ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان پرسی تەواوكردنی وەزارەتەكان تاوتوێ‌ ناكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتاریكی هاوپەیمانی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عیراق، پرسی پاشماوەی كابینە وەزارییەكە تاوتوێ‌ ناكات.

ئەمڕۆ شەممە، مەها جەنابی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، تەواوكردنی پاشماوەی بابەتەكانی دانیشتنی پێشوو دەبێت و بڕگەی تەواوكردنی پاشماوەی كابینە وەزارییەكە لەخۆناگرێت”.

بە وتەی جەنابی:”لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، بابەتی ئەمیندارەكان و پەیوەندییەكان و چەند بابەتێكی تر تاوتوێ‌ دەكرێن، تا ئەندازەیەكی زۆريش هاوشێوەی دانیشتنی پێشوو دەبێت”.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت، لە سەرەتاوە پێمانوابوو پرسی تەواوكردنی پاشماوەی كابینە وەزارییەكە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام لەبنەڕەتدا لە كارنامەكەدا دانەگیراوە و تاوتوێ‌ ناكرێت.

وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر متمانەبەخشین بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، بەڵام تائێستا وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و داد و پەروەردە پڕنەكراونەتەوە و بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، هۆكاریی ئەمەش بە بۆچوونی چاوێرانی سیاسی، ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان و ڕێنەكەوتنیانە لەسەر ناوی ئەو كاندیدانەی بۆ ئەو وەزارەتانە پێشكەش دەكرێن.

ئابوری

“بودجەی تەواوكاری دابەش دەكرێت”

خەڵك – بەشی هەواڵ

 

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دانانی نرخی كەمی خەمڵێنراوی نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2019دا، پارەی زیادە چووەتە سەر بودجەی وڵات و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بەدابەشكردنی بودجەی تەواوكاری دەكرێت.

ئەحمەد سەفاڕ بڕیاردەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، نرخی نەوت لە پڕۆژە یاساكانی بودجەدا لەلایەن پسپۆڕان بەخەمڵێندراوی دادەنرێت تا هاوسەنگ دەبێتەوە ئەگەر بەرزبوونەوە یاخود نزمبوونەوەی نرخ لەبازاڕەكانی جیهان ڕووبدات، لەئێستاشدا پارەی زیادە هەیە بەهۆی ئەوەی نرخی یەك بەرمیل نەوت لەبودجە بە 56 دۆلار دانراوە و ئێستا نرخی نەوت زۆر زیاترە لەو نرخە و ئەو پارانەش دەچێتە چوارچێوەی بودجەی تەواوكاری.

بڕیاردەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، دابەشكردنی بودجە تەواوكاری لەپسپۆڕیی وەزارەتی دارایی و پلاندانانە و ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕۆڵی دەبێت لەو دابەشكردنە و شێوازی دابەشكردنەكە بەپێی ئەو ناوچە و پارێزگایانە دەبێت كە لە بودجەدا پشكیان كەمبووە و هەروەها بەشێك لەو پارانە بۆ پڕۆژە گرنگەكان تەرخان دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ژمارەیەكی زۆری حاجیان بەڕێگەی وشكانی گەیشتنە سعودیە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەستەی حەج و عومرەی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 1880 حاجی عیراقی لەڕێی مەرزی عەرعەری سنورییەوە چوونەتە سعودیە.

حەسەن فەهد كینانی، وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “یەكەم كاروانی حاجیا بۆ مەككە و مەدینەی پیرۆز، لە پارێزگاكانی دیالە و واست و دیوانیە و موسەننا و ئەنبارەوە، لەڕێی مەرزی عەرعەرەوە بووە”.

بە وتەی كینانی، “بەشی یەكەمی حاجیان لە 20 كاروان پێكهات، كە بەسەر 80 نەفەرهەڵگردا دابەشكران، لە هەر كاروانێكدا دوو بەڵێندەر و یاریدەدرێكی بەڵێندەر و دوو ڕێبەری ئاینیان لەگەڵ بووە”.

ئەو بەرپرسەی دەستەی حەج و عومرەی عیراق دەڵێت: “مەرزی عەرعەر لە ساڵی داهاتوودا بەڕووی عومرەكاراندا دەكرێتەوە و یاریدەر دەبێت بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە عومرەكارە عیراقییەكان لەڕێی وشكانییەوە سەردانی مەككە و مەدینەی پیرۆز بكەن”، وێڕای ئەوەش ئاماژەی بە كرانەوەی مەرزەكە كرد بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عیراق و سعودیە، كە پاڵپشتییەكی تر دەبێت بۆ ئابوری نیشتمانی.

پێشتر خالید عەتیە، سەرۆكی دەستەی حەج و عومرەی عیراق ڕایگەیاندبوو، مەرزی عەرعەر لە وەرزی داهاتووی عومرەدا بەتەواوەتی كراوە دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عەبدولمەهدی ئەنجامی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بارزانی ئاشكرا كرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵدا دەخاتەڕوو.

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد”.

بەپێی بەیاننامەكە، “مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێداگری لەسەر سەردانی بەغدا كردۆتەوە، وەك یەكەم وێستگەی سەردانەكانی لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت و جەختیشی لەسەر ئامادەیی حكومەتی هەرێم كردۆتەوە بۆ كاریی هاوبەش و هەماهەنگی و پتەوكردنی پەیوەندییە ئەرێنییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ لەپێناو چارەسەكردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستور”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “عەبدولمەهدی لای خۆیەوە خۆشحاڵی دەربڕیوە بە دروستبوونی كەشی هەماهەنگی و لێكگەیشتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان، لەپێناو پتەوكردنی یەكترتەواوكردن و چارەسەكردنی كێشە و گیروگرفتەكان، كە دەبێت لە بەرژەوەندی هەموو عیراقییەكان بێت و لەژێر چەتری دەستور و یەكێتی و یەكڕیزی گەل و یەركپارچەیی خاكی عیراقدا بێت”.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدڕاڵ كۆبووەوە و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ‌ كرد و لە دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمان، كە دواین وێستگەی گەشتەكەی بوو ڕایگەیاند، كە “پەیامی هەرێمی كوردستانمان بە بەغدا گەیاندووە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان