ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

گوزەران و موچە و شوێنی مانەوەی پەرلەمانتارانی سوید

 

بەلامەوە زۆر گرنگ و جێی بایەخ بوو، ویستم ئێوەش لێی بێبەش نەبن، بەڵام هیچ پێویست بە پێشەکی و درێژدادڕی ناکات لەسەر بابەتی وەرگرتنی پۆستێک بچوک یان گەورە لە حکومەت و پەرلەمان، چونکە تێکەڵبوون بە سیاسەت لە بەشێکی زۆری وڵاتان بە لای خۆشمانەوە، دەبێتە خێرو بەرەکەت بۆ کەسەکان و کۆکردنەوەی سەروەت و سامانێکی زۆر، بەڵام لە سوید نا.
لەو دەوڵەتە ئەسکەندەنافییە، شێوازێکی تایبەت لە ژیانی سیاسی بەڕێدەکرێت، کە بەسەر هەموو کەسایەتییە سیاسیەکاندا پەیڕەو دەکرێت و پێشییەوە پابەندن، ئەویش بریتییە لە سیاسەتی سکهەڵوشین (التقشف) کە لەسەر بنەمای ئەوەی، ئەوان نوێنەری گەلن و ئەو ئەرکە جێبەجی دەکەن کە پێیان سپێردراوە و بەڵێنیان داوە بە دەنگدەرەکانیان.
بۆیە لە بری پاداشتی جیاجیا و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆیان، خودی ئەندامانی پەرلەمان پابەندن بە چەندین کۆت و بەندەوە، کە هەڵسوکەوتیانی کۆترۆڵکردووە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی گشتی و وەرگرتنی باج.
یەکێک لەو پەرلەمانتارانە کە لە پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە چووەتە پەرلەمان بە بی بی سی ڕاگەیاندووە “ئێمە هاوڵاتی ئاسایین، هیچ مانای نییە ئیمتیازی تایبەت بدرێت بە پەرلەمانتاران، چونکە ئەوان نوێنەری ئەو هاوڵاتیانەن کە زۆربەیان لەو دۆخەوە هاتوون کە خەڵکی تیا دەژین”.
ئاماژەی بەوەشکردوو، بۆ ئەوان بەسە کە بوونەتە پەرلەمانتار، ئەو ئەرکەش بە دەستهێنانی هەلی دروستکردنی بڕیار و کاریگەرییە لەسەر دەوڵەت.
ئەندامانی پەرلەمان لە سوید مافی ئەوەیان هەیە هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی بەخۆڕایی بەکاربهێنن، بەڵام وەک هەر ئەندام پەرلەمانێکی تری هەندێک وڵات مافی ئەوەیان نییە ئوتۆمبێلی تایبەت و شۆفێری تایبەتیان هەبێت بۆ گواستنەوەیان.
هەموو پەرلەمانی سودی سێ ئوتۆمبیلی جۆری ڤالڤۆی دروستکراوی وڵاتەکەی هەیە لە جۆری (S80) کە بەکار دەهێنرێت بۆ ڕێوڕەسمە تایبەتەکان و گواستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی.
یەکێک لە پەرلەمانتارەکان دەڵێت “ئوتۆمبێلی کرێ نییە بۆ گواستنەوەی پەرلەمانتاران لە ماڵەوە بۆ شوێنی کارەکەی و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام تەنها فەرمانبەرێک لە پەرلەمان کە ئوتۆمبێلی بۆ تەرخانکراوە سەرۆک وەزیرانی سویدە”.
ئەندامی پەرلەمانی سوید مانگانە بڕی ٦ هەزار و ٩٠٠ دۆلار وەردەگرێت، کە دەکاتە نیوەی ئەو موچەیەی کە ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا وەریدەگرێت، لە کاتێکدا ناوەندی کرێی کارکردن لە سوید بۆ مانگێک ٢ هەزار و ٨٠٠ دۆلارە.
تەنها ئیمتیازێک کە پەرلەمانتارێکی سوید لە دەرەوەی ستۆکهۆڵمی پایتەخت و ئەوانەی کە لە دەرەوەی بازنەی هەڵبژاردنی پایتەختەکە کاندیدکراون هەیانە، بۆ هەر ڕۆژێک کارکردن و دەوام لە پەرلەمان ١٢ دۆلاری بۆ خەرجدەکرێت، کە لە ئێستادا ناتوانرێت ژەمێکی هەرزانی پێ بخورێت لەو وڵاتە.
تا ساڵی ١٩٥٧ هیچ ئەندام پەرلەمانێکی سوید موچەی نەبووە، بەڵکو ئەندامانی پارتە سیاسییەکان پارەیان وەک کۆمەک و پیتاک بۆ کۆدەکردنەوە لە ئەندامەکانیان.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی پەرلەمانی سوید، بڕیاری پێدانی موچە و کرێ بە پەرلەمانتاران بۆ دڵنیایی دانە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشە نەبێتەوە کاتێک خۆی تێکەڵ بە سیاسەت دەکات، بەڵام لە بنەرەتەوە سودییەکان خواستی ئەوەیان نییە موچەی موفت و زۆر بدرێت بە پەرلەمانتارەکانیان.
ئەندامی پەرلەمانی سوید دەتوانن سود لە شوێنی مانەوە ببینن، کە کرێکەی لە لایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، تەنها بۆ ئەوانەی کە لە دەرەوەی پایتەختەوە دێن.
شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارەکانی دەرەوەی پایتەخت، هیچ خزمەتگوزارییەکی رەهاو کراوەی تیا نییە ، چونکە ئەو شوقەنەی بۆیان تەرخانکراوە بۆ مانەوە، لە ٤٦ مەترچوارگۆشە تێپەڕ ناکات، تەنانەت شوقەش هەیە بە ڕووبەری ١٦ مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، پێداویستییەکانی وەک جلشۆر و کەلوپەلی خواردنی زۆری تێدا نییە و تەنها یەک سیسەمێکی تاک نەفەریشیان تێدایە.
باجی کۆکراوە لەو وڵاتە تەنها بۆ کرێ و تێچوونەکانی پەرلەمانتاران خەرج دەکرێت، بۆیە هەر پەرلەمانتاریک گەر بیەوێت تەنها بۆ یەک شەویش لە شوقەی تایبەت بمێنێتەوە، کە تەنانەتە لە لایەن حکومەتیشەوە دابنیکراوە، پێویستە لەسەر گیرفانی خۆی خەرجییەکەی دابین بکات.
تەنانەت ئەگەر پەرلەمانتارێک ویستی لەگەڵ هاوسەرەکەی بمێنێتەوە، پێویستە نیوەی ئەو کرێیە بگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بۆ هاتوچۆ و مانەوەی بۆی تەرخانکراوە.
لێپرسراوی ئیدارەی پەرلەمانی سوید ڕایگەیاندووە، پارە و بودجە و خەرجی بۆ هیچ کەسێک خەرجناکرێت بە هیچ بیانوویەک، جگە لەو ئەندام پەرلەمانانەی کە لەو شوقانەدا دەمێننەوە.
بۆیە ئەندامی پەرلەمانی سوید سەرپشکە لەوەی لەو شوقە تایبەتانەی حکومەت دەمێنێتەوە، یاخود بەکرێگرتنی شوقە لەسەر حسابی خۆی کە مانگانەی دەگاتە ٨٢٠ دۆلار بۆ ئەوانەیان کە لە دەرەوەی پایتەختەوە دێن، ئەوەش نرخێکی زۆر کەمە بەرامبەر بە کرێی هەندێک شوێنی تایبەت و ڕاقی کە لە ناوچە زیندووەکانی ستۆکهۆڵم هەیە.
تا ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووش هیچ شوقەیەکی نیشتەجێبوون نەبووە بۆ ئەندامانی پەرلەمان و لەلایەن حکومەتەوە کرێکەی دابین بکرێت، بۆیە پەرلەمانتار ناچاربوو ئەگەر پێویستی کرد لە نوسینگە تایبەتەکەی خۆی دەمایەوە کە لە ١٥ مەتر چوار گۆشە تێپەڕ ناکات.
پەرلەمانی سوید قەدەغەی کردووە، پەرلەمانتار یاریدەدەر یان ڕاوێژکار و شوفێری هەبێت، لە بەرامبەر ئەوەدا هەر حزبێکی سیاسی لە پەرلەمان بڕێک پارە وەردەگرێت لە حکومەت، کە پێویستە فلس بە فلسی بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە هاوکاریی پەرلەمانتاران دەکەن، بە پێی پێویستیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
لە کاری پەرلەمانی و حکومەت و ئەنجومەنی شارەوانییەکاندا لە وڵاتی سوید، سکهەڵوشنیێکی زۆر توندوتیژ پەڕەو دەکرێت، چونکە نوێنەرایەتی سیاسی وەک هەر کارێکی بنەڕەتی فەرمانبەرێکی ئاسایی سەیر دەکرێت، لە ٩٤%ی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سوید هیچ جۆرە موچە و کرێیەکیان نییە، جگە لە ئەندامانی لیژنەکانی جێبەجێکردن، کە بڕێک کرێیان پێ دەدرێت ئەویش بە گوێرەی سروشتی دەوامی تەواو یان نیوە دەوام.
سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی سوید لەو بارەیەوە دەڵێت “فەلسەفەی پشت ئەو سیاسەتە ئەوەیە، کارەکە ئەرکێکی خۆبەخشانەیە و ئەتوانرێت لە کاتە بەتاڵەکاندا بە باشترین شێوە ئەنجام بدرێت”.
ئیتر کۆمنێت بۆ خوێنەرە ئازیزەکان.

وتار

گەڕان بە دوای وەهمی سەرکەوتن

مەجید ساڵح

هەر جارێک تووشی تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی یان سەربازی دەبێتەوە، ئەردۆگان بۆ پاراستنی ئابڕووی سیاسی خۆی دەستێک لە کورد دەوەشێنێت. بەو نیازەی دڵی هەوادارانی خۆی و هاوپەیمانە فاشیستەکانی لە ئەرگەنەکۆن و MHP خۆش کات.

دوای شکستە گەورەکەی لە هەلبژاردنی شارەوانی باکوری کوردستان و دۆڕانی لە ئەستەمبوڵ و کەوتنی یەڵدرمی پیاوی یەکەمی دەستە راستی، کێچ کەوتە کەوڵی، بە مەرامی داگیر کردنی قەندیل بە هەموو هێزێکیەوە کەوتە پەلاماردانی قەندیل و باشوری کوردستان، بەڵام بۆی نەچوە سەر کە هاوڕێکانی دوێنێی مەسەلەی دامەزراندنی حزبێکی نوێیان لە تورکیا کرد بە عەمەلی و هەنگاوەکانیان دەست پێکرد، بۆ مەشغول کردنی رای گشتی تورکیا هێزێکی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردەوە و ویستی پەلاماری بدات و ئەزمونی عەفرین لە کۆبانی و قامشلی و سەری کانی دووبارە بکاتەوە، بەڵام پیلانەکەی لە گەڵ پلانەکەی ئەمریکا یەکی نەدەگرتەوە و بە چاوسور کردنەوەیەک رازی بوو بە رێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندیدا نەبوو، بۆیە هەڕەشەو گورەشەکانی خاو کردەوە.


ئەردۆگان بە هۆی لاواز بوونی پێگەی جەماوەری خۆی و نەمانی پێگەی جارانی حزبەکەی ، بە تەواوەتی بە گروپە فاشیستەکانی تورک دەورە دراوە و تەسلیمی ئیرادەی ئەوان بووە. بۆیە رێگەی بۆ باڵی فاشیستی ناو حکومەتەکەی خۆش کردوە، پەلاماری HDP و سەرۆکی شارەوانیەکانی دەستی ئەو حزبە بدەن ، بۆ چوار مەرام:


١. لاواز کردنەوەی رۆڵی کورد لە هاوکێشە ناو خۆیی و ئیقلیمیەکان، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەدا دەرکەوت کورد پارسەنگ و یەکلاکەرەوەی هیزە لە نێوان فاشیزم لایەنگرانی دیموکراسی.


٢. لێدان لە پەیکەریHDP و دابەشکردنیان بۆ دوو بەرەی شاخ و زیندان. لە ئۆپراسیۆنی ٢٠١٦ بەشی زۆری کادیرانی رادیکالی HDP یان گرت و خستنیە زیندانەوە و هێشتا زۆریان هەر لە زیندانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردودا HDP، بە تایبەت کادیرەکانی لایەنگری شاخ خۆیان رێکخستەوەو توانیان سەرکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو بەدەست بهێنن، ئەم ئۆپراسیۆنە بە زۆری ئەو کادیرانە دەگرێتەوە.


٣. لە ریگەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە دەیەوێت بە یار و نەیارەکانی بڵێ هێشتا من پیاوە بەهێزەکەی وڵاتم و هەوساری (جڵەو) دەسەڵات لەدەستی مندایە.


٤. لەبەرامبەر شکستی لەشکرکێشیەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان و قەندیل، هەر هیچ نەبێ لە ریگەی گرتن و لێسەندنەوە شارەوانیەکانی دەستی کورد سەرکەوتنێکی کاتی بەدەست بهینیت.

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن تازە دێوەکە لە شوشەکە دەرچوە و گەڕانەوەی بۆ ناوەوە موستەحیلە، بە مانایەکی دیکە کێشەی کورد لە باکور تازە بووەتە ئەمری واقع و بەم کوتە فاشیتانە و بە زەبری چەک چارەسەر نابێ. ئەردۆگانیش لەو لەحزەیەی کە خەونی سوڵتانیزم دای لە کەلەی و دەستی لە گەڵ فاشیستەکانی ناو تورکیا تێکەڵ کرد، گڵۆڵەی خۆی و حزبەکەی کەوتە لێژی و بەرەو داڕمان چوو.


نە ئۆپراسیۆنی سەربازی و نە ئینقلاب کردن بەسەر دیموکراسیدا، نابنە هۆی راوەستانی ئەو گڵۆڵەیەی کە رۆژ لە دوای رۆژ لە کەمی دەدا، سەرکەوتنێکی وای لێ ناکەویتەوە پێکەنینەکانی جاران بگەڕێنیتەوە بۆ سەر روخسارە زەرد هەلگەڕاوەکەی ئەردۆگان، چونکە ئیرادەیەکی گەورەی سەرکەوتن لە ناو کوردی باکوردا دروست بووە، هەلومەرجی ناو خۆیی تورکیا و گۆڕانکارییە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەکانیش وەک جاران لەگەڵ بەرژەوەندی هەڵگرانی بیری فاشیزم و ئایدۆلۆژیای ئیخوانیدا یەک ناگرنەوە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ھەوڵەكانی لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، لە شكستەوە بۆ شكست

محەمەد عەلی

 

لە دوای كۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١ و پاشان دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین و قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ بۆ باشووری كوردستان، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دەیان پیلان بۆتەوە لەلایەن نەیاران و دوژمنە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوە بە شێوەیەكی چڕ و یەك لە دوای یەك، كە تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە.

 

سەرەتای ھەوڵەكان لە رێی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بوو، لەگەڵ لەدایكبوونی كیانێك بە ناوی ھەرێمی كوردستان، شەڕێكی نەخوازراو بەسەر ئەم ھەرێمە ساوایەدا سەپێندرا، سەرباری كێشە ناوخۆیی و گەمارۆكانی سەر ھەرێم و كشانەوەی گشت دام و دەزگا میرییەكان و نەبوونی سەرچاوەی داھاتی پێویست بۆ حكومەتی ھەرێم، ناچار كرا بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، قوربانییەكی زۆری گیانی و ماددی بدات و لەبری ئەوەی سەرقاڵی بنیاتنانی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی بێت، ناچار كرا شەڕی براكانی بكات، كە لە ھەموو ئاستەكاندا زیانی زۆری بە كوردستان گەیاند.

 

دواتر لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق نووری مالیكی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە پێك ھات و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێم و گەڕانەوەی كوردی دەكرد بۆ ھێڵی ٣٦ و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕی بۆ ھاندانی فەرمانبەران دژی حكومەت و گشت مافە دەستوورییەكانی كوردی رەت كردەوە، ھەوڵی بەردەوامیشی دەدا بۆ  تێكدانی یەكڕیزیی ھێزە سیاسییە كوردییەكان، بە دروستكردنی حەشدی عەشائیرییش، ھەوڵی زیندووكردنەووەی جاشایەتیی دەدا لە ھەرێم، بەڵام لەكۆتاییدا ئیرادەی گەل سەركەوت و نووری مالیكیش بوو بە ڕابردوو.

 

ھاتنی داعش بۆ عێراق و خۆبەدەستەوەدانی سێ فیرقەی سەربازیی سوپای عێراق لە مووسڵ بە گشت پێداویستییە سەربازییەكانەوە، لە كاتێكدا بوو كە پاشماوەی ئەم ھێزانە گشت سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، ئەوەی ڕوونە، دەكرێ ئەم ھەنگاوە بە ئامادەكارییەك ھەژمار بكرێت بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێم بەو ھۆكارەی كوردستانیان كردە دراوسێی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە ھێزێكی مەزن  لە رووی ژمارە و بوونی چەكی پێشكەوتوو، بەڵام لە كۆتاییدا بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی برا پێشمەرگەكان و خۆڕاگریی ئەم میلـلەتە، نەك ئەم دەوڵەتە تێك شكێنرا، بەڵكوو لەوەش زیاتر توانیمان گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم كۆنترۆڵ بكەین و ڕیفراندۆم بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی ئەم ناوچانە ئەنجام بدەین.

 

لە دوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ١٦ی ئۆكتۆبەر بە گەورەترین گەلەكۆمەی ھەرێمی و ناوخۆیی دادەنرێت بۆ كۆتاییھێنان بە ھەژموونی حكومەتی ھەرێم، ھێزە عێراقییەكان بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سەربازی و سیاسیی ھەرێم، ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و مەخموور و شنگال، كە پاشان گەمارۆیەكی توندی ئابووری و سیاسی خرایە سەر ھەرێم، ئەمەش ھاوكات بوو لەگەڵ ھەوڵەكانی ھەندێ ھێزی سیاسیی كوردستانی بۆ دروستكردنی حكومەتی رزگاریی نیشتیمانی و دابەشكردنەوەی ھەرێم لەسەر بنەمای فیدڕاڵیی پارێزگاكان، ئەمەش ڕێك بە مانای لەباربردنی ھەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم هەوڵەش نەزۆك بوو و شكستی خوارد.

 

لە ماوەی ڕابردوودا بە درێژایی پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت، ھەموو ھەوڵێك درا بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە، لە ئێستاشدا ھەوڵەكان بەردەوامییان ھەیە و ئەم جارە دووبارە پەكەكە ھەمان ڕۆڵ دەبینێت و ھەوڵی تێوەگلانی ھەرێم دەدات لە شەڕێكی نەخوازراو لەگەڵ توركیای دراوسێدا، رووداوی تیرۆركردنی دیپلۆماتە توركییەكە و گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاكی ھەرێم، ئەم بۆ چوونە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە شنگال خزمەت بە سیاسەتەكانی بەغدا دەكەن دژی كوردانی ئێزدی و حكومەتی ھەرێم.

 

دواجار پێویستە بگوترێت، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانە بۆ لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، هەرێمی كوردستان لە سەرجەم قۆناغەكاندا بەسەر لەمپەر و ئاریشەكاندا زاڵ بووە و وێڕای تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بەوپەڕی ئیرادەوە كەوتووەتەوە سەر پێی خۆی و هەوڵی نەیاران و دوژمنانی كوردستانی، لە شكستەوە بۆ شكستی حەتمیتر پەلكێش كردووە و سەنگ و پێگەی خۆیشی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، لە جاران كاریگەرتر و بەهێزتر كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

خۆ ئەوەمان لەدەست دێت!

عومەر گوڵپی

 

ناکرێت لە حکومەت کارمەند، پزیشک، مامۆستا، ئەندازیار بیت، بەرپرس و بەرێوەبەرو بەرێوەبەرى گشتى و وەزیر بیت، لە هەمان کاتیشدا لە کەرتى تایبەت بە هەمان ناونیشان یان ناونیشانى تر خەریکى کەسابەت بیت، هیچ دەرفەتى تێدا نییە، لێرەدا قوربانییەکە کەرتى گشتى و هاووڵاتیانن.

کارکردن لە هەردوو بوارى حکومەت و بازاڕیش، کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت بووەتە هۆى ئەوەى خەڵکێک زیاتر لە ئیشێکیان هەبێت و زیاتر لە سەرچاوەیەکى داهاتیان هەبێت، خەڵکێکیش هیچ ئیشێکى دەست نەکەوێت و بێکار بمێنێتەوە، ئەوە بێجگە لەوەى کوالێتى کار لە کەرتى گشتى وێران دەکات.

من لێرەدا ئەوە ڕەچاو دەکەم کە کەسانێک بە ٣٠٠ تا ٤٠٠ هەزارەوە لە کەرتى گشتى ناتوانن بژێوى ژیان پەیدا بکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە وانەشى مووچەیەکمان هەیە زیاتر لە ٧٥٠ هەزار، کەچى وەک پێویست ماف بە کارى هاووڵاتیان و بەرژەوەندى گشتى نادەین و ڕاکە ڕاکمانە بەدواى کارە تایبەت و بازاڕەکەى خۆمانەوە.

بەندە واى دەبینم، لەسەر ئاستى گشتى، نەوەک تاک، نانى ئەو هەزاران بێکارە لە ئەستۆى ئەو کەسانەدایە کە دوو کارو زیاتر دەکەن لەسەر حسابى بەرژەوەندى هاووڵاتیان و بەرژەوەندى گشتى، جەخت دەکەمەوە تەنها لەو کاتانەى کە مافى کارەکەمان نادەین لە کەرتى گشتى و دامەزراوەى حکومەت، چ وەک دەوام چ وەک کوالێتى کار، نەوەک لەسەر حسابى پشوو و جەستەى خۆمان.

تۆى خوێنەر کە ئەم چەند دێڕە دەخوێنیتەوە دەزانم دەڵێیت ئەوەش خەتاى حکومەتە، بەڵام لە ڕاستیدا حکومەتیش یەک کەس و دوان لێى بەرپرس نین و لاشەیەکى گەورەیەو هەموومان لێى بەرپرسین، حکومەتى باش خاوەنى هەزاران وەزیرو بەرپرس و بەڕێوەبەرو کارمەندى باشە، حکومەتى خراپیش خاوەنى هەزاران وەزیرو بەڕێوەبەرو بەرپرس و کارمەندى خراپە.

ئێمە تەنها لە پارێزگاى سلێمانى ساڵى ٢٠١٨ بڕیارێکى بچوکماندا کە توێژەرى دامەزراو لە کەرتى گشتى مافى نییە وەک توێژەرو بەڕێوەبەرو کارمەند لە دایەنگەى ناحکومیش کار بکات، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٠ هەلى کار ڕەخسا بۆ گەنجانى دەرچووى زانکۆ، لە ڕەگەزى کچ، ئەى ئەگەر لە هەموو ئاستەکان و لە هەموو بوارەکان بە جدى لەم بوارەدا کار بکرێت؟ بێگومان بە هەزاران هەلى کار دەڕەخسێت، ئەوە بێجگە لە هەلى کار دەیان خاڵى ترى ئەرێنى دەرئەنجامى ئەو جیاکارییەیە لەنێوان کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت، هەموومان چووینەتە نەخۆشخانەکان و لە هەمان کاتدا نۆڕینگە تایبەتەکانیش! دەى لە هەموو بوارەکاندا حاڵەکە بەوجۆرەیە ئەوە تەنها بوارى تەندروستیە زۆرتر زەق دەبێتەوە.

تکایە بابەتەکە مەبەستەرەوە بە باشى و خراپى و گەندەڵى و نەوت و هەزار کێشەى ترەوە، ئێستە هەزاران گەنج بە دەرچووانى زانکۆشەوە هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت و بێکارن، من و تۆش لە کەرتى گشتى مانگانە زیاتر لە یەک ملیۆن دینارمان هەیەو هەر بیرمان لاى ئەوەیە چۆن زووتر لە فەرمانگەو دەوام بچینە دەرەوەو بازاڕو کەسابەتەکەمان گەرم بکەین! یان خەوێکى خۆش و پشوویەکى باش بدەین لە دواى تەنها (٤ تا ٥) سەعات کار!

من و تۆ بەو بڕە پارەیە ناژین کە حکومەت دەمانداتێ؟ ڕاستەو لەگەڵ ئەوەدام کە کارمەند لە کەرتى گشتى بڕە پارەیەک وەرگرێت لانى کەمى بژێوى ژیانى دابین بکات، بەڵام هەزاران گەنجى تر ئەوەشیان نییە! ئایا ئەوانیش مافى ژیانێکى سادەیان نییە؟ من و تۆ خێزانین و بە نزیکەى ملیۆنێک دینار ناژین! ئەى کێ و چى وەڵامى گەنجێک بداتەوە کە خۆى و هاوژینەکەشى دەرچووى زانکۆن و هیچ ئیش و سەرچاوەى بژێویان نییە؟ من واى دەبینم لەم بوارەدا بەرپرسیارێتیەکى گەورە هەم لەسەر هاووڵاتى و هەم لەسەر حکومەت هەیەو بێکارى و هەژارى گەنجان ئەگەر چارە نەکرێت هەموومان لێى زیاد مەندین.

تۆى بەڕێز بپرسە بەرپرسیارێتى من لە کەرتى گشتى چییە لەم بوارەدا؟ با من وەڵامت بدەمەوە:
ئەزیزم، من وتۆ مانگانە نزیکەى یەک ملیۆن دینار وەردەگرین، نەخێر مانگانە بە ڕێک و پێکى وەریناگرین یاخود بڕەکەى ئەوەندە نییە، بەڵام خۆ بە درێژایى ساڵەکە زیاتر لە هەشت ملیۆن دنیار وەردەگرین، بەرپرسیارێتیەکەمان ئەوەیە کە تا ئەو هاوکێشانە ساغ دەبنەوەەو بە سیستم داهاتى وڵات دادگەرانەتر دابەش دەکرێتەوە بەسەر هاووڵاتیاندا (کە ئێستە حکومەت و پەرلەمان سەرقاڵى ئەوەن و ئومێدەوارم سەرکەوتووبن تیایدا) با من و تۆى بەرێز مافى کارەکەمان لە کەرتى گشتى بدەین!، بیرمان لاى هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانیان بێت، لەگەڵ ئەوپەڕى ڕێزمدا بۆ تۆى خوێنەر با بە فرت و فێڵ و لەسەر حسابى بەرژەوەندى گشتى سەرقاڵى بازاڕو نۆڕینگەو سەنتەرو کەسابەتەکەمان نەبین، خۆ ئەوەمان لەدەست دێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان