ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی داوای ئەنجامدانی كۆنگرە دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی داوای ئەنجامدانی كۆنگرە دەكات و داواش لەسەرجەم ئۆرگانەكان دەكات ھەوڵی بەئەنجام گەیاندنی ئەو ئەركە مێژووییە بدەن.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا پێزانینی خۆیان دەربڕیوە و لەسەر ئاستی باڵای یەكێتی بەگیانێكی ھەڤاڵانە و بەرپرسیارانەوە پشتگیری خۆیان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەم دەردەبڕن، جەختیش دەكەنەوە لەوەی ئەو كۆدەنگییەی لەسەر ئاستی سەركردە و كادیر و جەماوەر ھەیە دەبێتە فاكتەرێكی بەھێز بۆ لێكتێگەیشتنێكی جددی و كۆكردنەوەی تواناكان و دانانی بەرنامەیەكی شایستە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی داواشی لەسەرجەم ئۆرگانەكان كردووە بەگیانێكی ھەڤاڵانە و بە ئیرادەیەكی بەھێز و ھاوبەش ھەوڵی بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئەركە مێژووییە بدەن، ھاوكات داواشیان لەھەڤاڵانی یەكێتی كردووە پەیامەكانیان لەخزمەت پاراستنی یەكڕیزی و بەئەنجام گەیاندنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو دابێت.

ڕاشیدەگەیەنن ئەنجومەنی ناوەندی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئامادە و پەسەندكردووە و ھەر ھەڤاڵێك بیرۆكە و سەرنج و پێشنیارێكی نوێی ھەیە ئاڕاستەی ئەنجومەنی ناوەندی بكات.

کوردستان

“پێویستە هەرێم 5 دۆسیە لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكاتەوە”

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێنج دۆسیەی تایبەت بە بودجە و نەوت دەخاتەڕوو كە پێیوایە پێویستە هەرێمی كوردستان ورد و وریا بێت لە یەكلاكردنەوەیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبابەتێكدا بە ناونیشنانی “دۆسیەكانی دانوستانی نێوان و هەرێم و بەغداد” كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووتەوە ڕایدەگەیەنێت، دۆسیەكان بریتین لە قەرزەكانی هەرێم، دۆسیەی نەوت، پشكی هەرێم لە بودجە، داهاتە نانەوتییەكان و پرسی گەنمی جوتیاران و داوا دەكات، هەرێم شاندێكی هونەری زۆر شارەزا ڕەوانە بكات بۆ ئەوەی بتوانێت بابەتەكان لە بەرژەوەندی هەردوولا یەكلا بكاتەوە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ڕاشیدەگەیەنێت، بەپێی ئامارە نافەڕمییەكان هەرێمی كوردستان 24 ملیار دۆلار قەرزدارە و پێشنیازی چەند كەسایەتییەكیش دەكات بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم سوود لە توانا و شارەزاییەكانیان وەربگرێت.

دەقی بابەتەكە:

دۆسیەكانی دانوستانی نێوان و هەرێم و بغداد

ئەوەندەی من ئاگادار بم نیوان هەرێم و بغداد چوار دۆسیە هەیە كە دەبیت هەرێم شاندێكی هونەری زۆر شارەزای هەبێت تابتوانێت بەسەركەوتویی بابەتەكان بە بەرژەوەندی هەردولا كۆتاییان پێ بێنێت و پاشان شاندی سیاسی كە سەرۆكی حكومەتە واژوی بكات و نوینەرانی خەڵكی هەرێم لە وەزارەتە ئیتیحادیەكان داخلی یاساكانی بكەن بەتایبەت یاسای بوجەو پەرلەمانتارانی كورد لە بغداد بتوانن چاودێری و بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێكەوتنەكە بەوردی بكەن:

دۆسیەكان :

۱_ قەرزەكانی هەرێم كە بە پێی هەندی سەرچاوەی نافەرمی هەرێم بڕی (۲٤) ملیار دۆلار قەرزار بار بۆە لەوەتی پشكی بوجەی بۆ نەهاتوە بۆیە هەرێم چۆن بتوانێت ئەم قەرزانە شەرعیەت پێبدات تا دەوڵەتی ئیتیحادی لەئەستۆی خۆی بگرێت چونكە قەرز لە دەوڵەتی ئیتیحادی دەبێت بە یاسا ڕێك بخرێت و خراوە.

دەبێت هەرێم بتوانێت مقارەنە بكات لە تەواوی قەرزەكانی عێراق و دابەزین و بەكارهێنانی یەدەكی نەختێنەیی كە بەوردی لای ئیمە ی پەرلەمانتاران هەیە.

۲_ دۆسیەی نەوت :هەرێم دەبێت بزانێت بغداد چەندی لە جەولاتی تراخیص سەرف كردوە وكەم كوڕیەكانی دراسە بكات و بۆشاییەكانی بەهەند وەرگرێت و لەو مقارەنەدا بتوانێت بغداد قایل بكات بۆ كە هەێم بۆ گرێبەستی بەشداری بەرهەمی هەڵبژاردوە و ئەم دۆسیە ش كەم تازۆر لای ئیەی پەرلەمانتاران دەست دەكەوێت.

۳_ پشكی هەرێم لە بودجە: ئەوەندەی من بزانم هەرێم داوای پشكی لە سەدا ۱۷٪ دەكاتەوە بەڵام بە بڕوای من دەبێت هەرێم لە بوجەدا دانوستان لەسەر هەیكەلیەتی یاسای بوجە بكاتەوە قازانجی زیاتر دەكات ئەمەشیان لە هەرێم شارەزای باشمان هەن كە بتوا نن لەم دۆسیەدا پشتیان پێببەستین بەتایبەت ئەم ناوانە: (یاسین نەریمان ،هەرسێ بەرێوەبەری بەشەكانی بوجە لە وەزارەتی دارایی كاك عبداللە و كاك نادر وخاتوو پەریخان)، هەروەها د فازڵ نبی و د احمد چاوشین جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی خولی دووەمی پەرلمانی ئیتیحادی) و هەندی كەسی دیكە لە لێژنەی دارای پەرلەمانی عێراق و هەرێم .

٤_ داهاتەكانی نانەوتی بەتایبەت داهاتی گومرگ و باجەكان كە چەند كەسایەتیەكی وەك مامۆستا حسین بەرێوەبەری گومرگی كەلار چەند كەسیكی دیكە لە وردەكاریەكان شارەزان .

٥_ ئەم دۆسیەی پینجەمە خواستی منە كە زیاد بكریت بۆ دانوستان ئەویش گەنمی جوتیارانە

ئەم پێشنیارانەم لە دڵسۆزیمە بۆ خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەم نیە خۆم بە شداری پیبكەن لە شاندەكاندا چونكە من نیازی بەشداری هیچ شاندێكم نی هەوڵی خۆم لەگە ڵ سێ ئەندامەكوردەكەی لێژنەی دارایدا چر دەكەمەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان.

بەهیوای سەركەوتن .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزیری خوێندنی باڵا: ئامانجمانە كوالێتی خوێندن بەزر بكەینەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، پەرەپێدانی كوالێتی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان و بە نێودەوڵەتی كردنیان، ئامانجی سەرەكی و ستراتیژی وەزارەت دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی (٢٠/٨/٢٠١٩) د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ لە شاندێكی كۆمپانیای (SPECS)ی بەریتانیایی كە لە بواری پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی كوالێتی و دڵنیایی جۆری نیشتیمانی كاردەكەن كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەریەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبوون، شاندەكەی كۆمپانیای (SPECS)ی بەریتانیایی خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بەسەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامانجی سەردانەكەشیان بۆ پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی كوالێتی و دڵنیایی جۆری خستەڕوو و مەبەستیانە لەگەڵ تیمی خوێندنی باڵای كوردستان كار بكەن و بەشداربین لە دانانی پلانی ستراتیژی وەزارەت، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش بچێتە سەر نەخشەی متمانەی نێودەوڵەتی جیهانییەوە.

لە بەرامبەردا د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: پێداچوونەوە بە سیستمی متمانە بەخشین و پەرەپێدانی پڕۆگرامەكان و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن ئەركی گرنگ و ستراتیژی وەزارەتەكەیانە و خۆیان لەسەر ئەم ڕێگەیە كاردەكەن و ئامانجیانە كوالێتی خوێندن بەزر بكەنەوە و متمانەی نێودەوڵەتی بۆ زانكۆكان بەدەستبهێنن.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشیخستەڕوو: ئامانجیانە ئاستی زانكۆكان لە لۆكاڵی بوون لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان و عیراق بگۆڕن بۆ ئاستێكی نێودەوڵەتی و جیهانی و كرانەوە بەڕووی تازەترین سیستم و تەكنەلۆژیانی جیهانی. بۆ ئەم هەوڵەش پێویستیان بە توانا و شارەزایی كەسانی پسپۆڕ و لایەنی نێودەوڵەتی و دەرەكی هەیە، بۆ ئەمەش دەرگایان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژانە كراوە دەبێت و هاوكاری تەواو پێشكەش دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هێمن هەورامی: پشتیوانیی كارنامەی كابینەی نۆیەم دەكەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە كاردەكەین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكی گشتگیر و دەشڵێت: “كارنامەی كابینەی نۆیەم چوارچێوەیەكی یاسایی پێدەبەخشرێت”.

ئەمڕۆ سێ شەممە 20ی ئابی 2019 هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان پێشوازی لە كلاریس پاستۆری، نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كرد.

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سوپاسی كلاریس پاستۆری-ی كرد بۆ ئەو كارانەی كە لەماوەی رابردوودا ئەنجامیداوە لە هەرێمی كوردستان بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هیواشی خواست لەگەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی كاری هاوبەش بكرێت بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

دەربارەی كارەكانی پەڕلەمانی كوردستان هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەڕلەمان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “كاردەكەین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكی گشتگیر لە هەرێمی كوردستان لەگشت سێكتەرەكان بۆئەوەی لەئاست و ویست و ئارەزووەكانی خەڵكی كوردستان بێت و پشتگیر و پشتیوانی كارنامەی كابینەی نۆیەم دەكەین و بۆ ئەم مەبەستە كارنامەی كابینەی نۆیەم چوارچێوەیەكی یاسایی پێدەبەخشرێت”.

لای خۆیەوە كلاریس پاستۆری، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لەهەرێمی كوردستان مەبەستی سەردانەكەی بۆ پەڕلەمانی كوردستان ڕوونكردەوە كە بەبۆنەی كۆتاییهاتنی كارەكانی و ماڵئاواییكردنی و گەیاندنی سوپاسگوزاریی خۆی بە پەڕلەمانی كوردستان بەرامبەر هەماهەنگییان لەگەڵیدا لەماوەی كاركردنیدا لە هەرێمی كوردستانە.

نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا پشتگیریی و پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان و كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان