ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

مەسرور بارزانی لە سلێمانیەوە هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەت دەنێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

نوێنەرێكی كریستیانەكان لە پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، مەسروور بارزانی، كە ڕاسپێرداوە لە ماوەی 30 ڕۆژدا حكومەتەكەی پێك بهێنێت، سەردانی سلێمانی دەكات و دواتر سەردانی پێكهاتەكان دەكات و دەشڵێت: “ئێمەش دەمانەوێت بەشدار بین لە حكومەتدا”.

كلارا عودیشۆ، سەرۆكی فراكسیۆنی كلدانی لە پەڕلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، “كریستیان بڕیاریان داوە بەشدار بن لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای سەردانی مەسروور بارزانی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی، كە بەشداری لە حكومەتدا دەكەن، سەردانی پێكهاتەكانیش دەكات و گوێ لە داخوازی و داواكاریی پێكهاتەكان دەگرێت”.

ڕاشیگەیاندووە، لە پەڕلەمان سەرۆكی لیژنەیەكمان وەرگرتووە، بە تەئكید بەشداری لە حكومەتیشدا دەكەین.

وتیشی، “حكومەتی داهاتوو، حكومەتێكی بەهێز دەبێت، ئێمەش وەكو پێكهاتەكان پشتگیری لەو حكومەتە دەكەین و بە حكومەتی خۆمانی دەزانین، چونكە باوەڕێكی گەورەمان بە مەسرور بارزانی هەیە، كە ئەو كێشانەی هەن چارەسەریان بكات. هەروەها ئێمە وەكو پێكهاتەكان باوەڕێكی زۆرمان بە مەسرور بارزانی هەیە، كە هەندێك هەنگاوی باش بۆ پێكهاتەكان بنێت بۆ ئەوەی پێكهاتەكان زیاتر باوەڕیان بە هەرێمی كوردستان هەبێت”.

کوردستان

بەڤیدی..داواكاری گشتی چالاكییەكانی ساڵی ڕابردوو ئاشكرا دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی داواكاری گشتی ڕایدەگەیەنێت، داواكاری گشتی دەزگایەكی چاودرێری زۆر گرنگە لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە میانی پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی دەوڵەت.

ئازاد حەسەن سەرۆكی داواكاری گشتی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەوڵمان دا داوكاری گشتی بكەینە خزمەتكاری مافی گشتی و توانیومانە بەرەنگاری گەندەڵ و گەندەڵكاران ببینەوە لە ڕێگای تۆماركردنی داوا لەسەریان بە ڕێككەوتن لەگەڵ دەستەی نەزاهە و شارەوانییەكان.

وتیشی”چۆن لە شاخ پێشمەرگەكان بەرگریان لە كوردستان دەكرد و خۆیان دەكردە قوربانی، دەبێت بە هەمان هەناسە كار بكەین بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵ و گەندەڵكاران”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پڕۆتۆكۆڵمان لەگەڵ دەستەی نەزاهە واژوو كردووە بۆ ئەوەی بتوانین كار بكەین لە بواری نەهێشتنی گەندەڵی و پاراستنی مافی مرۆڤ و بەڵێن دەدەینە كابینەی نۆیەمی حكومەت كە بە كابینەی چاكسازی دەناسرێت درێغی نەكەین لە بەگژاچوونەوەی گەندەڵ و گەندەڵكاران.
س.ع

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وردەكاری پلانی پارتی بۆ كۆنگرە ئاشكرادەبێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كۆنگرەی ئەمجارەی پارتی دەبێتە كۆنگرەیەكی نەوعی و خوێنی نوێ دێتە ناو سەركردایەتی پارتی.

دوای چەندین ساڵ لە وادەی خۆی، دوێنێ سەركردایەتی پارتی بڕیاریدا ئەمساڵ كۆنگرە ببەستێت، هەرچەندە بڕیار بوو لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو كۆنگرەكەی ئەنجام بدایە.

عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیای فەڕمی حزبەكەی ڕاگەیاند، بڕیاردراوە ئەمساڵ كۆنگرەی 14ی پارتی ئەنجامبدرێت و لیژنەیەكی باڵا دروست كراوە بۆ دانانی ئالیەتی ئەنجامدانی كۆنگرە.
وتیشی”لیژنەكە لەمەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی پێكهاتووە و چەندین لیژنەی تر دروست دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ڕای ئەندامانی ئەنجومەنی سەركرایەتی وەرگیراوە و لیژنەكە دیاری دەكات كەی كۆنگرە ئەنجامبدرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كۆنگرەی پارتی بەپێی هەلومەرجی ئێستا دەبێت و گۆڕانكاری لەپەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی دەكرێت، هاوكات بەرچاومان ڕوونترە بۆ ئێستای عیراق و هەرێم و ناوچەكە و هەوڵدەدەین كۆنگرەی ئەمجارە نەوعی بێت.

ڕوونیشیدەكاتەوە، خوێنی تازە دێتە ناوسەركردایەتی پارتی، و پارتی حزبی هەموو توێژەكانە بە كورد و ئەوانەی لەكوردستانیش دەژین.
س.ع

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دەستووری سووریا بەبێ بەشداری لایەنە سەرەكییەكان دەنووسرێتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەندامێكی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو دەستوورەی بڕیارە بۆ سوریا بنووسرێتەوە هەمووی گاڵتەپێكردن و كات كوشتنە.

هەرچەندە سوریا تاكو ئێستا دەستوەردانی دەرەكی تێدایە و بە بەردەوامی شەڕی نێوان وڵاتە زلهێزەكان و هاوپەیمانەكانیان بوونی هەیە و ڕۆژانە هاوڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی، بەڵام وڵاتانی زلهێز دەیانەوێت بە ئەجێندای خۆیان دەستورێك بۆ سوریا بنووسرێتەوە.

فەتحوڵڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەبێت حاڵەتێكی دامەزراو و ئارام لەو وڵاتە هەبێت و چارەسەری سیاسی هەبێت، پەڕلەمان و حكومەتێكی هەڵبژێردراو بوونیان هەبێت، ئەوكاتەدەتوانرێت دەستور بنووسرێتەوە، ئەو دەستوورە بۆ گاڵتەپێكردن و كوشتنی كاتە و هیچی تر نییە.
وتیشی”بڕیارە دەستوری سوریا لە ساڵی 2022 بنوسرێتەوە، ئێستا زووە باسی دەستوور بكرێت، چونكە بەشێك لە جوگرافیای گەورەی وەكو كورد لێی بەشدار نین، هێزی سەرەكی لێی بەشدار نییە، ئەمە ڕێككەوتنی ئێرانی و توركی و ڕووسییە، تەنانەت سوریاش پێوەی پابەند نییە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هیچ لایەنێك بەو دەستوورە پابەند نییە، كاتێك هێزە گەورە و بچوكەكان پابەند دەبن بە دەستوورەوە كە بەشدار بن و چارەسەری سیاسی بێتەدی و دەستوەردان و شەڕ و ئاژاوە ناوخۆییەكان كۆتاییان پێبێت، ئەگەرنا لە كوێ دەتوانرێت دەستوور بنووسرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان