هورمز، سەرۆكی ئەسقەفیەی كلدانی لە بەسرەو باشووری عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە بەسرە زۆر خراپە، بە هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكان هەن كە بە بێ‌ ئیش و كار دانیشتوون، ئەوانە هیچ بوارێكی ژیانیان بۆ نەماوە، بۆیە ناچارن بچنە سەر شەقامەكان و داوای مافی خۆیان بكەن”.

سەبارەت بەوەی خۆپیشاندانەكانی پارێزگەی بەسرە دەستییان لە پشتەوە بێت، مەتران حەبیب هورمز دەڵێت:”هیچ دەستێك لە پشت خۆپیشاندانەكان نییە، خەڵكی بێبەشە لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی و تەتانەت ئاوی شیرینی دەستناكەوێت بۆ خواردنەوە، ئەگەر حكومەت خزمەتگوزاریی و دامەزراندن بۆ خەڵك دابین بكات، كەس خۆپیشاندان ناكات و لە دژی حكومەت ڕاناوەستێت”.

بە وتەی سەرۆكی ئەسقەفیەی بەسرە و باشوور”پارێزگەی بەسرە شادەماریی ئابوری عیراقە، بە نەوت و بەندەرەكان و مەرزە سنورییەكانی هەموو عیراق بەخێودەكات، بەڵام دانیشتوانی لە ساناترین خزمەتگوزاریی بێبەشن كە ئاوی خواردنەوە و كارەبایە”.

ماوەیەكە خۆپیشاندان لە پارێزگەی بەسرە دەستیپێكردووە و خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزاریی و بنبڕكردنی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران دەكەن، لە خۆپیشاندانی دوێنێ‌ هەینی پارێزگەكەشدا، خۆپیشاندەران هەوڵیاندا هێرش بكەنە سەر ماڵی ئەسعەد عێدانی پارێزگار، بەڵام هێزە ئەمنییەكان تەقەیان بە ئاسماندا كرد بۆ بڵاوەپێكردنیان.

عێراق

پەرلەمانی عیراق کۆدەبێتەوە

 

 

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عیراق کۆببێتەوە.

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢ پەرلەمانی عیراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەک بکرێن.

 

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عیراقدا بڕیارە گفتوگۆ لەبارەى ژمارەیەک پڕۆژەیاسایەک بکرێت، لەوانە: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکانی هەموارکردنی یاسای دادگای تاوانەکانی عێراق، پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێری ئەتۆمی، تیشکی، کیمیایی و بایەلۆجی، پڕۆژەیاسای پەیوەندیکردنی عیراق بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی هێڵی بار، پڕۆژە یاسای پەیوەندیکردنی عیراق بە پرۆتۆکۆڵی ئامادەکاریی و بەرپەرچدانەوە و هاوکار لەبارەی پیسبوون بە ماددەی ترسناک و زیانمەندی گشتی و چەند پڕۆژە یاسایەکی دیکە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ئێران: پێویستە عیراق گیانی دیپلۆماتكارەكانمان بپارێزێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت: هێرش و پێشێلكارییەكان دژ بەهاووڵاتیانی ئێران لە عیراق بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی كرد كە لە بەغدای پایتەختی عیراق دەكرێنە سەر دیپلۆماتكار و كەسانی بیانی بەتایبەت ئێرانییەكان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، هێرش و پێشێلكارییەكان دژ بەهاووڵاتیانی ئێران لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

سەعید خەتیب زادە داواشیكرد، حكومەتی عیراق ئاسایشی هاووڵاتیانیان بپارێزێت و ڕاشیگەیاند، ئەركی هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەیە گیانی دیپلۆماتكار و كەسانی بیانی بپارێزن و ڕێكاری توند بۆ ئەو مەبەستە بگرنەبەر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

سەڵاحەدین.. بۆمبێك بەكاروانێكی لۆجیستی هاوپەیمانان تەقییەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین بۆمبێك بە كاروانێكی هاوپەیمانان تەقییەوە و سەربازێكی عیراقی برینداربوو.

شانەی ئەمنی عیراق بڵاویكردەوە، لە شارۆچكەیەكی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بۆمبێكی چێنراو بەكاروانێكی لۆجیستی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش تەقیوەتەوە.

شانەی ئەمنی عیراقی ئەوەشی خستووەتەڕوو: بۆمبێك بەكاروانێكی لۆجیستی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لە شارۆچكەی ئیسحاقی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین تەقیوەتەوە و بەوهۆیەوە سەربازێكی هێزەكانی سوپای عیراق برینداربووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان