ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

چەند بڕیارێك بۆ نۆرینگەكانی گیا دەرمانی دەردەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پێداچوەنەوە بە شێوازی كاركردنی هەموو ئەو شوێنانەدا دەكرێت، كە تایبەتن بە چارەسەر و فرۆشتنی دەرمانی گیایی و چۆنیەتی كاركردنی ئەو شوێنانە بەپێی كۆمەڵێك مەرج و ڕێنمایی ڕێكدەخرێت و ماوەی مانگێكیش دەدرێت بەو شوێنانەی، كە تا ئێستا مۆڵەتی كاركردنیان نیە.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئەمڕۆ چوار شەممە 12 حوزەیرانی 2019 بەئامانجی ڕێكخستنەوەی ئیشوكاری شوێنە گیاییەكان “چارەسەری سروشتی” لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و ئەو ڕێوشوێنانە تاوتوێكران، كە پێویستن بگیرێتەبەر بۆ ڕێكخستنەوەی كاركردنی ئەو شوێنانە.

ئاوات محەمەد ڕاشیگەیاند، لەڕووی تەندروستیەوە سەرنج و تێبینیەكی زۆر لەسەر كاركردنی هەموو ئەو شوێنانە هەیە و بڕیاریانداوە بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان چۆنیەتی كردنی هەموو ئەو شوێنانە بەپێی كۆمەڵێك مەرج و ڕێنمایی، كە پێشتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە پەسەند كراوە ڕێكبخرێتەوە و بكرێتە بنەمای كاركردنی ئەو شوێنانە و هەموو ئەو كەسانەش، كە لەو شوێنانەدا كاردەكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ماوەی مانگێك دەدرێت بەهەموو ئەو شوێنانەی، كە تائێستا مۆڵەتیان نیە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەت و پابەندبونیان مەرج و ڕێنماییەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا پسپۆڕانی تەندروستی ڕایانگەیاندووە، بەشێك لەو دەرمانانە، كە دوكانەكانی گیایی دەفرۆشێت ڕێگەپێدراو نیە و لەڕووی زانستیەوە ئەو دەرمانانە گونجاونیە هاووڵاتیان بەكاری بهێنن، بەڵكو بەكارهێنانیشی دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستیان و تووشبوون بە هەندێك نەخۆشی ترسناك.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی قائیمقامیەتی سلێمانی، لە كۆبوونەوەكەدا چەند خاڵێك پەسەندكرا بۆ ڕێكخستنەوەی چۆنیەتی كاركردنی شوێنەكانی دەرمانی گیایی لە سلێمانی، كە بەچارەسەری سروشتی ناسراون و لەمەودوا بەپێی ئەو ڕێنماییانە ڕێگە بەكاركردنیان دەدرێت.

1. دروستكردنی لیژنەیەكی هاوبەشی تایبەتمەند لەنوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، كە ئەركی بەدواداچون دەبێت بۆ چۆنیەتی كاركردنی ئەو شوێنانە.
2. جێبەجێكردنی هەموو ئەو مەرج و ڕێنماییانەی، كە تایبەتن بە كاركردنی شوێنە گیاییەكان و لەلایەنە وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە پەسەند كراوە.
3. ئەو دەرمانە گیاییانەی، كە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی هەرێم دەكرێت پێویستە لەژێر چاودێریەكی ووردی كۆلێتی كۆنتڕۆڵدا ڕێگە بەهاوردەكردنیان بدرێت و تەنیا ڕێگە بەو دەرمانانە بدرێت، كە تۆماركراون و هیچ زیانێكیان نیە.
4. ئەو دەرمانانەی، كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئامادە دەكرێن پێویستە لە كارگەیەكی فەرمیدا و لەژێر چاودێری دامەزراوەكانی حكومەتدا ئامادەبكرێن و لەڕووی زانستیەوە هەموو مەرجەكانی تێدا بێت.
5. تەنیا ڕێگە بە كەسانی “شارەزاو خاوەن بڕوانامە” بدرێت لەو شوێنانەدا كاربكەن و پابەندی مەرج و ڕێنماییەكان بن.
6. لەپاڵ شوێنە گیاییەكان بەدواداچون بۆ هەموو “دوكان و شوێنەكانی جوانكاری” بكرێت كە دەرمان و چارەسەری سروشتی بەكاردەهێنن و دەیفرۆشن.
7. هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەو ڕیكلامانەی، كە لەبارەی دەرمانە گیاییەكان و چارەسەرە سروشتیەكان لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاودەكرێنەوە، كە زۆربەیان هیچ بنەمایەكی زانستیان نیە.

کوردستان

یەکێتی: ئیدارەی گەرمیان هەر پێداویستییەکی پزیشکی پێویستبێت بۆیان دابیندەکەین

خەڵک – بەشی هەواڵ

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەرمیانەوە ڕایگەیاند، ئیدارەی گەرمیان هەر پێداویستییەکی پزیشکی پێویستبێت بۆیان دابیندەکەن.

میران محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا لەگەرمیان ڕایگەیاند، ئیدارەى گەرمیان داوای هەر پێداویستییەکی پزیشکی و دەرمان و چارەسێک بکات، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش بێت وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆیان بەردەستدەخەن.

 

لاهور شێخ جەنگی و شاندێکی هاوبەشی، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگابوون لەگرفتەکانی قەزاى کەلار و بەگشتی ئیدارەى گەرمیان چووە ئەوێ و مەبەستییەتى چارەسەری بەشێک لەگرفتەکانیان بۆ بکات.

 

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەى چەند ڕۆژێکە چالاکوانان و خەمخۆرانی ئەو ناوچەیە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی تەندروستییان ڕاگەیاندووە، چونکە پێداویستى پزیشکی لەو قەزایە کەمە و گرفتى تەندروستی بۆ دروستکردوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سبەینێ پشووی فەرمییە

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

حکومەتى هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سبەینێ ١٤ی تەمووز پشووی فەرمییە لەسەرجەم دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێم.

 

لەو ڕاگەیەندراوەى حکومەتى هەرێمدا ئەوە هاتووە، ئەم پشووەی سبەینێ ١٤ی تەمووز تاقیکرنەوە نیشتیمانییەکان ناگرێتەوە، بۆیە بەپێی خشتەى تاقیکردنەوەکان سبەینێ سێ شەممە تاقیکردنەوەکان وەک خۆیان بەردەوامدەبن.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پارێزگاری هەولێر: پشکنینی کۆرۆنا لەبازگەکان دادەنێین و ٥٠ هەزار دینار بۆ هەر پشکنینێک وەردەگرین

خەڵک-ئارام سەردار

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، سەرقاڵی ئەوەین لەهەموو بازگەکان پشکنین دابنێین، ئەو هاوڵاتیەی دێتە هەولێر بەنرخێکی سنوردار کە لە ٥۰ هەزار دینار زیاتر نەبێت پشکنین بکات و ئەگەر نێگەتیڤ بوو بتوانێت بێتە هەولێر.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ تەندروستی هەولێر سەرقاڵی ئەوەین لەهەموو بازگەکان پشکنین دابنێین، ئەو هاوڵاتیەی دێتە هەولێر بەنرخێکی سنوردار کە لە ٥۰ هەزار دینار زیاتر نەبێت بەتایبەت لەگەڵ پارێزگاکانی عیراق چونکە ڕەنگە میکانزمی کارەکە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم جیاوازبێت پشکنینی خۆیان بکەن و پێویستیان بەتەنسیق نەبێت بێنە هەولێر بۆ ئەوەی جولەی ئابووری و بازرگانی نەوەستێت، چونکە وەستانی هاتووچۆ لەگەڵ پارێزگاکانی تری عیراق کاریگەری کردوە لەسەر بازاڕ و ئابووری شارەکەمان.

دەشڵێت، ئەگەر بگەینە ئەنجام لەگەڵ تەندروستی هەولێر تاوەکو پێنچ شەممە ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو کارە جێبەجێ بکەین، ئەگەر ئەوکەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلێک بن لەیەک خێزان بن یەک کەس پشکنینی بۆ دەکرێت و نموونەی لێ وەردەگیرێت.

وتیشی، پێشتر ڕامانگەیاندبوو ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت ڕەنگە نەتوانین خزمەتچوزاری تەندروستیان پێشکەش بکەین و هەموو نەخۆشەکان لەنەخۆشخانە نەتوانین جێگایان بکەینەوە، بەداخەوە گەیشتن بەم قۆناغە، ئێستاش دۆخی تەندروستی هەولێر زۆر خراپە و ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، ئاستی خۆپارێزیش لای هاوڵاتی وەک پێویست نیە، لەبەر ئەوە گەیشتووین بەوەی تاکە چارەسەر تاک پارێزیە و هاوڵاتی دەمامک ببەستێ و لەشوێنی قەرەبڵی دووربکەوێتەوە، چونکە حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد.

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی تووشبووان لەزیادبووندایە، ئێمەش کێشەمان لەئامێری هەناسەدانی دەستکرد نیە و ئامێرمان دەست کەوتووە، بەڵام کێشەمان لە پزیشکی موخەدیر و ستافی تەندروستی و ئەوکەسانەی کار بەئامێرەکە دەکەن یان چاودێری نەخۆشەکان بکات، ئەوەشی ڕوودەدات شتێکی نوێ نیە بۆ خەڵک چونکە وتبوومان ژێرخانی تەندروستیمان خراپە، ڕەتیشی کردەوە باس لەبابەتی کارکردنەوەی هێڵی تەکسی و پاس لەنێوان پارێزگاکان نەکراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان