ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەركەوتوویەكی چەكی كیمیایی داوای بەهاناوەچوونی بە پەلە دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

كامیل عەبدولقادر كە یەكێكە لە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و بەهۆیەوە سییەكانی لەدەستداوە و لە ئێستادا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە وڵاتی ئەڵمانیایە، لە ئێستادا پزیشكەكان بڕیاری ئەوەیانداوە سییەكانی بۆ بگۆڕن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەسی لەگەڵدا نییە لەدوای نەشتەرگەرییەكەدا خزمەتی بكات، ژیانی لەمەترسیدایە و بەوهۆیەوە لە ڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە داوای هاوكاری بەپەلە لەدەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێم دەكات بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ منداڵەكانی تا لە مردن ڕزگاری بكەن.

دەقی نووسینەكەی كامیل عەبدولقادر:

لەبەر ئەوەی مەترسی زۆر هەیە لەسەر ژیانم لەڕووی تەندروستیەوە بەهۆی نەخۆشی لەكاركەوتنی سیەكانمەوە بەهۆی گازی خەردەلەوەو ئەگەر بگەڕێنرێمەوە بۆ عێراق ئەگەری مردنم هەیە ناچار ئەڵمانیا ڕازی بووە (مافی مانەوەی نەناردنەوە) م پێ بدات.

پزیشكە ئەڵمانیەكان لەبەر ئەوەی كۆتا ڕۆژەكانی تەمەنم بەڕێ دەكەم و خۆری تەمەنم ڕوو لەئاوابوونە ڕازی بوون بەوەی نەشتەرگەری چاندنی سیەكانم بۆ ئەنجام بدەن؛ بەڵام چەند مەرجێكیان بۆ داناوم، دوو مەرجیان ناتوانم بەتەنها خۆم جێ بەجێی بكەم:

یەكەم : فێربوونی زمانی ئەڵمانی و دووهەم : نەمانەوەمە لەكەمپداو نیشتەجێ بوونمە لەشوێنێكی تایبەتدا یاخود شوقەیەكی سەربەخۆدا بۆ ئەوەی لە كەسانی دیكەوە توشی نەخۆشی تری ڤایرۆسی و میكرۆبی نەبم لەحاڵەتێكدا كۆئەندامی بەرگری لەشم لاوازەو جەستەم توانای ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی دیكەی نەماوە.

بۆ فێربوونی زمانی ئەڵمانی بەردەوام كۆشش دەكەم و پشتیوان بەخوا بەهاوكاری چەند دڵسۆزێك فێر دەبم؛ بەڵام بۆ دەرچوون لەم كەمپەدا زۆر پێویستم بە مناڵەكانمە كە لە بەرواری ۲۰۱۷/۱۱/۲۹ وە لێیان دابڕاوم و ناتوانم خۆم خزمەتی خۆم بكەم و بۆ هەموو شتێك پێویستم بەیەكێكە هاوكاریم بكات! .

لەئێستادا وێڕای باری تەندروستی زۆر خراپم بە هاوكاری هەندێك برای بەڕێز خۆم ژیانی ڕۆژانەی خۆم زۆر بەسەختی لەو كەمپەدا بەڕێ دەكەم ! .

ئەگەر بەهانامەوە نەیەن ئەو دوو مەرجەی پزیشكەكان لەسەریان داناوم هەرگیز جێ بەجێ نابێت، لەبەر ئەوە داوا لەدەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەكەم كە ڤیزا بۆ مناڵەكانم وەربگرن تاوەكو لەنزیكەوە چاودێریم بكەن و خزمەتم بكەن بەتایبەتی پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی سیەكان بۆم .

لەحاڵەتێكدا نەشتەرگەریەكەم بۆ ئەنجام بدرێ و منداڵەكانم لام نەبن و خزمەتم نەكەن ڕەنجمان بەخەسار دەچێ و نەشتەرگەریەكە شكست دێنێ و مەترسی زۆر گەورەتر لەسەر ژیانم دروست دەبێت .

هێشتا چاوەڕێم گوفتارەكانتان بكەن بە كردارو بەهانامەوە بێن پێش ئەوەی گیان لەدەست بدەم؛ چونكە پاش مردنم دروشم و شیوەنی كەستانم ناوێ ! .

کوردستان

مەلا بەختیار: هۆشداری توند دەداتە یەكێتی و پارتی

خەڵك – بەشی هەواڵ

مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت، حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە كۆڕێكدا لە شارۆچكەی دەربەندیخان ڕایگەیاند، حكومڕانی و دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەجیهانگیری تێنەگەیشتوون، لەوانیش خراپتر حزبەكان سیاسەت و ستراتیژیان لەسەر بنەمای گۆڕانكارییەكانی جیهانیگری دانەڕشتووە. بۆیە تێنەگەیشتن لەجیهانگیری لەلایەن حزب و ڕێكخراوەكانەوە زۆر مەترسیدارە.

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە ئەوروپا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی حزبایەتی و خەباتی سەندیكایی و ڕێكخراوەكاندا هاتووە و ئەوان بەتەواوی خۆیان لەگەڵ جیهانگیریدا گونجاندووە، بەڵام بەداخەوە لە عیراق و كوردستاندا هێشتا بەشێوازی كۆن و كلاسیكی حزبایەتی دەكەین.

مەلا بەختیار، وتیشی، حزبایەتی لە عیراقدا لە ئەشكەوتی پەنجاكاندایە، ئێمە كەمێك باشترین، بۆیە حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەخۆیاندا بكەن و لەگەڵ سەردەمەكەدا خۆیان بگونجێنن، ئەگەرنا ئەم بازنە داخراوەی حزبایەتی كۆتایی دێت، ئەوە كۆتایی دێت كە كوڕ و خزمەكانیان كۆنتڕۆڵی ئەم دەڤەر و ئەملاوئەولا بكەن.

مەلا بەختیار جەختیشیكردەوە، ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بكەن، ئەمڕۆ 17/7/2019یە، ئەگەر تا دوو خولی هەڵبژاردنی تر یەكێتی و پارتی خۆیان نەگۆڕن بەتایبەتی یەكێتی، بەدیلی خراپتر و فەوزایەكی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا دروستدەبێت. ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، بەرەو گەندەڵی زیاتر هەنگاو دەنێنین پاكەكانیش پیس دەبن و ئەوكات كێشەی گەورە لەكوردستاندا دروستدەبێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئێستا خواستی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، خەمی ئەوەیەتی كە ئایا تۆ گەندەڵی لەناودەبەیت یان نا؟ یاسا سەروەر دەكەیت یان نا؟ سیستمی پەروەردە دەگۆڕی و ئازادی ژن دەستەبەر دەكەیت؟ چاودێری بازاڕ دەكەیت و قۆرخكاری ناهێڵیت و مافی بەركارەكان دەپارێزیت؟ ئەمانە خەمی نوێن، بۆیە گەندەڵی هاندەری سەرەكی ناڕەزایەتی خەڵكە و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە.

مەلا بەختیار جارێكی تر جەختی لە گۆڕانكاری ژیانی حزبایەتی لە كوردستان كردەوە و بە تایبەتی یەكێتی و هیوای خواست كۆنگرەی ئایندەی یەكێتی بەزوویی وەكو كۆنگرەی گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت سەرەپا گۆڕانكاری لەحزبەكەدا بهێنێتەدی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قوباد تاڵەبانی: چاكسازیی و خزمەتگوزاری بەرنامەی حكومەتە

خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نییەتمان وایە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند بەشێوەیەكی هەمیشەیی چارەسەر بكەین و كۆتایی بەچارەسەرە كاتییەكان بهێنین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، لە شاری ھەولێر، لەگەڵ ماتیۆ تولەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و ستیف فەیگن كونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر كۆبووەوە.

لەو كۆبووەنەوەیەدا قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی ئەمریكای ڕوونكردەوە، هەموو ئامادەكارییەكیان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لە بەغدا و تیشكی خستە سەر دوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە پێناو دانانی ڕێوشوێن بۆ كۆتاییهێنان بە چارەسەرە كاتی و كورت مەوداكان.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕوونیشیكردەوە، بەرنامەی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی چاكسازیی و خزمەتگوزار دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق ئیدانەی پەلامارەكەی هەولێر دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكات كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەیخستەڕوو، ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەن كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشدا، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئامانجی بەدەستهێنانی وردەكاری و زانیاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەكەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە چێشتخانەی (هۆك باز)ی نزیك ئێمپایەر لە شاری هەولێر پەلاماری ژمارەیەك لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا درا و تێیدا جێگری كونسوڵی توركیا و كارمەندێك كوژرا و كەسێكی تریش برینداربوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان