ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وەرزشەکانی تر

پاڵه‌وانی جیهان سێ پشتوێنه‌که‌ی دۆڕاند و میدیاکان گومانیان دروست کردووه‌ !

خه‌ڵک سپۆرت

شه‌وی ڕابردوو له‌ “مادیسۆن سکوێر پارک” یه‌کێک له‌ سه‌یرترین رووبه‌ڕوبونه‌وه‌کان له‌ جیهانی بۆکسێندا ئه‌نجامدرا و به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌روان نه‌کراو پاڵه‌وانی جیهانیان کوتا به‌زه‌ویدا.

ئانتۆنی جۆشوای به‌ریتانی و پاڵه‌وانی پێشووی جیهان پاش بردنه‌وه‌ی له‌ ڤلادیمێر کلیچکۆی ئۆکرانی چیتر پێگه‌یه‌کی یه‌که‌می جیهان و لوتکه‌ی ڕیزبه‌ندی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌و بردنه‌وه‌یه‌ش به‌ مێژوویی هه‌ژمارکرا و ده‌بوو له‌ماوه‌ی داهاتودا گه‌شتێکی ئێسک شکێن به‌نێو جیهانی بۆکسێندا بکات و چاوه‌ڕوان ده‌کرا ڕووبه‌ڕوی تایسۆن فیوری هاونیشتیمانی و دیۆنتای وایڵده‌ری تۆقێنه‌ری ئه‌مریکی ببێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌روان نه‌ده‌کرا ڕوویدا…

بڕیاربوو جۆشوا ڕووبه‌ڕوی گاری میڵه‌ری ئه‌مریکی ببێته‌وه‌، به‌ڵام پشکنینه‌کان ده‌ریانخست که‌ میله‌ر مادده‌ی وزه‌به‌خشی به‌کارهێناوه‌ و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌که‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئاندی ڕویزی مه‌کسیکی – ئه‌مریکی له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه‌ فشاری دروست کرد که‌ جێگه‌ی میڵه‌ر بگرێته‌وه‌.

بۆئه‌وه‌ی کات و واده‌ی رووبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ک به‌فیڕۆ نه‌ڕوات، له‌سه‌ر داوای تیمی جۆشوا ڕووبه‌ڕوبونه‌وهی ڕویز قبوڵکرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یربوو به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو جۆشوا له‌ جه‌وله‌ی حه‌وت به‌لێدانی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ هۆشی به‌خۆی نه‌ما و شکستی هێنا، به‌وشێوه‌یه‌ش هه‌ر سێ پشتوێنه‌که‌ی پاڵه‌وانێتی جیهانی به‌خشیه‌ ڕویز که‌ خۆشی باوه‌ڕی به‌ سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی خۆی نه‌ده‌کرد.

له‌ئێستادا میدیاکانی به‌ریتانیا گومانیان دروست کردووه‌، ڕۆژنامه‌ی “ده‌یلی مه‌یڵ” گرته‌یه‌کی بڵاوکردۆته‌وه‌ له‌ جه‌وله‌ی سێیه‌مدا جۆشوا به‌ ڕاهێنه‌ره‌که‌ی ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ جه‌وله‌ی چه‌نده‌مه‌؟ من بۆ به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ست ده‌که‌م؟

ئایا بۆکسێنه‌ره‌ به‌ریتانیه‌که‌ ده‌رمانخوارد کراوه‌؟ یاخود ئاماده‌کاری باشی پێنه‌کراوه‌؟ چی ڕووده‌دات؟

بێگومان یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ “ڕیماچ” بڕیار له‌سه‌ر ڕاستییه‌کان ده‌کات….

وەرزشەکانی تر

ئیسپانیا بەسەر ئەرجەنتیندا سەرکەوت و دووەم نازناوی مۆندیالیان بەدەستهێنا !

خەڵک سپۆرت

ئەمڕۆ یاریی کۆتایی جامی جیهانی باسکە و یاریی پلەی سێیەم و چوارەم ئەنجامدران و تیایاندا هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا براوە بوون.

لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم و چوارەمدا، هەڵبژاردەی فەرەنسا بە ئەنجامی (٦٧ – ٥٩) سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی ئوسترالیا تۆمار کرد و ئەنجامەکەش چاوەڕوانکراو بوو، بەوپێیەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی توانیان ئەمریکای ئەفسانەیی لە ململانێکە بکەنە دەرەوە و ئەوەش دەریدەخات کە ئاستیان لەئاستی کەنگارۆکانی ئوسترالیا بەرزترە.

لە یاریی کۆتاییشدا، هەمووان چاوەڕوانبوون ئەرجەنتینیەکان ئاستێکی ناوازە هاوشێوەی قۆناغەکانی چارەک و نیوەی کۆتایی نیشان بدەن، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانە بوو، بەڵکو ماتادۆرەکانی ئیسپانیا بە سەرکردایەتی مارک گاسۆل توانیان لەچارەکی یەکەمەوە تا چوارەم کۆنترۆڵی وردو درشتی ڕووبەڕوبونەوەکە بکەن.

لە چارەکی یەکەمدا لارۆخا بە ئەنجامی (٢٣ – ١٤) پێشەنگی گرت، لە چارەکی دووەمیشدا پێشەنگیان بە ئەنجامی (٢٠ – ١٧) درێژە پێدا، سەیر لەوەشدا بوو سەماکەرانی تانگۆ هەرگیز ڕوحیەتی ڕووبەروبونەوەکانی پێشوویان نیشان نەدا و لە هاوتاکردنەوەی ئەنجامەکەدا سەرکەوتوو نەبوون، لە چارەکی سێیەمدا مارک گاسۆڵ و هاوەڵانی بە ئەنجامی (٢٣ – ١٦) سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئەنجامی کۆتاییان تا چارەکی سێیەم گەیاندە (٦٦ – ٤٧) کە مەحاڵ بوو لە چارەکی کۆتاییدا هاوتا بکرێتەوە، چارەکی کۆتاییش بە ئەنجامی (٢٩ – ٢٨) کۆتایی هات و کۆی ئەنجامەکە کردییە (٩٥ – ٧٥) لەبەرژەوەندی ماتادۆرەکان.

لەڕووی مێژووییەوە بۆ دووەمجارە ئیسپانیا نازناوی مۆندیال دەچنێتەوە و بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ٢٠٠٦ جامەکەیان بەرزکردۆتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وەرزشەکانی تر

(ئەمریکا بۆ ماڵەوە) مۆندیالی باسکە گەیشتۆتە خاڵی کۆتایی و چاوەکان لەسەر ئەرجەنتین و ئیسپانیان !

خەڵک سپۆرت

هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا یاریی کۆتایی مۆندتیالی ٢٠١٩ی باسکە ئەنجام دەدەن و هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و ئوسترالتیاش کێبڕکێ بۆ پلەی سێیەم دەکەن.

بڕیارە سبەینێ (یەکشەممە) هەردوو یاریی کۆتایی مۆندیالی باسکە و یاریی پلەی سێیەم و چوارەم ئەنجام بدرێن، هەردوو ڕووبەڕوبونەوەکەش خاڵییە لە هەڵبژاردەی ئەمریکا کە لەقۆناغی نیوەی کۆتایی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا شکستی هێنا.

لە مۆندیالەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤ ئەستێرەکانی “ئێن بی ئەی” ئەمریکا کۆنترۆڵی مۆندیالی باسکەیان کرد و هەردوو نازناوەکەیان لەسەریەک چنییەوە، سەرباری ئەوەی بەدرێژایی مێژووی پاڵەوانێتیەکانی باسکە هیچ هەڵبژاردەیەک لە ئاستی ئەستێرەکانی وڵاتی “مام سام”دا نەبووە، بەڵام لەم مۆندیالەدا هەڵبژاردەی فەرەنسا کۆتایی بە خەونەکانیان هێنا، ئەوەش دەرفەتێکی گەورەبوو بۆ هەڵبژاردەکانی وەک ئەرجەنتین و ئیسپانیا تا نازناوەکە بچننەوە، هۆکاری ئەم شکستەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە زۆرینەی ئەستێرە ناودارەکان بەشداریان تێدا نەکرد و کەشتی هەڵبژاردەی ئەمریکاتیان بە لاوانی خولی یانە پیشەگەرەکان سپارد.

لەبەرامبەردا هەڵبژاردەی ماتادۆرەکانی ئیسپانیا و سەماکەرانی تانگۆی ئەرجەنتین ئاستێکی ناوازەیان پێشکەش کرد و توانیان فەرەنس ا و ئوسترالیا لە ململانێی پاڵەوان بەدەرنێن.


یاریی کۆتایی (یەکشەممە)

ئەرجەنتین – ئیسپانیا (٣:٠٠)

یاریی پلەی سێیەم و چوارەم (یەکشەممە)

فەرەنسا – ئوسترالیا (١١:٠٠)

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وەرزشەکانی تر

سەرچاوەیەک: شوماخەر لە نەخۆشخانەی “جۆرج پۆمپیدۆ” چارەسەری بۆ کراوە و بە خەبەرە !

خەڵک سپۆرت

یەکێک لەو کەسانەی بەشداری لە پڕۆسەی چارەسەرکردنی مایکڵ شوماخەری ئەفسانەی “فۆرمولا ١”دا کردووە ئاشکرای کردووە، کە شۆفێرە ئەفسانەییەکە ئاگاداری چواردەورە و لەسەر کورسی تایبەت بەڕێدەکات.

لەزاری یەکێک لەو پەرستارانەی لە نەخۆشخانەی جۆرج پۆمپیدۆی فەرەنسی بەشداریان لە پڕۆسەی چارەسەری شوماخەردا کردووە ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی ئاشکرای کردووە، شۆفێرە ناودارەکەی ئەڵمانیا و جیهان چارەسەری خانەی بنەڕەتی بۆ کراوە و پڕۆسەکەش لەلایەن پزیشکێکی ناوداری شاری پاریس بەناوی فیلیپ میناشەوە ئەنجامدراوە.

بەپێی سەرچاوەکە، شومی بە فرۆکەیەکی تایبەت گەیەنراوەتە شاری پاریس و لەژێر چاودێری توندی تیمێکی ئەمنیدا بەرەو نەخۆشخانە ناودارەکە براوە، جۆری ئەو چارەسەرەی پێیدراوە “ئینجێکشنی خانە بنەڕەتیەکان” بووە، کە جۆرە چارەسەرێکی تایبەتە بەو نەخۆشانەی چارەسەرەکانی تر سودیان پێناگەیەنێت لە دڵ و جگەریاندا، لەدوای چارەسەریش پەرستارەکە جەختی لەوەکردۆتەوە، کە شۆفێرەکە بەخەبەر بووە و ئاگاداری چواردەوری بووە.

لەم بارەیەوە کۆرینا شوماخەر و هیچکام لە وتەبێژەکانی “شومی” زانیارییان بە میدیاکان ڕانەگەیاندووە و ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پاش کۆتاییهاتنی وادەی چارەسەر، بە فڕۆکەی تایبەت دووبارە گوێزراوەتەوە بۆ نشینگەکەی خۆی لە سویسرا.

شوماخەر لە ساڵی ٢٠١٣وە بەهۆی کەوتنی لەکاتی خلیسکانی سەر بەفردا بەشێک لە ئێسکی سەر و دەماغی (بەشی ڕاست) زیانی زۆری پێگەیشت، لەو کاتەدا پزیشکەکان بۆ پاراستنی لە جەڵتەی دەماغ خستیانە حاڵەتی خەواندنی ماوە درێژەوە، هەندێک لەسەرچاوەکان پێیان وایە ئەفسانەی ناوبراو تەنها چاوەکانی کاردەکەن و وەک کەسێکی ئاسایی ناژی، بۆیە خێزانەکەی دەیان ملیۆن یورۆیان لە کۆمپانیاکانی سیکوریتیدا بەکارخستووە تەنها بۆ ئەوەی هیچ وێنە و زانیارییەک لەبارەی تەندروستیەوە بڵاونەکرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان