ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

یەكێتی لەگەرمەی ململانێ سیاسییەكاندا یادی دامەزراندنی دەكاتەوە

یەكێتی نیشتمانی كوردستان

خەڵك- نزار جەزا

پاش 44 ساڵ لەدامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، یەكێتی لە گەرمەی ململانێ سیاسییەكان و لەلێواری سەركەوتن و كەوتنیدا یادی دامەزراندنی دەكاتەوە.

یەكێتی هاوكات لەگەڵ جێبەجێنەكردنی ڕێكەوتنەكانی لەگەڵ هەر یەكە لەپارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و گەرمبوونی كێشە ناوخۆییەكانی خۆی و پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم یادی دامەزراندنی خۆی دەكاتەوە.

یەكێتی و پارتی

پاش 244 ڕۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێتی و پارتی زنجیرەیەك كۆبونەوەیان ئەنجامداوە و تاكو ئێستاش نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و تا كات تێدەپەڕێت پەیوەندییەكانیان زیاتر شەق دەبات، لەنوێـترین هەڵوێستیشدا، هەفتەی ڕابردوو بەبێ بەشداری یەكێتی لەكۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی هەرێم دیاریكرا، كە دواتر هەم پارتی و هەم یەكێتیش یەكتریان بە پاشگەزبوونەوە لەڕێكەوتنی پێشتریان تۆمەتباركرد و هێندەی تر ململانی سیاسییەكانی نێوان ئەم دوو حزبە قوڵتر بوونەوە.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەیادی٤٤ساڵەی دامەزراندنیدا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەئەوەكرد، ” له هەرێمی كوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی لایەنەكان بەتایبەتی یەكێتی‌ و پارتی ڕێكەوتنی سیاسی‌ و دواجاریش رێكەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان ئیمزاكردووە، بەڵام هێشتا ناوەڕۆكەكانیان نەكەوتووەتە سەر ڕێچكەی جێبەجێكردن”.

ئەم جۆرە ململانێیەی نێوان یەكێتی و پارتی، كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەیە و ئەگەر نەگەنە ڕێككەوتن، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وەك فایلێك لەسەر مێزەكانی گفتوگۆ یاری پێدەكرێت و هاوڵاتیانیش لەچاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتدا دەمێننەوە.

یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان

لەپاش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەپارتی دیموكراتی كوردستان نزیك و نزیكتر دەبێتەوە و لەلایەن پارتی و گۆڕانەوە یەكێتی فەرامۆش دەكرێت، بەجۆرێك پارتی كە زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانە، لەگەڵ یەكێتیدا كۆدەبێتەوە، بەڵام لەیەكلاكردنەوەی پرسێكی گرنگی وەك هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا گرنگی بە بۆچونی یەكێتی نەدرا و پارتی و گۆڕان سەرۆكی هەرێمیان لەپەڕلەمانەوە هەڵبژارد.

یەكێتی و نەوەی نوێ

مانگی ڕابردوو پەیوەندییەكانی یەكێتی ‌و نەوەی نوێ لەخراپترین ئاستیدابوو، بەجۆرێك سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یانزە ئەندامی بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دەستگیركران، كە بەرپرسانی ئەو جوڵانەوەیە ئەم بابەتە یان بەسیاسی ناوزەندكرد و بەرپرسانی یەكێتیش بە بابەتێكی یاسایی.

 

43 ساڵ لەمەوپێش لە ریستورانتێك یەكێتی دامەزرا

ئەمڕۆ یەكی حوزەیران یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یادی دامەزراندنی دەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە 22ی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا لە ریستورانتی گیگلە لە گەڕەكی ئەبوو روومانەی دیمەشق، یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، د.فوئاد معسوم، د.كمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی ئەنجامدرا.
یەكێتی لە یەكگرتنی 3 رێكخراوی جیاواز دروستبوو، ئەوانیش كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و‏ هەروەها ئەو كەسانەی نە سۆسیالیست و نە كۆمەڵەش بوون پێیان دەگوترا خەتی گشتی.

دوای گەڕانەوەی مام جەلال لە بەیروت لە ساڵی ١٩٧٧ بۆ كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتی ‏لەسەر خاكی كوردستان لە ٣١/٨/١٩٧٧ بەست، كە ١٢ رۆژی خایاند‌و لەكۆبوونەوەكە مام جەلال بە سكرتێری گشتی دانرا.‏

كۆنگرەكانی یەكێتی

دوای 17 ساڵ لەدامەزراندنی یەكێتی یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە 28-1-1992 ئەنجامدا و ماوەی 17 رۆژی خایاند، ھەر دوو باڵی كۆمەڵە و یەكێتی شۆڕشگێران توانەوە و بڕیاری یەكخستنی ھەردوو باڵەكە درا و جەلال تاڵەبانی بە سكرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.
كۆنگرەی دووەمی یەكێتی لە 30-1-2001 و نۆ ساڵ دوای كۆنگرەی یەكەم لە سلێمانی بەسترا و دیسان مام جەلال وەك سكرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە، هەروەها دوای 9 ساڵ لە 1-5-2010 كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسترا و مام جەلال بووەوە سكرتێری گشتی.

جیابوونەوەی سەركردەكانی یەكێتی

جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفاو ژمارەیەك لەسەركردەكانی دیكەی یەكێتی و دروستكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە 25ـی تەمموزی 2009، بەشێكی زۆری بنكەجەماوەرییەكەی دابەشكردو باڵێكی گەورەی یەكێتی جیابووەوە‌و دواتر بەهۆی كێشە نێو خۆییەكانی ئەو حزبەوە بەرهەم ساڵحیش بە تەواوی وازی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێناو لە هەڵبژاردنی 12ـی ئایار وەك قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداریكرد و دوو كورسی بەدەستهێنا، و دواتر گەڕایەوە ناو یەكێتی، لەدوایین جیابوونەوەشدا، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەك عاجزبوویەكی یەكێتی تەماشا دەكرێت و دەوام لەناو مەكتەبی سیاسی ناكات و بەشداری كۆبوونەوەكانیش ناكات.

نوێبوونەوەی یەكێتی

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەپاش كۆچی دوایی مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە، كێشە ناوخۆییەكان و ململانێی نێوان باڵەكان فراوان بوون و تا كات تێدەپەڕێت ئەم ململانێیانە بەرەو پێشتر دەچن و هەر بۆیەش تاكە چارەسەر لای سەركردەكانی یەكێتی بەستنی كۆنگرەیە، بەڵام تاكو ئێستا كۆنگرەیان نەبەستووە، تەنانەت قوباد تاڵەبانی لەیادی ٤٤ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەیبەوەكرد، “لەزاخۆوە تا گەرمیان داوای كادیران و ئەندامانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانمان پێئەگات كە داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو كادیرو ئەندامە دڵسۆزانەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و منیش داوای كۆنگرە دەكەم، و داوادەكەم چیتر بیانوو نەدۆزینەوە بۆ دواكەوتن لەم پرسە. یەكێتی پێویستی پێیەتی، كوردستان پێویستی پێیەتی، عێراقیش پێویستی پێیەتی”.

راپۆرت

سیناریۆی وڵاتە زلهێزەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان چۆن گوزەری كرد؟

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

 

لە شەقامێكدا كە سێ كیلۆمەتر لە موسڵەوە دوور بوو بەرەو سنوورەكانی عیراق و سوریا بەڕێكەوتین، ئامانجەكەشمان ئەوە بوو كە بۆ ناوچە كوردنشینەكان بڕۆین، شوێنێك كە چەند هەفتەیەك لەمەوپێش سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی هێرشیان كردە سەر هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.
خەریكە نزیك دەبینەوە لە خاڵی سنووری فیشخاپور كە لە مانگی ئابی ساڵی 2014 بە كۆپتەرێك لە سنووری ئاسمانی شاخەكانی شەنگال كە ئەوكات گەمارۆ درابوو دەسوڕاینەوە، ئەو شاخانەی كە بە هەزاران ئێزدی بە بێ ئاو و خۆراك لەلایەن داعشەوە گەمارۆ درابوون، لەو كاتانەدا موسڵ و شار و شارۆچكەكانی دیكە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا بوون، ناوی ئەبوبەكر بەغدادی تازە بە تازە كەوتبووە سەر زمانی هاوڵاتیانەوە.


هەر هەمان ڕۆژ بوو كە ئەبوبەكر بەغدادی بە چەند پلیكانەیەك چووەسەر مینبەری مزگەوتێكی موسڵ و جلوبەرگێكی ڕەشی لەبەركردبوو و ڕیشێكی درێژیشی هەبوو، كە بانگخوازانی داعش هەوڵی زۆریان دا بیگەیەننە ئاستێكی بەرز، ئەم كارەشیان تاكو ئاستێكی باش سەری گرت بەتایبەت لەنێو هەوادارانی داعشدا و ئەبوبەكر بەغدادی لەوكاتەدا خەلافەتی خۆی ڕاگەیاند، خەلافەتێك كە گیانی هەزاران هاوڵاتی وەرگرتەوە و بە ملیۆنەها هاوڵاتیش ئاوارە بوون.

دواتر ناوبراو بۆ كەسێك كە مەترسی بۆ هەموو دونیا هەبوو گۆڕدرا، چونكە ئاڵا ڕەشەكەی لە بەشێكی زۆریی خاكی عیراق و سوریا هەڵدرا و تەنانەت هەوادارانی ئەم گروپە لە دڵی ئەوروپادا دەستیان بە كردەی خۆكوژی كرد.
پێنج ساڵ درێژەی كێشا تاكو بە هاوكاری هاوپەیمانی ئەمریكا خەلافەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی كۆتایی پێهات، كوردەكانی ڕۆژئاوا بە هاوكاری ئەمریكا ڕۆڵێكی زۆر باشیان هەبوو لە ڕاوەدوونانی چەكدارانی داعش لە سوریا، بەڵام ئەم سەركەوتنە خەرجییەكی زۆری ویست.

لە پردێكی هەڵواسراوی سەر ڕووباری دیجلە لە خاڵی سنووری فیشخاپوور تێدەپەڕین بەرەو ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی كوردەكان لە باكوری سوریا كە كوردەكان ئەوێ بە “ڕۆژئاوا” ناودەهێنن و بەرەو شاری قامیشلۆ كە گەورەترین شاری كوردنیشنە لە سوریا دەكەوینەڕێ.

لەسەر شەقامەكاندا چەندین وێنەی جۆراو جۆری ئەو كەسانەی كە لە شەڕی داعش كوژرابوون هەڵواسرابوون، 11 هەزار لە هێزەكانی كورد لە شەڕی دژی داعش كوژران و بە هەزاران كەسیش نادیارن، لەتەنیشت ئەو وێنانەشەوە وێنەی چەند كەسێكی ئەمریكایی و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانی تێدابوو، لەناكاو ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلی هێزەكانی ئەمریكا بەلاماندا تێپەڕین ودەیانویست بەرەو عیراق بڕۆن و فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەمریكاش بە ئاسماندا چەندین هێڵی سپییان دروست كردبوو.

ئەمەش دوای پەیوەندییەكی ڕەجب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد تڕەمپ هات كە ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان دا و دواتر توركیا بە هاوكاری هێزە هاوپەیمانەكانی لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشیان كردەسەر خاكی ڕۆژئاوا، لەوكاتەدا كوردەكان نیگەرانی داهاتووی ناوچەكەیان بوون، چونكە لەلایەكەوە لەگەڵ توركیا لە جەنگدان و لەلایەكی دیكەشەوە لەگەڵ سوپای سوریا، دوای دەرچوونی ئەمریكاییەكانیش دەبێت ڕێگایەك بدۆزنەوە بۆ دەرچوون.

لەو كاتەی كە گەیشتینە قامیشلۆ هەر لە نانەواخانە تاكو سەوزە فرۆش لە ئێمەیان دەپرسی”بۆچی تڕەمپ پشتی لە ئێمە كرد؟ تڕەمپ ئێمەی فرۆشت، تڕەمپ لە پشتەوە خەنجەری لێداین” ئەمانە كۆمەڵێك ڕستە بوون كە ئێمە دەمانبیستن.


لە یەكێك لە گەڕەكەكانی قامیشلۆ پیاوان لەسەر كۆمەڵێك كورسی ڕەنگ سوور لەبەردەم دەرگای ماڵێك دانیشتبوون، وێنەی كۆمەڵێك گەنجیش بە جلوبەرگی سەربازی هەسەدەوە بە دیوارەكانی ماڵەكاندا هەڵواسرابوون، ئەویش مەراسیمی پرسە بوو كە گەنجێكی 22 ساڵە بەهۆی هێرشی توركیاوە لە سەرێكانیێ كوژرا بوو.

شكستی داعش لەم ناوچەیە كۆتایی نەهێنا بە بەخاكسپاردنی تەرمەكان، بەڵكو ئەمجارە سەرەی بەخاكسپاردنی هێزەكانی كوردە كە لە شەڕی توركیادا دەكوژرێن.
پیاوێكی باڵا بەرزی چاو سەوز كە نزیكەی 60 ساڵ تەمەنی كردبوو لێم نزیك بووەوە و بە ئارامی پێی وتم”ئەردۆغان كوردەكانی خۆش ناوێت، دەیەوێت لێرەش بڕۆین” ئەو پیاوە پیرە دەشڵێت”شەڕكردنمان لەگەڵ داعش تەنها شەڕكردن نەبوو بۆ مانەوەی خۆمان، بەڵكو بە نوێنەرایەتی جیهان لەگەڵ داعش شەڕمان كرد، ئەی كوا نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟ بۆچی پێش بە ئەردۆغان ناگرن؟”.

لە یەكێك لە نانەواخانەكان نانێكی زۆر ئامادەكرابوو بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لە هێڵی پێشەوەی شەڕكردن بوون لەگەڵ توركیا، باهۆز گەنجێكی 16 ساڵ بوو لەكاتێكدا خەریكی نان كردن بوو سەبارەت بە ئەمریكا و ئەورپاییەكان پرسیاریكرد؟ “پێتوایە ئەو دوو لایەنە ڕێگری لە ئەردۆغان بكەن لە كۆمەڵكوژكردنمان؟، كوڕێكی دیكە لەو بارەوە هاواری كرد، “بۆ دۆناڵد تڕەمپ نەوت لە گیانی ئێمە گرنگترە”.
ئەم گەنجانە نیگەرانن، كۆمەڵێك ڤیدیۆیان لابوو كە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریای هاوپەیمانی توركیا تۆمار كرابوون، پڕ بوون لە ناڕەحەتی و توندوتیژی، ئەوان لە تۆمارە ڤیدیۆییەكاندا”الله اكبر”یان دەوت و كۆمەڵێك گەنج كە دەستەكانیان لە پشتەوە بەستبوون، گوللە باران دەكردن و دەیانكوشتن و سەری ئەسیرەكانیان دەبڕی.
لە قامیشلۆ ڕێگایان بە ئێمەدا كە سەردانی نەخۆشخانەی سەربازی بكەین، ڕۆژدا ناوی ژنێكی تەمەن 30 ساڵان بوو، باڵای كورت و لاواز بوو لە ژووری نەشتەرگەری بەرەو ژوورێكی دیكە دەڕۆیشت، ئەو ژنە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە بوو، ڕایگەیاند”ئەم ڕاپۆرتانەی ئێوە دەتوانێت چ كاریگەرییەك دروست بكات؟”، راشیگەیاند “كات بە فیڕۆ مەدە، دونیا چاوەكانی داخستووە لەبەرانبەر ئەو ستەمەی لە ئێمە دەكرێت”.

یەكێك لە بریندارەكان ناوی “ژیان” بوو تەمەنی 23 ساڵ بوو، ئەو لەسەر تەختەیەك ڕاكشابوو سەیری دەرەوەی دەكرد، ڕەشی دەوری چاوەكانی داپۆشیبوو دەستێكی و هەردوو قاچی بە سەختی بریندار ببوون، ئەو بە گاڵتەجاڕییەوە دەیوت”لە شەڕ لە بەرانبەر داعش لە كۆبانێ و ڕەققە و منبج بە سەلامەتی ژیانم بەسەر برد، بەڵام نزیك بوو توركیا بمكوژێت”.


لەكاتی هێرشەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی “ژیان” لە شاری سەرێكانیێ بوو كە لەژێر تۆپ و بۆردومانەكانی ئەوان بوو، دەڵێت “ئێمە زۆر بوێرانە لەبەرانبەر هێرشەكانی توركیا وەستاینەوە، دەستكەوتی زۆر باشیشمان لەوان سەند، بەڵام ئاگری سوپای توركیا بەهێزتر بوو، زۆرێك لە هاوڕێكانم كوژران و بریندار بوون”.

لەكاتی گەڕانەوەمان بۆ سوریا لە شارێكی سنووری دیرك چاومان بە “كینو گابرێل” وتەبێژی هێزەكانی سوریا دیموكرات كەوت، پیاوێك تەمەنی 35 ساڵ بوو، كەسێكی باڵا بەرز و دەم بەخەندە بوو، كە مەسیحییەكی سریانی بوو، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی سەربازی سریانییەكان، هێزەكانیان نەك تەنها پارێزگاری لە ناوچەكانی خۆیان دەكەن، بەڵكو ئەوان یەكێك بوون لە یەكەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و لەگەڵ داعش شەڕیان دەكرد.
كینو گابرێل لە ڕەخنەگرتن لە دۆناڵد تڕەمپ خۆی پاراست، چونكە ئەو هێشتا ئومێدەوارە كۆماری ئەمریكا بڕیارەكانی لەبەرانبەر ڕۆژئاوا بگۆڕێت و دەست لە پارێزگاری لە كوردەكان هەڵنەگرێت، دەڵێت”بڕیاری دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە سیناریۆیەكی ئاڵۆزە” ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەزموونی ئێمە لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیا كوشتن و خراپەكاریی بووە، لەبەرئەوەیە پێموایە خەڵكی ئێمە لەگەڵ حكومەتی توركیا كێشەی هەیە.

وێنەی دیمەنێكی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا سەرنجی زۆرێك لە ڕاگەیاندنەكانی دونیای بەلای خۆیدا ڕاكێشا، ئەم سەربازە ئەمریكاییە لەسەر ئۆتۆمبێلێك وەستاوە و ڕووی لە هاوڵاتیان كردووە و سەیریان دەكات كە جگە لە لۆگۆی خۆیان لۆگۆی “یەپەژە”شی لەسەر باڵی داناوە، چونكە زۆرێك لە سەربازانی ئەمریكا سەریان لە بڕیارەكەی تڕەمپ بۆ دەرچوونیان لە سوریا دەرنەدەكرد.

 

كینو گابرێل ئاشكراشیكرد، سەربازە ئەمریكاییەكان كەموكورتییان نییە، ئێمە سوپاسیان دەكەین كە هەوڵ و هاوكاریان كردین لەگەڵ داعش جەنگاین، هەروەها سەربازە ئەمریكییەكانیش ناڕەحەت و خەمبارن لەبەرانبەر بڕیارەكەی سەرۆك كۆماری ئەمریكا.
لە پردی هەڵواسراوی دیجلە تێپەڕین و گەڕاینەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمجارە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی ئەمریكا دەركەوتنەوە، كە بەپێچەوانەی ئێمە بەرەو سوریا كەوتوونەتەڕێ، چونكە ئەمریكا ئەوەی ڕاگەیاندووە بۆ پێشگیری لە سوپای سوریا بەرەو ناوچە نەوتییەكان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگەڕێنەوە.

لە خولی سەرۆكایەتی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا ئەم جۆرە بڕیار و جموجوڵانە هیچ كەس سەرسام ناكات، چونكە بەردەوام بڕیارە دژ بە یەكەكانی و بڕیارە لەناكاوەكانی وایكردووە پەی بردن بە داهاتووی ناوچەكە ئەستەم بێت.

سەرچاوە: BBC

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

یادی لەدایكبوونی مەزنترین مرۆڤی دونیا
پانۆڕامای ژیانی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت)

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

 

موحەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا كوڕی عەبدولموتەلیب، پێغەمبەری خوایە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، تاكو خەڵك بگەڕێنێتەوە بۆ یەكتاپەرستی.

موحەمەد ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی) لەدایك بووە.

شەش مانگ پێش لە دایكبوونی باوكی كۆچی دوایی كردووە، كاتێك لەدایك دەبێت ئامینەی دایكی دەنێرێت بۆ لای عەبدولموتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێخۆش دەبێت‌و دەچێتە كەعبەوە سوپاسی خوا دەكات‌و ناوی موحەمەدی بۆ هەڵدەبژێرێت كە لەوكاتەدا ئەو ناوە لەناو عەرەب باو نەبووە.

درەختی نەژادی موحەمەد
موحەمەدی كوڕی عەبدوڵڵای كوڕی عەبدولموتەلیبی كوڕی هاشمی كوڕی عەبدولمەننافی كوڕی قوسەیی كوڕی كیلابی كوڕی مڕەی كوڕی كەعبی كوڕی لوئەیی كوڕی غالیبی كوڕی فەهری كوڕی مالیكی كوڕی نەزری كوڕی كینانەی كوڕی خەزیمەی كوڕی مدركەی كوڕی ئلیاسی كوڕی مزری كوڕی نزاری كوڕی موعدی كوڕی عەدنانە، زانایان لەسەر ئەوە رێككەوتون كە دەچێتەوە سەر نەسەبی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراهیم.

پەروەردەبوونی پێغەمبەر
یەكەم كەس كە شیری پێدا لە دوای دایكی سویبەی خزمەتكاری ئەبولەهەب بووەو پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی ‌و ئەو گرتیەخۆی ‌و چەند مانگ جارێك دەیهێنایەوە بۆ لای دایكی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە، پاشان حەلیمە هات بۆ لای دایكی تا داوای لێبكات زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام دوای ڕووداوی لەتكردنی سنگی موحەمەد ترسان‌و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایكی.

لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو دایكی كۆچی دوایی كرد‌و پاشان عەبدولموتەلیبی باپیرەی بردیە لای خۆی تا لەگەڵ منداڵەكانیدا بژی‌و لە تەمەنی هەشت ساڵیشدا عەبدولموتەلیب كۆچی دوایی كردو پێش مردنی ئەبوتالیبی كوڕی ڕاسپارد بە پەروەردەی موحەمەد، ئەبوتالیبیش ئەو ئەركەی زۆر بە جوانی لەئەستۆ گرت.

سەردەمی لاوێتی
مامی ئەبوتاڵیب داهاتێكی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە موحەمەد سەرەتا شوانی دەكرد، كاتێك گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی‌و ناونرا بە ئەمین‌و ڕاستگۆو خەڵك ئەمانەتیان لەلا دادەنا، كاتێك قوڕەیش بینای كەعبەیان نوێكردەوە، جیاوازیان كەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەكە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێككەوتن یەكەم كەس هاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد هاتە ژوورەوە وتیان ئەمین هات‌و ڕازی بوون ئەو دایبنێت، داوای پۆشاكێكی كردو بەردەكەی خستەسەری‌و هەموو تیرەو هۆزەكانی شاری مەككەی بانگكردو هەر یەكەی چەمكێكیان گرت‌و هەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەكەی خستەوە شوێنی خۆی.

هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە
خەدیجە كچی خووەیلید، ئافرەتێكی بازرگانی سەروەرو سەرفرازی شاری مەككە بوو، كاتیك هەواڵی دەستپاكی موحەمەدی پێگەیشت، ناردی بە شوێن موحەمەداو پێشنیاری خستە بەردەمی كە بەشداری بكات لە بازرگانیەكەیدا بۆ شام، موحەمەد ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام‌و شتومەكی كڕی‌و گەڕایەوە بۆ مەككە قازانجێكی زۆری كرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەكەی لە شام خەدیجە پێشنیاری هاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواكەی خستە بەردەم مامەكانی، خەدیجەی خواست كاتێك لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا ساڵیدا بووە.

دابەزینی سروش
كاتێك پێغەمبەر گەیشتە تەمەنی چل ساڵی، بە زۆری دەردەچوو بۆ ئەشكەوتی حەڕا‌و دەمایەوە، ئەمەش لە هەموو ساڵێكدا بوو، ئاو و خواردنی لەگەڵ خۆی دەبردو مانگێك تیایدا دەمایەوەو پەرستن‌و تێڕامانی دەكرد.
توێژەران لەو بڕوایەدان بۆ یەكەمجار سروشی بۆ دابەزی لە ١٧ی ڕەمەزان یان ٢٤ی ڕەمەزان یان ٢١ی ڕەمەزان بەرامبەر ١٠ی ئابی ٦١٠ز، بووە.

سەرەتای بانگەواز
دوای هاتنەخوارەوەی ئایەتەكانی سورەتی مودەسیر، دەستیكرد بە بانگكردنی خەڵك بۆ ئیسلام لە گەورەو بچوك‌و سەربەست‌و بەندە.

لە سەرەتادا سێ ساڵ بە نهێنی بانگەوازی كردو لە یەكەمینی ئەو حوكمانەی هاتنە خوارەوە فەرمان كردن بوو بە نوێژكردن، موسڵمانان سەرەتا بە نهێنی كۆدەبونەوە بۆ نوێژكردن‌و بە دیداری پێغەمبەر موحەمەد دەگەیشتن، كاتێك ژمارەیان گەیشتە چل كەس، فەرمان كرا بە موحەمەد بە ئاشكرا بانگەواز ڕابگەیەنێت.

بانگەواز بە ئاشكرا
دوای سێ ساڵ بانگەوازی نھێنی، موحەمەد دەستی كرد بە ئاشكراكردنی بانگەواز دوای ئەوەی لەلایەن خواوە فەرمانی پێكرا‌و هۆزی قوڕەیش دژی بانگەوازەكەی وەستان‌و داوایان لێدەكرد واز بهێنیت، بەڵام موحەمەد ڕازی نەبوو لە بەرامبەر ھیچ شتێك دەست لە بانگەواز ھەڵگرێت‌و دواتر چەندین بوختانیان خستەپاڵی.

پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت بەهۆی ئەو ئازارو ئەشكەنجە زۆرەی لەلایەن قوڕەیشەوە دەیانكرد، ناچاربوو كۆچ بكات بۆ حەبەشە، بەڵام دوای ئەوە بەنی ھاشم زانییان موسڵمانان پارێزراون لای نەجاشی حەبەشە، كۆبوونەوە بۆ كوشتنی پیغەمبەر، بەڵام پلانەكەیان سەركەوتوو نەبوو، دواتر پێغەمبەری خودا بەرەو تائیف كەوتەڕێ، بەڵام لەوێ زۆر بە توندی رەتیان كردەوە، پاشان پێغەمبەر تائیفی جێهێشت‌و بە خەمباری گەڕایەوە بۆ مەككە لەبەرئەوەی كەس لە خەڵكی تائیف نەھاتن بە دەم بانگەوازەكەیەوە.
دوای ئەوەی پێغەمبەری خودا دوو پەیمانی عەقەبەی یەكەم‌و دووەمی لەگەڵ خەڵكی مەدینەدا بەست، بارودۆخەكە توند بوو لەسەر موسڵمانان، بۆیە پێغەمبەر ڕێگەی بە موسڵمانان دا كۆچ بكەن بۆ مەدینە.

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی
یەكەم هەنگاوی موحەمەد لە مەدینە فەرمانی پێكردن بە كردنەوەی مزگەوت كە ناسراوە بە مزگەوتی پێغەمبەر، مەدینە لە پێش گەیشتنی پێغەمبەر بەدەست ناكۆكی سەد ساڵەوە دەیناڵاند لە نێوان ھۆزە جیاوازەكانیدا، بەڵام پێغەمبەر برایەتی خستە نێوان كۆچكردووان‌و پشتیوانان، هەموو ئەو دەمارگیریەی لە نێویاندا هەبوو سڕییەوە.

هەر لەو كاتەدا پێغەمبەر نوسراوێكی بەناوی دەستوری مەدینە نووسی، ئەرك‌و مافەكانی دانیشتوانی مەدینە دیاری كرا.

سەرەتای ناكۆكی سەربازی
لەگەڵ سەرەتای بوونی موسڵمانان لە مەدینە، خاخامەكانی یەهوود لە بەنی قەریزەو بەنی قینقاع‌و بەنی نەزیر دەستیان كرد بە دوژمنایەتی موحەمەد‌و هەندێك لە پیاوەكانی ئەوس‌و خەزرەج چوونە پاڵیان ئەوانەی لە سەرەوە خۆیان بە ئیسلام دەردەخست‌و پێچەوانەی ئەوەیان دەشاردەوە، ناونران بە دوو ڕووەكان، لە دوای ئەوە خوا فەرمانی جەنگی بە پێغەمبەر موحەمەد كرد.

پێغەمبەری خوا لەماوەی ژیانیدا چەندین نوێنەرو سریە بۆ شەڕكردن ناردووەو خۆشی بەشدار بووە لەگەڵیان، ژمارەی ئەو غەزووانەی خۆی بۆی دەرچوو ٢٧ غەزوو بوو، لە ٩ غەزوویاندا خۆی جەنگاوەو ژمارەی سریەكانی ٤٧ سریەیەو لە هەموو ئەو غەزووانەیە موحەمەد بە دەستی خۆی كەسی نەكووشتوە تەنها ئەبی كوڕی خەلەف نەبێت.

فەتحی مەككە
دوای ڕێكەوتنی حودەیبیە، پێغەمبەر سوپای كۆكردەوەو نزیكەی ١٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە ڕێكەوتن لە ١٠ی ڕەمەزانی ساڵی ٩كۆچی، چوونە مەككەوەو فەتحیان كردو سوپاكە گەیشتە كەعبە، چوونە مزگەوتەكەوەو ئەو ٣٦٠ بتەی لە دەوری ماڵەكە بوو ڕوخاندیان.

حەجی ماڵئاوایی
لە زیلعەقدەی ساڵی ١٠كۆچی، پێغەمبەر ویستی حەج بە ئەنجام بگەیەنێت، دوای ئەوەی ٩ ساڵی لە مەدینە بەسەربرد بێئەوەی حەج بكات، ناونرا بە حەجی ماڵئاوایی یان حەجی ئیسلام، لەبەرئەوەی ماڵئاوایی لە خەڵك كردو دوایین حەجی بوو، لە ڕۆژی ٢٥ی زیلعەقدەی ساڵی ١٠كۆچی، موحەمەد دەرچوو بەرەو مەككە لەگەڵ نزیكەی ١٠٠،٠٠٠ موسڵمانی ژن‌و پیاودا.

چووە مەككەوە لە ڕۆژی یەكشەممە ٤ی زیلحەجەو چووە مزگەوتی حەرامەوە، دوای ئەوەی مەناسیكەكانی حەجی ئەنجامدا، ووتاری حەجی ماڵئاواییدا، لەم هەڵوێستەداو لەسەر شاخی عەرەفە، ئەم ئایەتە قورئانییە دابەزی الْێوْمَ أَكْمَلْتُ ڵكُمْ دِینَكُمْ ۆأَتْمَمْتُ عَڵیْكُمْ نِعْمَتِی ۆرَچِیتُ ڵكُمُ الْإِسْڵامَ دِینًا ۚ، واتە؛ ئەمڕۆ ئاین‌و بەرنامەكەتانم بەكۆتایی گەیاندو نازو نیعمەتی خۆمم بۆ تەواوكردن‌و ڕازیم بەوەی ئیسلام ببێتە بەرنامەو دین‌و ئاینتان.

كۆچی دوایی
یەكەم شت كە پێغەمبەر موحەمەد زانی كاتی وەفاتی نزیكبۆتەوە ئەوە بوو كە لە فەتحی مەككەدا سورەتی نەسری بۆ دابەزی إِژَا جَا‌ۆ نَصْرُ الڵّهِ ۆالْفَتْحُ واتە؛ كاتێ یارمەتی‌و كۆمەكی خوا دێت، شاری مەككە ڕزگار دەكرێت‌و دەرگای ئازادی واڵا دەكرێت.

لە كۆتاییەكانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی كۆچی، موحەمەد تووشی تایەكی بەهێز بوو، نەخۆشییەكەی لێی توند بوو، مۆڵەتی لە خێزانەكانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی كچی ئەبووبەكر بمێنێتەوە.

كاتێك نەخۆشییەكەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەكر كرد نویژیان پێ بكات، ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەكەی كۆچی دوایی كرد، لە ڕۆژی دووشەممە ڕەیبعولئەوەلی ساڵی ١١ی كۆچی‌و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا كە ئەم بەروارەش بەرامبەرە لەگەڵ ٨ی حوزەیرانی ٦٣٢ز، لە ماڵی عائشە نێژرا لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر.

موعجیزەكانی
موسڵمانان هەموو لەو باوەڕەدان، كە گەورەترین موعجیزەی پێغەمبەر قورئانە، پاشان زۆربەیان موعجیزاتیتر دەسەلمێنن كە لە كتێبەكانی فەرموودەدا هاتووە كە بریتین لە، لەتكردنی مانگ، هەرچەندە بێباوەڕان ووتیان ئەمە جادووە، بەڵام ئایەتێكی قورئان ھاتۆتە خوارەوە، ﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَەُ ۆانْشَقَّ الْقَمَرُ﴾ واتە؛ رۆژی قیامەت نزیك بۆتەوە و مانگیش لەت بوو.

هەروەها لە جیهانی نادیاردا موعجیزەگەلێكی بەرچاوی هەبوو و لەگەڵ ئەوەشدا هاتنی ئاو لە نێوان پەنجەكانی پێغەمبەرەوە یەكێكیتر بوو لە موعجیزەكانی.
هەروەها جگە لە قسەكردن لەگەڵ گیانەوەرو بێ گیاندا، پێغەمبەر چەندیین موعجیزەیتری هەیە لە چاككردنەوەی نەخۆش‌و بەرەكەت‌و ڕووداو و بەسەرهاتیتر…

خێزانەكانی
خێزانەكانی موحەمەد لە ئیسلامدا بە دایكەكانی باوەرداران ناسراون، شەشیان قوڕەیشین، ئەوانیش خەدیجە كچی خوەیلد، سودە كچی زەمعە، عائیشە كچی ئەبووبەكر، حەفسە كچی عومەر، ئوم سەلەمە، ئوم حەبیبە. خێزانە عەرەبییەكانی بێجگە لە قوڕەیش چوارن، ئەوانیش زەینەب كچی جەحش، جویریە كچی حارس، زەینەب كچی خەزیمە، مەیموونە كچی حارس‌و یەكێكیان عەرەب نیە ئەویش سەفییە كچی حەیی لە بەنی ئیسرائیلەو ماریە قبتی دەمێنێتەوە كە لە میسرەوەیە، كاتێك موحەمەد خۆی لە ژیاندا بووە دووان لە خێزانەكانی وەفاتییان كرد ئەوانیش؛ خەدیجە كچی خوەیلدو زەینەب كچی خزیمە بوون.

منداڵەكانی
موحەمەد سێ كوڕو چوار كچی هەبووە، دایكی هەموویان خەدیجە كچی خوەیلد بوو بێجگە لە ئیبراهیم ئەو لە ماریە بوو، هەموو مناڵەكانی خۆی لە ژیاندا بوو وەفاتیان كرد بێجگە لە فاتیمە، مناڵە كوڕەكانی ئەمانە بوون؛ قاسم‌و عەبدوڵڵاو ئیبراهیم، مناڵە كچەكانی ئەمانەبوون؛ زەینەب‌و ڕوقیەو ئوم كەلسوم‌و فاتیمە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

رۆژنامەنووسان داوا دەكەن بڕی ئابوونەكەیان كەمبكرێتەوە

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

سەندیكا و ڕێكخراوەكان لە هەرێمی كوردستان ئەرك و مافیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو ئەركەی دەبێت پێی هەستن، ئەنجامی بدەن.

سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، تاكو سەرەتای مانگی داهاتوو هەر ڕۆژنامەنووسێك پەیوەندی بە سەندیكاوە نەكات و ناسنامەكەی نوێ نەكاتەوە و ئابوونەی چەند ساڵی ڕابردوو نەدات مافی ئەندامێتی لێوەردەگیرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بڕی 100 هەزار دیناری دیاری كردووە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە ناسنامەكانیان نوێ بكەنەوە و لە ئەگەری پێنەدانی ئەو بڕە پارەیەش سەندیكا بە مافی خۆی دەزانێت مافی ئەندامێتی لەو ڕۆژنامەنووسانە وەربگرێتەوە.

لای خۆشیانەوە ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕەخنە لە هەڵوێستی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەگرن بەوەی كە دۆخی ڕۆژنامەنووسان بە هەند وەرناگرن و لەمكاتەدا كە ژمارەیەك زۆر لە ئەندامانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بێ كارن و لە كارەكانیان دوورخراونەوە لەماوەكانی ڕابردوودا، هەندێك پارە و شایستە داراییەكان خوراوە لەلایەن دەزگاكانیانەوە بە پاساوی داخستن یان قەیرانی داراییەوە، یاخود بە بڕە موچەیەكی كەم كار دەكەن و جار هەیە بە دوو مانگ مووچە كەمەكەش وەردەگرن، بۆیە ئەو بڕە پارەیەی سەندیكای رۆژنامەنووسان داوای دەكات زۆرە كە بۆ هەر ساڵێك 25 هەزارە، لەكاتێكدا سەندیكاكانی دیكە بڕەكەی زۆر لەوە كەمترە كە ئەندامەكانیان دۆخی ئابوورییان زۆر لە رۆژنامەنووسان باشترە.
ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئاشكراشیدەكەن، سەندیكا نەیتوانیوە لە ئاست بەرپرسیارێتی خۆی هەستێت، بەشێوەیەك هەرچەندە ڕۆژنامەنووسان كێشە و گرفتیان هەبێت یاخود بەهۆی قەیرانەوە دەزگاكانیان داخرابێت، بەڵام سەندیكا هیچ ئاوڕێكی جددی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و وەرگرتنەوی مافی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام نەداوە، بەڵام وەك ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەیڵێن”سەندیكا بۆ وەرگرتنی مافەكەی خۆی ئامادەیە ستەم لە ڕۆژنامەنووسان بكات”.
هاوكات رۆژنامەنووسان دەڵێن رۆژنامەنووسان دەستگیردەكرێن و بە یاسای سزادانی عیراقی و یاسای خراپ بەكارهێنانی مۆبایل دادگای دەكرێن و یاسای رۆژنامەگەری 34ی 2007 پشتگوێخراوە، بەڵام سەندیكا هیچ هەڵوێستێكی نییە، لە دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و لە سەندنەوەی مافی رۆژنامەنووسان و بەرگریلێكردنیان كاری بۆ رۆژنامەنووسان نەكردووە.
كاروان ئەنوەر سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، باری دارایی ڕۆژنامەنووس لە هەموو چینەكانی دیكە خراپترە، بەڵام ئابوونەی مانگانەی ڕۆژنامەنووس2 هەزار دینارە و ئەم بڕەش هێندە زۆر نییە كە كەس نەتوانێت بیدات.
وتیشی”هەموو سەندیكاكانی دیكە ساڵانە ئەگەر بێت و پێناس نوێ نەكەنەوە، ئەندامەكانیان بۆیان نییە كاری خۆیان بكەن، بەڵام لای ئێمە ئەو دەستكراوەییە هەیە كە ڕۆژنامەنووس هەیە 10 ساڵە نەهاتووە بۆ سەندیكا و ناوی لەنێو لیستەكەشدا هەیە”.
ئاشكراشیكرد، زیاتر لە 8 هەزار ئەنداممان هەیە و كۆمەڵێكی كەمی خەریكی كاری ڕۆژنامەنووسییە، ئێمە دەبێت بە ڕێگایەك ئەمانە لە بێژنگ بدەین، ئەوەی ئێمەش دەیكەین بۆ پاڵفتەكردنی ئەو ژمارە زۆرەیە و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كاری دیكە دەكات دەتوانێت نەیەت و هەركات ویستی دەتوانێت ببێتەوە بە ئەندام.

لای خۆشییەوە مەم بورهان قانع ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەناو لیژنەكەمان كۆمەڵێك تیبینیمان هەیە لەسەر سەندیكا و ڕێكخراوەكان كە بەداخەوە ڕێكخراوەكان نەیانتوانیوە بەرگری لە ئەندامەكانیان بكەن وەكو پێویست، ئەدایان لاواز بووە و تێبینیەكەی ئێمە سەندیكاكان خۆشیان بەرانبەر بە خۆیان هەیانە.
وتیشی”كۆمەڵێك هۆكار هەیە ئەویش وەكو نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەت و پەڕلەمان و سەندیكاكان و دادگاكان و هەروەها نەبوونی پەیوەندی لەنێوان سەندیكاكان و ئەندامەكانی، سەندیكای ڕۆژنامەنووسانیش وەكو ئەوانی دیكە ڕەنگە وەكو پێویست بەدەم گرفتی ئەندامەكانییەوە نەچووبێت”.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ڕاشیگەیاند، بەشێكی زۆری ئەندامانی سەندیكا پابەندن و ساڵانە ناسنامەكەیان نوێی دەكەنەوە، بەڵام ئەنداممان هەیە 15 ساڵە نەهاتووە بۆسەندیكا، لەبەرئەوەی كاری ڕۆژنامەنووسی ناكات، ئەوە كێشە نییە با ئەو كەسانە نەیەن، بەڵام ئەوەی دیكە كەمترین ساڵ نەهاتوەتەوە.

ئاشكراشیكرد، كاری ڕۆژنامەنووسی داهاتێكی زۆری نەماوە بۆ نوخبەیەكی زۆر كەم نەبێت، لەبەرئەوە ڕۆژنامەنووس دەچێت كارێكی دیكە دەكات.

سەبارەت چۆنێتی خەرجكردنی ئەو بڕە داهاتەی وەك ئابوونە لە ڕۆژنامەنووسان كۆدەكرێتەوە ناوبراو ڕایگەیاند، حساباتی ڕەسمی هەیە بەشێوەیەك هەر دینارێك كە دێتە نێو سەندیكا ئەنجومەنی لێئاگادار دەكرێتەوە.
جەختی لەوەش كردەوە، سەرجەم لقەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان كرێچین و ئەو خەرجیانەی بۆ لقەكان خەرج دەكرێتەوە لەو بڕە پارەیە و ئەم چەند ساڵەش كەمترین خەڵك هاتوون و خۆبەخشانە كارمان كردووە.

ئەو پەڕلەمانتارەی كوردستان ڕاشیدەگەیەنێت، هەموو سەندیكا و ڕێكخراوێك بەپێی یاسای تایبەت بە خۆیان هەر كەسێك دەبێتە ئەندام مانگانە ئابوونەیەكی دیاری كراو دەدات و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانیش بەپێی یاسایەك لە پەڕلەمان دامەزراوە ئەو كارە ئەنجام دەدات، بەڵام هەر ئەندامێك كە ئابوونە دەدات ئەگەر كێشەیەكی بۆ دروست بوو، پێویستە سەندیكا پارێزەری بۆ بگرێت و كێشەكەی بۆ چارەسەر بكات.

سەبارەت بە مافی وەرگرتنەوەی ئەندامێتی لەكاتێكدا زۆر جاران ئەم سەندیكایانە بە ئەركی خۆیان هەڵناستن، مەم بورهان ئاشكرایكرد، كەوتووەتەسەر پەیڕەوی ناوخۆی سەندیكاكە ئەگەر ئەو مافەی دابێت بە ئەنجومەنی باڵای سەندیكا، بەشێوەیەك ئەگەر ئەندامێك پابەند نەبوو بە مەرجەكانی ئەندامێتییەوە لەو حاڵەتەدا بۆی هەیە مافی لێوەربگیرێتەوە، چونكە بوون بە ئەندام ئیختیارییە و ئەگەر ئەركەكان جێبەجێی نەكەیت مافت نامێنێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان