ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ئەمڕۆ سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا دەستبەكار دەبێت

خەڵك-سەعد مەلا عەبدڵڵا گوڵپی

بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا بە بەشداری نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییە نێوخۆیی و دەرەكییەكان و هەروەها بەرپرسانی باڵای عیراق و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەكار بێت.

ڤالا فەرید سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا، بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەڕلەمان دەكات بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی، ساڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەڕلەمان، لەكاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە ڕێكەوتی 2019/6/10، بۆ دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان.

ڕێوڕەسمەكە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕوونیكردەوە، لەبەر ئامادەبوونی میوانان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و نەبوونی شوێنی پێویست لە تەلاری پەڕلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بڕیاری دا ئەم دانیشتنە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لەشاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بێت.

ڕێوڕِەسمەكە شێوازی سوێندخواردنی سەرۆكی وڵاتانی پێوەدیارە و بەهۆیەوە ژمارەیەك زۆر لە میوانی نێوخۆیی و بیانی بانگهێشت كراون و بەپێی زانیارییەكان 1200 كەس ئامادەی ڕێوڕەسمەكە دەبن.

پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و چەندین خەڵكی دیكە لە ناوەوە و دەرەوە بانگهێشت كراون و فراكسیۆنەكانیش سەرپشكن لەوەی بەشداری بكەن، هاوكات شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك دووەم هێزی هەرێم بە سەرۆكایەتی كۆسرەت ڕِەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی حزبەكە بەشداری مەراسیمەكە دەكات، ئەمەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕەوشی سیاسی هەرێم هەیە، چونكە بەشداریكردنەكەی شاندی یەكێتی دوای ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی و بەشدارینەكردنی فڕاكسیۆنی یەكێتی دێت لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەریم و بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان و هەڵوەشاندنەوەی دوو ڕێككەوتنی فەرمی نێوان پارتی و یەكێتی.
بەپێی زانیارییەكان، جگە لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق، لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستانیش لایەنە سیاسییەكان بەشداری مەراسیمەكە دەكەن و هاوكات سەرجەم باڵیۆز و نێردەی وڵاتانی جیهان و ژمارەیەك لە وەزیرەكانی دەرەوە بەشداری مەراسیمەكە دەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە ڕێوڕەسمەكەدا وەبەرهینەرانی هەرێمی كوردستانیش بەشدارییان پێكراوە و بانگێشهتكراون، ئەویش وەكو لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی وەبەرهێنەران لەماوەكانی ڕابردوودا لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەم ڕێوڕەسمە هەنگاوێك دەبێت بەرەو ئاشتەوایی و یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، بەتایبەت دوای بانگهێشتكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بۆ ڕێوڕەسمەكە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، لەدوای 2ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەهۆی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری عیراق ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی گەیشتە لوتكە و تا ئێستاش نەتوانراوە چارەسەری بیماری نێوانیان بكەن، بەڵام دوای سەردانی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ یەكەم جار كاریگەری لەسەر هێوركردنەوەی كێشەكان دەبێت و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەت بۆ ئاساییكردنەوەی نێو ماڵی كورد.

دروستبوونی كێشە و ململانێكانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم وایكرد دەرگای پەڕلەمانی كوردستان دابخرێت، بەڵام دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنی پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان توانرا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان بەسەرجەم دەسەڵاتەكانییەوە پەسەند بكرێت ودامەزراوەكە كارا بكرێتەوە دوای نزیكەی دوو ساڵ لە هەڵپەساردنی بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 دا.

 

رێكارەكانی تایبەت بە سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان – عێراق.

1- دەقیقەیەك وەستان و رێزنان لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ سروودی نیشتمانی عێراقی و مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب.

دووەم- خوێندنەوەی بڕیاری ژمارە 6ـی ساڵی 2019 تایبەت بە هەڵبژاردنی رێزدار نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان – عێراق.

3- سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی).

4- پێشكەشكردنی وتاری بەشێك لە ئامادەبووان بەو بۆنەیەوە.

5- وتەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی).

دووەم، ناونانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان – عێراق، بەپێی بڕگەی 3 لە ماددەی 56 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو.

 

نێچیرڤان بارزانی كێیە؟
نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی:
– لە 21ـی ئەیلوولی 1966 لە حاجی ئۆمەران لەدایكبووە
– جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە
-لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون
– خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران
– لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی
– لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
– لە 1999 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی چوارەم)
– 2006 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە)
– لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆكوەزیران
– لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆكوەزیرانی پێدرایەوە تاوەكو 2018
– لە 3-12-2018 كرایە بەربژێری پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
-لە 28-5- 2019 بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا.

راپۆرت

پەڕلەمان و حكومەت و وەبەرهێنەران هەوڵی هەمواری یاساكە دەدەن
لە هەرێم هەزار وەبەرهێن بە سەرمایەی 51 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوای 13 ساڵ لە دەركردنی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی 2006، هەوڵەكان لەسەر ئاستی پەڕلەمان و حكومەت و وەبەرهێنانەران بۆ هەمواری یاساكە دەستی پێكردووە و داوا دەكرێت یاساكە بەجۆرێك هەموار بكرێت سەرجەم سێكتەرەكان لەخۆ بگرێت و وەڵامدەرەوەی پێویستییەكانی سەردەم و ڕاكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی بێت بۆ ناو هەرێم.

ماوەی 9 ساڵە پڕۆژەیەك لەنێوان حكومەت و پەڕلەمانە

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لەپارێزگای هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەپێی یاسای وەبەرهێنان، كە ساڵی ۲۰۰٦ دەرچووە، ئەوكاتە توانیان ۱۰۰ مۆڵەت بدەن بە پڕۆژەی وەبەرهێنان، یاساكەش ئەوكات، كە هەرێم لەڕووی بیناسازیەوە پێشكەوتوو نەبوو سەڕەڕای كەم و كوڕی، بەڵام بۆ ئەو كاتە یاسایەكی باش بوو.

دەشڵێت: “ڕەشنووسی هەمواری یەكەمی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی ۲۰۱۰ ئامادەكراوە و مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كرا و لەوێشەوە ئاڕاستەی پەڕلەمان كرا، بەڵام ئێستا بەپێی نووسراوێكی پەڕلەمانی كوردستان ئەو پڕۆژە یاسایانەی ڕەشنووسەكانیان ئامادەكراوە گەڕێندراونەتەوە بۆ حكومەت بەمەبەستی زیاتر دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكان”.

بە وتەی سامان عارەب، “۹ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەئامادكردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاساكە، بۆیە ئێستا شتی نوێتر هاتۆتەئاراوە و ڕەشنووسی هەموارەكە دەوڵەمەندتر دەكەن” .

لەبارەی كەم كوڕیەكان و گۆڕانكارەكانیش وتی، “۱۰ سێكتەری وەبەرهێنان مۆڵەتی لای ئێمە پێ دەدرێت، بەپێی سێكتەرەكان گۆڕانكاری دەكرێت، ئەگەر لەڕابردوو سێكتەرێك ئەولەویەتی هەبووبێت، ئەوا ڕەنگە ئێستا پێویست نەبێت و بەڕێنمایش كۆمەڵێك پڕۆژە ڕاگیراون، بەپێی ڕەشنووسەكە گۆڕانكاری لەهەیكەلی دەستە دەكرێت و فەرمانگەیەكی بەدوواداچون و پلادانان دروست دەكرێت”.

ڕاشیگەیاند، بەپێی یاسای وەبەرهێنانی عیراق وڵاتانی دەووروبەر ئیمتیازی زۆر و كارئاسانی دەدرێت بە وەبەرهێنەر، بۆیە لێرەش ئەوە ڕەچاو دەكرێت، پڕۆژەی هاوبەشی كەرتی حكومی و تایبەت بۆ پڕۆژە ستراتیژیەكان وەك بەنداوەكان ئاماژەی پێدراوە لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەی یەك پەنجەرە بۆ ڕایكردنی مامەڵەكان، جگە لەوەش پێناسەی پڕۆژەی ستراتیژی دەكرێت و پلانی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی كوردستان دادەنرێت، لەهەمان كاتیشدا وەبەرهێنان پڕۆپۆزەڵ لەوەبەرهێن وەرناگرێت، بەڵكو بەپێی پێویستی ناوچەكان و شوێنی جوگرافی دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژە ڕادەگەیەنێت.

یەكگرتوو: پڕۆژەمان پێشكەش كردووە

لای خۆشیەوە، شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هاوشێوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی دیكە لەگەڵ یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونی خوولی پێنجەمی پەڕلەمان لە 18-2-2019 دا، بۆ ئەوەی سیستەمی بەداواداچوون و هەڵسەنگاندنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان جێگیر بكرێن، چونكە ئێستا یاسا بوونی نیە و وەبەرهێنەر پڕۆژە نەكات و كەس نەبێت بەدواداچوونی بۆ بكات، لەو ڕووەوە هاووڵاتیان زیانی زۆریان بەركەوتووە.

وتیشی، “داوامان كردووە لە هەمواری تازەكەدا مافی وەبەرهێن پارێزراو بێت، بە كەمكردنەوەی بیرۆكراسیەت و ئاسانكاری لە سیاسەتی یەك كەس ڕووبەڕووی وەبەرهێن بێتەوە، كار ئاسانی بۆ بكرێت تا مامەڵەكانی ڕایی بكرێت”.

ڕاشیگەیاند، پاراستنی سیستەمی وەبەرهێنان لە گەندەڵی بەو مانایەی ئەوانەی زەویان پێدەدەرێت بە شێوەی مساتەحە بۆیان نیە بیفرۆشنەوە، چونكە ئەو زەویانەی پێیان دراوە دوای 25 ساڵ دەدرێتەوە بە حكومەت بۆیە پێدەچێت لەو ڕووەوە پێشێلی زۆر كرابێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەمانە و چەندین كێشەی دیكەی یاساكەی 2006 چارەسەرمان كردووە، كە پێشتر لەگەڵ شارەزایانی بوارەكە ئاڵوگۆڕی بۆچوونی لەسەركراوە و ئەوجا پڕۆژەكە دراوەتە سەرۆكایەتی پەڕلەمان.

ئاشكراشیكرد، تا ئێستا بۆ هەمواری پڕۆژەی هەمواری یاسای وەبەرهێنانی ساڵی 2006 تەنها ئێمە پڕۆژەمان پێشكەشكردووە.

وەبەرهێنەران: دەبێت سێ‌ جۆر بەرژەوەندی بپارێزرێت

هاوكات، یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە ماوەی 13 ساڵە یاسای وەبەرهێنان هەموار نەكراوەتەوە، بۆیە هەمواركردنەوەی بەشێوەیەكی زانستی و ئابوریانە گرنگیەكی زۆری دەبێت و گوڕێك بە پڕۆەكانی وەبەرهێنەران دەداتەوە، چونكە ئەو دۆخەی ئەو یاسایەی تێدا دەركرا جیاوازە لەئێستا بەو پێیەی ئەو كاتە وەبەرهێنەران بە پەنجەی دەست دەژمێردران، بەڵام ئێستا زیاتر لە هەزار وەبەرهێنەر و كۆمپانیای گەورە هەن، كە وەبەرهێنان دەكەن بە سەرمایەی زیاتر لە 51 ملیار دۆلار.

وتیشی، “ئێمەی وەبەرهێنەران چەند داخوازیەكمان هەیە بۆ هەمواری یاسای وەبەرهێنەران تاوەكو یاسایەكی تۆكمەبێت و لە ئاست گەشەپێدانی وەبەرهێنان بێت”.

سەبارەت بە داخوازیەكانیان، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران ئاشكرای كرد، وەك چۆن لە كارنامەی حكومەتدا هاتووە، دەبێت حكومەتی نوێ‌ بایەخێكی زۆر بە هەمواركردنەوەی یاساكە بدات و خۆی چاودێری بكات و تەنها چەند پەڕلەمانتار و فراكسیۆنێك بەتەنها خۆیان نەكەن بە خاوەنی هەمواركردنەوەكە، بەڵكو دەبێت بە هەمووان و بە وەبەرهێنەرانیشەوە هەموارەكە بكرێت و بایەخی زۆر بە وەبەرهێنەران بدرێت و هەموارەكەش بابەتی و گونجاو بێت.

جەختیشی كردەوە، كە دەبێت سێ‌ بابەت لەم یاسایە پارێزراوبێت، كە بریتیە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندی حكومەت و بەرژەوەندی وەبەرهێنەران.

وتیشی، “دەبێت سەرمایەی دەرەكی ڕابكێشیت، ئەوەتا ئێران و توركیا وایان كردووە لە یاسای وەبەرهێنادا ڕێگەیان داوە بە وەبەرهێنەران تاوەكو وەبەرهێنان بكەن و ئیقامە و شوێنی نیشتەجێبوونیان بەناوەوە بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

بەرپرسێكی (CIA) ئاشكرایان دەكات
سەدام حسێن ئەم پێشنیارانەی بۆ ئەمریكا خستبووەڕوو لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەبارەت بە ئەفسانەی دووژمنایەتی سەدام بۆ ئەمریكا، بەرپرسێكی پێشووی هەواڵگری ئەمریكایی (CIA)، كە بە كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی هەواڵگری عیراقی لە ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوو تۆمەتباركرابوو، بە 15 ساڵ-یش زیندانی حوكمدرابوو گەر سازش لەسەر زانیارییەكانی تایبەت بە پەلامارەكانی 11ی سێپتەمبەر و جەنگ لە دژی عیراق نەكات.

سوزان لینداور، یەكێك لە بەرپرسەكانی پێشوو لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكایی (CIA) ، كە دواتر لەلایەن دەزگاكەوە بە كاركردن بۆ بەرژەوەندی هەواڵگری عیراقی تۆمەتباركرابوو، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی هەوڵێكی كوشتن بووەوە، كتێبێكی بە ناونیشانی (extreme prejudice) بڵاوكردەوە، كە مانای گرتنەبەری بەرزترین ئاستی ڕێوشوێن دەگەیەنێت لەلایەن دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا لە دژی ئەو كەسانەی، كە دەیانەوێت تیرۆری بكەن، گوزارشتەكەش واتای ( گرتنەبەری بەرزترین ڕێوشوێن دەگەیەنێت).

بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان، بڕی ملیۆنێك دۆلار بۆ لینداور پێشنیاركراوە تا كتێبەكەی بەچاپ نەگەیەنێت، بەڵام ڕەتیكردۆتەوە.

سۆزان لینداور، ئەو نهێنییە ئابڕوبەرانەی ئاشكراكردووە، كە كێشێكی قورسیان هەیە و بەلای دەزگای هەواڵگری ناوەندەی ئەمریكاوە گرنگییەكی گەورەیان هەیە، بە تایبەت ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە ڕاستی و سروشتی پەیوەندی نێوان ڕژێمی پێشووی سەدام حسێن و ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە هەیە.

لەگەڵ ئەوەی ناكرێت لایەنی درۆ و زیادەڕۆیی لە قسەی بەرپرسانی پێشووی ئەمریكایی پشتگوێ بخرێت، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە لینداور بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە قسە لەسەر ڕژێمی پێشووی عیراق دەكات و وەك هاوسۆزێكی ئەو ڕژێمە تا ئەمڕۆ خۆی دەردەخات، بەڵام بەبێ‌ ئەوەی مەبەستێكی هەبێت، بەڕوونی قسەكانی ڕژێمی سەدام سەبارەت بە دژایەتیكردنی بۆ ئەمریكا ئاشكرا دەكات و دەڵێت، “ئەو قسانە جگە لە پڕوپاگەندەی سیاسی و دروشمی بەتاڵ چی دی نەبوون”.

“سەدام باشترین هاریكار بووە لە بواری تیرۆر”.
سۆزان لینداور، لە قسەكرنیدا لەبارەی ڕژیمی پێشووی عیراق و هەماهەنگی كردنی لەگەڵ ئەمریكا، لەماوەی 21 خولەك و 30 چركەدا كۆمەڵێك زانیاری نهێنی و سەیر دەخاتەڕوو، لەو بارەیەوە دەڵێت: “سەدام حسێن باشترین هەواڵدەر و هاریكاری ئێمە بووە لە بواری تیرۆر”.

ئەو بەرپرسەی پێشووی هەواڵگری ئەمریكایی (CIA) دەڵێت: “پلانێكی كارمان دانا، كە چەند بڕگەیەكی پێویستی لەخۆدەگرت، تا لەلایەن لایەنی عیراقییەوە جێبەجێ‌ بكرێن. لە قۆناغی وتوێژەكانم لەگەڵ د.سەعید حەسەن، نوێنەری عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرپشك كرابووم هەر كارێكی پێویست ئەنجام بدەم و هەر مەرجێك قبوڵ بكەم، كە ببێتە مایەی هەڵگرتنی سزاكان لەسەر عیراق. نوێنەری عیراق پێی وتم: گەر ڕازیی بوون بە دانوستان سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاكان، ئەوا ئێمە گەڕانەوەی پشكنەرەكانی چەكی كۆكوژ زامن دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا پێدانی هەموو گرێبەستەكانی نەوت و هەموو پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە لە عیراق بۆ ئەمریكا زامن دەكەین. پێیان وتین: وەرن چی دەبەن ببەن! هەموو ئەو قسانەم گەیاندە (CIA) و ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی و جۆرج تنت، بەڕێوەبەری (CIA)، زانیارییەكانیش بۆ باڵاترین ئاستی حكومی لە كۆتایی ڕۆژگارەكانی سەرۆكایەتی بیڵ كڵینتۆن، بەرزكرایەوە”.

“سەعید حەسەن، نوێنەری عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان، سوێندی خوارد، كە دانوستانەكان كورتخایەن دەبێت، چونكە بەغدا ڕازیبوو بە هەموو مەرجەكانی ئەمریكا، ئیتر مەرجەكان هەرچییەك بن. بەڵێ‌ تا ئەوپەڕی مەرجەكان هەرچییەك بن! سەدام چەند جارێك پێش ساڵێك لە هەڵبژاردنەكان، هەوڵیدا پشتیوانی و كۆمەكی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بوشی كوڕ بكات، ئەمەش ڕاستییەكی ڕەهایە، ئەم پێشنیارەش بۆ من پێشنیاركرا، كە خۆی لە سەدان هەزار دۆلاردا دەبینیەوە. عیراقییەكان گومانیان وابوو دەتوانن هەمان ئەو كارە بكەن، كە ئایباك دەیكرد (لۆبی جولەكە لە ئەمریكا)، ئەوان ویستیان بە هەموو شێوەیەك تەواوی پشتیوانی و پشتگیری خۆیان بۆ ئەمریكا دەرببڕن و وەها خۆیان دەربخەن، كە دۆستی واشنتنن، ئەمەش مایەی خەمبارییە! ویستیان ئەوە دەربخەن، كە دۆستی ئێمەن، دەریبخەن، كە سەر بە ئەمریكا و خۆرئاوان و ئەوان وتیان هەرچییەكمان هەیە و هەرچیەكتان دەوێت دەتاندەینێ‌ ئیتر بۆچی وەها مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن؟ ئێمە پێشتر هاوپەیمانی ئێوە بوین، ئیتر بۆچی ناتوانین سەرلەنوێ‌ ببینەوە بە هاوپەیمانتان؟”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هەڵمەتێكی ڕەشبگیری دژی كورد دەستی پێكرد
توركیا “كودەتای سیاسی” بەسەر سێ‌ گەورە شارەوانی كورد دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
حكومەتی توركیا سەرۆكی سێ‌ شارەوانی گەورەی باكوری كوردستان لە پۆستەكانیان دووردەخاتەوە لەكاتێكدا بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای هاووڵاتیان هەڵبژێردراون و لەهەمان كاتدا هەڵمەتێكی ڕەشبگیری دژی هاووڵاتیانی كورد و فەرمانبەرانی ئەو شارەوانیانە لە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەستپێدەكات و ئەوەش كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە.

شارە كوردیەكان بوونە ئامانجی ئەردۆغان
بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ و لەسەر ڕاسپاردەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا سەرۆك شارەوانی هەر سێ‌ شاری ئامەد و مێردرین و وان، كە لە پشكی (هەدەپە)ن لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە و لەشوێنیان خەڵكانی (قەیوم) سەر بە پارتی (ئاكەپە)ی دەسەڵاتدار دانران.

هەدەپە، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی ئەو سێ‌ شارەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی ڕابردوو بە زۆرینەی دەنگ بەدەستهێنا، كە لە ئامەد بە ڕێژەی ٦٣%، لە مێردین بە ڕێژەی ٥٦% و لە وان بە ڕێژەی ٥٣%ی دەنگەکان هەڵبژێردران.

خۆپیشاندان دەستی پێكرد
بەهۆی دوورخستنەوەی هاوسەرۆكانی شارەوانی ئەو سێ‌ شارەی باكوری كوردستان و هەڵمەتی ڕەشبگیری پۆلیس بۆ لایەنگرانی هەدەپە و فەرمانبەرانی ئەو شارەوانیانە، كە تا ئێستا زیاتر لە 400 كەس دەستگیر كراون، خۆپیشاندان لە بەردەم بارەگای سەرەكی شارەوانی ئامەد دەستیپێكرد و هێزە ئەمنیەكانیش بە ئاو و گازی فرمێسكرێژ ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە.

دوبەدوای دەست بەسەرداگرتنی هەر سێ گەورە شارەوانی ئامەد و وان و مێردین، لەئێستادا پۆلیسی تورکیا بارەگای سەرەکی هەدەپە-یان لە ئامەد گەمارۆداوە و ڕێگا نادەن نە کەس بچێتە ناو بارەگاکە نەکەس لەبارەگاکە بێتە دەرەوە.

ئەو كارە كاردانەوەی لێ‌ كەوتەوە
وتەبێژی جەهەپە لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، كە ئەو كارێكی سیاسیە و یاسایی نییە و قابیلی قبوڵ كردن نییە.

لای خۆشیەوە، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ لە سەر پشكی جەهەپە پشتیوانی بۆ هەدەپە ڕاگەیاند و وتی، “ئەوەی لەو شارەوانییانە ڕوویداوە دژی دیموكراسی و دەنگ و ئیرادەی خەڵكە و شایەنی قبوڵ كردن نییە”.

عەبدوڵا گول، سەرۆكی پێشووی توركیا رەخنەی لەبریاری لابردنی سەرۆك شارەوانیەكان گرت و لە تویتێكدا دەربارەی دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە لەباكوری كوردستان ڕایگەیاند، “لابردنی سەرۆك شارەوانییە تازە هەڵبژێردراوەكان بۆ دیموكراسی توركیا كارێكی ڕاست و دروست نییە”.

هەدەپە: ئەمە کودەتایەکی نوێی سیاسییە

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەربارەی دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكان پەیامێكی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانمان لە ئامەد بە ڕێژەی ٦٣%، لە مێردین بە ڕێژەی ٥٦% و لە وان-یش بە ڕێژەی ٥٣%ی دەنگەکان هەڵبژێردران، بەڵام بە فەرمانی درۆ و پاساوە نایاسایی و بێ مافییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە دژی ئەندامەکانمان لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و کارمەندانی شارەوانییەکان ئۆپەراسیۆنێکی قورس و چڕی دەستگیرکردن بەڕێوەدەچێت، كە ئەمە کودەتایەکی نوێی سیاسییە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوکات هەڵوێستێکی دوژمنانەیە لە دژی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد. وەزارەتی ناوخۆ ناوەندی کودەتاکەیە، بڕیارەکانیشی دژ بە دیموکراسییە و ناوەندی چەواشەکاری و زەوتکردنی ئازادی و مافەکانە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان