ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

زۆرینەی حیزبەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە قەیراندا چەقیون

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەك هەندێك دەڵێن ڕەوشی هەرێمی و نێونەتەوەیی بۆ گەلی كوردستان گونجاوە و دۆزی كورد بەرەوپێشچووە، بەڵام ئێستا كورد لە هەموو كاتدا زۆرتر لە ناكۆكیدایە و زۆرینەی حیزبە سەرەكییەكانی كوردستانیش لە قەیراندا چەقیون و خەریكە لە ئەنجامی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانیاندا دەست دەدەنەوە چەك بۆ شەڕی براكووژی.

ڕۆژهەڵاتی كوردستان
لە ئێستادا چاوەكان لەسەر فشارەكانی ئەمریكان بۆ سەر ئێران و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی ئێران، ئەمەش ڕەنگە ببێتە دەرفەتێك بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوشێوەی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام لەمكاتەدا ناكۆكی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چ لەنێوخۆیان و چ لەگەڵ یەكدی گەیشتووەتەوە لێواری دەستپێكردنەوەی شەڕی براكوژی.

هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان تاكو ئێستا نەیانتوانیوە ناكۆكییەكانیان وەلاوە بنێن و بچنەوە سەر بنەڕەتەكەی خۆیان.

كۆمەڵەش بۆ چەند حزبێك دابەشبووە و هەفتەی ڕابردوو شەڕ لەنێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و زەحمەتكێشاندا هەڵگیرسا، شەڕێك كە لەنێوان دوو حیزبی كەمپنشین لە چوارچێوەیەكی جوگرافی بچووكدا ڕووی داوە.

لە ڕۆژی هەینی ڕابردوودا هێزەكانی پێشمەرگەی دێموكرات لەگەڵ پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لە تێكهەڵچوون نزیكبوونەوە و ناكۆكی لە نێوانیاندا دروستبووە.

لەلایەكی دیكەوە زۆرینەی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك ناكۆكن، ئەوان پێیانوایە پژاك درێژكراوەی پەكەكەیە، نابێت لە ڕۆژهەڵات شوێن و پێگەی هەبێت، جێی ئەو باكووری كوردستانە.

ئەم ناكۆكییانە زۆرتربوون كە دەنگۆی ئەوە لەچەند سەرچاوەیەكی هەواڵ بڵاوبووەتەوە، كە پەكەكە لەگەڵ سوپای پاسداراندا ڕێككەوتووە لە حاڵی دروستبوونی گرژیدا هێزەكانی گەریلا بخزێنە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دەسەڵات وەئەستۆ بگرن هاوشێوەی ڕۆژئاوای كوردستان.

باشووری كوردستان
حیزبەكانی باشووری كوردستان بەتایبەت دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی نێوخۆیی نێوانیان لەساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا هیچ كات بە هێندەی ئێستا ناكۆك نەبوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە زۆر بابەتدا ناكۆكن، هەرچی پارتییە خۆی بە خاوەن بڕیارو حیزبی یەكەم و حاكمی باشوور دەزانێت، بەڵام یەكێتی وێڕای دابەزینی ژمارەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا، هێشتا خۆی بەهاوشانی ڕكابەرەكە دەزانێت و قایل نابێت بە ژمارەی كورسی پێوانەی بۆ بكرێت، بۆیە تادێت ناكۆكییەكانی ئەم دوو لایەنە زۆرتر دەبێت و چارەنووسی باشوورییش بە ئایندەیەكی نادیار دەسپێرێت، بەتایبەت كە هەڕەشەكانی گەڕاندنەوەی دووئیدارەیی تادێت بە ئاشكراتر دەكرێن.

ئەمە وێڕای ئەوەی پارتی و یەكێتی هەر یەكێكیان بە دەست كێشەی باڵباڵێن و ململانێی نێوخۆییەوە لەسەر جومگەكانی دەسەڵات و بەرژەوەندییە ئابوورییەكان دەناڵێنن.

هەرچی حیزبەكانی دیكەشن وەك بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی بە دەست كێشەی نێوخۆیی و داكشانی ئاستی جەماوەرییانەوە دەناڵێنن و بەرەو پووكانەوە دەچن.

حیزبە نوێیەكانی وەك هاوپەیمانی نیشتمانی لە دوای كشانەوەی بەرهەم ساڵح كەسی یەكەمی حیزبەكە، ڕووی لە پاشەكشە كردووە و بێكاریگەر بووە، نەوەی نوێش بەدەست كێشەی نێوخۆییەوە دەناڵێنێت.

كارناسانی سیاسی لەو بڕوایەدان سیستمی تەقلیدی حیزبایەتی لە كوردستان كە زۆرینەی حیزبەكان پەیڕەوی لێدەكەن، بووە بەهۆی ئەوەی بەردەوام حیزبەكان لە قەیراندا بچەقن، چ لەنێوخۆیاندا یان لەگەڵ ڕكابەرەكانیاندا.

ئاماژە بەوەش دەكەن، لە نێو حیزبەكاندا سیستمی كاركردن لە بەرژەوەندی سەركردە و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەكانە، جومگەكانی دەسەڵات و حیزب و داراییان لە نێو چنگدایە، بەمهۆیەوە حیزب بووە بە سەرچاوەی داهات و خۆدەوڵەمەندكردن و هەژموونخوازی بۆ سەركردە و بنەماڵەكانیان ‌و كۆكردنەوەی خەڵك و هێزی چەكدار لەدەوروبەریان و درێژەدان بە مانەوەی خۆیان بۆ كاتێكی نادیار.

ڕوونیشیدەكەنەوە ئەمەش پێچەوانەی كاری حیزبایەتییە كە بەتایبەت لە سیستمە دیموكراتەكاندا كە حیزبەكان دەبنە ئامڕاز بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریكراوەكان لە ڕێگەی ڕكابەریەكی تەندروست دوور لە توندوتیژی و پانخوازی و قۆرخكاری بۆ هەندێك سەركردە و بنەماڵەكان.

هەر ئەمەش سەرچاوەی سەرەكی كێشە نێوخۆییەكانی حیزبەكان لەلایەك و نەگونجان لەگەڵ یەكدیدا، كە دواجار لەتبوون لە حیزبەكاندا ڕوو دەدات.

زۆرینەی حیزبە كوردستانییەكان لە قۆناغەكانی ڕابردوودا چەندین جار لەتبوون تێیاندا ڕووی داوە و هەرحیزبە و لە هەناوی حیزبی پێشخۆی لەدایكبووە.

نمونەش یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هاتووە و بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی سۆسیالیست و هاوپەیمانی لە هەناوی یەكێتییەوە هاتوون، نەوەی نوێ لە هەناوی گۆڕانەوە هاتووە و حیزبی زەحمەتكێشان لە هەناوی سۆسیالیستەوە هاتووە.

هەرچی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشە، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوونە دوو باڵ كە خۆیان وەك دوو حیزب وەسف دەكەن و كۆمەڵ بووەتە چەند باڵێك.

باشترین كارێك كە بكرێت بەلای كارناسانەوە، ئەوەیە كە سیستمی كاری حیزبایەتی لە كوردستان بگۆڕدرێت، بەتایبەت دوورخستنەوەی بەرژەوەندی دارایی و ماڵی و هێزی چەكدار، كە ئەمانە بوونە بەڵا بۆ حیزبەكان.

راپۆرت

شەڕی پەكەكە و توركیا مەترسی گەورە بۆ سەر هاووڵاتیانی باشووری كوردستان دروستدەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

تادێت شەڕی گەریلاكانی پەكەكە و لەشكری توركیا زۆرتر بۆ ناوچە ئاوەدانییەكانی باشووری كوردستان پەلدەهاوێژێت و دەگاتە ناوچەكانی بن دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوور لە ناوچەكانی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیای بن دەستی پەكەكە، دوێنێ فڕۆكە شەڕكەرەكانی توركیا ڕێگای سەرەكی ئامێدی –دهۆك و نزیك شارۆچكەی ئامێدییان بۆردومان كرد، كە زیانی ماڵی زۆری لێكەوتەوە.

هاوكات بۆردومانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی توركیا گەیشتووەتە سنووری پارێزگەی سلێمانی و لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا سنووری ناوچەی شارباژێڕیان بۆردومانكرد و هاووڵاتیانی ناوچەكە ترسیان لێنیشتووە بەهۆی چڕبوونەوەی چالاكییەكانی گەریلاكان لە سنوورەكە كە ببێتەهۆی زۆرتری بۆردومانكردن لەلایەن لەشكری توركیاوە.

لەلایەكی دیكەوە حیزب و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و دامەزراوە حكومەتییەكان بێدەنگییان لەئاست هێرشە داگیركارییەكانی لەشكری توركیا و خەسارۆمەندبوونی هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەكان هەڵبژاردووە.

لەوبارەیەوە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كەنەكە و گەورە كاربەدەستانی پارتی كرێكارانی كوردستان هۆشدارییان بە دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستان داوە لە بێدەنگییان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا.

ئاشكراشیانكردووە كە هێرشەكانی توركیا ئامانج لێی داگیركردنی باشووری كوردستانە، نەك تەنها پارتی كرێكارانی كوردستان.

لەوبارەیەوە محەمەد عەبدوڵڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوەی دەیبینین حكومەتی توركیا و ئەو هێزانەشی لە باشووری كوردستانن و گرێدراوی سیاسەتەكانی توركیان، سیاسەتی خەڵەتاندنی خەڵك بەڕێوەدەبەن.

دەشڵێت “ئامانجمان ئەوەیە كورد نابێت لە هیچ شوێنێك هەبێت و دەسەڵاتی هەبێت، لەبەرئەوەی ئامانجی هێرشەكانی توركیا هەموو كوردە نەك تەنها پەكەكە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، توركیا سیاسەتی تۆقاندن لە باشووری كوردستان بەڕێوەدەبات، بەداخەوە هیچ هێزێكیش نییە ئەركی پاراستنی باشووری كوردستانی گرتبێتە ئەستۆی خۆی، ئەو هێرشانەشی بۆسەر ئێمە دەكرێن و سوتاندنی دەغڵودانی جوتیاران لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركیایە.

بەهۆی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە هەندێك ناوچەی سنووری باشووری كوردستان، زۆر جار ناوچەكە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی توركیا و پەكەكە و زیان بە هاووڵاتیان دەگات، لەو بارەوە محمەد عەبدوڵڵا ڕایگەیاند، كاتێك داعش هاتە ناوچەكە، گەریلاكانی پەكەكە هاتنە خوار كەركوك و مەخمور و زۆر شوێنی دیكە بۆ پارێزگاریكردن لە هەرێم، بۆچی ئەوكات هێزێكی كوردستانی بوون، بۆچی ئێستا ئەم هێزە خائینن؟

دەشڵێت “ئەو هێزانەی دەستی توركیا دەگرن بۆ ئەوەی باشووری كوردستان داگیر بكات و ڕێگریدەكەن لە چالاكییەكانی ئێمە ئەوانەن ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاودەكەنەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە ناوچەكانی پەكەكە شوێنە ستراتیژییەكانی هەرێم و عیراق نییە”.

ڕوونیشیكردەوە، پلانێكی گشتی لەسەر كورد هەیە و دەیەوێت كورد نینۆكی نەبێت سەری خۆی بخورێنێت، بەشێوەیەك لە شوێنێك هێزێك ڕووبەڕووی داگیركەر دەبێتەوە دەیانەوێ بیشكێنن، بەڵام لەو شوێنانەی هێزێك تەسلیمی داگیركەر دەبێت فەڕشی سووریان بۆ ڕادەخرێت و لەگەڵیان كۆدەبنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

پێنج ساڵ بەسەر كەوتنی موسڵدا تێپەڕبوو
ئەو ڕۆژەی موسڵ كەوت و بومەلەرزەیەكی ڕوخێنەر عیراقی هەژاند

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا

ڕۆژی 9ی حوزەیرانی 2014، زۆربەی میدیاكانی عێراق و جیهان بڵاویانكردەوە، كە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی”داعش” لە شارۆچكەی بەعاج لە باشوری خۆرئاوای موسڵەوە بەرەو سەنتەری شارەكە هاتوون و پێشبینیان كردبوو، كە ئەگەر حكومەت لە ماوەیەكی كورتدا ڕووبەڕوویان نەبێتەوە، موسڵیش وەك فەللوجە”لە مانگی یەكی 2014 دا كەوتە دەست داعش” دەكەوێتە دەست ئەو گروپە و دوای جموجوڵە نائاساییەكە موسڵ كەوت و داعش دەستی بەسەر شارەكەدا گرت، هەرچەندە چەند فەرماندەیەكی سوپای عیراق و نزیكەی 30 هەزار سەرباز و پۆلیس و كارمەندی ئەمنی لە شارەكەدابوون، بەڵام هەموویان ڕایانكرد و شارەكەیان بە داعش سپارد.

جلی سەربازێكی عیراقی دوای هەڵهاتنی لە موسڵ

ڕۆژی 5ی حوزەیرانی 2014، چەكدارانی داعش لە سوریاوە دزەیان كردە دەوروبەری موسڵ و لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە و بەیارمەتی بەشێك لە دانیشتیوانی موسڵ چونە نێو شارەكەوە و لە ماوەیەكی كورتدا توانیان 1400 چەكدار بگەیەننە بەری ڕاستی شارەكە و پاشان لە ڕۆژی 9ی حوزەیراندا سێ‌ ئۆتۆمبێلیان تەقاندەوە و هێرشیان كردە سەر هێزەكانی عیراق، كە ژمارەیان نزیكەی 30 هەزار سەرباز و پۆلیس بوون و لە شەش فرقەدا كۆكرابوونەوە.

دەستپێكردنی هێرشەكە بۆ ماوەی 24 كاتژمێر بەردەوام بوو، ڕۆژی 10ی حوزەیران بە تەواوەتی موسڵ كەوت، ئەوەیش لێدانێكی زۆر كاریگەر بوو لە هێزەكانی عیراق و شیرازەی بەرەكانی عیراقی لە سنوری سوریاوە بۆ سنوری ئێران پچڕاند.

كەوتنی موسڵ دوای نزیكەی چوار مانگ هات لە كەوتنی فەللوجە و كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە و بەوەش داعش بنكەیەكی سەقامگیرتری لە عیراقدا گرت و سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكانیشی تا نزیك بەغدا دەركرد.

ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2014 ئاژانسەكانی جیهان وێنە و ڤیدیۆی ئەو سەرباز و ئەفسەرە عیراقییانەیان بڵاودەكردەوە، كە جلەكانیان فڕێ‌ دەدا و خۆیان ڕاستی پێشمەرگە دەكرد و بەشێكیشیان لەلایەن داعشەوە دەستگیركران، كە بەپێی ئامارە نافەڕمییەكان لە چەند ڕۆژێكدا هەزار و 400 كەسیان كوژران و ئەمەیش دیمەنێكی زۆر دڕەندەی دا بە داعش.

شەوی 10ی حوزەیران، نوری مالكی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەوكاتەدا، لە تەلەفزیۆنی فەڕمی عیراقەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دڵنیای دایە هاووڵاتیانی عیراق، كە هێزە ئەمنییەكان بەرگری دەكەن و ڕێگەنادەن بەغدا بكەوێت، ڕەنگە ئەوە باشترین وتەیەك بێت لەوكاتەدا مالكی بۆ خەڵكی وتبێت، چونكە زۆربەی عیراقییەكان پێشبینی كەوتنی بەغدا و تەنانەت عیراقییان دەكرد و بەشێك لە هاووڵاتیانی بەغدایش بەرەو باشوری عیراق هەڵهاتن.

داعش لە ماوەیەكی كورتدا هەموو ناوچە سونییەكانی گرت و لە خۆرهەڵاتەوە نزیك شاری بەعقوبەی سەنتەری پارێزگەی دیالە بووەوە و لە خۆرئاوایشەوە گەیشتە نزیك شاری ڕومادی و سنورەكانی سوریا و ئوردنیشی گرت و ئەوەیش وەك گرتنی شادەماری دڵی عیراق بوو، سنورێكی پان و پۆڕی بۆ داعش دەستبەركرد، كە دەیتوانی بەئاسانی هێزەكانی لە سوریاوە بۆ عیراق و بەپێچەوانەوە بجوڵێنێت.

شەپۆلی كەوتنی موسڵ لە ماوەی دوو ڕۆژدا گەیشتە تكریت و ڕۆژی 12ی حوزەیران لە سەربازگەی “سپایكەر” هەزار و 700 خوێندكاری سەربازی كوشت و ئەوەیش دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتەوە، بەتایبەتی زۆربەی ئەو خوێندكارانە شیعەمەزهەب بوون و لە چوونی داعش بۆ ناوچەكە ئاگادارنەكرابوونەوە و دواتریش والێكدرایەوە، كە دەستێك لە نێو حكومەتەوە هاوكاری داعشی كردبێت بۆ كوشتنی ئەو كەسانە و ڕۆژێك دواتریش عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق فتوای دەركرد و حەشدی شەعبی دروستكرا.

دیمەنێك لە كوشتنی سەربازانی سپایكەر لە تكریت

دوای كەوتنی موسڵ لە ماوەیەكی كورتدا مەترسی كەوتەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژی 15ی حوزەیران بۆ یەكەمجار ڕووبەڕووبونەوە لە نێوان پێشمەرگە و داعشدا لە جەلەولا ڕوویدا، دوای ئەوەی چەكدارانی داعش زۆربەی سنوری دیالەیان كۆنتڕۆڵكرد، بەتایبەتی لەوكاتەدا داعش چەك و جبەخانەیەكی زۆری لە موسڵ دەستكەوتبوو، كە بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكان لە وەزارەتی بەرگری عیراق بەهایان دەگەیشتە 28 ملیار دۆلار.

خالد عوبێدی، وەزیری پێشووتری بەرگری عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ “سكای نیوز” ئاماژەی بەوەكرد، كە دوای كەوتنی موسڵ شەڕكردن لەگەڵ داعش قورستربوو، چونكە چەكی شەش فیرقەی سەربازی عیراقیان پێبوو، سەرباری ئەوەی دەیانتوانی بە ئاسانی هێزی پشتیوان لە سوریاوە بهێنن.

كەوتنی موسڵ تەنها لە پێدراوە سەربازییەكەیدا نەمایەوە و قاڵبێكی سیاسی و دیمۆگرافیشی بەدواداهات، چونكە هەرێمی كوردستان و عیراقی لێكدابڕی و 500 هەزار هاووڵاتی لە ناوەڕاستی عیراقەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، كە دواتر ئەو ژمارەیە گەیشتە ملیۆنێك و 800 هەزار كەس و فشارێكی دارایی زۆریان خستەسەر حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان.

هاتنی لێشاوێك ئاوارەی عەرەبی سوننە بۆ هەرێم

كەوتنی موسڵ سەرەتای قۆناغێكی مەترسیداری لە عیراقدا دروستكرد، كە بەشێك بە “كەوتنی موسڵ” و هەندێكی دیكە بە “سەرەتای هاتنی داعش” وەسفی دەكەن. هەزاران ڕووداوی سەربازی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورەی لێكەوتەوە و عیراقی گەیاندە لێواری مەرگ و بومەلەرزەیەكی ڕوخێنەر كە بینای جەستەی عیراقی لە بنەڕەتەوە لەرزاند، بەڵام لەپڕ لولەی تفەنگەكانی داعش بەرەو باكور سوڕێندرا و ئاڕاستەی كورد كران، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەوكاتەدا باسیان لەوەكرد، كە كورد سنوورەكانی خۆی گرتووەتەوە و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت خەمڵیوە.

ڕۆژی 3ی ئابی 2014، داعش هێرشێكی فراوانی كردەسەر خۆرئاوای موسڵ و شنگال و ناوچەكانی ئێزدی كۆنتڕۆڵ كرد، دوای ئەوەی پێشمەرگە كشانەوە و ئەمەیش سەرەتایەكی مەترسیدار بوو بۆ هەرێمی كوردستان و یەكەم ڕووبەڕووبونەوەی سەختی پێشمەرگە و داعش بوو، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا گەیشتە نزیك هەولێر.

شەوی 8ی ئابی 2014، داعش مەخموری گرت و مەترسی لەسەر كەوتنی هەولێریش دروستبوو، بۆیە سەركردایەتی هەرێمی كورستان بە پەلە داوای هاوكارییان لە ئەمریكا كرد و هەر ئەو شەوەش یەكەم گورزی ئاسمانی لەداعش درا و لە هەولێر دوورخرایەوە و ئێران-یش وەك یەكەم وڵات پشتیوانی گەیاندە هەرێم.

گۆڕینی ئاڕاستەی هێرشی داعش تائێستا بەفەڕمی نازانرێت چ بوو، بەڵام گومان لەوەدانییە، كە دەستێك داعشی هاندا سنوورێك بۆ بەرەو پێشبردنی مەسەلەی كورد دابنێت و لەو قۆناغەدا بەربەستی بكات، ئەمەش ئەو پرسیارەیە، كە ڕەنگە مێژوو لە داهاتوودا وەڵامەكەی دەستبخات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا دەستبەكار دەبێت

خەڵك-سەعد مەلا عەبدڵڵا گوڵپی

بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا بە بەشداری نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییە نێوخۆیی و دەرەكییەكان و هەروەها بەرپرسانی باڵای عیراق و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەكار بێت.

ڤالا فەرید سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا، بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەڕلەمان دەكات بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی، ساڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەڕلەمان، لەكاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە ڕێكەوتی 2019/6/10، بۆ دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان.

ڕێوڕەسمەكە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕوونیكردەوە، لەبەر ئامادەبوونی میوانان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و نەبوونی شوێنی پێویست لە تەلاری پەڕلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بڕیاری دا ئەم دانیشتنە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لەشاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بێت.

ڕێوڕِەسمەكە شێوازی سوێندخواردنی سەرۆكی وڵاتانی پێوەدیارە و بەهۆیەوە ژمارەیەك زۆر لە میوانی نێوخۆیی و بیانی بانگهێشت كراون و بەپێی زانیارییەكان 1200 كەس ئامادەی ڕێوڕەسمەكە دەبن.

پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و چەندین خەڵكی دیكە لە ناوەوە و دەرەوە بانگهێشت كراون و فراكسیۆنەكانیش سەرپشكن لەوەی بەشداری بكەن، هاوكات شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك دووەم هێزی هەرێم بە سەرۆكایەتی كۆسرەت ڕِەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی حزبەكە بەشداری مەراسیمەكە دەكات، ئەمەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕەوشی سیاسی هەرێم هەیە، چونكە بەشداریكردنەكەی شاندی یەكێتی دوای ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی و بەشدارینەكردنی فڕاكسیۆنی یەكێتی دێت لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەریم و بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان و هەڵوەشاندنەوەی دوو ڕێككەوتنی فەرمی نێوان پارتی و یەكێتی.
بەپێی زانیارییەكان، جگە لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق، لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستانیش لایەنە سیاسییەكان بەشداری مەراسیمەكە دەكەن و هاوكات سەرجەم باڵیۆز و نێردەی وڵاتانی جیهان و ژمارەیەك لە وەزیرەكانی دەرەوە بەشداری مەراسیمەكە دەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە ڕێوڕەسمەكەدا وەبەرهینەرانی هەرێمی كوردستانیش بەشدارییان پێكراوە و بانگێشهتكراون، ئەویش وەكو لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی وەبەرهێنەران لەماوەكانی ڕابردوودا لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەم ڕێوڕەسمە هەنگاوێك دەبێت بەرەو ئاشتەوایی و یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، بەتایبەت دوای بانگهێشتكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بۆ ڕێوڕەسمەكە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، لەدوای 2ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەهۆی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری عیراق ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی گەیشتە لوتكە و تا ئێستاش نەتوانراوە چارەسەری بیماری نێوانیان بكەن، بەڵام دوای سەردانی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ یەكەم جار كاریگەری لەسەر هێوركردنەوەی كێشەكان دەبێت و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەت بۆ ئاساییكردنەوەی نێو ماڵی كورد.

دروستبوونی كێشە و ململانێكانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم وایكرد دەرگای پەڕلەمانی كوردستان دابخرێت، بەڵام دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنی پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان توانرا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان بەسەرجەم دەسەڵاتەكانییەوە پەسەند بكرێت ودامەزراوەكە كارا بكرێتەوە دوای نزیكەی دوو ساڵ لە هەڵپەساردنی بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 دا.

 

رێكارەكانی تایبەت بە سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان – عێراق.

1- دەقیقەیەك وەستان و رێزنان لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ سروودی نیشتمانی عێراقی و مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب.

دووەم- خوێندنەوەی بڕیاری ژمارە 6ـی ساڵی 2019 تایبەت بە هەڵبژاردنی رێزدار نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان – عێراق.

3- سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی).

4- پێشكەشكردنی وتاری بەشێك لە ئامادەبووان بەو بۆنەیەوە.

5- وتەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی).

دووەم، ناونانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان – عێراق، بەپێی بڕگەی 3 لە ماددەی 56 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو.

 

نێچیرڤان بارزانی كێیە؟
نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی:
– لە 21ـی ئەیلوولی 1966 لە حاجی ئۆمەران لەدایكبووە
– جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە
-لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون
– خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران
– لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی
– لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
– لە 1999 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی چوارەم)
– 2006 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە)
– لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆكوەزیران
– لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆكوەزیرانی پێدرایەوە تاوەكو 2018
– لە 3-12-2018 كرایە بەربژێری پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
-لە 28-5- 2019 بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان