ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

یەكگرتوو لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا كەنارگیربووە

خەڵك-بەشی هەواڵ

هەڵوێستەكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا جێگەی تێڕامانی چاودێرانە، چونكە یەكگرتوو دەڵێت ئۆپۆزسیۆنە و لەلایەكی دیكەشەوە پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت.

سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندووە كە وەك شەخس و وەك حیزب پشتیوانی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەكەن.

هەڵوێستێكی پێشتری یەكگرتووش بۆ هەوڵی ئاشتەوایی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەمان تێبینی لای چاودێران دروستكرد، چونكە لە هەموو دنیادا حیزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەوڵ بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵات دەدەن و كەموكوڕییەكانی دەسەڵات بۆخۆیان دەقۆزنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە یەكگرتوو پشتیوانی خۆی بۆ دەسەڵات دووپاتدەكاتەوە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی پێشوودا لە دەسەڵاتدابووە و لە زۆرینەی هەنگاوەكانی حكومەت لە ڕێفراندۆم و پاشەكەوتی مووچە و ئابووری سەربەخۆ پاڵپشتی حكومەت بووە و چوار ساڵی پێشتریش ئۆپۆزسیۆن بووە كە لەو ماوەیەدا لە پاڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی باشتر موومارەسەی كاری ئۆپۆزسیۆنی كردووە.

لە دواین هەڵبژاردندا لە 30ی ئەیلوولی 2018 یەكگرتووی ئیسلامی نیوەی كورسییەكانی كەمیكرد كە لە 10 كورسییەوە بووە 5 كورسی لە پەڕلەمانی كوردستان، هۆكاری ئەمەش بەڕای چاودێران بۆ هەڵوێستەكانی یەكگرتوو لە نزیكایەتی دەسەڵات گێڕدرایەوە.

بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان، دواین هەڵوێستی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بۆ پشتیوانی سەرۆكی نوێی هەرێم لە نێو حیزبەكەیدا لەگەڵ ڕەخنەی بەشێك لە سەركردەكانیدا و ناڕەزایەتیدا بەرەوڕووبووە.

ئەو سەركردانە ڕەخنەیان لە هەڵوێستەكەی ئەمیندارەكەیان هەبووە، پێیانوابووە، ئەوە زەرەر لە هەڵوێستی حیزب و فڕاكسیۆنەكەیان لە پەڕلەمانی كوردستان دەدات، بەتایبەت كە پێشتر دەنگیان بە سەرۆكی هەرێم و كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەداوە.

لەوبارەیەوە سەرچنار ئەحمەد پەڕلەمانتاری یەكگرتوو لە كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو كەسانەی ڕخنەیان گرتووە بۆچونی كەسی خۆیانە، چونكە سەرۆكایەتی هەرێم دەزگایەكی نیشتمانییە و وەك چەترێك وایە بۆ هەرێم و حیزبەكانیش، ئۆپۆزسیۆن بن یان لە دەسەڵات بن جیاوازی نییە، ئەمە حكومەت نییە بڵێی چاودێری كارەكانی دەكەم و هاوكاری ناكەم.

دەشڵێت “پێمانخۆشە حكومەتیش زوو پێكبێت، چونكە پەیوەندی تەواوەتی لەگەڵ هاووڵاتیدا هەیە، كاتێك دەڵێین ئۆپۆزسیۆن ئەوە نییە دژایەتی هیچ دەزگایەك بكەین، بەڵكو ئەو چاودێرییەی كە دەیكەیت ئەگەر ناباشییەكی تێدا بێت بەدیلێكی باشتر بدەیتە حكومەت بۆ ئەوەی خەڵك سودمەند بێت، نەك بڵێی دژایەتی دەكەم، ئەوە لە نەهجی یەكگرتوەوە دوورە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “لە پەڕلەمان وتمان دەنگ بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن نادەین، نەك ئەوەی ئەو دەسەڵاتە ڕەتبكەینەوە، چونكە سەرۆكایەتی هەرێم دەبێت بۆ هەمووان بێت و لە پێناسەكەشیدا بە هەمان شێوە هاتووە”.

ڕوونیشیكردەوە، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەرزترین دەسەڵاتە لە هەرێم، ئێمەش بۆیە پشتگیری دەكەین بۆ ئەوەی هێمنایەتییەك بگەڕێتەوە بۆ هەرێم و هەموو حزبەكانیش لەژێر ئەو چەترەدابن.

کوردستان

لەسەر كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كەركوك ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك -بەشی هەواڵ

 

بۆ دیاریكردنی سەرۆكی لیست و لۆگۆی لیستی “كەركوكی كوردستانی” بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە لایەنە سیاسییەكان لە شاری هەولێر كۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە لایەنە سیاسییەكان لە چ بارەگایەك و لە كوێ كۆببنەوە.

بەهۆی ڕێگریكردنیش لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بازگەیەكی هەولێر و تەقەكردن لە بارەگاكانی ئەو دوو حزبە لە هەولێر و سلێمانی ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو كۆبوونەوە نەكرێت یاخود بۆ كاتێكی نادیار دوابخرێت.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشتر پێشنیارێك هەبوو كە یەك شەممە یاخود دوو شەممە لایەنە سیاسییەكان لە هەولێر كۆببینەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دەنگۆیەك نییە كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت یاخود دوابخرێت.

وتیشی”ئەم هەفتەیە كراوەیە چ ڕۆژێك دیاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە، چونكە دەبێت ڕای سەرجەم حزبەكان وەربگیرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

49هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانە و لە مەراسیمێكدا یەكێتیەكە یادی دامەزراندنی دەكاتەوە و بەو بۆنەشەوە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كرد.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، بەبۆنەی 49 یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەم.

دەشڵێیت”یەكێتی زانایان كە لە 21ی ئەیلولی 1970 بەڕێنوێنی جەنابی بارزانی نەمر دامەزرا، ڕۆڵێكی دیاری لە خزمەتكردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا گێڕاوە و لە بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و تیرۆر و هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بڵاوكردنەوەی پەیامی میانڕەوی جێدەستیان دیارە.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، ڕێكخراوێكی پیشەیی تایبەت بە كاروباری زانایانی ئایینی كوردستانە، بارەگای سەرەكی لە هەولێرە.
بۆ یەكەمجار لە بەرواری (21/9/1970) لە گەڵاڵەی ناوچەی باڵەكایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر بە چاودێری‌ و ئامادەبوونی مەلا مستەفای بارزانی دامەزراوە و تا ئێستا شەش كۆنگرەی ئەنجام داوە و 17 لقی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا 5 كەس بوونە قوربانی

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی شارەزوور ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆوە سێ كەس بوونەتە قوربانی.

بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی شارەزوور لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەسەر ڕێگای ھاتووچۆی وارماوا دەربەندیخان ڕووداوێكی ھاتووچۆ ڕوویدا لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری توێتا پیكاب و نیسان سدریك.

ئاشكراشیدەكات، بەداخەوە تا ئێستا سێ قوربانی لێكەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، لە ڕووداوەكەدا چوار كەس گیانیان لەدەست داوەو كەسێكی دیكەش بریندار بووە.

لای خۆشییەوە ڕێژەن بورهان بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بە میدیاكانی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلی مارسیدس كە هۆكاری ڕووداوەكەش بووە چەند خولەكێك پێش ڕووداوەكە چەند هاوڵاتیەك پەیوەندیان بە ئێمەوە كرد كە ئەو ئۆتۆمبێلە لەنزیك گوندی چنارە زۆر بەهەڵەشەیی و لاساری ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت و ئێمەش لە هەوڵی ئەوەدابووین هاتوچۆی وارماوای لێئاگادار بكەینەوە كەدەستگیری بكەن و ئیجرائاتی لەگەڵ بكەن، بەڵام بەداخەوە زۆری نەخایاند و دوای دوو خولەك ئەم ڕووداوەی دروستكردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان