ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

کۆنتی بۆ ئیداره‌ی ئینته‌رمیلان: ئه‌م چوار یاریزانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریدم ده‌وێت !

خه‌ڵک سپۆرت

ئه‌نتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنه‌ری نوێی یانه‌ی ئینته‌رمیلان له‌ گواستنه‌وه‌کانی هاوینه‌ی ٢٠١٩دا خواستی له‌سه‌ر چوار یاریزانی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریده‌.

ماڵپه‌ڕی “دیفێنسا سه‌نتراڵ”ی نزیک له‌ یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ئاشکرای کردووه‌، له‌ گواستنه‌وه‌کانی هاوینه‌ی ٢٠١٩دا یانه‌ی ئینته‌رمیلان دووباره‌ هه‌وڵ بۆ نوێکردنه‌وه‌ی پێکهاته‌که‌ی ده‌دات و چه‌ندین گواستنه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ئه‌نتۆنیۆ کۆنتی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ڕاهێنه‌ره‌که‌ش له‌به‌رامبه‌ردا داوای چه‌ند یاریزانێکی گه‌وره‌ و ناوداری کردووه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌کان و گه‌یشتنه‌وه‌  به‌ زه‌به‌لاحه‌کانی تر له‌ ململانێ ئه‌وروپیه‌ گه‌وره‌کاندا.

سه‌رچاوه‌که‌ ئاماژه‌ی کردووه‌، نوێنه‌رانی “نێراتزۆری” له‌ ئیسپانیا و له‌سه‌ر داوای ڕاهێنه‌ری نوێ مامه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی چوار یاریزانیان له‌گه‌ڵ یانه‌ی شاهانه‌ی مه‌درید کردووه‌ که‌ پێکهاتوون له‌: ماتیۆ کۆڤاسیچ، مارسێلۆ، ناچۆ فێرناندێز، لوکاس ڤاسکێز.

چوارینه‌ی داواکراوی کۆنتی وه‌رزی داهاتوو به‌هۆی بۆنده‌ ئیمزاکراوه‌کانی زینه‌دین زێدانه‌وه‌ پێگه‌یان لاواز ده‌بێت، کۆڤاسیچ له‌ماوه‌ی خواستن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌هۆی زۆری ناوه‌ندسازه‌کانه‌وه‌ ناتوانێت پێگه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بگرێت، هه‌روه‌ها کڕینی هازارد و ڕۆدریگۆ گوس ده‌بێته‌ لێدان له‌پێگه‌ یه‌ده‌گه‌که‌ی لوکاس ڤاسکێز و ناچۆ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی سێیه‌م له‌دوای ئیدێر میلیتاو، هه‌روه‌ها مارسێلۆ به‌ته‌مه‌ندا ڕۆچووه‌ و گواستنه‌وه‌ی فێرلاند مێندی دووچاری ململانێیه‌کی قورسی ده‌کات.

جیهانی

کۆنتی به‌بێ ده‌نگی ڕه‌زامه‌ندی چوار یاریزانی به‌ده‌ستهێناوه‌ و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی یانه‌ فرۆشیاره‌کانه‌ !

خه‌ڵک سپۆرت

ئه‌نتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنه‌ری نوێی یانه‌ی ئینته‌رمیلان به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی کار له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌کان ده‌کات و له‌چوار جه‌مسه‌ره‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌.

ڕۆژنامه‌ی “کۆرێری دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی له‌زاری سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌کانی یانه‌ی ئینته‌رمیلانه‌وه‌ ئاشکرای کردووه‌، کۆنتی و هاوکارانی له‌ ئیداره‌ی “نێراتزۆری” له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا گفتوگۆی چڕوپڕ و ئاسته‌میان بۆ گواستنه‌وه‌ی چوار ئه‌ستێره‌ی ناودار ئه‌نجامداوه‌ و له‌سه‌رجه‌میاندا سه‌رکه‌وتوو بوون، واتا ڕه‌زامه‌ندی هه‌ر چوار یاریزانه‌که‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌.

داواکراوان بریتی بوون له‌: ڕۆمێلۆ لوکاکۆی به‌لجیکی هێرشبه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد و ئیدین دزیکۆی بۆسنی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی ڕۆما، و سێیه‌م و چواره‌م ناویش نیکۆلۆ بارێلای ئه‌ستێره‌ی کالیه‌ری و ڤالێنتینۆ لازارۆی باڵی هێرشبه‌ری یانه‌ی هێرتا به‌رلین بوون.

به‌پێی سه‌رچاوه‌که‌، پاش یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی یاریزانه‌کان، ئیداره‌ی ماره‌ شینه‌کانی میلان ڕاسته‌وخۆ بۆندی داواکراویان پێشکه‌شی یانه‌ فرۆشیاره‌کان کردووه‌ و حاڵی حازر ته‌واوی کارمه‌ندانی یانه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی کۆتایی ئه‌و یانانه‌ ده‌که‌ن.

“کۆرێری” دووپاتی کردۆته‌وه‌، له‌ وه‌رزی نوێدا هانده‌رانی یانه‌ چاوه‌ڕوانی زیاتر و زیاتر له‌ کۆنتی ده‌که‌ن و ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ش له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیدا چه‌ندین داواکاری له‌ ئیداره‌ی یانه‌ هه‌بووه‌، له‌هه‌موو داواکاریه‌کان گرنگتر به‌هێزکردنی پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی بووه‌ به‌م چوار یاریزانه‌ و ئه‌و مه‌رجه‌شی وه‌ک به‌ڵێن له‌ سه‌رۆکایه‌تی یانه‌وه‌ مسۆگه‌ر کردووه‌.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

هاوکێشه‌ی دۆمینۆ: گه‌وهه‌ره‌که‌ی ئه‌تله‌تی ده‌چێته‌ سیتی و سیمیۆنی به‌ یاریزانێکی ڕیاڵ قه‌ره‌بووی ده‌کاته‌وه‌

خه‌ڵک سپۆرت

گواستنه‌وه‌ی “ڕۆدری” له‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیکۆ مه‌دریده‌وه‌ بۆ ڕیزه‌کانی مانچسته‌ر سیتی ده‌رگای گواستنه‌وه‌ به‌ڕووی یاریزانێکی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریدی ئیسپانیدا ده‌کاته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی “مارکا”ی ئیسپانی ئاشکرای کردووه‌، پیپ گواردیۆلا و نوێنه‌رانی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی توانیویانه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕۆدریگۆ هێرناندێزی ناسراو به‌ “ڕۆدری” ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵکشاوی یانه‌ی ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید بکه‌ن، به‌پێی ڕێکه‌وتنه‌که‌ سیتی بڕی ٧٠ ملیۆن یورۆی نرخی شکاندنی بۆنده‌که‌ی پێشکه‌ش ده‌که‌ن و گه‌وهه‌ره‌که‌ ده‌گوێزنه‌وه‌ بۆ یاریگای ئیتیحاد.

ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ هاوکێشه‌که‌ له‌ دوو یانه‌وه‌ بۆ سیان به‌رز ده‌کاته‌وه‌، چونکه‌ دیێگۆ سیمیۆنی ناچار ده‌بێت به‌ یاریزانێکی ناوازه‌ پێگه‌ی یاریزانه‌که‌ پڕ بکاته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مارکۆس لۆرێنتی یاریزانی هێڵی ناوه‌ندی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریدی ده‌ستنیشان کردووه‌.

مارکا ئاماژه‌ی کردووه‌، ئیداره‌ی یانه‌ی شاهانه‌ نه‌رمیان نواندووه‌ و داوای بڕی ٤٠ ملیۆنیان به‌رامبه‌ر یاریزانه‌که‌یان کردووه‌، ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ش هاوکات ده‌بێت له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی جواو فیلێکس له‌ یانه‌ی به‌نفیکای پورتوگالیه‌وه‌ به‌بڕی ١٢٠ ملیۆن بۆ پێگه‌ی ئه‌نتوان گریزمان، به‌وشێوه‌یه‌ش ئیداره‌ی “ڕۆخی بلانکۆس” پێیان وایه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بن له‌پڕ کردنه‌وه‌ی که‌لێنی یاریزانه‌ فرۆشراوه‌کان.

“ڕۆدری” ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ یه‌کێکه‌ له‌ لاوانی یانه‌ی ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید و بۆ پێکهاته‌ی لاوانی ئیسپانیا و پاشان هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌که‌ی یاریی کردووه‌، له‌شێوازی یاریکردندا هاوشێوه‌ی سێرجیۆ بۆسکێتسی ئه‌ستێره‌ی ناوداری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌یه‌، له‌کۆی ٤٣ یارییدا توانیویه‌تی ته‌نها سێ گۆڵ تۆمار بکات، له‌ بونیادنانی هێرشه‌کاندا یه‌کێک بووه‌ له‌ کاریگه‌رترینه‌کان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

(ئینریکی وازیهێنا) یه‌کێتی تۆپی پێی ئیسپانیا مۆرینۆی وه‌ک ڕاهێنه‌ری نوێی “لارۆخا” دیاری کرد !

خه‌ڵک سپۆرت

لویس ئینریکی ڕاهێنه‌ری ناودار بڕیاریدا ده‌ستبه‌رداری‌ پۆستی ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بێت و یه‌کێتی تۆپی پێی وڵاته‌که‌ش به‌فه‌رمی ڕۆبێرت مۆرینۆی له‌جێگه‌ی ڕاسپارد.

ئه‌مڕۆ له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا لویس ڕوبیالیس به‌شێوه‌یه‌کی کتوپڕ بڕیاری وازهێنانی لویس ئینریکی له‌پۆستی ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا ئاشکرا کرد، وه‌ک شوێنگره‌وه‌ش ڕۆبێرت مۆرینیۆی یاریده‌ده‌ریان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کجاره‌کی وه‌ک ڕاهێنه‌ری سه‌ره‌کی ڕاسپارد.

له‌ کۆتا سێ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ماتادۆره‌کاندا لویس ئینریکی به‌هۆی کێشه‌ تایبه‌تیه‌کانیه‌وه‌ (کێشه‌ی خێزانی) نه‌یتوانی له‌نێو یاریگا له‌گه‌ڵ پێکهاته‌که‌یدا ئاماده‌ بێت، له‌جێگه‌ی ڕۆبێرت مۆرینۆی یاریده‌ده‌ری ئه‌رکی ڕاهێنه‌ری سه‌ره‌کی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ و له‌هه‌ر سێ یارییه‌که‌شدا براوه‌ بووه‌.

ڕوبیالیس له‌باره‌ی بڕیاره‌ کتوپڕه‌که‌وه،‌ ڕایگه‌یاند :” ئینریکی به‌هۆی کێشه‌ی تایبه‌تیه‌وه‌ چیتر نه‌یتوانی له‌گه‌ڵماندا به‌رده‌وام بێت، هیوامان ده‌خواست به‌رده‌وام بوایه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین له‌ بڕیاره‌که‌ی په‌شیمانی بکه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مانه‌وێت پێی ڕابگه‌یه‌نین که‌ هه‌میشه‌ ده‌رگای هه‌ڵبژارده‌که‌ به‌ڕوویدا کراوه‌ ده‌بێت”.

مۆرینۆ ڕاهێنه‌رێکی که‌ته‌لۆنیه‌ و له‌ساڵی ٢٠١١ وه‌ک یاریده‌ده‌ری لویس ئینریکی له‌ یانه‌ی ڕۆما ده‌ستبه‌کار بوو، دواتر له‌گه‌ڵ هه‌مان ڕاهێنه‌ر و وه‌ک یاریده‌ده‌ر به‌ یانه‌کانی سێلتا ڤیگۆ و به‌رشلۆنه‌ و دووباره‌ سێلتا ڤیگۆ و پاشان هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا گوزه‌ری کردووه‌، له‌ئێستاشدا ڕوبیالیس و هاوه‌ڵانی له‌ یه‌کێتی تۆپی پێی ئیسپانیا له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی لویس ئینریکی و یاریزانه‌ ناوداره‌کانی هه‌ڵبژارده‌ی “لارۆخا” پۆستی ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌که‌یان پێبه‌خشیوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌رده‌وامی به‌ هه‌مان پلان و ستراتیجی ئینریکی بدات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان