ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

چەند بڕیارێك بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان و خوێندنی باڵا دەركرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی كوردستان ڕاگەیاند، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و كۆلێژانەی پێویستی هەنوكەیی بازاڕی كاری كوردستانن و چەند بڕیارێكیشی دەربارەی وەرگرتنی خوێندكاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتەكان دەركرد.

ئەمڕۆ دوو شەممە، (17-6-2019) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بە سەرپەرشتی د. یوس گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا لە شارۆچكەی دۆكان كۆبووەوە.

كۆتایی ئەمساڵ خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی كوردستان دەستپێدەكاتەوە
لەسەرەتای كۆبونەوەكە د. یوسف گۆران، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزارەت ئاماژەی بە پێویستی دەركردنی ڕێنمایی تازە بۆ كردنەوەی خوێندنی ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی (2019- 2020) دوپاكردەوە و ڕایگەیاند، لە كۆتایی ئەمساڵ بەپێی مەرج و ڕێنمایی تازە دەستپێكردنەوەی خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و پسپۆڕیانەی پێویستی هەنوكەیی بازاڕی كاری كوردستانن.

خوێندكاران بەپێی پلان و پێداویستی پسپۆڕی دەتوانن لە دەرەوەی وڵات بخوێنن
هەر لەو كۆبونەوەیەدا تاوتوێی پلانی زانكۆكان بۆ خوێندنی باڵا ماستەر/ دكتۆرا لە دەرەوەی وڵات و پێویستی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران وتی، “بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر داواكاری بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات هەیە، بۆیە دەبێـت لێرە بەدواوە بەپێی پلان و پێویستی زانكۆكان، مامۆستا و فەرمانبەران بۆ خوێندن ڕەوانەی دەرەوە بكرێن”.

ئەوەشی ڕاگەیاند، هەر كۆلێژ و بەشێك پلانی خۆی بەپێی پێویستی بۆ وەزارەت بەرز دەكاتەوە، لە وەزارەتیش لەسەر بنەمای ئەو پلانە ڕەزامەندی دەدرێت، وتیشی، “ئامانج لەو كارە ئەوەیە، كە ئێمە وەك ئەنجوومەنی وەزارەت دەمانەوێت بەپێی پێویستی خەڵك ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكەین”.

ئاشكراشیكرد بۆ ئەو خوازیارانەی لە وەزارەتەكانی دیكە فەرمانبەرن، داوامان كردوە وەزارەتەكان پلانەكانیان بۆ وەزارەتی پلاندان ڕەوانە بكەن، تا دواتر بەپێی پلان و پێویستی پسپۆڕییەكانی وەزارەتەكان مۆڵەت بدرێ بەخوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ‌ دەرەوەی وڵات.

وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتەكان
هەر لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزارەت بەگرنگیەوە باسی لە سیستمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان كرد و وتی:” بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خوێندكاران لە زوترین كاتدا دەست بەخوێندن بكەن، بەتایبەت خوێندكارانی قۆناغی یەكەم.

ڕاشیگەیاند، دەستپێكردنی دەوامی خوێندكاران لە كاتی خوێدا كارئاسانیمان بۆ دەكات بۆ جێبەجێكردنی چەند سیستمێكی نێودەوڵەتی لە زانكۆكان، بۆ ئەوەش دوای تاوتوێكردنی لایەنەكانی بابەتەكە و خستنەڕوی پێشنیازەكانی لێژنەی باڵای وەرگرتن، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەیدا:

– سیستمی كردیتیت بۆ سەرجەم كۆلێژ و پەیمانگەكان لە زانكۆكان بەردەوام دەبێت، بە ِرەچاوكردنی تایبەتمەندیەتی بەشە پزیشكییەكان.
– بەهۆی ئەوەی زانكۆی چەرمو (بۆلۆنیا پرۆسیس) جێبەجێ دەكات و لە (1-9) دەست بەخوێندن دەكەن، تەنها دەرچوانی خولی یەكەمی ئەمساڵ و ساڵانی پیشتر وەردەگرن، ئەوەش لەسەر داوای خۆیان‌.

ڕێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا
پرسی ڕێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی لە دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەوەرێكی دیكە بوو لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەو بارەیەوە د. خەتاب ئەحمەد شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئاماژەی بەوە كرد، لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوامن لەگفتوگۆكردن.

تایبەت بە زانكۆكانیش وتی، “زانكۆكان تایبەتمەندییان هەیە و هەر یەك لە زانكۆكان پلان و بەرنامەی تایبەت بەخۆیان هەیە و بەرپرسن لە داڕشتنی پەیكەری كارگێڕی خۆیان.

لێژنەی تایبەتمەند ڕوپێوی بۆ زانینی ژمارەكەیان دەكات
لەبارەی پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كە كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە (60%) كەمترە، دوای خستنەڕوی پێشنیازی لێژنەی تایبەتمەند، كە پێشوتر بۆ ئەم مەبەستە دیاریكرابو، دوای گفتوگۆ و وەرگرتنی سەرنج و پێشنیارەكان بڕیاردرا دوای زانینی ژمارەی ئەو كەسانە بڕیار لەبارەی ئەم بابەتەوە دەدرێت.

بایەخدان بە توێژینەوەی زانستی بۆ خوێندكارانی دكتۆرا
سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی لەو زانكۆیانەی كە خوێندكاری دكتۆرایان هەیە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریدا خوێندكاری دكتۆرا دەبێت توێژینەوەیەك لە (پۆمسۆن ریۆتەر) بڵاوبكاتەوە، ئەگەر توێژینەوەی لە (پۆمسۆن ریۆتەر) نەبوو پێویستە دوو توێژینەوە یەكێك لە (سكۆپەس) و ئەوی تریان توێژینەوەیەكی (مەحكەم) بەپێی پێوەرەكانی (نور) تایبەت بە ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان بڵاوبكاتەوە.

بڕیارەكانی تری ئەنجوومەنی وەزارەت تایبەت بە كاروباری زانستی و خوێندكاران
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا و لە تەوەری تایبەت بەكاروباری زانستی و قوتابیان/ خوێندكاران چەند بابەتێك تاوتوێكران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

ئابوری

یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان: بەهۆی دەوامنەكردنی فەرمانبەرانەوە كەرتی وەبەرهێنان پاشەكشەی كردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ

هاووڵاتیان گلەیی زۆریان لە بەڕێكردنی مامەڵەكانیان لە فەرمانگە حكومییەكاندا هەیە، بەهۆی ئەوەی فەرمانبەران بە پێی پێویست دەوام ناكەن و ئەوانەی دەوامیش دەكەن، مامەڵەی هاووڵاتیان ڕاییناكەن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك)، بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگەكان لەگەڵ ئەوەی خۆی زۆرترین كێشە و كەموكوڕی هەیە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان هەر لە”نەبوونی سیستمێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو، بوونی ڕۆتیناتی زۆر، كەمئەزموونی و ناشارەزایی بەشێك لە فەرمانبەران، حساب نەكرد بۆ هاووڵاتیان، بوونی رەشوە و بەرتیل”، بەڵام لەگەڵ قەیرانی دارایدا زیاتر كاروباری فەرمانگەكان پەكیانكەوت و كاریگەرییەكانی تائێستاش ماون.

سەرباری دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆیدا، هێشتا دەوامی زۆرێك لە فەرمانگەكان ئاسایینەبووەتەوە

ئەگەرچی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لابردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بڕیاری ئاساییكردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی دا كە هەفتانە بۆ دوو تا سێ ڕۆژ و ڕۆژانە بۆ سێ تا چوار كاتژمێر كەمیكردبوو، بەڵام هێشتا دەوامی زۆرێك لە فەرمانگەكان ئاسایینەبووەتەوە كە پێویستە لە یەك شەممە تا پێنج شەممە و ڕۆژانە لە كاتژمێر هەشت و نیو بۆ سێی پاشنیوەڕۆ بێت.

كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكەم كۆبوونەوەیدا چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ پابەندبوونی فەرمانبەرانی حكومەت لەسەرەوە تا خوارەوە بە دەوامی ئاسایی و باشكردنی بەڕێوەبردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و نەهێشتنی ڕەشوە و بەرتیل، بەڵام چاوەكان لەسەر ئەوەن ئایا ئەم بڕیارانەش هاوشێوەی بڕیارەكەی كابینەی پێشوو وەك مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێننەوە یان جێبەجێدەكرێن.

لە كاتی قەیرانی دارایی دەوامی فەرمانگەكان لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بە تەواوەتی پەكیان كەوت بەهۆی نەبوونی لێپرسینەوەوە، لەوبارەیەوە وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران دەڵێت “بەهۆی دەوامنەكردنی فەرمانبەرانەوە كەرتی وەبەرهێنان پاشەكشەی كردووە”.

 یاسین مەحمود ڕەشید: بڕیارە نوێیەكەی حكومەت جوڵەی لە فەرمانگەكانی حكومەت و بازاڕدا دروستكردووە

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا چەندجارێك لەسەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەوامنەكردنی فەرمانبەران لە سنوری سلێمانییدا هۆشداری داوەتە حكومەتی هەرێم و باسی لەوەكردووە، كە وەبەرهێنان پاشەكشەی زۆری كردووە بەهۆیەوە سنورەكە زیانی زۆری بەركەوتووە، بۆیە ئێستا گەیشتبینە بە بڕیارە نوێیەكەی تایبەت بە دەوامی ئاسایی فەرمانبەرانی حكومەت و دەڵێت”بڕیارە نوێیەكە لە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەمدا جوڵەی لە فەرمانگەكانی حكومەت و بازاڕدا دروستكردووە”.

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان

ڕۆژی 15ی ئەم مانگە لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا شەش بڕیار دەركران كە دوو بڕیاریان پەیوەندی بە پابەندبوونی وەزیر و بەرپرس و فەرمانبەرانەوە هەیە و دەبێت پابەندی دەوامی ئاسایی بن، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە و بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانییدا زۆربەی فەرمانبەران دەوامی ئاساییان نەدەكرد، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش دەڵێت”بڕیارەكە لە جێگەی خۆیدایە و پێویستە لەكاتی گەڕانەوەی پاشەكەوتیشدا دەوامی بەشێك لە فەرمانبەران لەو كاتەدا لەبەرچاو بگیرێت و بە یەكسانی پاشەكەوت نەگەڕێنرێتەوە، چونكە بەشێك لە فەرمانبەران دەوامییان نەكردووە لەكاتی قەیرانی داراییدا و بەهۆیەوە، وەبەرهێنان بەتایبەتی لە سنوری سلێمانییدا پاشەكشەی گەورەی كرد”.

یەكەمین كۆبوونەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پشتیوانی ئەوەدەكەن كە حكومەتی هەرێم تەواوی مافی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، بەتایبەتی سێ‌ موچەی ئەمساڵیان كە تائێستا دابەشنەكراون، بەڵام دەبێت لیژنەی ورد و شارەزایش لە كابینەی نوێدا چاودێری كارەكانی فەرمانبەران بكەن، چونكە “هەندێكیان بەبێ‌ منەتانە كاردەكەن و وەڵامی هاووڵاتیان نادەنەوە و تەنانەت لەكاتی دەوامكردنیشدا كارێكی ئەوتۆناكەن، بۆیە دەبوو لە كارنامەی حكومەتیشدا باسبكرایە و سزای توند دیاری بكرایە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە مامەڵەی هاووڵاتیان ڕایناكرێت و هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران ناچار دەكەن پەنابەرن بۆ كەسانی سەروو و یان ڕەشووە و بەرتیل”.

“هەندێك فەرمانبەر كارێكی ئەوتۆ ناكەن، بێ‌ منەتانە كاردەكەن و وەڵامی هاووڵاتیانیش نادەنەوە”

وتیشی”دەیان بەڵگەمان لایە، سێ‌ تا چوار ساڵە مامەڵەی بازرگانان لە فەرمانگەكاندا ڕایناكرێت و كاریان لەسەر ناكرێت، كەواتە دەوامبكات یان نەیكات، هیچ سودێكی نییە، چونكە مۆدێلی كاركردنی كەرتی گشتی زۆر كۆنە و وەك سەردەمی عوسمانییەكان مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیاندا دەكەن و هاووڵاتیان ڕۆحیان دەردەچێت تا مامەڵەیەكیان بۆ دەكرێت، هەروەها كێشەی شۆڕنەكردنەوەی دەسەڵات هەیە”.

سەبارەت بە بڕیارەكەی حكومەتیش بۆ سزادانی هەر فەرمانبەرێك ئەگەر پابەندی دەوام نەبێت و مامەڵەی هاووڵاتیان ڕاینەكات، ناوبراو وتی”ئەمجارە حكومەت بڕیارەكەی جێبەجێ‌ دەكات و فەرمانبەران پابەنددەكات بە دەوامكردن و ڕایكردنی كاری هاووڵاتیانەوە و ئەو پاشاگەردانییەی لە ساڵانی پێشوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەبوو، كۆتایی دێت”.

یاسین مەحمود ڕەشید، كە هاوكات یەكێكە لە وەبەرهێنەرە ناسراوەكانی هەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بەوەكرد، دوای بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جموجوڵ كەوتووەتەوە فەرمانگە و بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان”بەشێكی گرنگی كارنامەی حكومەتیش دەوامی ئاسایی فەرمارنبەران بوو، لە كابینەی پێشوودا وەزیر هەبووە، دەوامی ئاسایی نەكردووە، دەبێت كارمەندەكان چۆن دەوامبكەن!”.

ئەگەرچی فەرمانبەران بوونی پاشەكەوتی مووچە و دواكەوتنی مووچەیان كردووەتەپاساوی پەكخستنی كاروباری فەرمانگەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە گوتەی شارەزایانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و عیراق فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بەراورد بە كەرتی تایبەت و هاووڵاتیان بە گشتی خاوەن زۆرترین ئیمتیازن هەر لە بوونی موچەیەكی تاڕادەیەك باش و بوونی چەندین جۆر دەرماڵە كە زۆرێك دەرماڵەی 100%یان هەیە، پێدانی چەندین جۆری سلفە پێیان و دواجار خانەنشینكردنیان، هاوكات كارئاسانی زۆر بۆیان لە ڕووی دەوامكردن بەتایبەت بوونی دوو رۆژ ئۆفی هەفتانە، بوونی پشوویەكی زۆری ساڵانە و هەندێك جار ناوبڕی پشووەكانیش، ئەمە لەحاڵێكدا بەشێكی فەرمانبەران خاوەنی بڕوانامەی بەرز نین و لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەردەم لە ڕووی ئەلیكترۆنی و ئینتەرنێت و كۆمپیوتەر شارەزاییان نییە، كە بەشێكی فەرمانبەرانیش كادری حزبی بوون و بە پاڵپشتی حیزبەكان دامەزرێندراون نەك ئەزمون و بڕوانامە و لێهاتوویی و پێویستی، چونكە زۆرێك لە فەرمانگەكان كێشەی هەڵاوسان و زۆری فەرمانبەریان هەیە، ئەمە وێڕی فەرمانبەرانی بندیوار.

بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ژمارەیەك لە فەرمانگەكان كە ناویان لامان پارێزراوە بەهۆی زۆری ژمارەی فەرمانبەران و ڕێوشوێنی دانیشتنیان نییە بۆیە كەمترین دەوام دەكەن، بەتایبەت كە هەندێك لەوفەرمانگانە زۆرترین كادری حیزبی تێدا دامەزرێندراوە بە بێ هیچ ئەركێكی دیاریكراو.

ئەوە لەكاتێكدا زۆرێك لە دەرچووەكان كە خاوەن پسپۆڕی و شارەزایی زۆرن لە زمانزانی و زانستەكانی كۆمپیوتەردا بەڵام نە لە كەرتی گشتی دادەمەزرێندرێن و نە لە كەرتی تایبەتیش كاریان دەستدەكەوێت.

هاوكات خەڵكێكی زۆر لە كەرتەكانی دیكەی پیشەسازی و كشتوكاڵی و ئازاددا كاردەكەن و دەستكەوتێكی زۆر كەمیان هەیە و هیچ ئیمتیازێكی حكومی نایانگرێتەوە.

هاوكات كارمەندانی كەرتی تایبەت بە خاوەن ئەزموون و زمانزانی و بڕوانامەی بەرز و شارەزایی تەكنۆلۆژیای سەردەمەوە دەوام و كارێكی زۆر بە مووچەیەكی كەم دەكەن كە ئەو موچەیەش لە وادەی خۆیدا وەرناگرن و هیچ ئیمتیازێكی حكومی و تایبەت نایانگرێتەوە.

بۆیە شارەزایانی كارگێڕی پێیانوایە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە كۆی سیستمی خزمەتی گشتیدا بكات لە ڕووی خانەنشینكردنی بەشێك و جێگۆڕكێ بە بەشێكی دیكەیان و گواستنەوەی بەشێكیشیان بۆ كەرتی تایبەت و هاوشانكردنی یاساكانی كار و خزمەت و ئیمتیازات لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت كە بەو شێوازە باری سەرشانی حكومەت سووكتر دەبێت و كاروباری هاووڵاتیانیش ڕایی دەكرێن دەبینە خاوەن سیستمێكی بەرێوەبردنی كەرتی تایبەتی بەهێزیش.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كەمترین مووچەی خانەنشینی دیاری دەكرێت
خەڵك؛ ڕاستی ئەو لیستی مووچەیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرایەوە ئاشكرادەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی چەند ڕۆژێكە لیستێكی نوێی مووچەی خانەنشینان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، كە دەوترێت دوای هەمواركردنەوەی كەمترین مووچە بە 800 هەزار دیاری كراوە و پەڕلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: “هیچ بنەمایەكی نییە”.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە پەڕلەمانی عیراق پڕۆژەیەك بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق ئامادە كراوە و ڕادەستی حكومەت كراوە بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆی، تا لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا پەسەند بكرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لیستێكی مووچە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە لە هەموای نوێی یاسای خانەنشینیدا مووچە بەو جۆرە زیاد دەكرێت، كە بۆ كەمترین مووچە، كە 400 هەزار دینارە بڕی 400 هەزار دیناری تر زیاد دەكرێت و دەبێتە 800 هەزار دینار و بەو جۆرە تا مووچەكە زیاتربێت بڕی زیادكردنەكە كەمتردەبێتەوە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) وتی، “ئەو هەموارەی بۆ یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق ئامادە كراوە تا ئێستا نەگەیشتۆتە لیژنەی دارایی بۆیە ئاگاداری نیم و زانیاریم لەسەر ئەو خشتەیەش نییە”.

لای خۆشیەوە، هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو خشتەیەی بڵاوكراوەتەوە زیاتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەنگی داوەتەوە و هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە.

ڕاشیگەیاند، كە ئەو خشتەیە لەسەر بنەمایەكی گریمانەیی بڵاوكراوەتەوە و ڕاست نییە.

لە ئێستادا لە عیراق یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 بەركارە، كە كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 400 هەزار دینار دیاری كردووە لەگەڵ پێدانی چەند ئیمتیازێكی دیكە بە خانەنشینان وەك وەرگرتنی كۆی مووچەی 12 مانگ لەكاتی خانەنشین بوون و پێدانی دەرماڵەی بڕوانامە و هاوسەرێتی لەكاتی خانەنشینیدا، بەڵام ئەو یاسایە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان لەلایەن پەڕلەمانەوە بەركار نەكراوە.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە هەمواری نوێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراقدا كەمترین مووچە دەكرێت 500 بۆ 600 هەزار دینار و ئەو لێبڕینی خانەنشینییەی پارێزەر دەیدات لەكاتی پارێزەرایەتی هەژمار بكرێت بۆ خزمەتی خانەنشینی لەگەڵ چەند خاڵێكی دیكە لە بەرژەوەندی خانەنشینان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كابینەی نوێ بە بێ ئیسلامییەكان
چارەنووسی ئیسلامییەكان لە دەرەوەی حكومەت بەرەو كوێ؟

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

دوێنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای شەش كابینەی یەك لەدوای یەك بەبێ لایەنە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان متمانەی پێدرا، پرسیاری زۆریش لەسەر چارەنووس و ئایندەی ئیسلامییەكان لەم ڕەوشە ناسازەی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی حكومەت دەكرێت، چونكە ئەوانەی چونە دەسەڵاتەوە پێگەی خۆیان لە ڕووی سیاسی و داراییەوە دەپارێزن، بەڵام ئەوانەی دەرەوەی حكومەت نە دەسەڵات بواری كاركردنی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەیان دەدات، نە خەڵكیش متمانەی بە كاری ئۆپۆزسیۆن و ئەو لایەنانە ماوە، بۆیە ئایندەیەكی نادیار چاوەڕێیانە، بەتایبەت كە لە كاری ئۆپۆزسیۆنیشدا سەركەوتوو نەبوون.

 

ئیسلامییەكان پێكهێنەری ژمارەیەكی زۆرن لە كابینەكای حكومەت
دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكومەت، بزووتنەوەی ئیسلامی وەك یەكەمین هێزی ئیسلامی لە هەرێم بەشداری حكومەتی نەكردو لە كابینەی دووەمیش بەهۆی ململانێكانی نێوانی یەكێتی و پارتی، بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری نەكرد.


لە دوای ساڵی 1996 و لەكاتی ململانێ و شەڕی نێوانی یەكێتی و پارتی دوو كابینەی جیاواز لە هەرێمی كوردستان دروست بوون، بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی لە چەندین كابینەدا بەشدارییان كرد لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا، هاوكات كۆمەڵی ئیسلامی دوای دروستبوونی لە چەند كابینەیەكدا بەشداری كرد، بەشێوەیەك لە كابینەكان هەر سێ لایەن پێكەوە بەشدارییان نەكردووە، بەڵام هیچ كابینەیەك جگە لە كابینەی یەكەم و دووەم بەبێ ئیسلامییەكان پێكنەهێنراوە.

ئاری عەبدوللەتیف پەڕلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەژماری خۆی بابەتێكی لەژێر ناونیشانی “بەرەو حكومەتێكی عەلمانی !”بڵاوكردووەتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات “لەكاتێكدا كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزووتنەوە بەشداری حكومەت نەكەن، ئەوا حكومەت دەبێتە حكومەتێكی عەلمانیی و هیچ كام لە پۆستەكان بۆ حزبی ئیسلامی و كادری ئیسلامییەكان نابێت، ئەمەش شایعە و پێشتر باسوخواسی ئیسلامیبوون و عەلمانیبوون و نەتەوەیبوونی حكومەتی ھەرێم و كابینەكانی ڕابردوو، بوونی ھەبووە، لە بەشدار بوون و بەشدار نەبوونی حزبە ئیسلامییەكان”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئەگەر حكومەت بەبێ ئیسلامییەكان پێكهات، بۆ یەكەمین جار دەبێت حكومەت بێ ئیسلامییەكان پێكبێت و حكومەتیش ئۆتۆماتیكی ناوزەد دەبێت بە حكومەتی بێ ئیسلامیی و ناودێر بە حكومەتی نەتەوەییەكان یان عەلمانییەكان.

ئەمەش لەحاڵێكدایە ژمارەیەك لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە بەشدارینەكردنی ئیسلامییەكان ئەوە ناگەیەنێت كە حكومەتێكی عەلمانی لە هەرێم دروست بووە، چونكە پێشتریش ئیسلامییەكان جگە لە وەرگرتنی ئیمتیازاتی حیزبی و شەخسی كاریگەریی ڕاستەوخۆیان نەبووە لەسەر جێگرتنەوەی ئاین لە كارنامە و بەرنامەی حكومەتدا بەشێوەیەكی كردارەكی و ئاشكرا.

 

ئیسلامییەكان لە حاڵی شپرزەیی كاری سیاسیدا
هەرچەندە دوای هەڵبژاردنەكانی هەرێم، یەكگرتوو بەبێ هاوپەیمانەكانی و تاك لایەنە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 7 كورسی پەڕلەمانی كوردستانە پێی خۆش بوو بەشداری كابینەی حكومەت بكات و لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیشدا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئاشكرایكرد، چاوەڕێی مەرحەبایەكی گەرمی برایانی پارتی دەكەین، بەڵام وەك بینرا پارتی ئەو مەرحەبایەی نەكردن و دواجار و لە ناچاریدا دوێنێ عەبدولستار مەجید سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە دوای پێدانی متمانە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئێستاوە دەبینە ئۆپۆزسیۆنێكی نەترس و چاوتیژ بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، هەرچی بزووتنەوی ئیسلامیشە پارتی بەڵێنی پێدابوون كە بەبێ كورسی وەزارەتێكیان پێ بدات، بەڵام ئەو بەڵێنەش نەچووەسەر.

عەبدوڵلا وەرتێ وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەك بزووتنەوە وتمان با چاوەڕێ بكەین كابینەكە دروست بێت بزانین كێ دەچێتە نێو حكومەت و بەرنامەكانی چۆنە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو سیاسەتە، بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا بڕیار دەدات شێوازی ئۆپۆزسیۆنبوونیان بە پێچەوانەوە چۆنە و بە وردی پڕۆژەی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

ئاشكراشیكرد، بە فەڕمی هیچ داوایەك نەخراوەتە بەردەم بزووتنەوە بۆ ئەوەی بچێتە حكومەت، ئەوەی دەوترا هەواڵی میدَیایی بێ بنەما بوو.

پێشتر بەهمەن كاك عەبدوڵڵا ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی ئیسلامی بە پێدانی بریكاری وەزیر یاخود بەڕێوەبەری گشتی بەشداری حكومەتی داهاتووی هەرێم دەكات، بەڵام وتەبێژەكەی بزووتنەوە ئاشكرایكرد، نە بە وەزارەت و نە لە خوار وەزارەت هیچمان پێنەوتراوە، ئەگەر شتێكی لەو شێوەیەش هەبێت سەركردایەتی بڕیار دەدات بە بەشدار بن یان بەپێچەوانەوە.

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بە فەڕمی نەمانوتووە چاوەڕێی شاندی پارتی دەكەین تاكو بەشداری حكومەت بكەین “بەدڵنیاییەوە ئیسلامییەكانی كوردستان ئەگەر خاوەن پڕۆژەیەكی بەهێزتر بوونایە یاخود پێكەوە بیانویستایە بەشداری سیاسی بكەن قورسایی بەهێزتریان دەبوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئیسلامییەكان لە كوردستان پێویستیان بەوە هەبێت پێداچوونەوە لە خۆیاندا بكەن و ستراتیژیەتی هاوبەش بۆ داهاتوو دابڕێژن”.

ئاشكراشیكرد، دەكرێت بەشدارینەكردنی ئیسلامییەكان لەنێو حكومەت بە قازانجیان بكشێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی بتوانن كاری جددی لەسەر بكەن و پڕۆژەیان بۆ خەڵك هەبێت و بەرگری لە مافی هاووڵاتیان بكەن.

 

پارتی پێی باش بوو یەكگرتوو بەشداری حكومەت بكات
لەكاتی سەردانی شاندی پارتی بۆ لای لایەنەكان سەردانی یەكگرتووی ئیسلامیش كرا، بەڵام پێشتر یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆنی بوونی خۆیان ئاشكرا كرد، ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە پارتی بە فەڕمی پێی خۆش بوو یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری ئەم كابینەیەی حكومەت بكات.

 

یەكگرتوو هاوپەیمانەكانی جێهێشت
محەمەد بازیانی سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پارتی پێی خۆش بوو یەكگرتوو بەشداری حكومەت بكات، بەڵام ئەوان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، كۆمەڵیش حەزی دەكرد بەشدار بێت، بەڵام بەشداری پێنەكرا و وا هەست دەكرێت بە مەبەست بەشداریان پێنەكرد و ئەوانەشی هاوپەیمان بوون لەگەڵ كۆمەڵ بەجێیان هێشت، بزووتنەوەی ئیسلامیش بەداخەوە، یەكگرتوو جێیهێشت و خۆی كرد بە ئۆپۆزسیۆن بەبێ ئەوەی پرس بە ئێمە بكات لەكاتێكدا بەیاسایی لیستی سێ لایەن بوو.

هەرچەندە یەكگرتوو و بزووتنەوە و بزاڤی چاكسازی و گەشە پێكەوە هاوپەیمانی بەرەو ئیسلاحیان بۆ هەڵبژاردنەكان پێكهێنا و بوونە خاوەنی پێنج كورسی، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، یەكگرتوو بێ گەڕانەوە بۆ دوو لایەنەكەی دیكە و ڕێزگرتن لە هەزاران دەنگی ئەو دوو لایەنە، ڕێڕەوی ساسەتی خۆی گۆڕی و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند.

محەمەد بازیانی هاوكات كە سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشەیە لەو بارەوە ڕایگەیاند، ئیسلامییەكان لە حكومەتی داهاتوو ڕۆڵیان نابێت، ئەمەش كێشەیە و ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بن دەبێت كارا بن، كە بەداخەوە نەیانتوانیوە لە پڕۆژەیەكدا كۆببنەوە.

وتیشی”یەكگرتوو ئیسلامخوازانی بێهیوا كرد و خەنجەرێكی دا لە پڕۆژە ئیسلامییەكە، چونكە ئەگەر هەموومان پێكەوە بووینایە پێگەمان بەهێزتر دەبوو”.

هەرچەندە ناوە ناوە سەركردەی لایەنە ئیسلامییەكان باس لە پڕۆژەی هاوبەش دەكەن و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا دوو پڕۆژەی گەورەی هاوهەڵوێستی ئیسلامییەكان شكستی هێنا، بەڵام ئێستاش ئیسلامییەكان داوای یەك پڕۆژەیەكی نێوخۆیان دەكەن.
بازیانی دەڵێت”پێموانییە بەم دۆخەی ئێستای ئیسلامییەكان پێگەیان بەهێز بێت و دەبوو پێكەوە بوونایە، چونكە پڕۆژەیەكی هاوبەشیان نییە و تا ئەو پڕۆژەیەیان نەبێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو دواوە دەڕۆن و تاكو ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ یەك نەكەین، حاڵی ئیسلامییەكان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر ئیسلامییەكان بەم شێوەیە بن متمانەی خەڵكە ئیسلامییەكەش لەدەست دەدەن و متمانەی نێوان خۆشیان لەدەست دەدەن، چونكە كاتێك پێكەوە بین نابێت لەنیوە ڕێگادا یەكتر جێبهێڵین، بەو پێگەیەی ئێستاش هەیانە پێموانییە پێگەیان بەهێزتر بێت ئەگەر كەمتر نەبێتەوە.

حیزبە ئیسلامییەكان لە ماوەكانی ڕابردوودا لە كاری ئۆپۆزسیۆنبووندا سەركەوتوو نەبوون، بەردەوام پێیەكیان لەنێو دەسەڵات و پێیەكەی دیكەیان لە نێو بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بووە، بۆیە چاوەڕێناكرێت لە ئایندەشدا كارێكی وا بكەن كە سەرنجی خەڵك بە لای خۆیاندا ڕابكێشن.
بە تایبەت لەچوار ساڵی ڕابردوودا یەكگرتووی ئیسلامی لە میانەی بەشداری كابینەی ڕابردوو هاوكار و هاوپەیمانی سەرەكی پارتی و یەكێـتی بووە و لە دوای خۆڕاگەیاندنیشی وەك ئۆپۆزسیۆن هێندەی مەیلی بە لای پارتی دیموكراتی كوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێمدایە، هێندە مەیلی بەلای كاری ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەدا نییە، هەرچی كۆمەڵیشە ڕەوشی لە یەكگرتووی ئیسلامی باشتر نییە، هەرچەند لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو هەندێك هەڵوێستی دژبەرانەی دەسەڵاتی هەبووە، بەڵام بێكاریگەر و كورتمەودا بوون، بزوتنەوەش لەنێو حكومەتدابووە، یان لە دەرەوە بێدەنگ بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان