ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سەركردەیەكی یەكێتی: تاوانی نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان لە ئەستۆی كوردە

خەڵك-بەشی هەواڵ

جێگری مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان پێویستی بە یەكگرتوویی نێو ماڵی كورد هەیە.

دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان كشانەوە و تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، لە ئێستاشدا بە پشتگیری چەند سەركردەیەكی عیراقی خێزانە عەرەبەكان كێشە بۆ كوردنیشنەكانی ناوچەكە دروست دەكەن و بەپێی زانیارییەكانیش بە هەزاران دۆنم دەغڵودانی جوتیارانیان لەو ناوچانە سوتاندووە.

محەمەد مەحمود،جێگری مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، داوامان كردووە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان و هەوڵێكی زۆریشمان داوە بەتایبەت لە ڕێگای هەڤاڵانمان لە كەركوك و سەرجەملایەنە سیاسییەكانی دوزخورماتوو، بەشێوەیەك هەر یەكەیان لەلای مەرجەعی سیاسی و مەكتەبی سیاسی حزبەكانیانەوە هەوڵ بدەن بۆ ئەو بابەتە.

وتیشی، “زۆرجار تاوانی سەرەكی نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بۆ خودی كورد دەگەڕێنرێتەوە، كە نەیانتوانیوە یەك هەڵوێست بن بەرانبەر بە گەڕانەوەی پێشمەرگە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تاكو ئێستا ناوماڵی كورد یەك نەبووە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام هێندەی ئێمە ئاگاداربین هەم وەكو لایەنە سیاسییەكان و هەم هاووڵاتیانیش پێیان باشە پێشمەرگە و هێزەكانی ناخۆی هەرێم بگەڕێنەوە.

کوردستان

هەرێم.. سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژی پێنج ئەندامی خێزانێك دەركرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

دادگای تاوانەكان لە شاری هەولێر، سزای لەسێدارەدانی بۆ بكوژی خێزانە كوردە پێنج كەسییەكەی ڕۆژئاوای كوردستان دەركرد.

برزۆ سەعید پارێزەری دۆسیەكە ڕایگەیاند، لە دادگای تاوانەكانی هەولێر، فەرمانی لەسێدارەدان بۆ تاوانباری سەرەكیی دۆسیەی كوشتنی خێزانەكەی گوندی (پیرڕەش)ی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر دەركراوە.

برزۆ سەعید ڕوونیشیكردەوە، بڕیارەكە لە ماوەی 10 ڕۆژدا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بۆ تەمیزكردنەوەی، ڕەوانەی دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان دەكرێت و ئەگەر لەوێوە پەسەند بكرێت، بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكە.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 3/10/2019 خێزانێكی پێنج كەسیی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان، لە گوندی (پیرڕەش)ی ڕۆژهەڵاتی هەولێر تەرمەكانیان دۆزرایەوە كە دایك و باوك و سێ منداڵی بچوك بوون، دواتر هێزەكانی ئاسایشی هەولێر تاوانباری ڕووداوەكەیان دەستگیركرد كە ناوی (ف. ك. ڕ.)ە، دانی نا بە تاوانەكەیدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تۆمەتبارێك لە هەولێر هەڵات و لە سلێمانی دەستگیر كرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەو تۆمەتبارە دەستگیركرا، كە لەلایەن پۆلیسی‌ هەولێرەوە داواكراو بووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەردەقارەمان تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە لەلایەن دادگای‌ تاوانەكانی‌ هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ هەولێرەوە داواكراو بووە.

ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبار ناوی‌ (ع، ع، ف) بەڕەگەز كوردە و لەلایەن دادگای‌ تاوانەكانی‌ هەولێرەوە بەپێی‌ ماددەی‌ ٤٤٣ لەیاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ داواكراو بووە.

پۆلیسی سلێمانی جەختیشی كردۆتەوە، پاش گرتنەبەری‌ ڕێكارە یاساییەكان، تۆمەتبار ڕەوانەی‌ پۆلیسی‌ هەولێر دەكرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كچێك دوای ددان كێشان گیانی لەدەستدا

خەڵك- ئارام سەردار
ئەمڕۆ چوارشەممە ۱۱ی كانوونی یەكەمی ۲۰۱۹ كچێك دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی سۆران دەكات بەمەبەستی ددان كێشان، بەڵام دوای دەرهێنانی ددانەكەی بەماوەیەك گیان لەدەست دەدات.

شەمال دێواری حامد، وتەبێژی پۆلیسی سۆران  بۆ (خەڵك) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ كاتژمێر ۳:۳۰ خولەك ئاگادار كراینەوە بەبوونی ڕووداوێك، كەوا كچێك بەناوی (س.ع.ح ) دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی سۆران دەكات بەمەبەستی ددان كێشان، بەڵام دوای دەرهێنانی ددانەكەی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لەماڵەوە باری تەندروستی تێك دەچێت.

دەشڵێت: “دوای تێكچوونی دۆخی تەندروستی هێناویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەداخەوە لەڕێگا گیانی لەدەست داوە”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، كچەكە خەڵكی ناحیەی سیدەكانە و لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٤ە.

جەختیشی كردەوە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە تەرمەكە ڕەوانەی پزیشكی دادی سۆران كراوە و لێكۆڵێنەوە دەستی پێ كردوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان