ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

كورد و لۆجیكی خولە چەخماخە!

 عەتا قەرەداخی

“دەبێ دەسەڵات وابكات، دەبێ كەسی یەكەم وابكات، دەبێ حیزبی یەكەم وابكات، دەبێ حكومەت وابكات، دەبێ و دەبێ….” ئەمە لۆجیكی مرۆڤی خوارەوەو بێ پێگەی كوردە كە فەرمان بۆ سەرەوەی خۆی دەردەكات.

فەرمان هەمیشە لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵاتەوە دەردەچێت و شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارەوە. هەموو دەسەڵاتێك پێكهاتەیەكی هەرەمی هەیە لەسەر شێوەی پێكهاتەی هەرەمی ئایینی” چۆن لە ئاییندا فەرمان لەلایەن خوداوە ئاراستەی خوارەوە واتە ئادەمیزاد دەكرێت”، سرووشتی هەموو دەسەڵاتێك لە گەوهەردا هەمان سرووشتی دەسەڵاتی هەرەمی ئایینیە.

لە هەرەمی ئایینیدا خوارەوە ناتوانێت دژی فەرمانی سەرەوە واتە خواوەند رابووەستێت یان رەتی بكاتەوە. لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و كەلتووری مەعریفیشدا هەمان میكانیزم كاردەكات.

لوتكەی هەرەمی هەریەكە لەم دەسەڵاتانەش تەنیا فەرمان دەكات و خوارەوە ناتوانێت فەرمان بەسەرەوە بكات چونكە گەوهەری دەسەڵات و هێز ئاراستەی فەرمان دیاری و دەستنیشان دەكات و هەمیشە جوڵەو ئاراستەێ فەرمان لە پنتی هێزەوە دەردەچێت و بەئاراستەی خوارەوە یان بێ هێز دەڕوات و خوارەوە یان بنكەی هەرەمەكە ناتوانێت بیوەستێنێت یان رەتی بكاتەوە.

لەڕاستیدا خوارەوە تەنیا گوێگرو جێبەجێكەرە تەنانەت لە شۆرش و راپەڕینە جەماوەرییەكانیشدا پرۆسێسی پێكهێنانی دەسەڵاتێكی تر هەیەو ئەوەی بەرامبەر بە لوتكەی دەسەڵات دەوەستێت جەماوەر نیە بەڵكو ئەو كۆرپەلەی دەسەڵاتە نوێیەیە كە جڵەوی جەماوەری گرتووەو بووەتە دەسەڵاتی ئارستەكردنی جەماوەر بە مەبەستی روخاندنی دەسەڵاتی ئێستاو دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆی لە شوێنیدا، لەم روانگەیەوەیە هەموو دەسەڵاتەكان یەك سرووشت و گەوهەریان هەیەو تەنیا سیماو روخساریان جیاوازەو هیچ دەسەڵاتێك گوێ لە بنكەی هەرەمەكە ناگرێت و تەنیا ئەوەندەیە دەیەوێت پێگەی خۆیی لەسەر دابمەزرێنێت و خۆیی لەسەر بەهێزبكات.

هەر بۆیە ئەو شێوە فەرمانكردنەی كە بەشەكانی خوارەوەی كۆمەڵ و تەنانەت حیزب و دەستەو گورپە بچووكەكان و تاكەكەسەكان دەیكەن لە رووی زانستی زمان و كۆمەڵایەتیشەوە دەلالەتی نەزانی و بێ ئاگایی ئەو تاكەكەس و دەستەو گروپانە هەڵدەگرێت چونكە ئاراستەی فەرمان هەمیشە لەسەرەوە بۆ خوارەوەیە.. ئەمە لۆجیكێكی سادەیە بەڵام نەك مرۆڤی سادەی كورد بەڵكو بەشێك لە نوخبەی سیاسی و حیزبەكان و بەناو رۆشنبیرو بەرپرسی خوار لوتكەی هەرەمی دەسەڵات هیچیان فێری نەبوون چونكە روبەرێكی فراوان لە كۆمەڵگەی كوردی بە تاكەكەس و دەستەوگروپ و سیاسی و حیزبی سیاسیشەوە بە لۆجیكی خولە چەخماخە كاردەكەن.

ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایەو لە روانگەی پەرەسەندنی كۆمەڵایەتیەوە سەیری كورد بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین كورد پێكهاتەیەكە زۆرێك لە بنەماكانی كۆمەڵگەی ئاسایی نیە، ئەمەش یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی مانەوەیەتی وەكو كۆمەڵگەیەكی سەرەتایی و پێش نووسین واتە پێكهاتەیەك لە دەرەوەی مێژوو، پێكهاتەیەك قسەدەكات” فەرمان دەكات” خۆی گیڤ دەكاتەوە، یەكتر دەبڕێت و دەكوژێت” بەڵام ناتوانێت رووداو دروست بكات” رووداوێك كە بوونی ئەو بسەلمێنێت و بیهێنێتە ناو مێژووەوە.

( خولە چەخماخە بەرجەستكردنێكی درووستی كەسێتی كوردیە لە شانۆگەرى خولە چەخماخەدا، كەسێتیەكی هیچ لەباردانەبوو بەڵام بەفشەوفیشال هەموو شتێك )

وتار

رواندا ، فێتنام ، هه‌رێمى كوردستان

شێرزاد شێخانى

له‌سه‌ده‌ى رابردوودا جگه‌ له‌ولاته‌ زلهێزه‌ ئابووريه‌ ناسراوه‌كانى جيهان وه‌كو ئه‌مريكاو روسيا وبه‌ريتانياو فه‌ره‌نساو ئه‌لمانيا ، هێزى ئابوورى تازه‌ش سه‌ريان هه‌ڵدا ، كه‌ له‌ماوه‌يه‌كى كه‌مدا توانيان ژێرخانێكى ئابوورى زه‌به‌ڵاح بۆ خۆيان دابينبكه‌ن و به‌ربه‌ره‌كانى وڵاته‌ زلهێزه‌كانيش بكه‌ن . هه‌ڵبه‌ت وڵاتى چيين يه‌كێك بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ى وه‌كو ئابووريه‌كى به‌هێزو ركابه‌ر بێته‌ مه‌يدان ، له‌خوار ئه‌ويش وڵاتانى تريش ئابووريه‌كانيان گه‌شه‌ى سه‌ندو بوونه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ ئابوورى جيهانى ، به‌تايبه‌تيش به‌شێك له‌وڵاتانى ئاسيا وه‌كو ماليزياو سه‌نگاپووره‌و كۆرياى باشوور .

ئه‌زمونى به‌رێوه‌‌‌بردنى ئه‌م وڵاتانه‌ ئيلهامبه‌خشبون بۆ زۆربه‌ى وڵاتانى ديكه‌ى دواكه‌وتووى جيهان ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى باسمان كردن له‌ژێرخانێكى سوتماك و رووخاوه‌وه‌ بوون به‌خاوه‌ن جوانترين ئه‌زمونى سه‌ده‌ى رابردوو. له‌هه‌زاره‌ى سێيه‌ميشدا ئه‌زمون گه‌لێكى تريش گه‌شانه‌وه‌ ، كه‌ دوو له‌جوانترين نمونه‌يان وڵاتانى روانداو فێتنامه‌ كه‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ش‌ به‌سروشت و واقيعى رووداوه‌كانيان زۆر نزيكن له‌وه‌زعى ئێمه‌ى كورد له‌هه‌رێمى كوردستاندا .

وڵاتى رواندا له‌ناوه‌ڕاستى نه‌وده‌كاندا دووچارى شه‌ڕێكى خوێناوى زۆر سه‌خت بوو له‌نێوان هه‌ردوو خێڵى هۆ‌توو توتسى، له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا نزيكه‌ى مليۆن ونيوێك خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته‌ بوونه‌ قوربانى شه‌ڕه‌كه‌ و، دوو مليۆن كه‌سيشان ئاواره‌ى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر بوون. كووچه‌و شه‌قامى شاره‌كانى ئه‌م وڵاته‌ پڕ بوون له‌ لاشه‌ى كوژراوانى هه‌ردو خێڵه‌كه‌. له‌م ئانوساته‌دا كه‌سايه‌تيه‌كى گه‌نجى ئه‌م وڵاته‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ناوى بۆل كاغامى بوو .

مێژووى ئه‌م وڵاته‌ به‌ئاوى زێر ناوى ئه‌م كه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌ قاره‌مانه‌ ئه‌نوسێته‌وه‌ ، كه‌ توانى له‌ماوه‌يه‌كى كورتدا ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرێ . له‌جياتى ئه‌وه‌ى ببێت به‌ به‌شێك له‌شه‌ڕه‌ خوێناويه‌كه‌ ، يه‌كه‌م هه‌نگاوى ئاشتكردنه‌وه‌ى ناوخۆيى بوو . به‌بريارى حكومه‌ته‌كه‌ى ياساى لێبووردنى گشتى ده‌ركرد، دواتر نزيكه‌ى 120 هه‌زار تاوانبارى جه‌نگى راده‌ستى دادگاى نێوده‌وڵه‌تى كرد . به‌دواى ئه‌مه‌شه‌وه‌ راسته‌وخۆ كه‌وته‌ ئاساييكردنه‌وه‌ى بارى وڵاته‌كه‌ى به‌وه‌ى ئاسه‌وارى جه‌نگه‌ ناوخۆييه‌كه‌ى خسته‌ ناو پرۆگرامى خوێندنه‌وه‌ ، به‌مه‌ش يه‌كه‌م ئامانجى خۆى پێكا له‌به‌رگرتن له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ناكۆكى خێڵه‌كى له‌وڵاته‌كه‌يدا . دواتر ده‌ستى به‌چاكسازى ئابوورى كردو، سه‌ره‌تا به‌شێوه‌يه‌كى به‌رفراوان زه‌وى به‌سه‌ر هاوڵاتيانى وڵاته‌كه‌ى دابه‌شكردو خه‌ڵكى كه‌وتنه‌ سه‌ر كارى كشتوكاڵى بۆ دابينكردنى پێداويستيه‌كانى ژيانيان . دواتر كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌نجه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌سه‌ر حيسابى ده‌وڵه‌ت نارده‌ وڵاتانى جيهان بۆ تۆژينه‌وه‌ له‌چۆنيه‌تى پێشخستنى ئابوورى وڵات .هه‌ر له‌وساوه‌ ده‌رگاى وه‌به‌رهێنانيشى كرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م وڵاتانى دونيا كه‌ له‌ماوه‌يه‌كى كه‌مدا رژانه‌ سه‌ر پڕۆژه‌ وه‌به‌رهێنانه‌كانيان له‌م وڵاته‌دا . به‌مشێوه‌يه‌ له‌مه‌ودايه‌كى كورتدا ئه‌نجامى چاكسازييه‌كانى له‌بوارى په‌روه‌رده‌و ئابوورى به‌ده‌ركه‌وتن ، ئێستا ئه‌م وڵاته‌ بووه‌ به‌ ئه‌زمونێكى‌ ئيلهامبه‌خش بۆ وڵاته‌كانى ترى كيشوه‌رى ئه‌فه‌ريقا له‌ بوارى پێشكه‌وتنى ئابووريدا .

وڵاتى فێتنام له‌سه‌ده‌ى رابردوودا كه‌وته‌ به‌ر ململانێيه‌كى تووندى هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ئه‌مريكاو روسيا ، به‌مه‌ش بۆ ماوه‌ى ده‌يان ساڵ دووچارى جه‌نگێكى وێرانكه‌ر بوو كه‌ بووه‌ هۆى له‌تبونى وڵاته‌كه‌ بۆ دوو پارچه‌ى جيا . گه‌لى فێتنام هيچى نه‌ما و هاته‌ سه‌ر سفر ، دواى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م گه‌له‌وكۆتاييهاتنى جه‌نگه‌كه‌ش ، فێتنام له‌سفره‌وه‌ ده‌ستى پێكرد. هه‌رچه‌نده‌ حزبي شيوعى ئابووريه‌كى مه‌ركه‌زى چڕى به‌سه‌ر ولاته‌كه‌دا سه‌پاندبوو ، به‌مه‌ش وڵاته‌كه‌ له‌رێزبه‌ندى وڵاته‌ هه‌ره‌ هه‌ژاره‌كاندا مايه‌وه‌و له‌په‌لوپۆ كه‌وت . ئا لێره‌شدا سه‌ركرده‌يه‌كى شيوعى به‌ده‌ر كه‌وت كه‌ ناوى نيجوين فان لين بوو ، ئه‌و‌يش هاوشێوه‌ى پاڵه‌وانه‌ ئابووريه‌كانيتر ،قوڵى هه‌ڵماڵى و كه‌وته‌ بنياتنانى ئابوورى وڵاته‌كه‌ى ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌ركرده‌يه‌كى دڵسۆزى شيوعيه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ش رێگر نه‌بو له‌وه‌ى فان لين ده‌ست به‌چاكسازى بكات ، ئه‌ويش به‌ چاكسازى كشتوكاڵيه‌وه‌ ده‌ستى پێكرد ، دواتر ورده‌و ورده‌ په‌رژايه‌ سه‌ر چاكسازى له‌بوارى په‌روه‌رده‌و پيشه‌سازى وئابوورى، له‌ماوه‌يه‌كى كه‌مدا فێتناميش هاته‌ ريزى وڵاته‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتوه‌كانى ئابوورى جيهان .

نمونه‌ى تريش زۆرن له‌م باره‌يه‌وه‌، هه‌ر له‌ ئه‌سيوبياوه‌ بۆ ماليزيا و، له‌ ئيماراته‌وه‌ بۆ هيندستان ، هه‌ڵبه‌ت باسى وڵاتانى ئه‌وروپاش ناكه‌ين ، چونكه‌ ئه‌مانه‌  ده‌مێكه‌ پێشكه‌وتون ، باسمان له‌م وڵاتانه‌يه‌ كه‌ له‌هيچه‌وه‌ ده‌ستيان پێكردو، له‌ناو داروپه‌ردووى جه‌نگه‌ درێژخايه‌نه‌كانيانه‌وه‌ سه‌ريان به‌رز كرده‌وه‌و گه‌يشتنه‌ ترۆپكى ئاسمانه‌وه‌ .

ئه‌زمونى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستان ، سه‌ربارى ته‌مه‌نى بيست و هه‌ىشت ساڵه‌يدا تاكو ئه‌مڕۆش له‌شوێنى خۆى موراوه‌حه‌ ئه‌كات، يه‌ك هه‌نگاو له‌رووى ئابووريه‌وه‌ نه‌چۆته‌ پێشه‌‌وه‌ . ململانێى حزبى و ده‌ستبه‌ردار بوون له‌مه‌باديئه‌كانى شۆڕش و گه‌نده‌ڵى و به‌رژه‌وه‌ندخوازى حزبى وكه‌سى هه‌رێمه‌كه‌مانى گه‌ياندۆته‌ خاڵى سفره‌وه‌، ئێستا ئه‌گه‌ر پاره‌ له‌به‌غداوه‌ نه‌يه‌ت حكومه‌ته‌كه‌مان ناتوانێ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانيشى بدات ، ئه‌مه‌ش له‌كاتێدايه‌ كه‌وا هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ريايه‌ك نه‌وته‌وه‌يه‌.

ساڵى په‌نجاو شه‌سته‌كان هه‌رێمى‌ كوردستان نانى هه‌مو وڵاتى عيراقى ئه‌دا ، ته‌نها ده‌شتى هه‌ولێر و كه‌ندێناوه‌ گه‌نمو جۆى وڵاتى دابين ئه‌كرد ، له‌سه‌دا حه‌فتاى دانيشتوانى هه‌رێم خه‌ريكى فه‌لاحه‌تى بوون له‌ده‌شته‌كانى نه‌ينه‌واو كه‌ركوكه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ گو‌نده‌كانى سه‌ر سنور . مێوه‌و سه‌وزه‌ى‌ خۆماڵى به‌شى هه‌مو دانيشتوانى ئه‌كردو هه‌نارده‌ش ده‌كرانه شاره‌كانى ترى عيراق . به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سايه‌ى حوكمڕانى‌ كورده‌وه‌ ، كه‌ره‌وزو ته‌ماته‌و خه‌ياريشمان له‌وڵاتانى ده‌وروبه‌ر هاورده‌ ده‌كرێ ، به‌مه‌ش ملياران دۆلارى ئه‌م وڵاته‌ى ئێمه‌ ئه‌چێته‌ گيرفانى بێگانه‌وه‌ . سامانى نه‌وتمان راده‌ستى دوژمنانمان كردوه‌ ، ته‌نانه‌ت چه‌ته‌كانى داعشيش خێر له‌ سامانه‌كانى ئێمه‌دا‌ ئه‌بينن .

ئه‌م ئه‌زمونه‌ شكستخواردوه‌ى ئابوورى هه‌رێم پێويستى به‌ فريادڕه‌سێكى وه‌كو فان لين وبۆل كاغامى هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر نه‌شتوانين ژێرخانى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆمان بۆ دابينبكه‌ن ، لانيكه‌م هاوڵاتيانمان ژيانێكيان بۆ زامن بكه‌ين كه‌ كه‌رامه‌تى ئينسانيان پارێزراو بێت ..

هه‌ڵسانه‌وه‌ى هه‌رێم لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ هه‌ردوو حزبى پارتى و يه‌كێتى ، هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى ، هه‌ردوو زۆنى سه‌وزو زه‌رد ، پرۆسه‌يه‌كى ئاشته‌وايى سه‌رتاسه‌رى رابگه‌يه‌نن ، چاكسازى‌ راسته‌قينه‌ ده‌ست پێبكه‌ن له‌گشت بواره‌كانى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى وئابوورى وپه‌روه‌ده‌وه‌ ، ئێمه‌ش وه‌كو وڵاتانى ترى ئه‌م دونيايه‌ ئه‌زمونى سه‌ركه‌وتوى خۆمان هه‌بێت ، ئه‌مه‌ش ته‌نهاو ته‌نها به‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ته‌جريم وته‌حريمى گه‌نده‌ڵى به‌ پله‌ يه‌ك ، كۆتاييهێنان به‌ ناكۆكى وململانێى حزبى به‌ پله‌ى دوو، سه‌روه‌رى ياساو عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵايه‌تيش به‌دوايانه‌وه‌ ، به‌مه‌ش ئه‌توانين ئه‌زمونێكى تازه‌ بێنينه‌  كايه‌وه‌ كه‌ واى لێبێت ميلله‌ته‌كه‌مان به‌سه‌ربه‌رزييه‌وه‌ بژى ومێژووش به‌ شانازييه‌وه‌ باسى ميلله‌ته‌كه‌‌مان بكات ..

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

یەكێتیەكان، نوێبونەوە یان مەرگی یەكێتی هەڵدەبژێرن

ژوان ئەحمەد

لە 28 ساڵی رابردودا، هەرگیز روی نەداوە یەك حزب تەواوی دەسەڵاتەكان لە كوردستان بەدەست بهێنێت‌و حزبەكانی تر ناچار بە بەشداری یان چونە دەرەوە بكات لە دەسەڵات‌و حوكمڕانی، بە تایبەت بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هەمیشە یاریكەرێكی سەرەكی بوە لە سیاسەت‌و پەیوەندی‌و حوكمڕانی.

زۆر نوسراوە‌و زۆر وتراوە لەسەر پارتی كە مۆنۆپۆڵی دەسەلاتەكان دەكات، بەڵام ئایا سوچەكە تەنیا هی پارتی یە؟؟ ئەگەر پارتی ئەوەندە زاڵ‌و باڵادەستە ئیتر بۆچی گلەیی لێ بكرێت؟؟

بەڵام یەكێتی بۆچی پلە دوە‌و تا كەی یەكێتیەكان بەم پلە دوەمیە قایل دەبن كە سەركردایەتی یەكێتی بەسەر حزبەكەیدا سەپاندوە؟

یەكێتی لە سەرەتای دامەزراندن، خاوەنی باشترین كادر‌و بنكەی جەماوەری، قارەمانترین هێزی پێشمەرگە، چاونەترسترین رێكخستن بوە، ئێستاش بنكە جەماوەریەكەی بەهەمان شێوە ئیش دەكات، بەڵام ئەوەی جیاوازی دروست كردوە دوو لایەنە:

1- بونی سەركردایەتیەك كە بە تەواوی لە ئاكاری حزبی لایداوە، لە خەڵك دوركەوتۆتەوە، ئاشنا نیە بە پێداویستی‌و خەم‌و خواستەكانی خەڵك.

2- خەڵكی ئاسایی لە یەكێتی تۆراوە بە هۆی هەڵەكانی یەكێتی‌و هەندێ روداوی وەك دروست بونی حزبە پۆپۆلیستەكان.

یەكێتیەكان چی ئەكەن؟

ئیدی ئەوە بۆتە راستیەكی حاشاهەڵنەگر، بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی، گشت بەرژەوەندیەكانی حزبەكە‌و خەڵكیش دەكەنە قوربانی بەرژەوەندی‌و بازرگانیەكانیان لە هەولێر‌و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بۆیە ئێستا چارەنوسی یەكێتی لە تونێلێكی تاریك‌و دوڕیانێكی چارەنوسسازدایە‌و پێویستە بنكەی جەماوەری، ئەنجومەنی ناوەند‌و مەڵبەندەكان هەڵوێستی جدی بنوێنن لە ئاستی ئەم دۆخە هەستیارە‌و چی زووە داوای كۆنگرەیەكی گۆڕانكاری‌و دور لە گزی بكەن بۆ نوێكردنەوەی یەكێتی.

نوێكردنەوە بە مانای هێنانەپێشی كوڕ‌و كچی سەركردەكان نا، بەڵكو بە مانای هاتنی ئەقڵی باشتر بۆ ناو سەركردایەتی یەكێتی، ئەقڵێك كە نزیك لە خەڵك‌و خواستی خەڵك بێت، ئەقڵێك وابەستەی گیرفان‌و كۆنتراكت نەبێت.

سەركردایەتی یەكێتی ئیدی تەمەنیان هەڵچوە، بەشێكیان لە كەناری مەرگدا وەستاون، ماندوو بون‌و جگە لە رستەكانی سەردەمی شۆڕش، هیچی نوێیان پێ نەماوە بۆ وتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رابردویەكی رێزلێگیراویان هەیە‌و پێویستە یەكێتیەكان نەهێڵن لەوە زیاتر رابردوی خۆیان‌و یەكێتیش خراپ بكەن.

سەركردایەتی یەكێتی، هەڵەیان كردوە، خراپیان كردوە‌و بەرپرسیارن لەم مۆدێلە خراپەی حوكمڕانی، بەرپرسن لەم دۆخە ناهەموارەی یەكێتی تێكەوتوە، بەڵام پێویستە رێگە بگیرێت لەوەی هەڵەی تر بكەن كە گەورەترینیان هێنانە پێشەوەی نەوەكانیانە.

یەكێتی داهێنەربوە، لە بناغەكەیەوە كە كۆمەڵەی رەنجدەران بوە، لەسەر بەرپرەچدانەوەی مۆدێلی كۆنی حزبایەتی‌و رەت كردنەوەی بنەماڵەیی دروست بوە، بەڵام ئێستا سەركردەكانی یەكێتی گەراونەتەوە خاڵە دژەكەو خەریكی بنەماڵەیی كردنی یەكێتین كە ئەمەش گەرانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا‌و راگەیاندنی مەرگی یەكێتی یە، خۆ ئەگەر ئەوەش مسۆگەر نەكەن كە نەوەكانیان پێگەیان لەم حزبەدا نەبێ، دڵنیام كەسیان ئامادە نابن بچنە كۆنگرەیەكەوە كە نەك كوڕ‌و كچەكانیان بەڵكو خۆیشیان ترسی دەرنەچونەوەیان لەسەر بێت.

دانانی نەوە‌و مناڵی سەركردەكان لەناو سەركردایەتی یەكێتی، مانای دانانی توانا‌و لێوەشاوەیی‌و گەنج نیە، بەڵكو دانانی نەوەیەكی تەمەڵ‌و گەورەبوو بە شیرینی باوكانە كە هیچ تاڵیەكیان نەچەشتوە‌و چارەنوسی یەكێتی بەلایانەوە گرنگ نیە، سەرەنجام نە خزمەت بە یەكێتی‌و نەخزمەتیش بە راست كردنەوەی باری لاری حزبایەتی لە كوردستان دەكات، چونكە ئەو نەوەیە درێژكراوەی رێگەی بەرژەوەندی باوكیانن‌و بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە دێنە كایەوە.

یادی یەكێتی بەسەرچوو، قسە گەرمەكان لەسەر كۆنگرە ساردبونەتەوە، بەڵام دەبێ جەماوەری یەكێتی لە ئۆرگانەكانەوە ئەو رەوتە خاو نەكەنەوە‌و فشار بكەن، چونكە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی رێگری بكات لە كۆنگرە‌و ئێمەش بەدیار مەرگی هێ,اشی یەكێتیەوە دۆش دامێنین، چونكە تا دێت یەكێتی دەبێتە قالۆرێكی جوان لەدەرەوەو ناوێكی بۆش‌و بێ ژیان، ئێمەی كادریش ئەوەمان ناوێ‌و بەرپرسیار دەبین لە ئاست كێلی شەهیدان‌و ویژدانی مام جەلا‌و مێژووی یەكێتی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بەدرخانییە کەمالیستەکان

د.جەبار قادر

 

بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان پاشا خزمەتی زۆریان بە ڕژێمی کەمالی کرد. ئەو بەدرخانیانەی لە تورکیا مانەوە ناچار بوون پاشناوی “چنار” یا “کوتای” هەڵبگرن. پاشناوی چنار مستەفا کەمال دابووی بە حوسێن واسیف بەدرخان وگوایە پێی وتووە کە تۆ وەک دار چنار باڵا بەرز و دامەزراوەی. ئەم حوسێن واسیفە دوو جار بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی مەزنی نیشتمانی تورکیا “پاڕلەمان” و دوو جاریش مستەفا کەمال کردی بە وەزیری فێرکردن و دواتریش بە باڵیۆزی تورکیا لە ڕۆما و مۆسکۆ. هەر لە مۆسکۆش کۆچی دوایی کرد. حوسێن واسیف چنار ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دەرکردنی یەکێ لە گرنگترین قانوونەکانی پەروەردە وفێرکردن و جێبەجێ کردنی، کە قانوونی “تەوحیدی تەدریسات” بوو. بە پێی ئەم قانوونە هەموو دەزگاکانی خوێندن و فێرکردن لە تورکیا گرێدران بە وەزارەتی فێرکردنەوە و بە پێی یەک سیستەم ڕێکخرانەوە. هەر بە پێی ئەو قانوونە قوتابخانە ئاینییەکان هەڵوەشێنرانەوە.

 

لە هەمان ڕۆژدا کە ئەم قانوونە دەرچوو خیلافەت هەڵوەشێنرایەوە. حوسێن واسیف بە داهێنەری فێرکردن و پەروەردەی سیکولار لە تورکیا دادەنرێ. ئەو هەر لە سەردەمی بزووتنەوەی کەمالییەوە تێکەڵاویان ببوو و ڕۆژنامەی “إزمیرە دوغرو” “بەرەو ئەزمیڕ”ی لە گەڵ مستەفا نەجاتی هاوڕێیدا لە باڵیکەسیر دەردەکرد و گوتاری ئاگرینی لە دژی یۆنانییەکان تێیدا دەنووسی، کە ئەو دەمە ئەزمیڕیان گرتبوو. حوسێن واسیف ماوەیەک داواکاری گشتیش بوو لە دادگای سەربەخۆیی” استقلال محکمەسی” کە نەیارانی مستەفا کەمالی قەڵاچۆ دەکرد.

 

ئەسعەد چناری براشی لایەنگرێکی دڵسۆزی کەمالیستەکان بوو و لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی “دەنگی تورک – تورک سێسی” بوو، دواتریش بوو بە نوێنەری ئەزمیڕ لە پاڕلەمانی تورکیا.

حیکمەت چناریش کوڕی ئەمین عالی بەدرخان بوو، لە دوای تەواوکردنی خوێندن لە ئەڵمانیا گەڕایەوە بۆ تورکیا و پاشناوی چناری هەڵگرت و وەک بەڕیوەبەر کاری دەکرد و لە ساڵی ١٩٩٢کۆچی دوایی کرد.

حەیدەر چنار کە کوڕی ڕامی بەدرخان بوو لە ساڵی ١٩٢٠ هەموو پەیوەندییەکی لە گەڵ بەدرخانیاندا بڕی بۆ ئەوەی “خۆی پاک بکاتەوە لە بیر و بۆچوونەکانیان”

موسا عەنتەر زۆر بەڕێزەوە باس لە مزیەت چنار خانم دەکات، کە کچی ئەمین عالی بەدرخان بوو و ماڵەکەی لە ئەستەموڵ وەک بنکەیەکی کولتوری وا بوو بۆ گەنجان و قوتابیانی کورد کە بۆ خوێندن هاتبوون بۆ ئەو شارە. باسی موراد ڕەمزی چناریش دەکات کە کوڕی بچووکی بەدرخان پاشا بوو و لە دەزگاکانی پۆلیس و دادوەری کاری دەکرد و لە ساڵی ١٩٤١ دا کۆچی دوایی کرد. موسا عەنتەر لە زمانی ئەوەوە زانیاری ورد لە سەر دابەشبوونی بەدرخانییەکان بە سەر سێ گروپدا دەگێڕیتەوە.

 

بەشێکی تر لەو بەدرخانیانەی لە تورکیا مانەوە پاشناوی”کوتای” یان هەڵگرت. جەمال کوتای یەکی لە دیارترین کوتاییەکانە. جەمال کوتای ڕۆژنامەوان و مێژوونووسێکی دیاری تورکیا بوو و نزیکەی سەد ساڵ ژیا”١٩٠٩ – ٢٠٠٦” و ١٨٧ بەرهەم و کتێبی لە دوای خۆی بەجێهێشت. تەنها “مێژووی خەباتی سەربەخۆیی و ئازادی” لە بیست بەرگدا، هەڵبەتە مەبەست مێژووی بزووتنەوەی کەمالییە، کتێبی “ئەو مێژووەمان کە نەزانراوە” ش لە چوار بەرگدایە. کاتێ کۆچی دوایی کرد هەندێ لە ڕۆژنامەکان شۆک بوون کە زانیان جەمال کوتای بە ڕەچەڵەک کورد و لە بنەماڵەی بنەماڵەی بەدرخان پاشایە.

لەم جۆرە ڕووداو و سەربوردانەوە دەبێ ئەوە فێر بین کە مەرج نیە نەوەی “شۆڕشگێران، نیشتمانپەروەران، خەباتکاران” وەک باو باپیرانیان بن. ڕەنگبێ هەمان شتیش بۆ نەوەکانی خۆفرشان و پیاوانی داگیرکەر دروست بێت.
ئەم چەند دێڕە بەشێکە لە لێکۆڵێنەوەیەکی درێژ لە بارەی بەدرخانیانی کەمالیستەوە، بەم زووانە بڵاودەبێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان