ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ژینگە

پەیامێك ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكرێت
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 80 دۆنم پووش و پاوان لە چەمچەماڵ سووتا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 80 دۆنم پوش و پاوان لە سنوری چەمچەماڵ سووتا و داواش لە هاووڵاتیان دەكات، “با بەهەموومان ژینگەی و سروشتی کوردستان بپارێزین”.

عمید هێمن کمرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “بەهۆی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و وشک بوونی (گژوگیا ) ڕووبەرێکی زۆری چیا و پێدەشتەکان گژوگیا تیایاندا وشک دەبێت ، ئەوەش هۆکاریکی سەرەکیە بۆ کەوتنەوە و تەشەنەکردنی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکان، كە ئەو دیاردەیەش ساڵانە چەند جارێک دووبارە دەبنەوە و لەگەڵ ئەوەی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵ کردنیان کارێکی زەحمەتە، هاوکات زیانێکی زۆر بەسروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنێت.

وتیشی، ” لە ناحیەی شۆرش ئاگرێک کەوتەوە و دەست بەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی شۆرش گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە، دوای چەند کاتژمێرێک توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و بەو هۆکارەش نزیکەی (50) دۆنم لە پووش و پەرێز سووتاوە”.

ڕوونیشی كردەوە، لە ناحیەی سەنگاو ئاگرێک کەوتەوە و دەست بەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەنگاو گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و توانرا بەزووی کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەوهۆکارەش نزیکەی (30) دۆنم لەپووش و پاوان سوتاوە .

وەك عمید هێمن کمرخان دەڵێت: “لە هەمان سنوردا لە ناحیەی تەکیە ئاگرێک کەوتەوە و پۆلیسی دارستان و ژینگەی تەکیە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا لەماوەیەکی کورتدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت بەو هۆیەوە (4) دۆنم لەپووش و پاوان سوتاوە”.

جەختیشی كردەوە، كە هۆکاری سووتانی ئاگرەکان نەزانراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە .

عەمید هێمن پەیامی بۆ هاووڵاتیان ئەوەیە، “با بەهەموومان ژینگەی و سروشتی کوردستان بپارێزین بەتایبەتی لەم وەرزەدا كاتێک هاووڵاتیان ڕوو دەکەنە دەشت و چیاکان و زۆر دڵنیابن لە پاشماوەی ئاگر و پشکۆ لە دوای خۆیان بەجێ نەهێڵن بۆ ئەوەی کارەساتی گەورە ڕوونەدات”.

ژینگە

چیمەنی باخچەكان بەرەو وشكبوون دەچن
باخچەكانی سلێمانی: هەولێر كێشە بۆ باخچەكانمان دروست دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوای شەش مانگ لە ناردنی نووسراو بۆ دابینكردنی تانكەری ئاو بۆ باخچەكان، بەڵام نووسراوەكە ونكراوە، دەشڵێت: “چیمەنی باخچەكانی سلێمانی لە وشكبوون نزیك بوونەتەوە”.

هاوژین عوسمان، وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵانە لە سەرەتای مانگی یەك لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیەوە نووسراو دەكەین بۆ وەزارەت بەمەبەستی گرتنی نزیكەی 40 تانكەر بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار بۆ ئاودانی چیمەنی باخچەكانی سلێمانی، كە هەموو ساڵێك ئەم تانكەرانە بوونەتە هۆكاری گەیاندنی ئاو بۆ ئەو باخچانەی پێویستیانە.

وتیشی، “ئاودان بە تانكەر لە هەموو شارەكانی هەرێم بوونی هەیە و كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە وەزارەت كێشەی زۆر بۆ سلێمانی دروست دەكرێت و دوای 6 مانگ ئەو نووسراوەی داوای تانكەری بۆ سلێمانی كردووە ون بووە، كێشەی ئەو هەموو باخچەیە لەسەر نووسراوێكە ئەوەیش ون بووە، بۆیە جارێكی دیكە لیژنەكەی ئێمە لە هەولێر نووسراوی كردۆتەوە”.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا، كە 19ی مانگە هێشتا بەڵێنمان پێ نەدراوە بۆ دابینكردنی تانكەرەكان، ئەم ڕۆتیناتە لە هەولێر زۆر كێشە بۆ ئێمە دروست دەكات، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە بە شەش مانگ نەكراوە لە هەولێر بە چوار ڕۆژ جێبەجێ‌ دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ئێستادا بلوارەكان (جەزرە وەسەتیەكان) دراوەتەوە بە كۆمپانیا و ڕەنگە هەفتەی داهاتوو دەست بەكارەكانیان بكەنەوە.

وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی ئاشكراشیكرد، ئەو چیمەنی باخچانەی لە ناو شاری سلێمانی دروست كراون و تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكات بە مۆدێرن دروست كراون و پێویستیان بە ڕۆژ ناڕۆژێك ئاو هەیە، بۆیە ئەگەر ئاوی بۆ دابین نەكرێت بەرەو وشكبوون دەڕۆن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

لەماوەی ۳۸ ڕۆژدا ۳۰۰ هەزار هاووڵاتی سەردانی لە بێڵ ماوس و سپیل وەی دوكانیان كردووە

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دوكان ڕایدەگەیەنێت ، لەماوەی ۳۸ ڕۆژی سەر ڕێژبوونی لە بێڵ ماوسی دوكان كە ۳۸ ی ڕۆژی خایاند ۳۰۰ هەزار هاووڵاتی سەردانی دیمەنی هەڵڕژانی ئاوی دەریاچەی دوكانیان كردوە.

ڕێژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتگوزاری دوكــان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، لە بەرواری 2-4-2019 تا 10-5-2019 لەكاتی سەر ڕێژبوونی لە بێڵ ماوسەكە، كە ۳۸ ڕۆژی خایاند نزیكەی 60 هەزار ئۆتۆبێل و ۳۰۰ هەزار هاووڵاتی لە ناوچەجیاجیاكەوە سەردانی دیمەنی هەڵڕژانی ئاوی دەریاچەی دوكانیان كردوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە مێژووی دروستبوونی بەنداوی دوكـــاندا یەكەمجارە بەو ڕێژە زۆرە هاووڵاتی لەماوەیەكی كەمدا سەردانی دوكـــان بكات، بەو پێیەی دوكــان هەڵكەوتەی جوگرافی جوانی هەیە هەمیشە دیمەنەكانی جوان و سەرەنج ڕاكێشن بەردەوام شاری میوانداریە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەو ماوەیەدا هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو ڕوی نەدا.

بەنداوی دوكــان ساڵی 1954 دروستكراوە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1988 سەر ڕێژی كردوە لە بێڵ ماوسەوە، دوای 31 ساڵ جارێكی دیكە دەریاچە، كە سەرڕێژی كردەوە و بەهەزاران هاووڵاتی سەردانی بینینی دیمەنەكانی هەڵڕژانی ئاوی دەریاچەكەیان كردوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

لەشارباژێڕ 3 كەس لەسەر داربڕین و خەڵوزكردن دەستگیر كران

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی 3 كەس لەسەر داربڕین و خەڵوزكردن دەستگیر كران و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا، كە وێنەی بۆ (خەڵك) ناردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، بڕینەوەی زۆرێك لەدار و درەختەكان، كە جێگەی حەوانەوەی زیندەوەرانە و سەرچاوەی بەشێكی ژیانی تریانە، باڵندەكان تووشی كۆچی ناچاری دەكات، بۆیە هێزەكانیان دەرچوونەكانیان چڕكردۆتەوە و هەوڵەكانیان بۆ دەستگیركردنی سەرپێچیكاران بەردەوامە.

ئاشكراشی كردووە، لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گاپیڵۆن بۆ سنوری گوندی مالومە و شاخی قولێ توانیان (2) سەرپێچیكار دەستگیر بكەن، كە سەرقاڵی بڕینی داری دارستانەكان بوون و هاوكات توانرا دەست بگیرێت بەسەر (1) پیكاب داری تەڕ و (1) مشاری كارەباییدا.

ڕاشیگەیاندووە، لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێڕ بۆ گوندی (چنارەی شێخ لەتیف) توانیان هاووڵاتیەك دەستگیر بكەن، كە سەرقاڵی خەڵوز كردن بوو بەشێوەیەكی نایاسایی، هاوكات توانرا چەند كورەیەكی خەڵوز تێكبدرێن .

جەختیشی كردۆتەوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و تۆمەتباران ڕادەستی دادوەر كراون بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان