ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

سەرۆكی لیژنەی وزەی پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك): قەیرانی كارەبا كۆتایی دێت

خەڵك- ئیدریس جەبار
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەڕلەمانی عیراق دەڵێت، لە هاوینی ساڵی 2020، قەیرانی كارەبا لە عیراقدا كۆتایی دێت، بەشێك لە هۆكاری كۆتایی هاتنی قەیرانی كارەباش لە عیراق بۆ ئەو گرێبەستانە دەگێڕێتەوە، كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا و ئەمریكا لەم ماوەیەی دواییدا بەستی.

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “لەئێستادا توانی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە گەیشتۆتە 18 هەزار مێگاوات، بەكارهێنانەكەش هەر 18 هەزار مێگاواتە و دەستكراوە بە دابەشكردنی”.

سەبارەت بە كۆتایی هاتنی كێشەی كارەبا، هەیبەتی حەلبوسی وتی، “لەو بڕوایەدام لە ساڵی داهاتوو یان كۆتایی ساڵی داهاتوو قەیرانی كارەبا لە عیراق كۆتایی بێت، چونكە وێستگەكان لەلایەن وەزارەتی كارەباوە لەمساڵ و لە ساڵی داهاتوودا دەخرێنەگەڕ، لەماوەی سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانیش بۆ ئەڵمانیا و ئیمزاكردنی چەند گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای سیمنسی و (جی) ئەمریكایی، كۆتایی بە كێشەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا دەهێنێت لە وڵاتدا”.

بە وتەی حەلبوسی، “گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا، كێشەیەكی گەورەی تێدایە بە تایبەت لە پارێزگا زیانلێكەوتووەكان، كە تۆڕەكانی كارەبا تێیاندا بە تەواوەتی خاپوربووە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕێك پارە بۆ چاككردنەوەی ئەو تۆڕانە لە بودجەی گشتیدا تەرخانكراوە و هەردوو كۆمپانیای سیمنس و جی ئەركی چاككردنەوەیان لەئەستۆ دەگرن”.

سەبارەت بەو گرێبەستانەی عەبدولمەهدیش لەگەڵ سیمنس و كۆمپانیای (جی) ئەمریكادا ئیمزای كردوون، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەڕلەمانی عیراق، پێیوایە،” ئەو گرێبەستانە بەشێكی زۆر لە كێشەی كارەبا لە عیراقدا چارەسەر دەكەن، بەڵام لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گرێبەستێك لەگەڵ كوێت ئیمزا دەكرێت بۆ بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداوەوە، كە بڕی 500 مێگاوات كارەبا بۆ عیراق دابین دەكات، لەڕێی هێڵی 400وە، كە ڕادەكێشرێت سەبارەت بە پارێزگەكانی خۆرئاواش، لە عەممانی پایتەختی ئەردنەوە، 100 مێگاوات كارەبا بۆ پارێزگەی ئەنبار دابین دەكرێت”.

هەیبەت حەلبوسی، گەشبینی خۆی خستەڕوو سەبارەت بە كۆتایی هاتنی تەواوەتی قەیرانی كارەبا لە عیراق و لەو ڕووەوە هەوڵەكانی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمان و وەزارەتی نەوت و كارەبای بەرزنرخاند.

ئابوری

چۆمان وێڕای بوونی دەیان سەرچاوەی ئاوی سازگار، كێشەی گەیاندنی ئاوی بۆ نێو شارۆچكەكە هەیە

شارۆچكەی چۆمان. سنوورى باڵەكایەتی.. فۆتۆ: ئامەد حەسەن

خەڵك-ئارام سەردار

شارۆچكەی چۆمان لە دەڤەری باڵەكایەتی وێڕای بوونی دەیان سەرچاوی ئاوی سازگار بەهۆی كوێستانی ناوچەكە و مانەوەی بەفر لە وەرزی هاوینیشدا لە چیا بەرزەكانی دەوروپشتی، بەڵام بەهۆی نەبوونی پڕۆژەیەكی باش ئاوی خواردنەوە ناگاتە دانیشتووانی شارۆچكەكە.

قائیمقامی شارۆچكەی چۆمان لەپارێزگەی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هۆكاری هەبوونی گرفتی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهۆی كەموكوڕی پڕۆژەی ئاوە كە پڕۆژەكە لە ٢٠٠٨ جێبەجێكراوە و بەر لەدەستبەكاربوونی ئەوان تەواوكراوە، بەڵام دەرخستەیان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەو كەموكوڕیەكانی پڕۆژەكە.

ئەحمەد قادر قائیمقامی چۆمان سەبارەت بەهەبوونی گرفتی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارۆچكەكە بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، بەڵێ گرفتیان هەیە لەم پڕۆژەیەی كە بەر لەدەستبەكاربوونی ئەوان تەواوكراوە، بەڵام هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی چارەسەری تەواوی گرفتەكانی ئاو بكەن، بۆ ئەوەش دەرخستەیەكیان كردووە، ئێستا لەئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕوانن دوای ڕەزامەندی لەسەر دەرخستەكە تەواوی كەموكوڕییەكان چاك بكەن ئەو دەرخستەی كردویانە بڕی دوو ملیار دینارە.

دەشڵێت “لە پڕۆژەكەدا دوو گرفت هەیە كە هەندێ كات دەبێتە هۆی وەستان یاخود پچڕانی ئاو ئەویش یەكێكیان كەموكوڕییەكانی پڕۆژەكەیە، لەهەمان كاتیشدا بەهۆی ئەوەی ئاوەكە لەشوێنە سەختەكانی چیای سەكرانەوە دێت، بۆیە بەهۆی بەفر و داڕمانەوە گرفتی بۆ دروستدەبێت، بەردەوامیش لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری كێشەكان دەكرێت، بەڵام دەمانەوێ لەڕێگەی ئەو دەرخستەیەوە لەبنەڕەتەوە كێشەكانی ئەو پڕۆژەیە چارەسەر بكەین”.

قائیمقامی چۆمان ئەوەش دەخاتەڕوو، جگە لەچاككردنی پڕۆژەكە لەسەرچاوەی هێنانی ئاوەوە، هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو لەناو شارۆچكەی چۆمانیش چاك بكەنەوە، هاووڵاتیانیش دڵنیا دەكاتەوە بەردەوام دەبن لەهەوڵەكانیان بۆ ئەوەی كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

داوا دەكرێت عیراق لە زێدەڕۆییەكانی كوێت بێدەنگ نەبێت

خەڵك –بەشی هەواڵ

پەڕلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ یەك شەممە داوای لە حكومەتی عیراق كرد دۆسێی لێكۆڵینەوە بكاتەوە لەو زانیارییانەی باس لە زێدەڕۆییەكانی كوێت بۆ سەر بیرە نەوتەكانی سەر سنووری عیراق دەكەن.

عالیە نوسێف لە بەیاننامەیەكدا ڕاشیگەیاند، داوا لە حكومەتی عیراق و وەزیری نەوت و وەزیری دەرەوە دەكات لێكۆڵینەوە بكەن لەو زانیارییانەی لیژنەی نەوت و وزەی پەڕلەمان بڵاویانكردنەوە لەسەر هەستانی كوێت بە زێدەڕۆییكردنەسەر بیرە نەوتەكان لە نیو سنووری عیراقدا.

دەشڵێت “ئەم زانیارییانە پشتڕاستبكرێنەوە پێویستە كوێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و دەشبێت قەرەبووی عیراق بكاتەوە لە حاڵی پێشكەشكردنی سكاڵا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش”.

ئاماژە بەوەش دەكات، كوێت پێشینەی هەیە لەم بابەتەدا بەتایبەت زێدەڕۆییەكانی لە ساڵی 1990ەوە كە بەهۆیەوە ڕژێمی پێشوو دەستوەردانی لەشكری كرد و بەهۆیەوە كارەساتێك بۆ هەردوو وڵات درووستبوو لەبری بەكارهێنانی ڕێگەی یاسایی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“دوای پێكھێنانی كابینەی نوێ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی جێبەجێ دەكرێت”

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی تایبەت بە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەكە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.

ئـازاد ڕەسوڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەسەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی پێكھێنرابوو، ڕاپۆرتەكەی تەواو كردووە و پێشكەش بە جێگری سەرۆكی حكومەتی كردووە و دوای لێكۆڵێنەوە لە ڕاپۆرتەكە وەڵامی لیژنەكە دەدرێتەوە.

ئـازاد ڕەسوڵ وتیشی، جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەوێتە دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم، لە ڕاپۆرتەكەدا چەند ئەلتەرناتیڤێك لەسەر دەرخستەی پڕۆژەكە ئامادەكراوە، كام لەو ئەلتەرناتیڤانە لە توانای دارایی حكومەتدا بێت ئەوەیان جێبەجێ دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان