ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

ئه‌مه‌ جارێ ( لێ لێ ) يه‌ .. هێشتا ( لۆ لۆ ) ش ماوه‌ !

شێرزاد شێخانى

كێشه‌ى سه‌ركردايه‌تى پارتى له‌وه‌دايه‌ كه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى دونيا به‌گشتى گۆڕاوه‌ ، به‌تايبه‌تيش له‌سه‌ر ئاستى سياسه‌ت و حوكمداريدا ، به‌ڵام ئه‌و تاكو ئێستاش به‌ هه‌مان عه‌قڵييه‌تى ساڵانى شه‌ست وحه‌فتاكان بير ئه‌كاته‌وه‌و ، ناتوانى خۆى له‌و وه‌همه‌ ده‌رباز بكات و تۆزێك براگماتيانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانى روژدا بكات . سياسه‌تيش وه‌ك هه‌ر بوارێكى ترى ژيان هه‌ميشه‌ له‌گۆڕانكاريدايه‌ ، ئه‌گه‌ر حزبێك نه‌توانێ خۆى له‌گه‌ڵيدا بگونجێنێ ، هه‌ڵبه‌ت دوا ئه‌كه‌وێت وشكست ئه‌هێنێ .

كێشه‌ى ئێستاى سه‌رانى پارتى له‌وه‌دايه‌ ، تاكو ئه‌مڕۆش گۆڕانكارييه‌ ناوخۆييه‌كانى يه‌كێتييان پێ ئه‌زم ناكرێ ، له‌وه‌ تێناگه‌ن كه‌ سه‌ركردايه‌تى ئێستاى يه‌كێتيش وه‌كو هه‌ر حزبێكى زيندوو گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتوه‌و، نه‌وه‌يه‌كى تازه‌ى گه‌نج شوێنى سه‌ركرده‌ كلاسيكيه‌كانى گرتۆته‌وه‌، برياره‌كان زياتر به‌ده‌ست ئه‌و نه‌وه‌ تازه‌يه‌‌يه‌ . له‌وه‌ش كاره‌ساتتر ئه‌وه‌يه‌ ، سه‌ركردايه‌تى پارتى تاكو ئه‌م له‌حز‌يه‌ش ئه‌م ده‌سته‌ گه‌نجه‌ بريار به‌ده‌سته‌ى ناو سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى به‌ خائين وخاكفرۆش وه‌سف ئه‌كات و، له‌هه‌مو بواره‌كاندا دژايه‌تيان ئه‌كات ، ئه‌مه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى رێكنه‌كه‌وتنى يه‌كێتييه‌ له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر زۆربه‌ى دۆسيه‌كانى ئه‌مرۆ ..

ئه‌وه‌ى له‌په‌رله‌مانى كوردستاندا روويدا سه‌باره‌ت ده‌نگدان به‌ كانديدى پارتى بۆ سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم ، به‌شێكه‌ له‌و كێشه‌ قووڵانه‌ى په‌يوه‌ندى پارتى و يه‌كێتى گه‌يانده‌ لێوارى ته‌قيينه‌وه ، ئه‌مه‌ش هه‌مووى له‌ئه‌نجامى هه‌ڵه‌ تێگه‌يشتنى پارتييه‌ سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكارييه‌كانى ناو يه‌كێتى . ئه‌وه‌نده‌ى پارتى له‌هه‌وڵى پاشكۆكردنى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ ته‌قليديه‌كانى ناو يه‌كێتييه‌، ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵى ئاساييكردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ تاقمه‌ گه‌نجه‌كه‌ى ناو سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى نه‌داوه‌ ، كه‌ ئه‌مرۆ واقيعه‌ن باڵى ده‌سڕۆيشتووى ناو يه‌كێتيين .

ته‌حه‌دداى يه‌كێتى له‌هه‌موو پرسه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ وه‌زعى ناوخۆى كوردستان ودژايه‌تيكردنى يه‌كێتى له‌سه‌ر ئاستى پرسه‌كانى به‌غداو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ، هه‌ر ئه‌وه‌ى لێئه‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ناو په‌رله‌ماندا بينيمان ، كاريگه‌رى خراپتريشى به‌دواى خۆيدا ئه‌هێنێ .

ئێستاش تێناگه‌م پارتى بۆچى ناتوانى ئه‌و راستييه‌ ئيستيعاب بكات كه‌ جه‌ماوه‌رى يه‌كێتى له‌كه‌ركوك زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ هيچ حزبێك بتوانێ ململانێى له‌گه‌ڵدا بكات ، ئه‌م لێكدانه‌وه‌ خراپه‌شى وايكردوه‌ تاكو ئه‌مڕۆش پارتى له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بێ يه‌كێتى له‌كه‌ركوك وه‌ده‌ربنێ ، ئه‌گينا چ حيكمه‌تێكى تێدايه‌ پارتى تاكو ئێستا رازى نه‌بێت به‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك بدرێته‌ يه‌كێتى كه‌ ئه‌مه‌ هه‌م ئيستحقاقى هه‌ڵبژاردن و هه‌م ئيستحقاقى جه‌ماوه‌ريشه‌ . ته‌نانه‌ت پارتى‌ رازييه‌ كه‌سێكى شۆفينيزمى وه‌كو راكان جبورى له‌م پۆسته‌دا‌ به‌رده‌وام بێت و رۆژ به‌رۆژ دژايه‌تى  كورديش له‌م پارێزگايه‌دا بكاته‌ سياسه‌تى رۆژانه‌ى خۆى وپێكهاته‌كه‌ى .

نزيكه‌ى ساڵێكه‌ پارتى رێگره‌ له‌دانانى كانديدێكى يه‌كێتى بۆ پۆستى وه‌زيرى دادى به‌غدا ، ئه‌و كه‌ خۆى خوازيارى ئه‌و پۆسته‌ش نيه‌ ، به‌ڵام ته‌نها بۆ دژايه‌تى يه‌كێتى رازييه‌ كه‌سايه‌تيه‌كى بێلايه‌ن وه‌ريبگرى ته‌نها بۆ يه‌كێتى نه‌بێ .

دوو ساڵ زياتره‌ پارتى و ميدياكانى رۆژ نيه‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى به‌ خائين وه‌سف نه‌كه‌ن ، رۆژانه‌ له‌ميديا فه‌رمى وسێبه‌ره‌كانيه‌وه‌ هه‌وڵى ناوزڕاندن و ناشرێنكردنى سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى‌ ئه‌دات ، ده‌يان تۆمه‌تى ناڕه‌واشيان ئه‌داته‌ پاڵ ئه‌و‌ سه‌ركردانه‌ى رازى نابن ببنه‌ پاشكۆو گوێڕاێه‌ڵى سه‌رانى پارتى .

پارتى ململانێيه‌كى ناڕه‌واو ناهه‌قى دكتۆر به‌رهه‌مى كرد له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆكى عيراق ، له‌كاتێكدا كوتله‌ عه‌ره‌به‌كانى عيراق به‌گشتى ده‌نگيان پێدا وهه‌ڵيانبژارد ، پارتى نه‌ك هه‌ر ده‌نگى نه‌دايه‌ ، به‌ڵكو راشيانگه‌ياند كه‌ به‌سه‌رۆكى خۆيانى نازانن و ته‌نانه‌ت ناشهێلن قاچ بخاته‌ هه‌ولێره‌وه‌ . ئێستا يه‌كێتيش مافى خۆيه‌تى بڵێ ، منيش نێچيرڤان بارزانى به‌سه‌رۆكى خۆمى نازانم ، ئه‌ويش مافى ئه‌وه‌ى نيه‌ قاچ بنێته‌ سلێمانييه‌وه‌ .

ئه‌مانه‌ به‌گشتى هۆكارى سه‌ره‌كى گۆڕانى هه‌ڵوێستى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتين به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتى پارتى وسياسه‌ته‌ تاكڕه‌وييه‌كانى ، بۆيه‌ ئه‌وه‌ى له‌ناو په‌رله‌مان روويدا ئاماژه‌يه‌كى سه‌ره‌تاييه‌ بۆ هه‌ڵويستى زۆر تووندتر به‌رامبه‌ر به‌سياسه‌ته‌كانى پارتى ، به‌دوورى نازانم ئه‌گه‌ر پارتى خێرا به‌خۆ نه‌كه‌وێ بۆ گۆڕينى سياسه‌ته‌كانى به‌رامبه‌ر يه‌كێتى ، هه‌رێم به‌ره‌و دابه‌شبوونێكى خه‌ته‌رناك ئه‌بات . چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم روويدا ، شيمانه‌ى دو‌وباره‌بونه‌وه‌ى هه‌يه‌ له‌پرۆسه‌ى ده‌نگدان به‌ كابينه‌ى نوێى حكومه‌تيش كه‌ هه‌مديس كانديده‌كه‌ى پارتييه‌ ، له‌م كاته‌شدا يه‌كێتى به‌ته‌واوى خۆى يه‌كللا ئه‌كاته‌وه‌و له‌پرۆسه‌ى سياسيى هه‌رێمدا ئه‌كشێته‌وه‌. ئه‌وسا بژارده‌كان زۆر قوڕستر ئه‌بن .

ئه‌گه‌ر پارتى چاوێك به‌سياسه‌ته‌كانى و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ يه‌كێتيدا نه‌خشێنێته‌وه‌ ، تا حه‌دديكى زۆر شه‌رعيه‌تى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شى له‌ده‌ست ئه‌دات، چونكه‌ له‌پرۆسه‌ى داهاتوى ده‌نگدان به‌ كانديده‌كه‌ى بۆ سه‌رۆكايه‌تى حكومه‌ت هه‌مان هه‌ڵوێست دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ ، به‌مه‌ش هه‌م په‌رله‌مانێكى لاوازو هه‌م حكومه‌ته‌كه‌شيان لاوازتر ئه‌بێ . به‌هه‌ردوو پۆسته‌كانه‌وه‌ حوكمڕانى نيوه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌كه‌ن .

ئه‌گه‌ر پارتى هه‌ر وه‌كو پييشه‌ى خۆى به‌ مه‌غروورى بڕيار بدات و به‌گوێى تووندڕه‌وه‌كانى سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ى بكات و ، هه‌وڵبدات يه‌كێتى له‌ده‌سه‌ڵات دوو‌ر بخاته‌وه‌ به‌ كۆنتڕۆڵكردنى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانو  حكومه‌ت و ، ره‌فزى شه‌ڕاكه‌تى راسته‌قيينه‌ش‌ بكات ، بێگومان يه‌كێتيش بژارده‌ى ترى به‌ده‌سته‌وه‌يه‌ كه‌ پێشتريش كارى بۆ كردوه‌ ، ئه‌و‌يش راگه‌ياندنى دوو ئيداره‌يه‌ ، ئه‌مه‌ش بژارده‌ قوڕسه‌كه‌يه‌ ، چونكه‌ بێگومان يه‌كێتى ناتوانێ ببێته‌ هێزێكى ئۆپۆسزيۆن له‌ناو پرۆسه‌ى سياسى هه‌رێمداو، پارتيش ببێته‌ حزبى سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدار .

سروشتى ئه‌م هه‌رێمه‌ى ئێمه‌ ئه‌وه‌يه‌ ، يان ئه‌بێ شه‌راكه‌تى راسته‌قيينه‌ به‌رجه‌سته‌ بێت وه‌كو ساڵانى پێشتر ، ياخود دوو ئيداره‌يى .

 بژارده‌ى سێيه‌م بوونى نيه‌ و نابێ ..

وتار

ژیانمان چۆنە؟

 

مۆدێرنە نهێنی نەهێشتووە و هەرچی هەیە و نییە لەسەر شاشەكانە، متمانەی لە عەقڵ و دڵی هەموواندا سڕیوەتەوە، گومانی لە هەموو شتەكاندا چاندووە، تەلەفزیۆنەكانی كردۆتە گەورەترین درۆزن، نەك مێشكیان پڕ كردووین، تا سەر ئێسقان چۆتە گیانمانەوە، ڕواڵەتبازی و ڕوخسارسازی و فاشن و دووفاقی و دووڕوویی و ناوبۆشی هەمووانی گرتۆتەوە.

خواردنەكان پێش ئەوەی بخورێن بە وێنەكانیان بوونەتە ژەهری دەروونی هەژاران، هەزاران چاو لەسەر ژیانی یەكتر دانراون، بۆ سێڵفییەك هەرچی نەشێ و بشێ دەكێشرێت و دەخورێت، هەموو شێوازەكانی پەروەردە لە ئایینییەوە تا دەروونناسی و زمانەوانی بوونەتە كەسابەت، ئامانجەكان تێكەڵ و پێكەڵ و ناروونن، هەر رۆژەی ئامانجێك و تا دواییش بێ ئامانج ماوینەتەوە.

ژیانی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و دراوسێیەتی بووەتە بازرگانی، مۆبایل نەك هەر مێشك، هەموو گیان و ژیانی تەنیوە، پارە بووەتە خراپترین هۆكاری بەدڕەوشتی و بەڕەڵایی، كاتژمێرەكانی دەوام و فەرمانبەریی زۆرترین كۆیلەی بەرهەمهێناوە.

ماسك ڕووە ڕاستەقینەكانی داپۆشیوە، ڕاستییەكان كەمترین پێشوازییان لێدەكرێت، ڕق زۆرترین بازاری هەیە، یەكتر كوشتن و خوێن ڕشتن ئاسانترین تۆڵەسەندنەوەیە، نەخۆشییە دەروونییەكان ژیانیان تەنیوە، رەشبینی هەزارقاتی گەشبینییە، خزمەتكردنی خۆمان و پاككردنەوەی دەوربەری خۆمان بووەتە چالێنج، كەس ژێر خۆی خاوێن ناكاتەوە، بە كۆنترۆڵێك ژیانی دەیان كەس تێكدەدرێت و خوێنی چەندین كەس دەرێژرێت.

لە كۆتاییدا مانایەك بۆ ژیان و سەنگێك بۆ خۆشەویستی و پێوانەیەك بۆ دۆسایەتی و هاریكاری و پێكەوەژیان و هاوكاری و دەستبارگرتن نامێنێتەوە!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

گەڕان بە دوای وەهمی سەرکەوتن

مەجید ساڵح

هەر جارێک تووشی تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی یان سەربازی دەبێتەوە، ئەردۆگان بۆ پاراستنی ئابڕووی سیاسی خۆی دەستێک لە کورد دەوەشێنێت. بەو نیازەی دڵی هەوادارانی خۆی و هاوپەیمانە فاشیستەکانی لە ئەرگەنەکۆن و MHP خۆش کات.

دوای شکستە گەورەکەی لە هەلبژاردنی شارەوانی باکوری کوردستان و دۆڕانی لە ئەستەمبوڵ و کەوتنی یەڵدرمی پیاوی یەکەمی دەستە راستی، کێچ کەوتە کەوڵی، بە مەرامی داگیر کردنی قەندیل بە هەموو هێزێکیەوە کەوتە پەلاماردانی قەندیل و باشوری کوردستان، بەڵام بۆی نەچوە سەر کە هاوڕێکانی دوێنێی مەسەلەی دامەزراندنی حزبێکی نوێیان لە تورکیا کرد بە عەمەلی و هەنگاوەکانیان دەست پێکرد، بۆ مەشغول کردنی رای گشتی تورکیا هێزێکی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردەوە و ویستی پەلاماری بدات و ئەزمونی عەفرین لە کۆبانی و قامشلی و سەری کانی دووبارە بکاتەوە، بەڵام پیلانەکەی لە گەڵ پلانەکەی ئەمریکا یەکی نەدەگرتەوە و بە چاوسور کردنەوەیەک رازی بوو بە رێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندیدا نەبوو، بۆیە هەڕەشەو گورەشەکانی خاو کردەوە.


ئەردۆگان بە هۆی لاواز بوونی پێگەی جەماوەری خۆی و نەمانی پێگەی جارانی حزبەکەی ، بە تەواوەتی بە گروپە فاشیستەکانی تورک دەورە دراوە و تەسلیمی ئیرادەی ئەوان بووە. بۆیە رێگەی بۆ باڵی فاشیستی ناو حکومەتەکەی خۆش کردوە، پەلاماری HDP و سەرۆکی شارەوانیەکانی دەستی ئەو حزبە بدەن ، بۆ چوار مەرام:


١. لاواز کردنەوەی رۆڵی کورد لە هاوکێشە ناو خۆیی و ئیقلیمیەکان، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەدا دەرکەوت کورد پارسەنگ و یەکلاکەرەوەی هیزە لە نێوان فاشیزم لایەنگرانی دیموکراسی.


٢. لێدان لە پەیکەریHDP و دابەشکردنیان بۆ دوو بەرەی شاخ و زیندان. لە ئۆپراسیۆنی ٢٠١٦ بەشی زۆری کادیرانی رادیکالی HDP یان گرت و خستنیە زیندانەوە و هێشتا زۆریان هەر لە زیندانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردودا HDP، بە تایبەت کادیرەکانی لایەنگری شاخ خۆیان رێکخستەوەو توانیان سەرکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو بەدەست بهێنن، ئەم ئۆپراسیۆنە بە زۆری ئەو کادیرانە دەگرێتەوە.


٣. لە ریگەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە دەیەوێت بە یار و نەیارەکانی بڵێ هێشتا من پیاوە بەهێزەکەی وڵاتم و هەوساری (جڵەو) دەسەڵات لەدەستی مندایە.


٤. لەبەرامبەر شکستی لەشکرکێشیەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان و قەندیل، هەر هیچ نەبێ لە ریگەی گرتن و لێسەندنەوە شارەوانیەکانی دەستی کورد سەرکەوتنێکی کاتی بەدەست بهینیت.

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن تازە دێوەکە لە شوشەکە دەرچوە و گەڕانەوەی بۆ ناوەوە موستەحیلە، بە مانایەکی دیکە کێشەی کورد لە باکور تازە بووەتە ئەمری واقع و بەم کوتە فاشیتانە و بە زەبری چەک چارەسەر نابێ. ئەردۆگانیش لەو لەحزەیەی کە خەونی سوڵتانیزم دای لە کەلەی و دەستی لە گەڵ فاشیستەکانی ناو تورکیا تێکەڵ کرد، گڵۆڵەی خۆی و حزبەکەی کەوتە لێژی و بەرەو داڕمان چوو.


نە ئۆپراسیۆنی سەربازی و نە ئینقلاب کردن بەسەر دیموکراسیدا، نابنە هۆی راوەستانی ئەو گڵۆڵەیەی کە رۆژ لە دوای رۆژ لە کەمی دەدا، سەرکەوتنێکی وای لێ ناکەویتەوە پێکەنینەکانی جاران بگەڕێنیتەوە بۆ سەر روخسارە زەرد هەلگەڕاوەکەی ئەردۆگان، چونکە ئیرادەیەکی گەورەی سەرکەوتن لە ناو کوردی باکوردا دروست بووە، هەلومەرجی ناو خۆیی تورکیا و گۆڕانکارییە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەکانیش وەک جاران لەگەڵ بەرژەوەندی هەڵگرانی بیری فاشیزم و ئایدۆلۆژیای ئیخوانیدا یەک ناگرنەوە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ھەوڵەكانی لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، لە شكستەوە بۆ شكست

محەمەد عەلی

 

لە دوای كۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١ و پاشان دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین و قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ بۆ باشووری كوردستان، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دەیان پیلان بۆتەوە لەلایەن نەیاران و دوژمنە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوە بە شێوەیەكی چڕ و یەك لە دوای یەك، كە تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە.

 

سەرەتای ھەوڵەكان لە رێی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بوو، لەگەڵ لەدایكبوونی كیانێك بە ناوی ھەرێمی كوردستان، شەڕێكی نەخوازراو بەسەر ئەم ھەرێمە ساوایەدا سەپێندرا، سەرباری كێشە ناوخۆیی و گەمارۆكانی سەر ھەرێم و كشانەوەی گشت دام و دەزگا میرییەكان و نەبوونی سەرچاوەی داھاتی پێویست بۆ حكومەتی ھەرێم، ناچار كرا بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، قوربانییەكی زۆری گیانی و ماددی بدات و لەبری ئەوەی سەرقاڵی بنیاتنانی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی بێت، ناچار كرا شەڕی براكانی بكات، كە لە ھەموو ئاستەكاندا زیانی زۆری بە كوردستان گەیاند.

 

دواتر لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق نووری مالیكی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە پێك ھات و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێم و گەڕانەوەی كوردی دەكرد بۆ ھێڵی ٣٦ و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕی بۆ ھاندانی فەرمانبەران دژی حكومەت و گشت مافە دەستوورییەكانی كوردی رەت كردەوە، ھەوڵی بەردەوامیشی دەدا بۆ  تێكدانی یەكڕیزیی ھێزە سیاسییە كوردییەكان، بە دروستكردنی حەشدی عەشائیرییش، ھەوڵی زیندووكردنەووەی جاشایەتیی دەدا لە ھەرێم، بەڵام لەكۆتاییدا ئیرادەی گەل سەركەوت و نووری مالیكیش بوو بە ڕابردوو.

 

ھاتنی داعش بۆ عێراق و خۆبەدەستەوەدانی سێ فیرقەی سەربازیی سوپای عێراق لە مووسڵ بە گشت پێداویستییە سەربازییەكانەوە، لە كاتێكدا بوو كە پاشماوەی ئەم ھێزانە گشت سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، ئەوەی ڕوونە، دەكرێ ئەم ھەنگاوە بە ئامادەكارییەك ھەژمار بكرێت بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێم بەو ھۆكارەی كوردستانیان كردە دراوسێی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە ھێزێكی مەزن  لە رووی ژمارە و بوونی چەكی پێشكەوتوو، بەڵام لە كۆتاییدا بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی برا پێشمەرگەكان و خۆڕاگریی ئەم میلـلەتە، نەك ئەم دەوڵەتە تێك شكێنرا، بەڵكوو لەوەش زیاتر توانیمان گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم كۆنترۆڵ بكەین و ڕیفراندۆم بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی ئەم ناوچانە ئەنجام بدەین.

 

لە دوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ١٦ی ئۆكتۆبەر بە گەورەترین گەلەكۆمەی ھەرێمی و ناوخۆیی دادەنرێت بۆ كۆتاییھێنان بە ھەژموونی حكومەتی ھەرێم، ھێزە عێراقییەكان بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سەربازی و سیاسیی ھەرێم، ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و مەخموور و شنگال، كە پاشان گەمارۆیەكی توندی ئابووری و سیاسی خرایە سەر ھەرێم، ئەمەش ھاوكات بوو لەگەڵ ھەوڵەكانی ھەندێ ھێزی سیاسیی كوردستانی بۆ دروستكردنی حكومەتی رزگاریی نیشتیمانی و دابەشكردنەوەی ھەرێم لەسەر بنەمای فیدڕاڵیی پارێزگاكان، ئەمەش ڕێك بە مانای لەباربردنی ھەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم هەوڵەش نەزۆك بوو و شكستی خوارد.

 

لە ماوەی ڕابردوودا بە درێژایی پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت، ھەموو ھەوڵێك درا بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە، لە ئێستاشدا ھەوڵەكان بەردەوامییان ھەیە و ئەم جارە دووبارە پەكەكە ھەمان ڕۆڵ دەبینێت و ھەوڵی تێوەگلانی ھەرێم دەدات لە شەڕێكی نەخوازراو لەگەڵ توركیای دراوسێدا، رووداوی تیرۆركردنی دیپلۆماتە توركییەكە و گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاكی ھەرێم، ئەم بۆ چوونە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە شنگال خزمەت بە سیاسەتەكانی بەغدا دەكەن دژی كوردانی ئێزدی و حكومەتی ھەرێم.

 

دواجار پێویستە بگوترێت، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانە بۆ لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، هەرێمی كوردستان لە سەرجەم قۆناغەكاندا بەسەر لەمپەر و ئاریشەكاندا زاڵ بووە و وێڕای تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بەوپەڕی ئیرادەوە كەوتووەتەوە سەر پێی خۆی و هەوڵی نەیاران و دوژمنانی كوردستانی، لە شكستەوە بۆ شكستی حەتمیتر پەلكێش كردووە و سەنگ و پێگەی خۆیشی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، لە جاران كاریگەرتر و بەهێزتر كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان