ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

هاووڵاتییەك: پێوەری ئاو هەواكەش حساب ئەكات
لەسەر هاتنەوەی پارەیەكی زۆری ئاو بۆ هاووڵاتیان لێكۆڵینەوە دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی زۆرێك لە هاووڵاتیان لە هاتنەوەی پارەیەكی زۆری ئاو، كە لە ڕێگەی پێوەری میكانیكی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت بڕیارە ڕۆژی یەك شەممە میوانداری هەردوو كۆمپانیای گرنگ و ئۆرانۆس بكرێن.

كاسترۆ مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هاووڵاتیان گلەیی ئەوە دەكەن، لەدوای بەستنی پێوەری میكانیكی ئاو مانگانە پارەیەكی زۆریان بۆ دێتەوە و داوای چارەسەری ئەو كێشەیە دەكەن.

ڕاشیگەیاند، سەبارەت بەو كێشەیە لەسنوری هەردوو پاریزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین لیژنەكەمان ڕۆژی یەك شەممە میوانداری ھەردوو كۆمپانیای گرنگ و ئۆرانۆس دەكات بۆ ئەنجوومەن بەمەبەستی خستنەڕووی گرفتەكانی پێوەری ئاو و دۆزینەوەی ڕیگا چارەسەرێك بۆخزمەتی ھاووڵاتیان.

هاووڵاتیەكیش، كە پێوەری میكانیكی ئاوی بەستووە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تێبینی ئەوەم كردووە، نزیكەی 10 خولەك پێش هاتنەوەی ئاو ئەو هەوایەی لە بۆریەكاندایە دەردەچێت لە لایەن پێوەری ئاوەكە هەژمار دەكرێت وەك ئەوەی ئاوی لێ هاتبێت ئەمەش بڕی پارە لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەكات.

پێشر، سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، كە 1ی تەمموز دوا وادەیە بۆ ئەوانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە و لەكاتی خوێندنەوەی ئاودا ئەوانەی نەیانبەستووە بڕی 100 هەزار دینار وەك غەرامە پارەی ئاوەیان بۆ دێتەوە.

وتیشی، “دەست بە خوێندنەوەی پێوەری میكانیكی ئاو كراوە، خولێك تەواو بووە و ئێستا لە لایەن كۆمپانیاكەوە دەست بە خوێندنەوە و كۆكردنەوەی پارەی خوولی دووەم كراوە”.

ئابوری

وەزیری كشتوكاڵ: مۆڵەت دەدەینە خانووە پلاستیكیە تۆمارنەكراوەكان

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایدەگەیەنێت، چاومان لەسەر خانووە پلاستیكیەكان و زیادكردن و هەمەچەشنكردنی بەرهەمەكانیانە، كۆمەڵەی خانووە پلاستیكییەكانیش ئاشكرای دەكات، “لە ئێستادا سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆگرامێكین، كە دەبێتە مایەی بەرزكردنەوەی كوالێتی بەرهەمەكانیان و هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی هەرێم و عیراق”.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ دوو شەممە 17/2/2020، لە میانی پێشوازیكردنی لە شاندی (كۆمەڵەی خانووە پلاستیكیەكان) ڕایگەیاندووە، وەزارەت پاش دەركردنی ڕێنمایی نوێ دەستدەكات بە تۆماركردن و پێدانی مۆڵەت بەو پڕۆژەی خانووە پلاستیكیانەی دروستكراون و مۆڵەتیان پێنەدراوە.

دەشڵێت: “چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەت بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری خانووە پلاستیكیەكان و زیادكردن و فرەچەشنی بەرهەمەكانیان، بۆ ئەوەی وەك نموونەیەكی سەردەمیانە و كشتوكاڵكردنی پێشكەوتوو بكرێنە بنچینەی گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەی سەرەكی خۆبژێوی و پاراستنی ئاسایشی خۆراك”.

هاوكات شاندی كۆمەڵەی خانووە پلاستیكییەكان ڕایانگەیاندووە، بەرهەمی خانووە پلاستیكیەكان لە هەرێم بە ئاستێك زیادی كردووە، كە لە زۆربەی وەرزەكاندا بەشی پێویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بەڵام كێشەی بەبازاڕكردنیان هەیە.

جەختیشیان كردۆتەوە، ئێستا سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆگرامێكن، كە دەبێتە مایەی بەرزكردنەوەی كوالێتی بەرهەمەكانیان و هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان و عیراقیش.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

زانكۆیەكی هەرێم بەرھەمی پاككەرەوەی ناوخۆیی دەخاتە بازاڕەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆلێژێكی زانكۆی كۆیە بەرهەمی پاككەرەوە بە كوالێتی بەرز و نرخی گونجاو دەخاتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی زانكۆی كۆیە، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك)، بەشی ئەندازیاری كیمیایی فاكەڵتی ئەندازیاری زانكۆی كۆیە هەستاوە بە بەرهەمهێنانی پاككەرەوەی دەست شوشتن (سابون)، كە بە كوالێتیەكی بەرز دروست كراوە و دژە بەكتریایە.

دەشڵێت: “لە ئێستادا بەردەستە بۆ هەموو ئارەزوومەندان بە نرخێكی گونجاو لە هۆڵی سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

سبەینێ‌ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی ڕابردووی وەزارەتێك و توێژێك ڕادەگەیەنێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كە سبەینێ‌ سێ‌ شەممە 18ی شوبات مووچەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و كەمئەندامان دابەش دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، كە چاوەڕێی گەیشتنی پارەی مووچەن لە بەغداوە، لەگەڵ گەیشتنی پارەكە خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان ڕادەگەیەنن.

نیوەی مانگی 2ی 2020 تێپەڕیوە و تا ئێستا مووچەی مانگی 11ی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران بە تەواوی دابەش نەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان