ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

هونەری حەسەن زیرەك لە لوتكەدا دەمێنێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

حەسەن زیرەك گۆرانیبێژی ناوداری كورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سرووشتی لە29ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە مەڵبەندی موكریان لە گوندی هەرمێلەی نێوان شارەكانی بۆكان و سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە 26ی حوزەیرانی١٩٧٢ لە بۆكان كۆچی دوایی كردووە، هەر لەوێ لە شاخی ناڵەشكێنە بەخاك سپێردراوە.

ئەو یەكێكە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی كورد، بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینەیەك لە ھونەری ئاواز و گۆرانی كوردییە، كە بە دەنگی ئەو خوێندراون.

زیرەك باوكی ناوی عەبدوڵڵایە و دایكی ئامینی ناو بووە، باوكی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە كاریكردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەك ناوی دەركردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو كوڕی دیكەی بە ناوەكانی حسێن و مینە ھەبوون. لە تەمەنی خوار دە ساڵاندا لەگەڵ چەند كەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆكان لە شاییەكانی ناو شار و گوندەكانی بۆكان گۆرانی خوێندووە.

لە حەوت و ھەشت ساڵاندا بەردەستی مسگەری و قاوەچێتی دەكات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەكانی بۆكانیشی كردووە.

زیرەك منداڵ دەبێت، كە باوكی دەمرێت (تەمەنی یازدە ساڵان دەبێت، كە بابی كۆچی دوایی دەكات)، بە دوای مردنی باوكیدا بنەماڵەكەیان لە دێ بار دەكات و دەچنە شاری سەقز، پاشان دایكی زیرەك شوو دەكاتەوە، ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لە ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ زیرەك و خوشك و براكانی.

لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە بە كاركەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەستدەكات بە قاوەچێتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات.

ساڵانی ھەرمێلە و سەقز
ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەكەی سەرنجی خەڵكی ئەو دێیە بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێت زیرەك لە دەنگە خۆشەكەی بێ بەشیان نەكات، كە خانان دەبینێ زیرەك دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەك بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەكانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە.

لەو لاشەوە زیرەك مێرد منداڵ و دەنگ خۆش، شەوە داوەت و ڕەشبەڵەكی كوڕان و كچانی دێ، بەزمی شەوانەیان خۆش دەكات.

دوای ساڵێك ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەكاتە شار، بە شاگردی كەبابچی و وردە كاری دیكە ژیان دەباتە سەرێ.

جارێكی دیكە دێتەوە بۆ ھەرمێلە و وەك تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان نێوانی لە گەڵ ئاغا تێكدەچێ و واز لە تفەنگچێتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵك لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شاگرد شۆفێری “مینە خانی ئەردەڵان” و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە كار دەكات.

ئاوارەیی و بەغدا
ڕۆژێك لە ڕۆژان كوڕە جەحێڵەیەكی گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج، دەكەوێتە بەر ماشێنەكەی و گیان لەدەستدەدات، لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت تا لە كوردستانی عیراق دەگیرسێتەوە، دواتر زیرەك دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند كەسێك لە میوانخانەی “شومال ئەلكەبیر” دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەكات بە گۆرانی خوێندن.

چەند كەس لە ناودارانی مۆسیقای كوردی وەك عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەك لەوێ دەبینن و هاوكار دەبن لە چوونی بۆ بەشی كوردی “ڕادیۆ بەغدا” بۆ یەكەم جار دەنگی لە ڕادیۆی كوردی بەغدا دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێكی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەك پەیدا دەبێ.

زیرەك و مام جەلال
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق لە بارەی زیرەكەوە، باسی لە ناسینی زیرەك كردووە لە بەغدا، باسیشی لەوە كردووە، كە لە ڕێگەی دۆستێكی خۆیەوە، زیرەكی بردووەتە ڕادیۆی كوردی بەغدا.

مام جەلال ئاماژە بەوە دەكات، بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (1954-1955) لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی، كە تازە لە ئەمریكا هاتبووەوە، پێكەوە لە ژورێك دەژیاین لە هۆتێل (الشمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە، لەو هۆتێلەشدا حەسەن زیرەك وەكو كرێكار كاری دەكرد، منیش ئەوسا لاوێكی چەپی خۆ بەماركسیست زانی عەوداڵی هۆشیاركردنەوە و ڕێكخستنی ڕەنجدەران و كرێكاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد، كە زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی ڕەوییەوە، كە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لەگەڵیدا چوومە ناو باسەكەوە.

جەلال تاڵەبانی لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت :”لە ڕێی كوردایەتییەوە رامكێشا بەلای خۆماندا، تا وایلێهات ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی، چ هی خۆمان و چ هی حزبەكانی تر، لای ئەوم دام دەناو ئەویش لە ژوورەكەی سەرەوەی هۆتێلەكەو لە سەربانەكە، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا، بۆی دەشاردمەوە”.

دەشڵێت :”ئەویش ناوبەناو، كە ئیشی كەم دەبوو، دەهاتە ژوورەكەم، تا ڕۆژێكیان بەسەردا چووم، كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێر گوڵان)ی دەگوت، منیش تاوێك هەستم لێی ڕاگرت و زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئیتر پیرۆزباییم لێ كردو تەشویقم كرد، شەویش هاتە ژوورەكەمان داوام لێكرد، گۆرانییەكەم بۆ بڵێتەوە، بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئەویش هەندێك گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین، كە لەناویاندا (دەسماڵ هەریر سوورە)شم زۆر بەلاوە خۆشبوو”.

هەروەها مام جەلال دەڵێت :” لەگەڵ حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆشدا تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ، كە كارەكانی لەسەر سوك دەبوون، دەهاتە لام لە ژوورەكەمان گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە و شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا، بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە ڕادیۆ كەوتەسەر، بۆیە هەستام چوومە لای كاك (عارف تاڵەبانی) خزممان، كە ئەوسا (مفتش اداری) بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی كوردی بەغدا بوو، لەلای كاك عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانییەكانیم بۆ كرد، ئەویش بەلایەوە باشبوو، كە بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا، هەر بۆیەش لەبەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی كوردی كردو ئەویش ڕازی بوو، داوایكرد من حەسەن زیرەك بەرمە لای و ئەوانیش تاقیبكەنەوە، ئەوە بوو منیش چوومە هۆتێلەكەم و موژدەكەم دا بە حەسەن زیرەك، ئەویش لە خۆشیاندا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ رۆژی دووەم كە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی كوردی زۆر لەسەرخۆ لە تاقیكردنەوە بەشداری كردو سەركەوتوو بوو، لەو رۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانیبێژ، بەو مەرجەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەرجارەی 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەویش ئەوی رۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە هۆتێلەكە جگە لە خواردن و نوستن تەنها 3 دیناری وەردەگرت”.

حەسەن زیرەك لە ماوەی مانەوەی لە بەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەكات، ئەم گۆرانییانە ناو و ئاوازەی زیرەك بە كوردستاندا بڵاو دەكەنەوە.

زیرەكی گۆرانیبێژ لە ماوەی نزیك بە دەساڵ مانەوە لە عیراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی كورد، لە ئەزموون و ڕێنوێنییەكانیان كەڵك وەردەگرێ و سەرنجیان بۆ لای مایە بەھرە ھونەرییە كەم وێنەكەی خۆی ڕادەكێشێ.

گەڕانەوە بۆ ئێران
لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی خوێندوە.
ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێكەوە ژیانی ھاوبەش پێك دێنن، كە ئاكامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بە ناوەكانی “مەهتاب” و “ئارەزوو” دەبێ.

حەسەن زیرەك ماڵەكەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە “كانی مەلا ئەحمەد” چایخانەیەك دادەمەزرێنێ، دیارە شان بە شانی ئەو كارەش لە گۆرانی گوتن و كاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵكدا بەشداری دەكات و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەكات.

پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواكاتەكانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لە شاری شنۆ بە كار و كاسبی ژیان تێپەڕ دەكات.

لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی “شانۆی ھونەرەجوانەكان” لەگەڵ “سێوەخان” و “رەشۆڵ عەبدوڵڵا” لە شانۆكای «بووكی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری كردووە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە، كە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

گۆرانییەكان
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك، پشت بەستنی ئەو بە گۆرانی فۆلكلۆرییە، ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی كوردستان كەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لە خەڵكەكەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵس و كەتیان ئاشنا بووە.

ئەو گۆرانییانەی لە خەڵكەوە بیستوویەتی، فێر بووە، هەرچەند زیرەك زۆر گۆرانیشی هەیە كە ھەم ھەڵبەستەكەی و ھەم ئاھەنگەكەی ھی خۆیەتی، زیرەك لە شێعری كوردیش كەڵكی وەرگرتووە، لە ئەو شاعێرانە: نالی، وەفایی، سەید كامیل ئیمامی، كوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن، زیرەك بۆ وێنە شیعری “شەو”ی سەید كامیل ئیمامی كردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەك گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەك ھەڵبەستی كوردی تێكەڵاو كردوون.
“گویلدر” یەكێكە لەو گۆرانییانە، كە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی.

بەشێك لەگۆرانییەكانی
دیسان شەو هات، وەك قومری، لۆركێ، كەتانە، هەی نار، كابوكێ، لەیلا، كرماشان شاری شیرین، ئەمان دۆكتۆر، بۆ چ منت ناوێت، هۆ لەیلی، ماڵی بابم نەسرین، كەویار، ئەسمەر.
زیرەك زیاتر لە هەزار گۆرانی تۆماركراوی هەیە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان گۆرانییەكانی زیرەك خۆی لە زیاتر هەزار و 500 گۆرانی دەدات، بەڵام بەشێكیان تۆمار نەكراون، یان بەشێكیان هێشتا بڵاونەكراونەتەوە و لە ماڵاندا ماونەتەوە.

حەسەن زیرەك لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی كورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە “محەممەد ماملێ” ، “مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە”، “عوسمان بۆكانی” و “ئەحمەد شەماڵ”.

گۆرانی “ماڵی بابم بێ وەفا” یەكێك لەو گۆرانییانەیە، كە حەسەن زیرەك، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە، پێكەوە بە یارمەتی تیپی موسیقای كرماشان تۆماریان كردووە. “بەرھەڵبێنە” و “ھەوارە، گوڵم ھەوارە” دوو گۆرانی دیكەن، زیرەك و محەممەدی ماملێ پێكەوەیان گوتوویانن.

ژیانی ھونەری
لە ماوەی ژیانی ھونەری، زیرەك دەربەدەری زۆری چێشت، ماوەیەك لە شارەكانی ئێران و ماوەیەك لە عیراق، لە ڕۆژانی دەسپێكی ژیانی لە باشووری كوردستان لە شاری سلێمانی كاری دەكرد، ڕۆژێك بەدەم كارەوە لە ژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانیبە و دەنگی زیرەك ھەستی ڕێبوارێك دەبزوێنێ و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانكاری لە ژیانی زیرەك‌دا. بۆ ماوەیەك لە ڕادیۆ بەغدا كار دەكات و كاتێ لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی كوردی ڕادیۆ تاران دەست بەكار دەكات حەسەن زیرەك بۆ تاران بار دەكات و لەوێ درێژە بە كار دەدات. زۆربەی بەرھەماكانی حەسەن زیرەك لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەكانی مووسیقای ئێرانی وەك: حسەین یاحەقی، حەسەن كەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەك و ئەحمەد عیبادی بووە.

حەسەن زیرەك ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ‌بەش مابوو، بەڵام توانای بێ‌ وێنەی لە ھۆنینی شێعری كوردی و دانانی مۆسیقای كوردی ھەبوو، ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێ ‌وێنەی بووە ھۆی ئەوەی كە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك لە سەرانسەری كوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵك، ئێستاش لە شار و گوندەكانی كوردستان و لە ماڵی كوردەكان گوێ لە گۆرانییەكانی دەگیرێت.

حسەن زیرەك نە لە ئێران و نە لە عیراق ڕووی خۆشیی نەدی، ھەڵسووكەوتی حكوومەتی ئێران كێشەی زۆری بۆ درووست‌ كرد، بۆ نموونە دوای ماوەیەك ڕێگەیان نەدا بە ڕادیۆ تاران، ئەوە دڵی ناسكی زیرەكی ڕەنجاند و بڕیاری ‌دا نەگەڕێتەوە تاران، باری كرد بۆ عیراق بەڵام لە بەغدا دەست‌بەسەر كرا و لە بەندیخانە ئەشكەنجە درا.

خۆی دەگێڕێتەوە، كە لە بن‌ میچ ھەڵواسراوە و لێی‌دراوە، بۆیە دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی، لە ئێرانیش ساواك دەیگرێ و ئەشكەنجەی زۆری دەدەن، زیرەك لە شوێنێك چۆنییەتی ئەشكەنجەكان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەك یادگاری ماوەتەوە لێی.

حەسەن زیرەك لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ كرماشان كاری كردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەك موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەكبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەكی كاری كردووە و ئەو ھاوكارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا، كە وەك شاكارەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.

كۆچی دوایی
قەبری حەسەن زیرەك (چەپ) و قەبری قالەمەڕە (ڕاست) لە بۆكان، دوای ئەوەی نەخۆشییەك كە لە مێژ بوو حەسەن زیرەكی ئازار دەدا، لێی تووند كرد، چەند جار لە نەخۆشخانەكانی ورمێ و بۆكان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەكەی كە شێرپەنجە بوو، دەست بەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەك واز لە گۆرانی گوتن نەھێنا :
لە پڕدا پیریم لێ وەدەركەوتبەختیش وەكوو خۆم ھات و لێی خەوت
فتیلەی عومرم ھاتووەتە گزیھەر بینا ئەویش لە سووتان كەوت
ئەسپی تەبیعەت ھەروا خۆش ڕۆیەبەبێ ئاوزەنگی لە ڕەوت نەكەوت

سەرئەنجام نەخۆشی ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپەنجەی جەرگ لە زەوی دەدا و دوای ماوەیەكی زۆر لە جێگادا كەوتن لە ١٩٧٢ی زایینی دا لە نەخۆشخانەی شاری بۆكان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەكەی دەكات و چرای تەمەنی لە سووتان دەكەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لە ماتەمی بەجێ ھێشت.

لە سەر ویستی خۆی لە داوێنی كێوی ناڵەشكێنە، كە دەڕوانێتە بۆكان ئەسپاردەی دایكی نیشتمان دەكرێت.

مەرگی حەسەن زیرەك وەك بۆمبێك لە نێو كوردستاندا تەقییەوەو شەپۆلەكانی خەم و ماتەمی لە دەستچوونی لە سنوورەكانی كوردستان تێپەڕی، گۆڕەكەی بوو بە زیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی.

ساڵانەش لەم ڕۆژەدا یادی كۆچی دوایی حەسەن زیرەك لە كوردستان و دەرەوەی وڵات بە شێوازی جیاجیا دەكرێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە 26ی حوزەیرانی 2019 لەشاری سلێمانی و ناوچەكانی دیكە ڕێوڕەسمەكانی ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك دەستپێبكات.

پەیامنێری (خەڵك) لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند “لەشاری سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لەباخچەی سەرای سلێمانی لەكاتژمێر 6:30ی ئێوارەدا یادی حەسەن زیرەك دەكاتەوە، كە تێیدا كتێبێكی هەزارو 200 لاپەڕەیی لەبارەی حەسەن زیرەكەوە بڵاودەكرێتەوە و دواتر چەند گوتارێك پێشكەش دەكرێن لەوانە گوتاری هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و كارێكی مۆسیقی نوێش لەبارەی زیرەكەوە نمایش دەكرێت، دواتریش گۆرانیبێژان (ئیحسان زیرەك، لوقمان سەلیم، جەلیل محمود) گۆرانی حەسەن زیرەك دەڵێنەوە.

لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵەی هونەرە میلییەكان لەسەنتەری ڕۆشنبیری سەرا كاتژمێر 5 یادی حەسەن زیرەك دەكاتەوە، كە تێیدا گۆرانیبێژان (سیروان زیرەك، حوسێن خاڵدار و سیروان زیرەك) گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك دەڵێنەوە.

جەزای ساز سەرۆكی كۆمەڵەی هونەرە میللییەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێك یادی حەسەن زیرەك دەكەنەوە و ئەمساڵیش بەهەمانشێوە یادی ئەو هونەرمەندە گەورەیە بەرز ڕادەگرن.

باسی لەئەوەشكرد، ساڵانە لەسەر ئەركی خۆیان یادی حەسەن زیرەك دەكەنەوە و هیچ لایەنێك هاوكاری نەكردوون.

هاوكات عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە موزیسیانی ناسراوی كورد كارێكی نوێی هونەری بۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی بەنێوبانگی كورد حەسەن زیرەك ئامادەكرد.

 

 

 

ریکلام

راپۆرت

زاواكەی ئەردۆغان هەرای ناوەتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری دارایی و گەنجینەی توركیا ئێستا زیاتر لە هەموو كەسێك مشتومڕی لەتوركیادا دروستكردووە و سیاسییەكانی دابەشكردووە بەسەر پشتیوان و دژیدا، بەڵام بوونە زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا نەیارەكانی زیاتركردووە بەتایبەت دوای قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی ئابووری و زاواكەی ئەردۆغانی روبەروی گەردەلولی ناڕەزایی كردەوە.

بایراك كێیە؟

بیرات بایراك لە 1978 لە ئیستەنبوڵ لەدایكبووە، كوڕی سادق بایراك سەرمایەداری ناسراوە، یەك برای هەیە لە خۆی گەورەترە بە ناوی سادق بایراك لە بنەڕەتدا خێزانەكەیان خەڵكی ناوچەی ترابزۆنن.

خوێندویەتی لە ناوەندی فاتح و دواتر لە زانكۆی ئیستەنبوڵ بەشی ئینگلیزی، لە 2002 بڕوانامەی ماستەری ئابووری لە زانكۆی پاس لە نیویۆرك وەرگرتووە و دكتۆرای لە زانكۆی قدیس حاس وەرگرتووە بەناونیشانی وزەی كارەبا لە رێگای سەرچاوەی وزەی جێگرەوەوە.

بایراك لە ساڵی 2004 لەگەڵ ئەسرای كچی ئەردۆغان هاوسەرگیری كردووە كە ئەو كات ئەردۆغان سەرۆك وەزیران بوو، ئەوكات ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكان ئامادەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی بوون لەوانە عەبدوڵڵا گول، بوڵەنت ئەرینج.

كارەكانی بایراك

كاری كردووە لە كۆمپانیای چالیك هۆڵدینگ لە ماوەی خوێندنی ماستەرەكەی لە 2002 تا 2006 وەك رێكخەری دارایی لە نوسینگەی كۆمپانیاكە لە ئەمریكا و لە 2006 گەڕاوەتەوە توركیا، كاریكردووە وەك جێگری بەڕێوەبەری كاروباری دارایی كۆمپانیای هۆڵدینگ و 2007 بووە بەبەڕێوەبەری هۆڵدینگ.

لە 2013 لە كەرتی تایبەتەوە چووە كەرتی گشتی وەك گۆشەنووس لە رۆژنامەی سەباح كاری كرد لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی دارایی و بانكی زانكۆی مەڕمەڕە لە ئیستەنبوڵ و ژمارەیەك پۆستیشی لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەبووە.

چوونە نێو حكومەت

لە 2015 لە رێگەی ئەكەپەوە بەشداری كرد لە حكومەت وەك وەزیری وزە لە كابینەكەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەستبەكاربوو دواتر لە كابینەكەی عەلی یلدرمیش تا 2018 و هاتنەكایەی سیستمی سەرۆكایەتی بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان بەردەوام بوو و لەوێ بووە وەزیری دارایی و گەنجینە تا ئێستا.


دوو ساڵی رابردوو توركیا دوچاری گەورەترین قەیرانی دارایی بووە بەتایبەت هاوینی 2018 بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركی كە بووە 7.31 لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، لە كاردانەوەی قەیرانی برۆنسۆن لەنێوان سەرۆكانی توركیا و ئەمریكا و تاكوئێستا جگە لە هەندێك كاتی باشبوون بەردەوام بەهای لیرە روو لە داكشانە بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا كە كاریگەری لەسەر ئابووری توركیا دروستكردووە.

بەپێی راپرسییەكان بایراك كاریگەری خراپی بەشێوەی راستەوخۆ كردووە لەسەر ئاستی جەماوەری ئەردۆغان لە شەقامدا.

هیشام گونای رۆژنامەنووسی تورك بۆ العربیە وتی: ئەدای وەزیری گەنجینە و دارایی زۆر لاوازە لە كاتی وەرگرتنی پۆستەكەیەوە، بەتایبەت لیرە بەهاكەی پاشەكشەی گەورەی كردووە لەبەرامبەر دۆلار، پێشتر 4.5 بووە ئێستا 7.5ە ئەمە بەڵگەی نەمانی متمانەی بازاڕە بە وەزیر.

وتیشی: ئەو رەوشەی وڵاتی پێدا تێپەڕ دەبێت كاریگەری گەورەی هەیە لە سەر دابەزینی بەهای دۆلار، هاوكات هەوڵی كودەتاكەش كاریگەری هەبوو لەسەر وەبەرهێنانی بیانی راستەوخۆ لە توركیا، نەخۆشی كۆرۆناش كە كاریگەری لەسەر جیهان هەبووە توركیاشی گرتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد نزیكی وەزیری گەنجینە لە ئەردۆغانەوە كە زاوایەتی هەستیاری زیاتركردووە لەلایەن نەیارەكانیەوە زیاتر كراوەتە ئامانج نەك تەنها بەهۆی ئەدای لاوازی لە ئیدارەدانی ئابووری.

رونیشیكردەوە كەناڵی ئاوی ئەستەنبوڵ و یانەی وەرزشی ترابزوون دوو پرۆژەی ترن كە رەخنەی زۆر لەسەر ئەوانە لە وەزیری گەنجینە و دارایی دەگیرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

دۆناڵد ترەمپ بۆچی بە جولەکەکان دەڵێت ئێوە قەرزاری منن؟

خەڵک

دۆناڵد ترەمپ بە جولەکەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندووە، کە وڵاتی جولەکەکانی خۆشەوێت کە ئیسرائیلە. دۆناڵد ترەمپ جولەکەکانی هانداوە کە پێویستە خۆشەویستی و دڵسۆزێکی دوو-لایەنیان هەبێت لەنێوان ئیسرائیلی وڵاتی ڕەسەن و ئەمریکای وڵاتی نیشتەجێبوو.

ترەمپ بە ڕوونی ئەوەی بە جولەکەکان وتوە کە ئەو لەسەر و بەندی هەڵبژاردنەوەیدایە وەک سەروەکی ئەمریکا و پێویستە تەواوی جولەکان پشتیوانی لێبکەن. جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە تەواوی جولەکەکانی ئەمریکا دەنگی پێبدەن، چونکە بەڕاستی ئەوان قەرزاری دۆناڵد ترەمپن. هۆشداری ئەوەشیدا “ئەگەر دەنگ بە من نەدەن ئەوا ئیسرائیل دەکەوێتە کێشەیەکی گەورەوە”.

دۆناڵد ترەمپ چەند کۆتەیشنێکی گرنگی دەربڕی بۆ جولەکەکان کە پێک هاتوون لە مانە. ” چیتان پێدەکرێت لە [هەڵبژاردنەکەی مانگی یانزە] بۆمی بکەن، ئەگەر نا ئیسرائیل دەکەوێتە کێشەی گەورەوە”، “ئەمە کاتێکی گرنگە لە ژیانی ئێوەی جولەکە، ئەگەر ئاسایش و ئارامیتان دەوێت دەنگم پێبدەن”. ئێوە ژمارەتان زۆرە لەسەر خاکی ئەمریکا و لەنێوان ٥ ملیۆن بۆ ٨ ملیۆن دانیشتوو دەبن.

ترەمپ لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، ” با لە بیرم نەچێت، ڕاپرسیەکی هەڵبژاردنی پێشوتانم دۆزیوەتەوە بەتەواوەتی توشی شۆکتان کردم، دەزانن کە سەدا ۲٥٪ دەنگتان بە من داوە، چەند خەمبارکەرە. لە کاتێکدا زاواکەم و کچەکەم کە شوی بە جولەکەیەک کردوە و ئێستا منداڵێکی خوێن جولەکەیان بووە. بۆ دەنگم پێ نادەن؟. دڵنیابن ئەگەر جۆ بایدن زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت دەکەونە کێشەوە. “لەبیر مەکەن، دەنگدان بە من واتا دەنگدانە بە خاکی ڕەسەنی خۆتان، دڵسۆزی نواندنە بۆ خاکی ئیسرائیل”

دۆناڵد ترەمپ ناوبانگێکی گەورەی بەوە پەیداکردوە کە سەرۆکێکی پرۆ-ئیسرائیلیە، دۆناڵد ترەمپ بە نهێنی ئەوەی بە سەروەکی ڕێخراوی جولەکەکانی ئەمریکا(ستیڤن گرین بێرگ و ماکلۆم هۆیلین) وتووە، کە چی ماوە بۆ ئیسرائیل نەکات؟. دانم ناوە بە زەوی “بەرزایەکانی جۆلاندا” وەک خاکێکی خاوەن سەروەری ئیسرائیلی، باڵوێزخانەی ئەمریکام گواستەوە بۆ جۆرسەلیم، پلانێکی ئاشتی جاڕداوە کە دەوڵەتی فەلەستینی دەکاتە قسەی گیرفان و بێ-واتا، چەندین دەوڵەتی عەرەبی سوونیم لەگەڵ ئاشتکردنەوە کە دیاترینیان ئیمارات و بەحرێن بوون، و بێگومان دەوڵەتێکی تر لەسەر ڕێگایە بۆ ئاسایکردنەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوە سوپاریزێکی گەورەی تر بەڕێوەیە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، “دۆناڵد ترەمپ نێردراوێکی خودایە بۆ پارستنی ئیسرائیل لە کۆماری ئیسرائیل ئێران”. چی ماوە دۆناڵد ترەمپ بۆ پارستی خاکی جولەکە و ئاسوودەی خەڵکی جولەکە نەیکات، بۆ دەنگی پێنادەن؟

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: هەڵۆ ساڵح

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

خەریكە خێوەتگای دیلەكانی داعش لە كۆنترۆڵ دەردەچێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەرپرسێكی ئەمنی پایەبەرز رایگەیاند هەوڵەكانی هەڵهاتن لە خێوەتگەی هۆڵ لەلایەن دیلەكانی داعشەوە لە دوای داگیركردنی شارەكانی سەرێكانی و گرێسپییەوە لەلایەن توركیاوە زیادیكردووە.

هەوڵی هەڵهاتن زیادیكردووە

وتەبێژێك بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند، هێزە ئەمنییەكان چەند هەوڵێكی نوێی هەڵهاتنیان لە خێوەتگەی هۆڵ لە رۆژئاوای كوردستان شكستپێهێناوە كە رەگەزنامەی عێراقی و بیانییان هەبووە.

رووداوەكانی هەڵهاتن دووبارە دەبنەوە لە خێوەتگەی هۆڵ هەڵكەوتوو لە 45 كیلۆمەتری خۆرهەڵاتی پارێزگای حەسەكە.

عەلی حەسەن وتەبێژی هێزە ئەمنییەكان دەڵێت: لە مانگی ئادارەوە نزیكەی 700 هەوڵی هەڵهاتن تۆماركراوە لە لایەن كەسوكار و لایەنگرانی داعشەوە لە خێوەتگای هۆڵ.

مەترسی هەڵهاتنی 65 هەزار دیلی داعش

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، خێوەتگای هۆڵ نزیكە لە سنورەكانی عێراقەوە، لەوێ 65 هەزار دیلی داعش هەن، عێراقی و سورییەكان زۆرینەیان پێكدەهێنن، بەشێك تایبەت كراوە بە ژنانی بیانی داعش و منداڵەكانیان لە نزیكەی 50 دەوڵەتی عەرەبی و خۆرئاوایی، ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 11 هەزار ژن و منداڵ، كە 3177 ژنن، لەم بەشەدا چوون و هاتن قەدەغەیە تەنها بە مۆڵەتی فەڕمی و نوسراو نەبێت.

زۆرینەی لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە زۆرینەی ئەوانەی دەیانەوێت هەڵبێن هەوڵ دەدەن بەرەو توركیا بڕۆن، دانیان بەوەشدا داناوە دەڕۆن بەرەو ئەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان كە توركیا داگیری كردوون و لە ژێر دەستی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریدان وەك جەرابلوس و باب و لەوێوە دەتوانن بچنە خاكی توركیاو لەوێشەوە بۆ وڵاتەكانیان.

بەرپرسانی توركیا دانیان بەوە داناوە لە مانگی تەموزی رابردوو كە بەرپرسیارن لە بردنی ژنێكی مەڵدۆڤی و چوار منداڵەكەی.

عەلی حەسەن وتی: هێزە ئەمنییەكانی خێوەتگاكە توانیان بەشێوەیەكی گەورە شكست بە هەوڵی هەڵهاتنەكان بهێنن و شانەی بەرپرس و سەرچاوەی پەیوەندییەكانیان ئاشكرابكرێن.

وتیشی: 100 كەس دەستگیركران كە بەشدارییان كردووە لە هەوڵەكانی رفاندنی ژن و منداڵەكانی داعش و دراون بە دادگا بە تاوانی هاوكاری لە رفاندندا.

راپۆرتی رۆژنامە عەرەبییەكە ئاشكرایكردووە، هێزە ئەمنییەكانی خێوەتگەكە شكستیان بە هەوڵی ژنە داعشییەكان هێناوە كە رەگەزی روسین و پێنجیان دەستگیركراون ویستراوە لەنێو تانكەری ئاودا ببرێن.

رونیشیكردەە رێ دەدرێت بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری رێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان، بەڵام شۆفێرەكان لەرێگەی بەرتیلەوە هەوڵی بردنەدەرەوەی ژنەكان دەدەن بە نهێنی.

پێشتر تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە ژنێك و مداڵەكانی لە رێی تانكەرێكی ئاوەوە هەوڵی چونەدەرەوەیان داوە و لە رەوشێكی خراپدان كە بە زاراوەی عێراقی قسەیان كردووە.

رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر

وتەبێژەكە وتی: هێزە ئەمنییەكان خاڵی پشكنین و گەڕانیان داناوە لەسەر دەروازەكانی دەرچون و هاتنە ناوەوە، بەڵام رووبەری خێوەتگاكە زۆرە، بۆیە خاڵی چاودێری و بنكەی پاسەوانی بە درێژایی 24 سەعات دانراون لەناوەوە و دەرەوەی خێوەتگاكە.

لەخێوەتگاكەدا ئاوارەیەكی سوری فرۆشیاری مۆبایل و ژنێكی عێراقی كوژراون هۆكارەكانی نەزانراون لێكۆڵینەوە بەردەوامە لەروداوەكە.

هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ هاوپەیمانان بەر لە سێ مانگ هەڵمەتێكی پشكنینیان دەستپێكرد بۆ رێگرتن لە هەڵهاتن و رووداوەكانی كوشتن و دەستدرێژیەكان لە خێوەتگاكە و زانیاری تەواویشیان لەسەر ژن و منداڵەكانی داعش كۆكردووەتەوە لەسەر خۆیان و خێزانەكانیان.

لە چەند رۆژی رابردوو لە سەر ئاستی عێراقی و ئەمریكی هۆشداری درا لە سەرهەڵدانەوەی بەهێزی داعش بەهۆی بوونی پشتیوانی دارایی و كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان و هاوكات لە كۆنترۆڵ دەرچوونی خێوەتگەی هۆڵ كە زۆرینەی دیلە داعشەكانی ناوی عێراقی و سورین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان