ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پەرلەمان لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی پاڵاوگە نایاساییەكان پێكهێنا

خەڵك – بەشی هەواڵ
لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا باس داهاتی نەوت و ئەو بڕەپارەیەی لەم داهاتە دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە كرا ، دەشڵێـت،”لیژنەیەكیش بۆ بەدواداچوونی پاڵاوگە نایاساییەكان پێكهێنرا “.

سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیران بەسەرپەرشتیی بەڵێن ئیسماعیل، سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنە كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا بەمەبەستی ئاگاداربوون لە داهاتی نەوت و ئەو بڕەپارەیەی بۆ مووچە دەدرێتە وەزارەتی داراییی حكومەتی هەرێم و بوونی پاڵاوگەی نایاسایی.

ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی داهاتی نەوت و ئەو بڕەپارەیەی لەم داهاتە دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە كرا، هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی لقەكانی كۆمپانیا بیانییەكان ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كرا، بەمەبەستی سوودوەرگرتن بۆ هەرێمی كوردستان .

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، كێشە و گرفتەكانی پاڵاوگەی نەوتی بازیان و كارگەكانی سنووری ئەو شارۆچكەیە قسەی لەسەر كرا و لەكۆتاییدا لیژنە بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی پاڵاوگە نایاساییەكانی هەرێمی كوردستان.

کوردستان

هەسەدە: 103 سەربازی تورك و چەكدار كوژراون
شەڕی هاوبەشی هەسەدە و سوریا لەگەڵ توركیا دەستی پێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
شەڕی هاوبەشی هەسەدە و سوپای سوریا لەگەڵ سوپای توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكان لە تەل تەمر دەستی پێكرد.

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئاماری شەڕەكانی ۲٤ كاتژمێری ڕابردوو لە بەرەكانی شەڕ لە (سەرێكانی، گرێ سپی، درباسییە و دێرك) بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ژمارەیەك تانك و زرێپۆشی هێزی دوژمن تێكشكێنراون.

ڕاشیگەیاندووە، لەو شەڕانەدا ۱٠۳ سەربازی توركی و چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا كوژراون و لە بەرامبەریشدا ۲۳ شەرەڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهید بوون.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە شەڕی هێزەكانیان و سوپای سوریا لە تەل تەمر لەگەڵ سوپای توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكان دەستی پێ‌ كردووە و توانراوە هێزەكانی توركیا تێكبشكێنرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە چیای ئەزمەڕ تەقینەوەیەك ڕوویدا و قوربانی لێ‌ كەوتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوەیەك لە (جی سی سی) سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەك لەسەر چیای ئەزمەڕ بیستراوە و ڕاستەوخۆ هێزەكانمان چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و لێكۆڵینەوەش لەسەر ڕووداوەكە دەستی پێ‌ كردووە.

جەختیشی كردەوە، كە تا ئێستا بەتەواوی یەكلایی نەبۆتەوە تەقینەوە بووە یان شتی دیكە، بەڵام دەنگی تەقینەوە بیستراوە و لێكۆڵینەوەش دەستی پێ‌ كردووە.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

حكومەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی وڵاتان و ڕێكخراوەكان دەكات

خەڵك-ئارام سەردار
ئەمڕۆ سێ شەممە ۱٥ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۹ حكومەتی هەرێم لەگەڵ كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان تایبەت بەڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبووەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لەباری ئەگەری هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوریا هەیە، پەیامی حكومەتمان گەیاندە كۆنسوڵخانەكان و ئەو هاوكاری و پێویستیە مرۆییانەی پێویستن و ئامادەكاریان، كە پێویستە لە ڕووی مرۆیی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكەن.

دەشڵێت: “وەك حكومەت پێمان باش بوو، كە كونسوڵخانەكان و نوێنەری دیبلۆماسی وڵاتان هاوكاربن و پەیامی حكومەت بە ڕوونی پێیان بگات، تاوەكو ئەوانیش ئەم داواكاریانەی ئێمە ئاڕاستەی وڵاتەكانیان بكەن و وەڵامی ئێمە بدەنەوە”.

بەوتەی جوتیار عادل، “بۆ هاوكاری ئاوارەكان و پەنابەران وەكو حكومەت تا توانامان هەبێت هاوكار دەبین و پێویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین، بەڵام بەهۆی سنورداربوونی توانای حكومەت داوا لە هەموو لایەك دەكەین لە كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی و ڕێكخراوەكان هاوكارمان بن، لەگەڵ حكومەتی عیراقیش گفتووگۆمان كردوە و پلانێكی باشمان داناوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، چاوەڕوانیشین وەڵامی وڵاتان ئەرێنی بێت”.

وتیشی، “پێشبینی دەكەین لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن، تاوەكو ئێستاش نزیكەی ٢٠٠ خێزان هاتونەتە هەرێمی كوردستان و بە پێی پێویست هاوكارمان كردون، وەك هەرێمی كوردستانیش لە هەر چوار پارێزگا ئامادەكاریان كردوە بۆ پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران، بەڵام بەهۆی ئەوەی فشارێكی گەورەمان لەسەرە وەك حكومەت و داوای هاوكاریمان لە وڵاتان كردوە، ئێمەش ئامادەین ئەوەی لەتوانادابێت هاوكاری ئاوارەكان بكەین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان