ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

كۆمپانیایەكی خۆماڵی بەنداوی خێوەتە دروست دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

كۆمپانیایەكی خۆماڵی داوای لە حكومەت كردووە ڕێگەی بدات لەسەر ئەركی خۆی بەنداوی خێوەتە لەسنوری پارێزگای سلێمانی دروست بكات.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەفەرمانی ژمارە (3539) لە 19/6/2019 بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك لە هەریەك نوێنەرانی (سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی هەرێم و وەزارەتی كارەبا)، بۆ دیراسەكردنی داواكارییەكی كۆمپانیای قەیوان بەمەبەستی دروستكردنی بەنداوی خێوەتە لە ناوچەی شارباژێڕ.

بەپێی بۆچوونی شارەزایانی بواری ئابووری، ئەگەر ئەم داواكارییەی كۆمپانیای قەیوان بۆ پڕۆژەكە پەسەندبكرێت كە بەپێی سیستمی (BOT , PTT) جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەوا هەنگاوێكی كرانەوەی باش دەبێت بەڕووی كەرتی تایبەت لە بەشداریكردنی لە جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراژییەكاندا، چونكە تائێستا هەنگاوی لەوشێوەیە نەنراوە.

بەپێی زانیارییەكانی (تۆڕی میدیایی خەڵك)، داواكارییەكانی ئەو وەبەرهێنەر و كۆمپانیا خۆماڵییە لە حكومەتی هەرێم داواكاری زۆر سەرەتایی و ئاسانن و حكومەت لەتوانیایدایە جێبەجێی بكات، لەهەمانكاتیشدا ئەو بودجەیەی كە حكومەت بۆ دروستكردنی ئەو بەنداوە تەرخانی كردووە دەتوانێت لە پڕۆژەی تردا بكاریبهێنێت، چونكە وەبەرهێنەرەكە ئامادەیی دەربڕیوە ئەم بەنداوە بەهەمان ئەو كوالیتییە و بگرە باشتریش دروست بكات كە حكومەت خۆی دەرخستە و دیزاینی بۆ كردووە.

دروستكردنی بەنداوی خێوەتە لە شارباژێر دەبێتە چوارەم بەنداوی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستاندا كە سودی زۆری دەبێت لە بواری كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی كارەبا و سودی بەرچاویشی دەبێت لە كەرتی گەشتوگوزاردا، بەتایبەتی پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا.

جێی ئاماژەیە، ئەم هەنگاوەی كۆمپانیای قەیوان بە یەكەم دەستپێشخەری هەژمار دەكرێت لە هەرێمی كوردستاندا بەوەی كەرتی تایبەت پڕۆژەیەكی لەوشێوەیە جێبەجێ‌ بكات.

ئابوری

پەرلەمانتارێكی پارتی: گفتووگۆكانی ڕێككەوتن بۆ مووچە و بودجەی هەرێم بەردەوامن

خەڵك- بەشی هەواڵ

گفتووگۆكانی چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە نێوان بەغدا و هەرێمی بەردەوامیان هەیە و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت”ئەگەری ڕێككەوتن زۆرە و شاندەكانی هەرێم و بەغدا بەردەوام گفتووگۆ دەكەن”.

هەدار بارزانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵی داهاتوو پێشبینی ئەوەی لێدەكرا لە ڕووی داراییەوە قورس بێت، بەڵام بەو جۆرە نییە و بەپێی دەرئەنجامی گفتووگۆكانی هەرێم و بەغدا بێت، ڕێككەوتن دەكرێت.

وتیشی”ئەوەیشی دەربارەی خۆپیشاندانەكان و كاریگەریان لەسەر هەرێم دەوتران ڕاست دەرنەچوون، چونكە ئەوكاتە خۆپیشاندەران دەیانوت ئێمە پێمانباشە بەغداش وەكو هەرێمی كوردستانی لێبكرێت”.

بەپێی زانیارییەكان تائێستا هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و بودجە و گفتووگۆكان بەردەوامن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمڕۆ مووچەی یەك شوێن دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەپێی خشتەیەكی نافەڕمی كە لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ‌ مووچەی مانگی تەموزی ئەنجومەنی دادوەری دابەش دەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز لەكاتی خۆیدا دابەشنەكرا و چەند ڕۆژێك دواكەوت و تائێستاش تەنها پێشمەرگە، پەروەردە و تەندروستی و دارایی و ئابوری و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی مووچەیان وەرگرتووە.

هەفتەی داهاتوو مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستە و هەریەك لە خانەنشینی سەربازی و مەدەنی دابەش دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمریكا داوای ڕێككەوتنی نوێ‌ لە ئێران دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی پێویستی بە ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی نوێیە لەگەڵ ئێران.

(سكای نیوز) لە زاری برایان هۆك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران بڵاویكردەوە، “كار بۆ ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە دەكەین لەگەڵ تاران، كە هەردوو بەرنامە ئەتۆمی و موشەكی و پرسی پشتیوانی لە تیرۆر لەخۆبگرێت”.

بە وتەی هۆك، “دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعودیە، ئابوری جیهانی كردە ئامانج، بۆیە پێویستە پێشێلكارییەكانی ئێران لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا ئیدانە بكرێت”.

نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران ڕایگەیاندووە، “پێویستە ئێران دەستبەرداری سیاسەتی گێچەڵكردن ببێت و هەڵسوكەوتی خۆی لەناوچەكەدا بگۆڕێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان