ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

قوباد تاڵەبانی هۆشداری ئاڵۆزتربوونی دۆخی هەرێم و كەركوك دەدات

خەڵك-بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عیراق كۆبووەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، پێشوازی لە ماپیۆ تۆلیر، باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عیراق كردووە و پێكەوە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركوك-یان تاوتوێ كردووە.

قوباد تاڵەبانی ئاشكرای دەكات، بە باڵیۆزی ئەمریكام ڕاگەیاند، “خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی حكومەتێكن لە ئاست خواست و داواكارییەكانیاندا بێت، كێشەكانی بەغدا و هەرێمیش هەر چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمن”.

وتیشی، “پێویستە كێشەی دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی دوو قۆڵی یەكێتی و پارتی چارەسەر بكرێت، ئەگەرنا پێشبینی دەكەم كێشەكانی هەرێم ئاڵۆزتر بن”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوای كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، مەحمود محەمەد، وتەبێژی ئەو حزبە ڕایگەیاند، “سەرجەم بابەتەكانمان لەگەڵ یەكێتی لەیەك جیاكردۆتەوە، پارێزگاری كەركوك سیغەیەكی بۆ دیاریكراوە، ئەم بابەتە دەكەوێتە دەست سەرۆك بارزانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ”.

لەبەرامبەریشدا لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی وەڵامی وتەبێژەكەی پارتی دایەوە و ئاشكرایكرد، “دەكرێت لەڕووی ئالیەتی جێبەجێكردنەوە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پڕۆسەی دانانی پارێزگاری كەركوك بە دوو ئالیەتی جیاواز بن، بەڵام ئەوەی هاوبەشە و كۆیاندەكاتەوە بەپێی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییەكە ئەو دوو پڕۆسەیە هاوتەریبی یەك دەبن”.

کوردستان

تەندروستی سلێمانی؛ 2 تۆن خۆراكی خراپ و ماوە سەرچوو دەستی بەسەرداگیرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
لیژنەكانی چاودێری تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و رێگریكردن لەخۆراكی نا تەندروست و ماوە بەسەرچوو، لەلایەن لیژنەكانمانەوە دەستگیرا بە سەر نزیكەی 2 تۆن خۆراكی خراپ و ماوە بەسەرچوودا.

لیژنەكانی چاودێری تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) ناردووە ڕایگەیاندووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیراوە بە سەر نزیكەی (۲) تۆن خۆراكی خراپ و ماوە سەرچوودا.

دەشڵێت،”تیمەكانی چاودێری تەندروستی دەستیان گرتووە بە سەر 1 تۆن و ۷۰۰كگم، تیمەكانی مەڵبەندی تەندروستی شەهید عومەر تاڵەبانی ۲۰۰كگم، هەروەها تیمەكانی مەڵبەندی تەندروستی شەهید سەردار-یش 100كگم خۆراكی خراپ و ماوە بەسەرچوودا”.

ڕاشیگەیاندووە، لێپێچینەوەی یاسای لە گەڵ خاوەنەكانیان گیراوەتەبەر و سەرجەمیان خۆراكەكانیش لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە بە شێوەیەكی تەندروست لە ناوبران، داواش لە هاووڵاتیان دەكەن لەكاتی بینینی هەر خواردن و خواردنەوەیەكی نا تەندروست لیژنەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە .

وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.

وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
پارەكەی بەغدا گەیشتە هەرێمی كوردستان

خەڵك- بەشی هەواڵ
بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی كوردستان دەينێرێت، ڕادەگەیەنێت .

ماڵپەڕی ڕووداو لە زاری عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەمە 22-8-2019) پارەكە گەیشتە هەرێمی كوردستان، بەگەیشتنی ئەو پارەیەش دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان خێراتر دەبێت”.

وەزارەتی دارایی هەرێمی كورستان پێش پشووەكانی جەژنی قوربان لە داهاتی ناوخۆ، دەستیكردووە بە دابەشكردنی مووچە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی پارەی مووچە لە بەغداوە، لە چەند رۆژی رابردوودا پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بەخاوی بەڕێوەچوو، ئەمەش كەشێكی بێئومێدی لەنێو توێژی فەرمانبەراندا دروست كرد، بەو هۆیەی كە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی موچە تەنیا پشت بە گەیشتنی پارەی بەغدا دەبەستێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 881 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی، لەو بڕەش 453 ملیار دیناری حكومەتی عیراق ‌و 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سرووشییەكانی هەرێمی كوردستان دابینی دەكەن، ئەوەی تریش لە داهاتی ناوخۆ دابیندەكرێت، بەڵام لە دوای جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پرۆسەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی نائاسایی دواكەوت، ئەمەش وایكرد كەشێكی بێئومێدی لەنێو خەڵكدا دروست ببێت، بەو هۆیەی كە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە حكومەتی فیدراڵ دەبەستێت، نەك بەو داهاتەی كە لەڕێی فرۆشتنی نەوتی ناوخۆ و داهاتە ناوخۆییەكانی ترەوە دەستەبەری دەكات.

لەبارەی دواكەوتن و خاوبوونەوەی پرۆسەی دابەشكردنی مووچەش بەسەر فەرماندبەرانی هەرێمی كوردستان، پێشتر هەڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، هۆكارەكە پەیوەندی بە نەگەیشتنی پارەی بەغداوە هەیە، لەگەڵ گەیشتنی پارە لە بەغداوە، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا دەستپێدەكاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

چەكێكی زۆر دەستی بەسەرداگیراوە
باندێكی مەترسیدار لە پشدەر دەستگیردەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

هێزەكانی باندێكی مەترسیدار لە پشدەر دەستگیردەكەن كە تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە و هەوڵیانداوە ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان لەو ناوچەیەدا تێكبدەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی ڕاپەڕین”پاش بەدواداچون بەدەستهێنانی زانیاری هێزەكانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی پشدەر و بنكەی پۆلیسی راپەڕین باندێكیان دەستگیر كرد كە پێكهاتوون لە دوو كەس و پێشینەیان هەیە لە تاوانكاری و پێشتریش فەرمانی دەستگیر كردنیان هەبووە بە ماددەكانی 14 لە یاسایی ماددە هۆشبەرەكان و 405 لە یاسایی سزادانی عیراقی.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لە كاتی دەستگیركردنی باندەكاندا دەستگیراوە بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف و دوو دەمانچە و چەند ماددەیەكی هۆشبەر لە جۆرەكانی (حەشیش و كریستاڵ و هێرۆین) و دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەك كەلوپەلی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و چەندین كەلوپەلی تر، باندەكەش لە ماڵی یەكێك لە تۆمەتبارەكان دەستگیر كراون”.

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت”پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا باندەكە دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا و بە وتەی خۆیان پێشتر تەقەیان لە خەڵك و ماڵان كردووە، لە ئێستاشدا باندەكە بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 405 لە یاسایی سزادانی عیراقی راگیر كراون و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە”.

پۆلیسی راپەڕین دواجار دەڵێت: “هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانمان بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشی دان بەمەبەستی پاراستنی سەر و ماڵیان و بەرقەراركردنی ئەمن و ئاسایش تا هەموان لەو پێناوەدا ژیانی ڕۆژانەیان دوور لە ترس و دڵەڕاوكێ بەڕێبكەن”.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان