ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

کە باسی کۆنگرە دەکەین، باسی چی دەکەین؟


 

رەنگە باس کردن لە گرنگی بەستنی کۆنگرەی یەکێتی، بوبێتە بابەتێکی وەرزی و ھەندێک جاریش بە جۆرێک لە جۆرەکان بوبێتە زەنگێک بۆ باس وخواسی کادیر لەسەر شەرعییەت و ناشەرعییەت بوونی ھەڤاڵانی سەرەوەمان «لەگەڵ رێزمدا بۆ ھەموویان» کە لەکۆنگرەی سێ متمانەی یەکێیەتییان پێ بەخشرا.

بە چەندین ھۆکاری جیاواز و ئێجگار واقیعی، بەستنی کۆنگرە بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێویستییەکە کە بواری دواخستنی نەماوە و بەرھەمھێنانی ھەر بیانوویەکیش بۆ نەبەستنی، راستەوخۆ پرۆمۆتکردنی ئەو ھەڤاڵانەیە کە فرسەت لەدەست نادەن بۆ گەورەکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و پاراستنیان. ئەو بەرژەوەندییانەش، نەک خزمەتی یەکێتی و یەکێتییەکان و میللەتەکەمان ناکا، بەڵکو تا دێت یەکێتی لە ئەرکە چارەنووسسازەکانی خۆی دووردەخەنەوە و کارێکیان کردووە، حیزبەکەی مام، بئ رووئیا و بێ پلان بێت. لە کاتێکدا ئەزموونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پلان و خەبات و خوێن و وردبینی یەکێتی دروست بووە.

لە پەیامەکەی (قوبادی مام جەلال)دا بۆ یادی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی، ئاشکرا ئەو فشارە زۆرەمان بینی کە کادیرانی یەکێتی بۆ بەستنی کۆنگرە دروستیان کردووە تا بتوانرێت نەسلی نوێی یەکێتییەکان خۆیان بێنە سەرەوە و کار بۆ ئایندەی خۆیان و یەکێتییەکەیان بکەن، چونکە بەڕێوەبردنی حیزب لەم سەردەمەدا، ئاڵۆزتر بووە و پێویستی بە تێگەیشتنی نوێ بۆ بارودۆخەکە ھەیە. ئاخر گۆڕانکارییەکان خێران، ئاڵنگارییەکان زۆرن، مەترسییەکان گەورەن. ھەموو ئەمانەیش، یەکێتی بەو لەشقورسییەی ئێستایەوە ناتوانێت بەڕێوەیان ببات.

لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، بەبۆچوونی لایەنە سیاسییەکان، یەکێتی لە ئێستادا خەریکە لەوە بکەوێت بتوانێت مناوەرە و مانۆڕی سیاسیی خۆی بکات و پرۆژەی ھاوبەش لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا دروست بکات و خەباتیان بۆ بکات، لەبەرئەوەی روئیای یەکێتی بۆ گەلێک مەسەلەی گرنگ و مێژوویی، نەک ھەر بۆ نەیار و دۆست، بگرە بۆ یەکێتییەکانیش، ھەندێک جار ڕوون نییە. لە کاتێکدا لە مێژووی زیاتر لە چل ساڵی رابردوودا، یەکێتی تاکە حیزب بووە کە خەباتی بەرەیی بە ئامانج گەیاندووە. ھەموو ئەمانەیش، لە بڕوا و تێگەیشتنە فراوانەکەی مام-ەوە بوو کە یەکگرتوویی نێو ماڵی کوردی، بە گرەنتیی سەرکەوتن دەزانی.
بۆیە یەکێتی دەبێت لەو ڕووەوە بگەڕێتەوە سەر ئەو پرەنسیپە و ھەموو ئەو ئامانجانەی کە بە ڕێگەی پرۆژەی ھاوبەش بەدەست دێت، بە پرۆژەی خۆی بزانێت.

لە ئاستی عێراقدا، یەکێتی پێشڕەوی خەباتی نەتەوایەتی بووە، بەدەستھێنەری چەندین دەستکەوتی گەورە بووە و لە دەستووری ھەمیشەییشدا، چەسپاوە. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان لە مەترسیی حەقیقدان و یەکێتی خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. لەو ڕووەوە یەکێتی پێویستیی بە ھیممەتێکە تا لەگەڵ ئەو مێژووە پڕ شانازییەدا بێتەوە کە بۆ کەرکوکی کردووە. ھەموو ئەو ئامانجانەش، بە یەکێتییەکی سازو تەبا و پتەو و یەکدەست بەدی دێت.

لە چەند ساڵی رابردوودا، زنجیرەیەک بیانووی جۆراجۆر ھەبوون؛ شەڕی داعش، ترسی جیابوونەوەی ناوخۆیی، قەیرانی دارایی، ریفراندۆم، ھەڵبژاردنەکان. بەڵام ئێستا ھیچ ھۆکارێک نییە و ئیتر حەقە کادیرانی یەکێتی بە چاوی ناتەندرووست سەیری ئەوانە بکەن کە لەمپەر لەبەردەم بەستنی کۆنگرەدا دروست دەکەن و بەرژەوەندییەھۆکاری بۆ دروست دەکەن.
بۆیە بەرپرسیارێتیی ھەموو یەکێتییەکانە ھەر لە ئەندامێکی سادەوە تا جێگری سکرتێری یەکێتی کاری بۆ بکەن و سەرکردایەتییش بە ئەرکی مێژوویی خۆیان ھەستن و رۆژی کۆنگرە دیاری بکەن تا ھەر لە چوارچێوەی دروشم و راگەیەندراوی میدیاییدا نەمێنێتەوە.

 

ریکلام

وتار

ژەهر….. ئەوجا ئۆنلاینەکەی


رێبین بابەجان

سەرەتا پەرژینێکی بەرز لە نێوان بەڕێزتان و بێ ڕێزییەکانی ناو ئەم نووسینە بێت.

ماوەیەک لەمەوبەر، نیوەشەو بوو، لە فەیسبووک پیاوێک نووسیبووی بەرەبەیان خۆم دەکوژم. تێبینیم کرد کە تەنها نیو سەعاتێک بوو پۆستەکەی دانابوو بەڵام زیاد لە سێ هەزار کۆمێنتی بۆ هاتبوو!

من یەکسەر، بێ ئەوەی بزانم بە جدییەتی یان هەر هەڕەشەیە، کۆمێنتێکم بۆ نووسی پاڵپشت بە ئایەتێکی قورئانی لەسەر سزای خۆکوشتن، بە هیوای ئەوەی پاشگەزی بکاتەوە. تەنانەت شێوازێکی ریپۆرت کردن هەیە لە فەیسبووک کە تایبەتە بە مەترسی خۆکوشتن، ئەوەشم کرد.

ئینجا کە دەستم کرد بە کۆمێنت خوێندنەوە، تووشی شۆکێکی گەورە بووم و کەوتمە دۆخێکی دەروونی خراپەوە. ئەو شەوە تا نزیکەی کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان بە سەدان کۆمێنتم خوێندەوە، باوەڕتان هەبێت کە ئەم بینی سەرو ٩٠ لە سەدی کۆمێنتەکان هاندان بوون بۆ خۆکوشتنی کابرا، خەریک بوو تێک ئەچووم!!!

“ـ ئەگەر پیاو بیت پەشیمان نابیتەوە.
ـ دەی بزانین وەکو حاکمەکە پیاویت.
ـ کاکە بۆ وا خستووتە درەنگ؟ خەومان یەت.
ـ من خەفەرم ئەمشەو، ناکرێت پێشی بخەیت؟”

بە دەیان شێوازی جیاواز هانیان دەدا بۆ خۆکوشتن!
بۆ زانیاریتان ئەسڵەن هۆکاری هەڕەشەی خۆکوشتنەکەشی هەر گاڵتەکردنی خەڵک بوو پێی بە هۆی ناونانی منداڵەکەیەوە!

پاش تێپەڕبوونی وادەی دانراو بۆ خۆکوشتنەکە، خوا رەحمی کرد و ئەو بەڕێزە خۆی نەکوشت. جا من نازانم پەشیمان بوویەوە یان هەر خۆی لە ئەسڵدا بە تەمان ئەبوو خۆی بکوژێت بەڵام خۆنەکوشتنەکەی ئەو خەڵکەی ئەوەندەی تر هار کرد و دوور لە ڕووتان وەک سەگ دەستیان کرد بە رشانەوە بە کابرادا! ڕێک ئەتگووت بلیتیان کڕیوە بە تەماشاکردنی فلیمی خۆکوشتنەکەی و پارەکەیان فەوتاوە!!

هێندە کۆمێنی ڕیسواکردن و جنێودان بۆ ئەو کەسە نووسرا، باوەڕتان هەبێت چەند لە پێش وادەکە ئەترسام خۆی بکوژێت، دە ئەوەندە لە دوای وادەکە ئەترسام لە داخی ئەو کۆمێنتانە خۆی بکوژێت!

هاوڕێیانی ئازیز،
بە بۆچوونی من ئیحتمالە کۆمێنتی جوان دوو ڕوویی و خۆدەرخستن و ماستاو و موجامەلەی تێدابێت، بەڵام ئەو کۆمێنتانەی کە بێڕێزیکردنن و هاندانن بۆ خراپە، هەمیشە دەروازەیەکن بۆ بینینی ناخی راستەقینەی کەسەکان. جا ئەگەر ئەم بۆچوونەم ڕاست بێت ئەوا قوڕێکی خەست بۆ ئەم میللەتە گیراوەتەوە، هەر بۆ خۆشمان نا بەڵکو بۆ چەندین نەوەی داهاتووش.

ئازیزان،
من باسی ئەوانە ناکەم کە لەسەر ناکۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بە شێوازێکی توند لەگەڵ یەکتر ئەدوێن، مەبەستی من دەروون نەخۆشەکان. ئاخر کە پەیجێک هەواڵی دزێک دائەنێ، بۆ زۆرینەی کۆمێنتەکان دەست خۆشی لە دزەکە بکەن، یان کە کابرا دەستدرێژی کردۆتە سەر کچێک چۆن بە سەدان وەحشی پاساوی بۆ بهێننەوە، ئەی کە کابرا تەعزێیەتی، ماڵی وێران بووە، کاسپییەکەی زەرەری کردووە، یان قسەیەکی پەروەردەیی کردووە چۆن ئەبێت یەک دنیا (زیندەوەری_باش_پەروەردە_نەکراو) جنێو و ئیمۆجی پێکەنینی بۆ دابنێن، ئەمە لە کوێی بەها و ڕەوشتی بەرزدا جێی دەبێتەوە؟!

خۆشەویستان،

وەک لەو کۆمێنتان ئەی سەرەوە تێبینیتان کردووە، زۆربەی کات کۆمێنتە بێڕێزییەکان پێکەنیناوی دەنوێنن، بەڵام دەبێت بیرمان بێت لە ناخدا زەهراوین.
زۆر جار حەزێکمان تێدا دروست دەبێت کە (هەزەلی) بین، بەڵام هەزەلی بوون ئەوە ناهێنێت خەڵک بخەینە گریان، مەگەر ئەو کەسانەی کۆمێنتی ژەهراویی ان بۆ دەنووسین دایک و باوک و کەس و کار و هاوڕێیان نییە. باوەڕتان هەبێت زۆربەی جار کۆمێنتە زەهراوییەکان ئازاری کەسەکە نادات بەڵام منداڵەکانی تووشی گرێ و گۆڵی دەروونی دەکات، جا زەردەخەنەیەک ئەوە دەهێنێت؟! تکایە با هەوڵ بدەین خۆمان و ئازیزانمان نەکەونە ئەو تەڵەیەوە، ئەگەر کەوتیشن لە تەڵەکە دەریان بهێنین نەک بە لایک و کۆمێنت خۆشمان بچینە پاڵیان.

هیوادارم پارێزراو بن لە هەموو ژەهرێک و لە ڤایرۆسە خراپەکانیش، لە حەجمی کۆڤید نۆزدەوە تا حەجمە گەورەکەی، ئەوەی کە بەقەدەر زەلامێکە…

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

سلێمانی‌ چی‌ به‌سه‌ر دێت؟


*سیروان غەریب

 

ته‌نها 100 تووشبوو به‌ په‌تای‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌ شاری‌ سلێمانی بۆ سه‌لماندنی‌ قسه‌كانمان‌ وه‌رده‌گرین، ئه‌گه‌رچی‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كان هه‌ر دوێنێ‌ به‌لێشاو تووشبووی‌ تر تۆماركراو ژماره‌كه‌ زۆر له‌سه‌رو 100 تووشبووه‌وه‌یه‌‌، دواتر خۆت ئاماره‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌ بزانه‌ شاره‌كه‌ له‌چ دۆخێكی‌ ته‌ندروستیدایه‌.

ئه‌گه‌ر به‌پێی‌ ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ تووشبووانی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا هه‌ڵس و كه‌وت بكه‌ین، له‌و 100 تووشبووه‌‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌ركه‌وته‌یان له‌گه‌ڵ چوار كه‌سدا هه‌بووبێت و ڤایرۆسه‌كه‌یان بۆ گواستبێته‌وه‌، ئه‌وا ڤایرۆسه‌كه‌یان گه‌یاندۆته‌ 400 كه‌س.

ئه‌گه‌ر ئه‌و 400 كه‌سه‌ تووشبووبێتن هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ركه‌وته‌یان هه‌بووبێت له‌گه‌ڵ چواركه‌سدا ئه‌وا 1600 كه‌سی‌ تریان توشكردووه‌، خۆ ئه‌و 1600 كه‌سه‌ كه‌رنتینه‌ نه‌كراون و بێ‌ گومان له‌ناو كۆمه‌ڵگادان، ئایا ژماره‌ی‌ تووشبووان ده‌گه‌یه‌ننه‌‌ چه‌ند تووشبوو؟

من لێره‌دا ده‌وه‌ستم. چونكه‌ د. یاد نه‌قشبه‌ندی، وته‌بێژی ته‌ندروستی سلێمانی قسه‌ی‌ مه‌ترسیدارتری‌ كرد كاتێك به‌ سایتی‌ وێستگه‌ نیوزی‌ ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌وجۆره‌ بڕوات و هاوڵاتییان پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان نه‌بن، هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌موو ماڵێكی سلێمانی تووشبوێكی كۆرنای تیا ده‌بێت.

هه‌روه‌ها ناوبراو وه‌ك زمانحاڵی‌ ته‌ندروستی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ تۆماركردنی حاڵه‌ته‌كانی كۆرۆنا له‌ سلێمانی مه‌ترسیدارن، ئه‌گه‌ر به‌م جۆره‌ رۆژانه‌ 30 بۆ 40 حاڵه‌تی تووشبوو تۆمار بكرێت، له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا ده‌گاته‌ 300 بۆ 400 حاڵه‌ت، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ ماڵه‌كاندا كۆرۆنا هه‌بێت ئه‌وان هه‌ستی پێنه‌كه‌ن.

بوونی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان و داواكه‌وتنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، هه‌ڵوێستی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ته‌ندروستی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لاواز كردووه‌، چونكه‌ ناتوانن وه‌ك گه‌ڕی‌ یه‌كه‌می‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ په‌تاكه‌ له‌به‌هاری‌ ئه‌مساڵدا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌به‌ر غه‌زه‌ب و گومانی‌ خه‌ڵك ناتوانن رێنماییه‌كانیش وه‌ك جاران بڵاو بكه‌نه‌وه‌.

باشه‌ ئه‌گه‌ر به‌م جۆره‌ ئاماره‌كان به‌رزببنه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌م شاره‌ چی‌ ده‌كه‌ن، شاره‌كه‌ كه‌رنتینه‌ ده‌كه‌ن؟ یاخود ژیان وه‌ك ئه‌مرۆ به‌رێوه‌ده‌چێت و به‌یه‌كجار هه‌مووان ئه‌و ڤایرۆسه‌ ده‌گرین، ئه‌وه‌ی‌ مرد ده‌مرێت و ئه‌وه‌ی‌ چاك ده‌بێته‌وه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌. هه‌ردوو پلانه‌كه‌ له‌جیهاندا تاقی‌ كراوه‌ته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پلانی‌ ته‌ندروستی‌ و هیزو تواناكانیان و قه‌ناعه‌تی‌ خه‌ڵك به‌ مه‌ترسییه‌كان.

* سەرنووسەری سایتی وێستگە نیوز

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

خنكاندنی ڕەشپێستێك ئەمریكای هەژاند.. ئەی كوردستان؟


مەلا بەختیار

ماركس، وتەیەكی نایابی هەیە دەڵێ‌: جاری وا هەیە، روداوی بیست ساڵ لە یەك رۆژدا دەتەقێتەوە، جاری واش هەیە، لە یەك رۆژدا، روداوی بیست ساڵ دەتەقێتەوە.

ئەو وتەیە، ئێستا لە ئەمریكادا بەرجەستە بووە، لە (25/5/2020)دا پۆلیسێك، رقی هەڵدەستێ‌‌و ئەژنۆی لە ملی (جۆرج فلۆید) پیاوێكی رەشپێستی بێگوناح گیر دەكات‌و دوای (8) دەقیقە، دوا هەناسەی پێ دەدا. ئەم پۆلیسە، كە یەكێكە لە سەدان هەزار پۆلیسی ئەمریكا، بێئاگا بووە لەوەی هەر دەقیقەیەكی هەناسەلێبڕینی ئەو پیاوە، بەهاكەی هەژاندنی گەلانی ئەمریكایە، دژی حكومەتەكەی.

هەشت دەقیقە.. لە یەك رۆژدا، دەریخست كە گەلانی ئەمریكا، هەناویان لێوڕێژی زوخاوەو سێ‌ مانگی كۆرۆناش، ئەو زوخاوەی جۆش جۆش داوە، تەنها ئەو هەشت دەقیقەیەی دەویست، كە ئەمریكایەكان قینی پیرۆزیان بتەقێننەوە.

هەشت دەقیقە، بۆ ئەمریكاو بۆ ژیان‌و بۆ دونیای جەنجاڵی سیاسەت، هیچ نییە. بەڵكو هەشتا ساڵیش بۆ مێژوو هەناسەیەكی كورتە. بەڵام، كاتێك روداوەكان، لە كورەی هەناوی رای گشتیدا جۆشی دەرونی دەخۆن‌و بۆ دەرەتانێك دەگەڕێن چەشنی گڕكان بتەقنەوە، نەك هەشت، بەڵكو دەقیقەیەكیش بەسە، گەلان دژی دەسەڵاتەكان راپەڕن!! كات، هەموو كاتێك، بە یەك پێوەر ناپێورێ. بەڵكو هەروەكو تیۆری رێژەیی پێویستە سەیری كات بكرێ‌. راستە كات هەر كاتە. بەڵام لە تیۆری رێژەییدا، زەمان‌و زەمینە، كات‌و جوڵە، كات دەگۆڕن، بۆ نموونە:
مرۆڤ، دەقیقەیەك لەناو ئاگردا بێ‌، كاتەكەی لێ ناڕوات. بەڵام لە سەر كانیاوێكی سازگاری سێبەرداردا دانیشێ‌، كاتژمێرێكیشی لێ بڕوات، ئاگای لەخۆی نییە.

ئەم تیۆرە رێژەییە، لە دونیای سیاسەتیشدا دروستە. كاتێك كێشەی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژی، لە هەناوی رای گشتیدا، پەنگی نادادپەروەری دەخوات‌و مەترسیەكی گەردونی وەكو كۆرۆناش، فشاری فیزیكی رۆدەچێنێ‌، دۆخی زلهێزێكی وەكو ئەمریكاش، لە هەشت دەقیقەدا دەهەژێنێ‌.

ئەمریكا، دوو سەدە و نیوە سەربەخۆیە (230) ساڵە دەستوری هەمیشەیی هەیە، چوار ساڵ تێناپەڕێنێ‌ هەڵبژاردن نەكات، لە هەڵبژاردنیشدا، گزی ناكرێ‌، یاسا سەروەرە، زلهێزە، یەكێكە لە زەنگینترین‌و رەنگینترین وڵاتانی سەر ئەرز. لە دەیان وڵاتدا، بنكەی سەربازی هەیە، بە چەكی ئەتۆمی دەتوانێ‌ سەر ئەرز بكاتە مەرگەسات، دیموكراسی‌و ئازادی لەوپەڕیدایە، ژێرخانی ئەوەندە تۆكمەیە، لە سێ‌ مانگی كۆرۆنادا، دەیان ترلیۆن دۆلاریان سەرف كردووە، پێیانەوە دیار نییە كەچی ئەم وڵاتە زلهێزە، پۆلیسێكی هەڵە دەكات‌و هاوڵاتیەك دەكوژێ‌.. دەهەژێ‌. ئەم هەشت دەقیقەیە، سەعاتێكی بیست ساڵەكەی ماركس بووە.

ئەگەر ئەو روداوە، بە وڵاتانی لەمەڕ كوردستان بەراورد بكرێ‌، هەقوایە، هێزە سیاسیەكان‌و حكومەتی كوردستان، واقیان لە دۆخی ناوخۆ وڕ بمێنێ‌.

كوردستان.. هێشتا هەرێمێكی فیدراڵە، بە بودجەی عێراق بەڕێوەدەچێ‌ یەك دۆلار پاشەكەوتی نییە. كیلۆیەك ئاڵتونی پارسەنگی دراویشی نییە، دەستوری نەنوسیوە، یاسا سەراپا سەروەر نییە، حكومەت قەرزاری پاشەكەوتی چەندین مانگی موچەخۆرانە، گەندەڵی بۆگەنی بەرزبۆتەوە، هێزو دەستەی گەندەڵپارێزی تەراتێن دەكەن، هەلپەرستان فەیسبوكیان گەرم‌وگوڕە! هەژاران هەژارتر بون، بێمتمانەیی قوڵتر بۆتەوە، لایەنی كەمی راستگۆیەتی لەناو لایەنە سیاسیەكاندا نەماوە.

ماستاوچیەكان قەزوانیان لە بازاڕ نەهێشتووە بۆ ماستاوی سەروی خۆیان!! بۆیە، هەتا دێت، دابڕانی مەترسیدار لەنێوان خەڵك‌و حكومەت رودەدات.

لە دۆخێكی ئاوادا، هەستی برینداركراوی خەڵك، لەسەر چزە، لەئەمریكادا، بە ناهەق كوشتنی هاوڵاتیەك قینی خەڵكەكەی بتەقێتەوەو هیچ بەربەستێك رێگای راسانیان لێ نەگرێ‌، ئاخۆ، لە كوردستانێكدا، كە لایەنی كەمی ئەو بەربەستە ئابوری، دەستوری، سیاسی، دەسەڵاتدارێتی‌و سیستەمی دیموكراسییەی ئەمریكای نەبێ‌، تاقە روداوێك، چی لە دۆخە قەیراناویەكەی كوردستان دەكات؟

دۆخ لە كوردستاندا دەكوڵێ‌. كەچی كۆبونەوەیەكی متمانەبەخشی نێوان لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمان، لەگەڵ عێراق، چارەسەری موچەو بودجە، لەئارادا نییە.

بەش بەحاڵی مەلا بەختیار، ئاوات ناخوازم روداوێكی بچوكی نەخوازراویش، لەم نیشتمانەم روبدات، بەڵكو ئومێدم وایە، چارەسەر بۆ كێشەكان، لەپێشەوەدا، قەیرانی ئابوری بدۆزرێتەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە، نایشارمەوە، هیچ دەستەبەرێكی سیاسی-كۆمەڵایەتی بۆ ناخی برینداركراوی خەڵك لەكوردستاندا نییە.

دوور نییە، ئەمریكا لە هەشت دەقیقەدا بە كوشتنی هاوڵاتیەك هەژابێ‌، لە كوردستاندا، كەمتریش لەو كاتە، روداوێك، روداوی سیاسی نەخوازراو بهێنێتە دی!! تكایە، لەم راستییە تاڵە تێبگەن.. تكایە!!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان