ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

بایكۆتی فەرمانبەران بە هۆی زۆركردنی دەوام دەستی پێكرد


خەڵك – بەشی هەواڵ
فەرمانبەرانی هەندێك لە فەرمانگەكانی سلێمانی بایكۆت بەهۆی بڕیاری زیادكردنی دەوام ڕایدەگەیەنن و ئەمڕۆش لەچەند بەڕێوەبەرایەتیەك فەرمانبەران كۆبوونەوە و ئەو بڕیارەیان شكاند و ڕایدەگەیەنن، كە تا ئێستا چارەنووسی مووچەی 3 مانگی ئەمساڵ نادیارە و بەجۆرێكی دیكە پاشەكەوت هەر بەردەوامە.

دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ئاسایی كردنەوەی دەوام و نەهێشتنی تەناوبی داوە و پارێزگاری سلێمانی-یش بڕیاری داوە دەوامی سەرجەم فەرمانبەران لە كاتژمێر 8:30ی بەیانی بۆ 2:30ی پاش نیوەڕۆ بێت، فەرمانبەرانیش بەتوندی ڕەتی دەكەنەوە و دەڵێن: “مافەكانمان خوراوە و دەبێت بۆمان بگەڕێنرێتەوە”.

بەپێی چەند نامەیەك، كە فەرمانبەران بۆ (خەڵك)یان ناردووە لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە ڕەخنەی ئەوە لە حكومەت و پارێزگار دەگرن، كە هێشتا مووچە مانگی ئازار-یان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا لە نیوەی مانگی شەشدان، كەچی بە بڕیارێك دەوامیان بۆ زیاد كراوە.

ئەمڕۆش لەگەڵ جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكە لەلایەن هەندێك فەرمانگەوە، بەشێكی زۆری فەرمانبەران پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون و هۆشداری دەدەن، “ئەگەر دەوامەكە بەوشێوەیە زیاد بكرێت و مووچەكەیان بەو شێوەیە بدرێت، كە سێ مانگیان پێ نەدراوە، بایكۆتی دەوام دەكەن”.

هاوكات، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆیان ڕایانگەیاندووە، ئەمڕۆ یەك شەممە 16-6-2019 لە چەند بەڕێوەبەرایەتیەك فەرمانبەران كۆبوونەوە و توانیان بڕیارەكە بشكێنین و كاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆ دەوام كۆتایی پێهات.

لە ئێستادا لەسەرجەم فەرمانگەكانی سنووری سلێمانی لە ڕۆژی یەك شەممە تا پێنج شەممە دەوام لە 8:30ی بەیانی تا 1ی نیوەڕۆ هەیە، تەنانەت لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان ڕۆژانی شەممەش دەوامە، بەڵام فشاری زیاتر لە فەرمانبەران دەكرێت بۆ زیادكردنی دەوام لەكاتێكدا چارەنووسی مووچەی 3 مانگی ئەمساڵ نادیارە و ئەمڕۆ، كە نیوەی مانگی حوزەیران تێپەڕیوە زۆرینەی فەرمانبەران مووچەی مانگی ئازار-یان وەرنەگرتووە.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی-یەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

ئابوری

پەڕلەمانتارێكی پارتی: كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق هێڵی سوورەو قبوڵی ناكەین


خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت كە ڕێگەنادەن بەوەی مووچەی فەرمانبەران كەمبكرێتەوە و بە هێڵی سوور وەسفی دەكات.

ئەحمەد سەفار پەڕلەمانتاری پارتی كە ئەندامی لیژنەی داراییە لە پەڕلەمانی عیراق لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لەلایەن ڕۆژنامەنووسێكی عیراقییەوە بڵاوكراوەتەوە، دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەوەی ڕێگەنادەن دەستكاری مووچەكانیان بكرێت.

سەفار بۆ فەرمانبەرانی عیراق دەڵێت: “من لەگەڵتانم، من و زۆربەی ئەندامانی لیژنەی دارایی قبوڵی ناكەین دەستكاری مووچەكانتان بكرێت و ئەوەش هێڵی سوورە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نەوت 40 دۆلاری تێپەڕاند و كاتی پێدانی مووچەش نادیارە


خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕۆژ بەڕۆژ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بەهۆیەوە داهاتێكی زیاتر دەست عیراق و هەرێم دەكەوێت، بەڵام تا ئێستا كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەران نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێك، كە ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاویكردۆتەوە، لە بۆرسەی جیهانی نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لە ئێستادا 40 دۆلار و 53 سەنتە، ئەوەش لە كاتێكدایە دوێنێ ئێوارە یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 38 دۆلار و 15 سەنت بوو.

هاوكات ھەر ئەمڕۆ نرخی یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 38 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بە ڕێژەی 12% بەهاكەی بەرزبۆتەوە .

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داهاتی حكومەتی هەرێم، كە زۆرینەی پشت بە نەوت دەبەستێت زیاد دەكات، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەران، سەرەڕای ئەوەی بڕی 400 ملیار دیناریش لە بەغداوە هاتووە بۆ مووچەی فەرمانبەران.

لای خۆشیەوە، د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حكومەت لەمساڵدا 4 مووچەی داوە نەك یەك مووچە و هەر داهاتێكیش بێتە بەردەستمان تەرخانی دەكەین بۆ مووچە، بەڵام لە ئێستادا داهات كەمبۆتەوە، هەرچەندە ماوەیەكە كەمێك نرخی نەوت بەرزبۆتەوە.

هاوكات، زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارەی مووچە لە بەغداوە هاتووە بۆ هەرێم و حكومەتی هەرێمیش لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا، كە هەر پارەیەك بێتە دەستیان ئەولەویەت بۆ مووچە دەبێت.

ڕاشیگەیاند، كە بەدواداچوونمان بۆ پرسی مووچە كردووە و تا ئێستا وەزارەتی دارایی هیچ خشتەیەكی بۆ دابەشكردنی مووچە ڕانەگەیاندووە و هیچ كاتێكیشی دیاری نەكردووە بۆ دەستپێكردنی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پەڕلەمانتارێكی پارتی كاتی ڕێككەوتنی عیراق و هەرێم ئاشكرادەكات


خەڵك- بەشی هەواڵ

لە چەند مانگی ڕابردوودا دانوستانی ورد دەربارەی پرسی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و پەڕلەمانتارێكی پارتی ئاشكرای كرد، لەم مانگەدا ڕێككەوتنی كۆتایی دەكرێت.

ڕێبوار ھادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، دانوستانەكانی پێش جەژن لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا تا ڕادەیەكی زۆر بەرەوپێشڤەچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە و نزیكن لە ڕێككەوتنی كۆتایی.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیارە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراقیش لە ڕۆژانی داھاتوو ڕەوانەی پەڕلەمان بكرێت، ئەگەر بودجە لە پەڕلەمانەوە پەسەند بكرێت، بێگومان پشكی ھەرێمی كوردستانیش دیاری دەكرێت.

وتیشی، “ھەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام بەو مەرجەی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بۆ ئەمساڵ زامن بكرێت”.

ڕێبوار ھادی، ڕوونیشی كردۆتەوە، ھەولێر و بەغدا لەسەر زۆربەی پرسەكان گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، بەڵام ھێشتا ڕێككەوتنی كۆتایی ماوە و ئێمە گەشبینین لە ئایندەیەكی نزیكدا واژۆ بكرێت، كە من پێشبینی دەكەم لەم مانگەدا ڕێككەوتنی كۆتایی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ واژۆ بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان