ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

یەكێتیەكان، نوێبونەوە یان مەرگی یەكێتی هەڵدەبژێرن

ژوان ئەحمەد

لە 28 ساڵی رابردودا، هەرگیز روی نەداوە یەك حزب تەواوی دەسەڵاتەكان لە كوردستان بەدەست بهێنێت‌و حزبەكانی تر ناچار بە بەشداری یان چونە دەرەوە بكات لە دەسەڵات‌و حوكمڕانی، بە تایبەت بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هەمیشە یاریكەرێكی سەرەكی بوە لە سیاسەت‌و پەیوەندی‌و حوكمڕانی.

زۆر نوسراوە‌و زۆر وتراوە لەسەر پارتی كە مۆنۆپۆڵی دەسەلاتەكان دەكات، بەڵام ئایا سوچەكە تەنیا هی پارتی یە؟؟ ئەگەر پارتی ئەوەندە زاڵ‌و باڵادەستە ئیتر بۆچی گلەیی لێ بكرێت؟؟

بەڵام یەكێتی بۆچی پلە دوە‌و تا كەی یەكێتیەكان بەم پلە دوەمیە قایل دەبن كە سەركردایەتی یەكێتی بەسەر حزبەكەیدا سەپاندوە؟

یەكێتی لە سەرەتای دامەزراندن، خاوەنی باشترین كادر‌و بنكەی جەماوەری، قارەمانترین هێزی پێشمەرگە، چاونەترسترین رێكخستن بوە، ئێستاش بنكە جەماوەریەكەی بەهەمان شێوە ئیش دەكات، بەڵام ئەوەی جیاوازی دروست كردوە دوو لایەنە:

1- بونی سەركردایەتیەك كە بە تەواوی لە ئاكاری حزبی لایداوە، لە خەڵك دوركەوتۆتەوە، ئاشنا نیە بە پێداویستی‌و خەم‌و خواستەكانی خەڵك.

2- خەڵكی ئاسایی لە یەكێتی تۆراوە بە هۆی هەڵەكانی یەكێتی‌و هەندێ روداوی وەك دروست بونی حزبە پۆپۆلیستەكان.

یەكێتیەكان چی ئەكەن؟

ئیدی ئەوە بۆتە راستیەكی حاشاهەڵنەگر، بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی، گشت بەرژەوەندیەكانی حزبەكە‌و خەڵكیش دەكەنە قوربانی بەرژەوەندی‌و بازرگانیەكانیان لە هەولێر‌و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بۆیە ئێستا چارەنوسی یەكێتی لە تونێلێكی تاریك‌و دوڕیانێكی چارەنوسسازدایە‌و پێویستە بنكەی جەماوەری، ئەنجومەنی ناوەند‌و مەڵبەندەكان هەڵوێستی جدی بنوێنن لە ئاستی ئەم دۆخە هەستیارە‌و چی زووە داوای كۆنگرەیەكی گۆڕانكاری‌و دور لە گزی بكەن بۆ نوێكردنەوەی یەكێتی.

نوێكردنەوە بە مانای هێنانەپێشی كوڕ‌و كچی سەركردەكان نا، بەڵكو بە مانای هاتنی ئەقڵی باشتر بۆ ناو سەركردایەتی یەكێتی، ئەقڵێك كە نزیك لە خەڵك‌و خواستی خەڵك بێت، ئەقڵێك وابەستەی گیرفان‌و كۆنتراكت نەبێت.

سەركردایەتی یەكێتی ئیدی تەمەنیان هەڵچوە، بەشێكیان لە كەناری مەرگدا وەستاون، ماندوو بون‌و جگە لە رستەكانی سەردەمی شۆڕش، هیچی نوێیان پێ نەماوە بۆ وتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رابردویەكی رێزلێگیراویان هەیە‌و پێویستە یەكێتیەكان نەهێڵن لەوە زیاتر رابردوی خۆیان‌و یەكێتیش خراپ بكەن.

سەركردایەتی یەكێتی، هەڵەیان كردوە، خراپیان كردوە‌و بەرپرسیارن لەم مۆدێلە خراپەی حوكمڕانی، بەرپرسن لەم دۆخە ناهەموارەی یەكێتی تێكەوتوە، بەڵام پێویستە رێگە بگیرێت لەوەی هەڵەی تر بكەن كە گەورەترینیان هێنانە پێشەوەی نەوەكانیانە.

یەكێتی داهێنەربوە، لە بناغەكەیەوە كە كۆمەڵەی رەنجدەران بوە، لەسەر بەرپرەچدانەوەی مۆدێلی كۆنی حزبایەتی‌و رەت كردنەوەی بنەماڵەیی دروست بوە، بەڵام ئێستا سەركردەكانی یەكێتی گەراونەتەوە خاڵە دژەكەو خەریكی بنەماڵەیی كردنی یەكێتین كە ئەمەش گەرانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا‌و راگەیاندنی مەرگی یەكێتی یە، خۆ ئەگەر ئەوەش مسۆگەر نەكەن كە نەوەكانیان پێگەیان لەم حزبەدا نەبێ، دڵنیام كەسیان ئامادە نابن بچنە كۆنگرەیەكەوە كە نەك كوڕ‌و كچەكانیان بەڵكو خۆیشیان ترسی دەرنەچونەوەیان لەسەر بێت.

دانانی نەوە‌و مناڵی سەركردەكان لەناو سەركردایەتی یەكێتی، مانای دانانی توانا‌و لێوەشاوەیی‌و گەنج نیە، بەڵكو دانانی نەوەیەكی تەمەڵ‌و گەورەبوو بە شیرینی باوكانە كە هیچ تاڵیەكیان نەچەشتوە‌و چارەنوسی یەكێتی بەلایانەوە گرنگ نیە، سەرەنجام نە خزمەت بە یەكێتی‌و نەخزمەتیش بە راست كردنەوەی باری لاری حزبایەتی لە كوردستان دەكات، چونكە ئەو نەوەیە درێژكراوەی رێگەی بەرژەوەندی باوكیانن‌و بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە دێنە كایەوە.

یادی یەكێتی بەسەرچوو، قسە گەرمەكان لەسەر كۆنگرە ساردبونەتەوە، بەڵام دەبێ جەماوەری یەكێتی لە ئۆرگانەكانەوە ئەو رەوتە خاو نەكەنەوە‌و فشار بكەن، چونكە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی رێگری بكات لە كۆنگرە‌و ئێمەش بەدیار مەرگی هێ,اشی یەكێتیەوە دۆش دامێنین، چونكە تا دێت یەكێتی دەبێتە قالۆرێكی جوان لەدەرەوەو ناوێكی بۆش‌و بێ ژیان، ئێمەی كادریش ئەوەمان ناوێ‌و بەرپرسیار دەبین لە ئاست كێلی شەهیدان‌و ویژدانی مام جەلا‌و مێژووی یەكێتی.

وتار

“میدیای ئەمریكی باس لە چەكی كیمیایی دەكات”

لوقمان غەفوور

ڕۆژنامە و سایت و تەلەفزیۆنەكانی ئەمریكا ڕۆژی ١٨ی ئۆكتۆبەر، باسیان لە ئەگەری بەكارھێنانی چەكی فسفۆر و كیمیایی دەكرد كە توركیا لەم دوو ڕۆژەدا بەكاری ھێنابێت.

ئەویش دوای ئەوەی پشكنینی پسپۆڕانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نێو سوریاوە ڕاپۆرتێكی لەو ڕووەوە پێشكەش بە كۆشكی سپی كردووە و كۆشكی سپی – یش ڕادەستی دەسەڵاتی چوارەمی ئەمریكا و ئەوروپای كردووە.

توركیا بەم كارە نامرۆییەی دەكەوێتە ناو قەفەزی تاوانی جەنگ دژی مرۆڤایەتی. دەكەوێتە بەر لێپێچینەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەمەش وادەكات كاری ھێرشكردنە سەر ڕۆژئاوا لەسەری قورس تر بێت.

مەسەلەی ساغبوونەوەی چەكی كیمیایی لەسەر توركیا ئەگەر لەئێستاشدا نەبێت بە كێشەیەكی گەورەی تاوانی جەنگ، ئەوا ئەمریكا ھەمووی بۆ كۆدەكاتەوە بۆ ئایندەیەكی نزیك. توركیا زەحمەتە لەم گێژاوە ڕزگاری بێت، چونكە ئەندامی ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوییە كە ژمارەیان ١٨٩ ئەندامە.

ئەگەر ململانێ نێودەوڵەتییەكان كاری لێپێچینەوە تێكنەدات وەك ساڵی ٢٠١٧ كە بەرامبەر سوریا كراو و تۆمەتباركرا بەوەی چەكی كیمیاوی بەكارھێناوە و دواتر ڕوسیا ڤیتۆی كرد لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوا پێدەچێت بڕیارێكیش دەربارەی توركیا دەركرێت.

ئەوكات ئەو قسەیەی دیڤید فرۆم نووسەری گۆڤاری ئەتلەنتا كە ھەفتەی پێشوو لە وتارێكدا نووسی:”ساڵێكی تر توركیا ئەبێت ئاوات بە دۆخی سوریا بخوازێت” دەبێت بە ئەگەرێكی ڕاست.

مانشێتی ئەو ڕاپۆرت و ھەواڵانەی ئەمڕۆ باسیان لە بەكارھێنانی چەكی فسفۆر و كیمیایی دەكرد:

ڕۆژنامەی زە تایم: ئەگەر ھەیە توركیا چەكی فسفۆڕی دژ بە ھاوڵاتییە مەدەنییە كوردەكان بەكار ھێنابێت.

ڕۆژنامەی ھێڵ: ئەردۆغان بەھۆی چەكی قەدەغەكراوەوە وەك سەدامی لێدێت.

یو ئێس تودەی: دەشێت چەكە ترسناكەكەی بەكارھێنابێت.

تەلەفزیۆنی ئەی بی سی: توركیا وادەركەوێت چەكی كیمیايی بەكارھێنابێت بەرامبەر خەڵكی سيڤيل لە سوریا.

فۆڕن پۆلسی: وادەرەكەوێت بەكرێگیراوەكانی توركیا چەكی فسفۆڕیان بەكارھێنابێت بەرامبەر بە مەدەنی.

ناشناڵ ڕیڤیو: پشكنینیەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەریدەخەن كە چەكی كیمیایی بەكارھاتبێت لەلایەن ھێزی توركیاوە لە سوریا.

بزنس ئینسایدەر: توركیا دەشێت چەكی كیمیاوی بەكارھێنابێت بەرامبەر كوردەكان.

نیوزویك: توركیا تاوانبارە بە تاوانی جەنگ دوای ئەوەی گوماندەكرێت فسفۆڕی بەكارھێنابێت دژی كوردەكان لەسوریا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

كورد و تورك؛ پایەماڵی سیاسی و ناهامسایی نەژادی

 د. موئمین زەڵمی

بە درێژای سەدان ساڵ هەردوو نەتەوەی كورد لە ناكۆكی و ململانێ و دانەجیڕە و تەنانەت شەڕ و كاولكاریدا بوون، بۆیەش دەڵێم كورد و تورك، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەرچوار وڵاتەكە (عێراق و ئێران و سوریا و توركیا) پەیوەندییەكانی كورد و تورك بخەینەڕوو، ئایا كێشەكە هەژموونی سیاسی و پایەماڵی مافی نەتەوەییە، یان پێكەوەهەڵنەكردنی كۆمەڵایەتی و ناتەبایی هامساییە كە كاریگەری لەسەر ڕەوشەكە توندتر كردۆتەوە.

بە گوێرە ئەوەی كە ژمارەی هاوڵاتیانی كورد لە باكوری كوردستان لە كوردەكانی پارچەكانیتری كوردستان زیاترە، زۆرترین چاو دەخەینە سەر ئەم پارچەیە و راستییەكی حاشاهەڵنەگریشە كە ناكۆكی و ململانێكانی كورد و تورك لە توركیادا كاریگەری گەورەی لەسەر تێكرای دووركەوتنەوەكانی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە هەبووە و دەبێت، چونكە هەم بەریەككەوتنەكان زۆرترن و هەمیش زۆرینەی لێكۆڵەرە سیاسیەكانی چارەسەری كێشەی كورد و تورك بە ئەنكەرەوە دەبەستنەوە، یانی ئەو چەند ساڵەی كە پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا هەبووە بە زەمەنی كەمبوونەوەی ململانێ و سەرەتاتكێكانی نێوان دوو نەتەوەكە زانراوە لەسەر ئاستی هەموو پارچەكانیتر.

ئەوەی لە توركیا بینراوە و زانراوە پایەماڵی مافی نەتەوەیی و بەرزكردنەوەی كێرڤی رەگەزپەرستی بووە، ئەوەتا توركیا گەورەترین كێشەی بووەتە قەزیەی كوردی و كوردیش گەورەترین كێشەكانی هەر لەناو توركیادایە.

كاتێ دەڵێین كێشە دەبێ ئەوە تۆخ بكەینەوە كە لە قوتابخانەی سەرەتایی و خوێندن بە زمانی دایكەوە كوردەكانی توركیا كێشەیان هەیە تا دەگاتە دینداری و بازرگانی و گەشتیاری و بازاڕگەری و ڕۆشنبیری و دیوێكی تەواو داگیرساوی كۆمەڵایەتی، درك بەم راستیانەی كە ناكۆكی نێوان كورد و تورك لەگەڵ ئەوەی مێژینەیە بەڵام زۆر قووڵیشە و بەیەكداچوونی ئەو دوو نەتەوەیە هەر بە ناتەندروستی ماوەتەوە و گەورە سیاسەتوان و لێكۆڵەرانی هەردوولاش ئەوەیان باش روونكردۆتەوە كە تا زەمینەی كۆمەڵایەتی وئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە نێوان كورد و توركدا نەڕەخسێنرێت، ناتوانرێت ئاشتەوایی سیاسی بەرقەرار بكرێت.

لە یەكێك لە دوایین لێدوانەكانیشیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەگەڵ باسكردنی ناكۆی دووسەد ساڵەی ئەم دوو نەتەوەیە، هەوڵی نێوەندگیری نێوان كورد و تورك بە یەكێك لە بژاردەكان دەزانێت. لە لایەكیتریشەوە لە دوایین پەیامی خۆیدا عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكاری كوردستان كە لە ئیمراڵییەوە پەیامەكەی بڵاوكردۆتەوە بە روونی ئەم پرسە شیدەكاتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2019 ، پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامەكەیان بڵاوكردەوە، كە باس لە ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكات، ” وەك نیشانەیەكی مێژوویی، تورك بێ كورد و كورد بێ تورك نابێت، كاتێك لە میزۆپۆتامیا كورد نەمێنێت، لە ئەنادۆلیش شتێك بەناوی توركیا نامینێت و هەبوون و پێشكەوتنی كورد بە بەهێزبوونی توركەكانەوە خاوەن هەموو واتایەكە.

” ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان جەختیكردووەتەوە، گۆڕانكاریی دیموكراتی بە بەشداری هەموو كۆمەڵگا دەكرێت، پێویستە ڕێبازی خانەوادەپەرەستی، خێڵ پەرەستی و عەشیرەت پەرەستی سەرەڕاست بكرێتەوە و بنەماش چارەسەریی سیاسەتی دیموكراتییە. نزیكەی دە ساڵە بارودۆخی سیاسی سوریا شێواوە و بە تەنیشتییەوە جۆرێك لە دەسەڵاتی خۆسەری بۆ كورد لە رۆژئاوای كوردستان هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی كە بەریەككەوتنی كورد و تورك راستەوخۆ نەبووە، بە پێچەوانەوە بەریەككەوتنی كورد و عەرەبەدۆستەكانی توركیا گەرمتركراوەتەوە كە توركیا بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی ناوخۆی خۆی و مەترسی لە دروستبوونی هەرێمێكی تری كوردی لە رۆژئاوای كوردستان بە روونی ڕاگەیاندووە و ئەمەشی نەشاردۆتەوە، توركیا زۆر نالەبارانە پێی وایە كە ئەگەر كورد لە رۆژئاوا بەهێز بێت ئەوا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ناوخۆی توركیا، ئەمەش دەكرێت وەك فاكتێكی سیاسی بخوێنرێتەوە، بۆیەش لە چەند ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵەكانی توركیا بۆ ئەوە بوون كە كورد لە سوریادا لاواز بكات، چەندین رێگای جیاوازیشی گرتۆتەبەر، هەر لە هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی نێوان كورد و كوردەوە تا پشتیوانی نەیارانی كورد لە رۆژئاوا و بەهێزكردنی هێزە ئیسلامییە چەكدارەكانی سوریا، و لە تۆخكردنەوەی جیهادەوە تا بنەما دینییەكانیتر، دواترینیشییان ستراتیجی سیاسی و سەربازی و بەدەستهێنانی رەزامەندی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی.

توركیا لە سەرەتای روداوەكانی سوریاوە كێشەی گەورەی ئەوەیە كە بەرژەوەندییەكانی لە گەڵ ئەوانیتردا ناگونجێت و خۆشی ناتوانێت رێگەی خۆی بگرێتە بەر بۆیەش وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد توركیا هەوڵی زۆریدا پێش ئۆپەراسیۆنەكە و تا ئەوەش كە گڵۆپی سەوزی بۆ كرا شتی زۆری بەخشی، بەڵام توركیا بەهێزترین ستراتیجێك كە توانی پشتیوانی ئەمریكای وەك زلهێزی گەورە پێ بەدەستبهێنێت.

ئەوە بووە كە بە روونی رایگەیاندووە كە پارتی كرێكارانی كوردستانی -پەكەكە تەنها كاتێك دێتە سەر مێزی ئاشتی كە یەكینەكانی پاراستی گەل- یەپەگە لاوازبیت لە سوریا.

لە عێراقیشدا كە تاكە هەرێمی فیدراڵی كوردی هەیە ئەزموونی كێشە و ناكۆكی و ناتەبایی نێوان كورد و تورك مێژینەیە، بەڵام ئەوەی وایكردووە كەمتر ئەم ناكۆكییانە رەنگبدەنەوە یەكەم ئامادەگی كورد بووە بە بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا و لە لایەكیتریشەوە ئەو پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و ئەكادیمیەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا هەیە، چونكە لە لایەك دڵنیاییدان بووە بە توركیا كە هەرێمی كوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، لە لایەكیتریشەوە بەرزكردنەوەی سەقفی هەماهەنگی كلتوری و فەرهەنگی نێوان هەردوو نەتەوەكە و هەردوو دەسەڵاتەكە بووە تا ئەو ئاستەی پۆستی باڵای حكومیش دراوەتە توركمانەكان، نریككردنەوەی ئامانجە هاوبەشەكانیش لە كەركوك و ئەو ناچانەیتردا كە توركمانەكانی تێدا نیشتەجێن باشترین بژاردەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی بووە.

هەرچی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هەیە، ئەگەرچی زەمینەیەكی كۆمەڵایەتی لەبار بۆ پەیوەندی نێوان هەردوو نەتەوەی كورد و تورك لە پارێزگاكانی ئێراندا نیە بەڵام هەوڵە شەڕانگێزییەكانی زۆر تۆخ نەكراونەتەوە، گومان لەوەدا نیە كە لە رووی كۆمەڵایەتییەوە كورد و تورك تێكەڵییان بۆ دروست نەبووە و تائێستاش لە زۆرینەی نوكتە و قسەخۆشەكانیدا كورد، توركەكان بە نمونەی ناتەندروستی مامەڵە دەهێننەوە و توركەكانیش كورد بە شەڕانگێزی دەشوبهێنن، ئەوەتا لە سێ دەیەی ڕابردوودا زۆرجار لە ناوچەكانی ورمێ و نەغەدە و شنۆدا ناكۆكییە كلتوری و نەژادییەكان زەقكراونەتەوەو لەسەر ناو و تابلۆی شارەكان و قوتابخانە و شەقامەكان شەڕو خوێنڕێژی كەوتۆتەوە.

لە پاش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان لە چەند رۆژی ڕابردوودا تا دێت زیاتر جیاوازییە نەژادی و نەتەوەییەكان زەقتر دەبنەوە، لە لایەكەوە باسی بایكوتی هەرجۆرە مامەڵەیەكی بازرگانی و سیاسی و كلتوری و ئەكادیمی و كۆمەڵایەتی و گەشتیاری نێوان كورد و تورك دەكرێت و لە لایەكیتریشەوە نەتەوە خەتابار دەكرێت.

بۆیەش لەگەڵ باوڕی تەواوم بەوەی كە كوردیش وەك هەرنەتەوەیەكیتری سەرزەوەی پێویستە خاوەنی كیان و مافی سەربەخۆیی خۆی بێت دەبێت ئەو راستییە زیاتر لەبەرجاوبگیرێت تا لەسەر بنەمای مرۆڤسەنتەری دیدێكی كۆمەڵایەتی هاوبەش بۆ پێكەوەهەڵكردنی كورد و تورك نەخرێتەوە ئەوا نەك هەر جیاوازییە نەتەوەیەكان زەقتر دەكرێنەوە بەڵكو شەڕانگێزی و توندڕەوی و رەگەزپەرستی زیاتر پەرەدەسەنێت و ماڵوێرانی زیاتری بەدوادادێت بە تایبەت بۆ زۆرینەی هاونیشتیمانیانی كورد لە باكور و ڕۆژئاوای كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئەردۆغان بەنیازی چیيە؟ دوای رۆژئاوا نۆرەی باشوورە

ئاسۆس ھەردی

 

ئەمڕۆ لە وتارێکی میدیاییدا، ئەردۆغان بە دوورو درێژی قسەی لەسەر لەشکرکێشییەکەی بۆ داگیرکردنی رۆژاوا کرد. بەروونی باسی لەوەکرد کە ئەم پلانە ھی شەوو رۆژێک نیەو ماوەیەکی درێژە کاری لەسەر دەکەن. پێشتریش لە میدیاکاندا بینیمان تەنانەت نەخشەی ئەو شارو شارۆچکانەش ئامادەکراوە کە تورکیا بە نیازە لە رۆژاوا عەرەبە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بکاو بەتەواوەتی سیمای کوردانەی بسڕێتەوە. جەختیشی کردەوە کە قسەو رەخنەکانی دەوڵەتان‌و رایگشتی جیھانیان بەلاوە گرنگ نیەو سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. ئاشکرایشی کرد کە سوپای داگیرکەری تورکیا بەدرێژایی سنووری سووریا تا قوڵایی ٣٠-٣٥ کیلۆمەتر خاکی رۆژاوا داگیر دەکات.

وتارەکە نووسرابوو، ئەردۆغان دەیخوێندەوە، بەڵام ناوبەناو دەقە نووسراوەکەی جێدەھێشت‌و راستەوخۆ قسەی دەکرد.

ئەوەی لە وتەکانی “سوڵتانی چنگ بەخوێن”دا تەنانەت بۆ ھەندێ میدیای تورکیش جێگەی سەرنج بوو، ئاماژەیەک بوو بۆ “عێراق”. ئەردۆغان پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی دەقەکە وتی: “ئەگەر سووریا لە ھەقیان بھاتایە (مەبەست پەیەدەو ئیدارەی کوردییە)، ئیشەکەمان ئاسان بوو، بەڵام بەداخەوە، سووریا لە دۆخێکی وادا نیە…. با ئەوەشتان پێ بڵێم لە عێراقیشدا ھەمان شتە. لەعێراقیشدا دۆخەکە وێرانە. کە لەگەڵ عێراقدا قسە دەکەین، رووبەڕوو شتێکمان پێ دەڵێن، بەڵام بەداخەوە لە پاشملە لێدوانی جیاواز دەدەن. ئێستا ئەوەتا لێدوانی جیاوازی ئەم چەند رۆژە ببینن. نەمدەویست ناو بێنم… کاتێک ئەوان دەکەونە تەنگانەوە… ئێمە لایەنی ئەوان دەگرین…. کەچی دەبینین ئەوان لایەنی تیرۆریستەکان دەگرن. بۆچی؟ چونکە کوردن.”(جێگەی سەرنج بوو، کاتێک ئەردۆغان ناوی عێراقی ھێنا، ئاکاری وەزیری بەرگری کە لەتەنیشتییەوە دانیشتبوو لەسەر پارچە کاغەزێک تێبینییەکی خستە بەردەستی، پاش خوێندنەوەی تێبینییەکە ئەردۆغان وتی: نەمدەویست ناو بێنم!)

رستەی “لەعێراقیشدا ھەمان شتە”!، ھیچ تەفسیرو شیکردنەوەیەکی پێویست نیە. زۆر بە روونی ئەردۆغان دەیەوێ بە ھەموو جیھان بڵێ پاش داگیرکردنی رۆژاوا، نۆرەی باشوورە.

چونکە وەک چۆن دەڵێت پەیەدە لەسەرسنوورمان ھەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییمان دەکا، بەڵام “بەداخەوە!” سووریا ناتوانێ ھیجیان بەرامبەر بکا، ناچار خۆمان دەستبەکار بووین، پێشر چەندین جار ھەمان قسەی بۆ باشووریش کردووە.

بە کورتی، ئەگەر لەشکری تورک داگیرکردنی رۆژاوای بۆ بچێتەسەر، ھیچ گومانێک لەوەدا نیە کە دوای ئەوان نۆرەی باشوورە. بۆیە ئەگەر ھێزە سیاسییەکانی ئێمە پێیان وابێ ئەمە شەڕێکە تەنھا لە رووی مەعنەوی‌و ئەخلاقییەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە ھەیە، گەورەترین ھەڵەی مێژووی سیاسیی خۆیان دەکەن. چونکە ئەمە سەرەتای بەواقیعکردنی خەونی “بەسوڵتانبوونی” ئەردۆغانەو ئەگەر ئەم داگیرکارییە بەری پێ نەگیرێ دەگاتە بەردەرگای ماڵەکانی ئێمەش.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان