ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

بەرەو ژینگە هۆشیاری

د. ئەحمەد خالید حەمەنوری

 

     ژینگەهۆشیاری بریتییە لەوەی هەر تاکێک لەلای خۆیەوە لە کاتی ئەنجامدان و بەکارهێنانی هەر شتێک لە ژیانی ڕۆژانەیدا بیر لە کاریگەرییەکانی کارەکەی لەسەر ژینگە بکاتەوە و بژاردەیەک هەڵبژێرێت کە دۆستی ژینگەیە. ئەم کارەش لە سۆنگەی بەجێگەیاندنی ئەرکی ئەخلاقییەوەیە بەرامبەر بە خود و نەوەکانی داهاتوو و بوونەوەرانی دیکە و تەنها ڕێگەی دەرووندروستییە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ژینگە و ژیانێکی باشتر لە ئێستا و داهاتوودا.

وەک زۆرێک دەزانن، بەهۆی ئەو پاشماوانەی بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە لەپاش شۆڕشی پیشەسازییەوە هەتا ئێستا فڕێدراوەتە نێو ژینگە، گۆڕانێکی مەترسیدار لە ژینگە و کەشوهەوای ژیانی سەرزەویدا هاتووەتە کایەوە.  ئاسمانی شارەکان بە دووکەڵ تەنراون، ناوچە سروشتییەکان و زەریاکان بە پاشماوە پلاستیکییەکانمان خنکاون و نەخۆشییە کوشندەکانیش تا بێت لە زیادبووندان. گازە قەتیسبووەکانی بەرگەهەوا گۆڕانی کەشوهەوایان هێناوە و، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زانایان و چالاکوانان و میدیاکاران و تەنانەت خەڵکانی ئاساییش بەردەوام باس لەم دیاردەیە دەکەن و بەشوێن ڕێگاچارەی بونیادی و هەمیشەییدا دەگەڕێن بۆ ئەم حاڵەتە. لە میدیای کوردیشدا زۆرجار باس لەم کێشەیە کراوە و دەزگای تایبەت بە ژینگە لەلایەن حکوومەتەوە دامەزرێنراوە و سیمینار و سیمپۆزیۆمی جۆراوجۆر رێکخراوە. بۆیە ئومێد وایە کەم تا زۆر هۆکاری کێشەکە بۆ خوێنەرانی کورد ڕوون بێت و گەر کەسێکیش خولیای ڕۆچوونی لەنێو وردەکاریی هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانەدا هەیە، دەتوانێت بە گەڕانێکی گوگڵ بە شوێن وشەی “ژینگە”دا زۆر شتی دەستبکەوێت.

بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە تاک و کۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی لە دەرەوەی بازنەی هۆشیاریی ژینگەییدا دەجوڵێتەوە و لەبواری کرداریدا هەر لە تاکەکانمانەوە هەتا دامودەزگا وکارگەکانمان ڕۆژانە خودئاگا یاخود ناخودئاگا خەریکی شێواندنی ژینگەین. ئەو ژینگەیەی کە تەنیا ماڵی ژیانی خۆمان و منداڵەکانمانە. هۆکاری ئەمەش لەلایەک ئەوەیە خەڵک تەنها بەکاربەرە و زانیاری نییە لەسەر کاریگەریی ئەو شتە ڕۆژانانەی ئەنجامی دەدات لەسەر ژینگە و ژیانی خۆی و، لەلایەکی دیکەوە ئەرکی پاراستنی ژینگە بۆ کەسانی دی و دەسەڵاتدارەکان بەجێهێڵراوە. ئەمە لەکاتێکدا ئەم ئەرکە لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهانیشدا لە پەنا ئەرکی دەسەڵاتدا بە ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دادەنرێت و، هەموو کەسێک لە هەر کارێکدا کە دەیکات پێویستە  بیر لە کاریگەرییەکەی لەسەر ژینگە بکاتەوە و بژاردەیەکی دروست هەڵبژێرێت. هێندەی من دیومە لە کوردستاندا تا ئێستاش بە شێوەیەکی سیستماتیکی چۆنێتی ژیانێکی ژینگەهۆشیارانە و کاریگەرییەکانی هەڵسوکەتی یەک بە یەکی تاکەکان و دامەزراوەکان لەسەر ژینگەی ناوخۆیی و جیهانی نەخراوەتە بەرباس.

بە نموونە، ئایا ڕۆژانە چەند جار ئاو لە دەبەی پلاستیکیدا دەخۆیتەوە و بێ هیچ خەمێک دەبەکەی فڕێ دەدەیت؟ مەبەستم لە فڕێدانە سەر جادە و نێو سروشت نییە، کە ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین ڕەفتارەکان و هەمووان کۆکین کە نابێت کەس ئەنجامی بدات. مەبەستم فڕێدانە نێو سەتڵی خاشاک یاخود هەر خودی فڕێدانەکەیە. بیرت کردووەتەوە لە دروستکردنی ئەو دەبەیەدا چەندە وزە بەکارهاتووە و گازی ژەهراوی و گەرمکەری زەوی دەردراوە؟ بیر لەوە دەکەیتەوە کە ئەو پلاستیکە پاش ئەوەی تۆ فڕێی دەدەیت، لەم وڵاتەی ئێمەدا یان دەسوتێنرێت و ماددە ژەهراوی و شێرپەنچەهێنەرەکانی لەڕێی هەواوە بۆ خۆت و منداڵەکانت دەهێنرێتەوە یاخود دەکرێت بەژێر زەوییەوە ودەدرێت بەدەم ئاوەوە و زیان بە ئاژەڵانی دەوروبەر و کشتوکاڵ دەگەیەنێت، پاش ماوەیەکیش دەگاتە زەریاکان و تێکەڵ بە زنجیرەی خۆراکی دەبێتەوە و دێتەوە سەر سفرەکەت. ئەی بیرت لەوە کردووەتەوە کە بە چارەسەرێکی زۆر سادە دەتوانیت ئەو دەبەیە بەکارنەهێنیت؟ جا ڕەنگە کەسێک بڵێت سیستەمی گەڕاندنەوە (ڕیسایکڵین) چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات.

بەڵێ، هەبوونی سیستەمی گەڕاندنەوە، واتە دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددە خامەکان بۆ دروستکردنی شتانی دی، تەواو پێویستە. بەڵام تا ئەوکاتەی ئەو سیستەمەمان دەبێت و چ کاتێک باشترین سیستەمی جیهانیش لەم بوارەدا بەدەستدەهێنین، سیستەمی گەڕاندنەوە بەتەنها ڕێگەچارە نییە و دەبێت بەگوێرەی ڕێسای (کەمبکەوە، بەکاربێنەوە، بگەڕێنەوە) بەکارهێنانی هەرشتێک ڕێکبخەین. واتە گەر بگەڕێمەوە بۆ نمونەکە، تا دەتوانیت دەبێت خۆت بەدووربگریت لە بەکارهێنانی دەبەی پلاستیک لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاوی ماڵان یاخود بەکارهێنانی فیلتەری ئاو لە ماڵ و شوێنی کارەکەت. گەر بەکاریشتهێنا پێویستە خۆت هەوڵی دووبارە بەکارهێنانەوەی دەبەکە بدەیتەوە پێش ئەوەی فڕێی بدەیت و بیگەڕێنیتەوە. واتە هەبوون یاخود نەبوونی سیستەمی گەڕاندنەوە هەرگیز بیانوو نییە بۆ ئەوەی بێ بیرکردنەوە لە دەرەنجامی کارەکانمان سەرچاوەکانی ژینگە بەکاربهێنین.

بەهەمان شێوە  کاتێک دەفر و سفرەی پلاستیکی بەکاردەهێنیت، کاتێک خواردن دروستدەکەیت یاخود فڕێی دەدەیت، کاتێک جل دەکڕیت، کاتێک وزەی کارەبا بەکاردەهێنیت، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەت دادەگیرسێنیت، کاتێک زەرفێکی پلاستیکی لای میوەفرۆشێک وەردەگریت و هتد…  بیر لە کاریگەریی کارەکەت بۆ ژینگە و ژیانی شار و وڵات و جیهان بکەوە.

ژینگەهۆشیاری ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی و ئایینیشە و گەورەترین کارە کە بۆ ژیانی خۆت و ئایندەی منداڵەکەت ئەنجامی بدەیت. چونکە پێچەوانەکەی یەکسانە بە ڕازیبوون بە مەرگێکی هێواش بۆ خۆت و منداڵەکەت و نەوەکانت و تەنانەت جیهانیش. ئەم بابەتە ڕەنگە بە گوێی تاک و کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی تازەبێت، بەڵام گەر هەر کەسێک لەلایەن خۆیەوە دەستپێبکات و شتانێکی بچوک لە ژیانی خۆیدا باشتر بکات و پاشان لەگەڵ چواردەورەکەیدا هاوبەشی پێبکات و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ئەوانیش بدات،  بەرە بەرە رەفتاری ژینگەدۆستانە دەبێتە نۆرمی کۆمەڵایەتی و هەمووان بەرەو ئەوە دەڕۆین کە کلتوورێکی ژینگەهۆشیار و ژیانێکی باشترمان هەبێت.

پێم وایە خێراترین ڕێگاش بۆ گەیشتن بەم مەبەستە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانە کە چالاکوانانی ژینگە لەلای خۆیانەوە زانیاری پێویست بە چواردەورەکەیان بدەن و هەرکەس لەلای خۆیەوە هەنگاو هەڵبگرێت و هەمووان ئەو گۆڕانکارییە ژینگەدۆستانانەی لە ژیانی خۆیاندا ئەنجامی دەدەن لە دیدارە کۆمەڵایەتییەکان و نێو سۆشیاڵ میدیادا هاوبەشیی پێبکەن تا ئەوەی چۆنێتیی ژیانێکی ژینگەهۆشیارانە و دەرەنجامە ئەرێنییەکانی بە شێوەیەکی بەرجەستە بۆ هەمووان ڕوونببێتەوە و، تاکەکان و دەسەڵاتیش بە جددی بکەوینە ڕێ بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ژینگەدۆست وهۆشیارتر.

بەڵێ، گەر ژیانمان دەوێت، پێویستە پێداچوونەوە بۆ هەموو شتێکمان بکەین. بەدڵنیاییەوە گۆڕانی بچووک دەرەنجامی گەورەی دەبێت و دەستپێکیش دەبێت بۆ گۆڕانی گەورەتر. لەمەشدا کەس ناتوانێت پەنجەی لۆمە بۆ کەس ڕابکێشێت و ئەرکەکە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. ئەمە لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهانیش بەهەمان شێوەیە. تاک بە تاک هەموو لەلای خۆمانەوە بەرپرسین و دەبێت هەموو هەڵسوکەوت و چالاکییەکانمان لەژێر چەتری ژینگەهۆشیاریدا ڕێکبخەینەوە.

وتار

  دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەرێم لە مەترسیدایە.!

* لوقمان مستەفا ساڵح

 

هەرچەندە یەکسانی و دادپەروەری لە زانستە مروڤایەتیەکاندا شتێکی ڕەها نیە بەڵکو ڕێژەییە،بەپێی سیستەمی بەڕێوەچوونی هەر ووڵاتێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی کە دەگۆڕێت،بەڵام لەهەمان کاتیشدا دوانەیەكی لێک دانەبڕاو و گرنگی دەستەبەركردنی ئەو دادپەروەرییەن کە پێی دەوترێت دادپەروەری کۆمەڵایەتی،بێگوومان بنەمای دەستە بەركردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەروەری یاسا‌یەکی دادپەروەرانە و پیادەكردنی سەرجەم بەندەكانی، بەبێ هەڵاوێركردن لەسەر بنەمای جیاکاری كە تاكێك لە تاكێكی تر یان گروپێك لە گروپێكی تر جیابکاتەوە . بەم پێیەش سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگایەك لە بەردەم ئەو یاسایانەدا یەكسان‌ و وەک یەک دەبن . ئەو یاسایەش كاتێك سەروەری خۆی دەپارێزێت كە ‌لەسەر بنەمای جیاوازیکردن‌ و بەرژەوەندی هێزی بەهێز نەهاتبێتە كایەوە‌ و بەرهەمی چین و گروپ و سەردەست‌ و بەتواناكانی كۆمەڵ نەبێت .

 بە داخەوە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا پرۆسەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە لوتکەی خراپیدایە، بۆتە كێشەیەك كە رەنگە نەوە کانی ئایندە  بە دەستیەوە گیرۆدەبن، بایەخنەدان بەو پرۆسەیە بەها پیرۆزەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵتەكاندەوە،ئەو سەرمایە گەورەیەی گەلەکەمان  لە دوای رزگاربوونی لە دەستی داگیركاری بەعس و دامەزراندنىی دەسەڵاتی سیاسیی خۆماڵی دەستی كەوت، تێیدا یەكسانی كۆمەڵایەتیمان پشتگوێ خست، بۆیە گەندەڵی بووەتە دیاردەو رەنگە لە داهاتوودا تووشی قەیرانێكی كەلتووری و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیمان بكات، كە چارەسەركردنی زۆر ئەستەم بێت.چونکە دادپەروەری تەنها خۆی لە بواری سیاسی نابینێتەوە، بەڵكو دەبێت باڵ بكێشێت بۆ ناو هەموو جومگەكانی كۆمەڵگە، لە هەرێمی كوردستانیش هەرچەندە هیچ هەنگاوێک وەک پێویست بەدی ناکرێت،بەڵام نابێت دەسەوستان لێی دانیشین،دەبێت هەوڵی پەرەسەندن و جێبەجێكردنی بدەین لە رێگەی سەروەری یاسا و چەسپاندنی سیستەمی پێشكەوتووی دیموكراتی و پشتبەستن بە بنەمای زانستی بۆ بنیاتنانی وڵات کەلە ئاست کۆمەڵگای مەدەنیدابێت، بۆیە دەبێت وەك تاكی كۆمەڵگە لە ترس و تۆقاندن بەكارەهێنانی توندوتیژی لە ژێر پاساوی نەریت و توندەڕەوی ئایین و مەزەەب دووربكەوێنەوە،هەوڵی مسۆگەركردنی زۆرترین ئازادی بۆ تاك و سەربەخۆیی وڵات بدەین، بۆ ئەوەی وەك میللەتێکی زیندوو خەون و ئاواتەکانمان بهێنینەدی،ئەویش دەبێ بایەخ بە دادپەروەری كۆمەڵایەتی بدەین.بێگومان ئامانج لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕەخساندن و دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە شانازی و شەرافەتمەندیە بۆ تەواوی ھاوڵاتیانی وڵات، لەژێر سایە و سێبەری دەستوور و یاسادا .

هەر بۆیە كاتێكیش باس لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەكەین، پێویستە ئەوە بزانین كە دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەیەكدا دێتە بەرهەم و سەركەوتوو دەبێت، كە كۆمەڵگەكە دیموكراتی بێت، كۆمەڵگەی دیموكراتیش پێویستی بە سەروەری یاسا هەیە، هەتا لەكۆمەڵگەدا یاسا سەروەر نەبێت، ناتوانین بەو كۆمەڵگەیە بڵێین كۆمەڵگەیەكی پێشکەوتوو، ئەمە بێجگە لەوەی كە یەكێك لە سیفاتەكانی دیكەی كۆمەڵگەی دیموكراتی ئەوەیە كە ئەو كۆمەڵگەیە بە دامەزراوەیی كرابێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەرك و ماف بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ پێویستە وەك یەك بێت، ئەوكاتە دەتوانین بڵێین لەو كۆمەڵگەدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەیە. 

پارێزەر*

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

چاکسازی و دوژمنەکانی

مەجید ساڵح

ئەمە یەکەم جار نییە دەسەڵاتدارانی کوردستان جەنگی دژ بە گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی رادەگەیەنن، پێشتریش و لەسەرەتا و ناوەراستی هەموو کابینەکاندا پرسی ئەنجامدانی ریفۆرم و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی گەرم دەبێت و لە گەڵ خۆیدا هەڵایەکی میدیایی دروست دەکات و ئومێدێکی کاتیش لە ناو خەڵکدا دروست دەبێ.

ئەوەی نوێ و گرنگە لەم خولەی بانگەشەی چاکسازیەدا، ئەوەیە حکومەتی هەرێم بە پرۆژە یاساییەکەوە بە بە گوڕوتینێکی جیاوازەوە هاتووەتە پێشەوە و سورە لەسەر ئەوەی چاکسازییەکی گشتگیری و بنەڕەتی ئەنجام بدات.

راستە دەرکردنی ئەو یاسایە گرنگە، بەڵام ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵی هەم یاساکە و هەمیش راگەیاندنی ئەنجامدانی چاکسازی و ریفۆرم، چەندین ئاڵنگاریی ناوخۆیی و دەرەکیان لەبەردەمەدایە و تێپەڕاندنیان قورسە و ئیرادەیەکی راستەقینە و یەکلایکەرەوەی دەوێ، چونکە هەرکاتێک باس لە چاکسازی دەکرێ، دوژمنەکانی چاکسازی دەکەونە خۆیان و دەیان کۆسپ و لەمپەر دروست دەکەن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییە سەرنەگرێ و هەر وەک دروشمێک بمێنێتەوە.

سەرەکی ترین دوژمنانی چاکسازی ئەو کەس و لایەنانەن کە بازرگانی بە چاکسازییەوەوە دەکەن. ئەمانە دروشمی چاکسازی هەڵدەگرن لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێستایان یان مەرامێک کە لە داهاتوودا بەدەستی بهینن، یان بۆ تێپەڕاندنی ئەجەندا و دەسکەوتێکی سیاسی و ئابوری شەخسی یان حزبی دروشمی چاکسازی بەرز دەکەنەوە.

ئەم جۆرە شەخس و حزبانە، میدیاکان دەکەن بە سەکۆیەکی هەمیشەیی بۆ دروشم و بانگەشەکانیان و بەناوی چاکسازییەوە دروشمی گەورە و داخوازی نائەقڵانی و بەڵینی نابەجێ دەدەن بە خەڵک و لە جیاتی کارکردن، لەناو دروشم و بانەگەشەدا نوقم دەبن.

دوژمنێکی دیکەی چاکسازی کەسانی نییەت پاک، بەڵام خاوەن تێڕوانینی روکەش و ساویلکانەن. لە رابردوودا هۆکارێکی سەرەکی پەککەوتنی پرۆسەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پرۆژە رووکەش و کورت مەودا و نا واقیعیەکانی ئەم جۆرە کەسانەوە بووە  ئەم جۆرە کەسانە هەندێ جار ویستویانە لە رێگەی گوشار و ئەنجامدانی هێزەوە ریفۆرم بکەم، بەڵام لەبەر نەخوێندنەوەی واقعەکە بە کارەسات کۆتایی هاتووە.

دوژمنێکی دیکەی چاکسازی بۆ حاڵەتی کوردستان، وڵاتانی دەوروبەرە. ئەمانە هەرگیز نایانەوێ لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتێکی شەفاف و خزمەتگوزار هەبێ بۆ ئەوەی نەبێتە ئولگویەکی باش بۆ کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئەو گریمانەیە درێژە پێ بدەن کە کورد هەرگیز ناتوانێ خۆی بەڕێوە ببات.

بۆیە لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەوەی دەیەوێ چاکسازی بکات کەس دەستی نەگرتووە، دروشمی بێ کردار هەم بە زیان بۆ خاوەنەکەی و هەمیش بۆ کۆمەڵگا دەشکێتەوە..

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم لەیاسای بوجەدا- نەخشە ڕێگای دانوستان

ئەحمەدی حاجی ڕەشید

 

بەشی یەکەم

کێ لاوازە

لە دونیای سیاسەتدا هەمیشە ئەوە باوە وەک پێناسە کە سیاسەت کردن هونەری ئەوەیە کە دەکرێت،(فن الممکنات).

خۆ ئەگەر لەوە زیاتر و وردتر پێناسەیەکی تازە بکەین بۆ سیاسەت کردن کە پێناسەیەکی وردترو مەنتیقی تر بێت ئەوا دەگەینە ئەو پیناسەیەی کە دەڵێت: سیاسەت کردن بریتیە لە دۆزینەوەی ئەو دەرچەیەی نیوان واقع و مومکندا هەیە.
بەواتای ئەوەی، ئەوەی دەمانەوێت و هەوڵی بۆ دەدەین مەرج نیە واقع ڕێگەمان بدات بەدەستی بهێنین، یان هەندی دەسکەوت بەدەست دەهێنین کە مومکن نەبوە لەو زەمەنە بەدەستی بهێنن لەناکاو واقعێک روی داوەو بوەتە مومکن وەک روخانی رژێمی پێشوو یان شەڕی داعش و ناوچەکانی دەرەوەی ناوچە کوردستانیەکان یان ئەوەی دوای ریفراندۆم و 16 ئۆکتۆبەر ڕوویدا.

لێرەوە دەبێت ئەوە ڕوون بێت بۆ بەرپرسانی هەرێم: چی مومکنە کەهەوڵی بۆ بدرێت لە چوارچێوەی ئەو واقعەی کەهەیە.

سەرەتا با وێنەی واقعی عیراق بخەینە بەردیدی هەمووان لانیکەم ئەوەی کە ئێمە دەیبینین تابزانرێت چ شتێک مومکنە هەوڵی بۆ بدەین لەم کات و سات ، و ئەم واقعەی ئیستا.

عیراق لە ئیستادا 
لەسەر ئاستی دەرەوە : بە ئاڵۆزترین بارودۆخی سیاسیدا گوزەر دەکات و بەرپرسەکانی خۆیان بۆ یەکلایی ناکرێتەوە  چ بەرەیەک یان میحوەرێک هەڵبژێرن، میحوەری ئەمریکی خلیجی یان میحوەر و بەرەی ڕوسی ئێرانی .

لەسەر ئاستی ناوخۆیی :عیراق وەک دەوڵەت لەهەندێ جومگەو بڕگەدا لەقۆناغی (الدولة العمیقة) وە هەنگاوی ناوە بۆ قۆناغی (اللا دولة) و حکومەتیش رفێندراوە (اختطاف ) لە لایەن هێزە چەک بەدەستەوەکانەوە.

رۆژانە سیادەی عیراق پێشێل دەکرێت لە هەموو سنورەکانیەوە، ئیسرائیل بە ئاشکراو بێ پەردە بۆردومانی گەنجێنەکانی حەشدی شەعبی دەکات لە قوڵایی عیراقدا و ناشتوانێت هیچ وڵامێکی بدەنەوە چونکە نە هێزی فڕۆکەوانی عیراق دەتوانێت سنووری وڵاتانی دیکە ببەزێنێت و نە دۆستەکانیشی لە سوریاو لوبنان ئەوەی بۆ دەکەن و کار گەشتوەتە ئەوەی بەهانە دەهێننەوە بۆ ئیسرائیل و عیراق تاوانبار دەکەن کە گوایە ئەو گەنجینانەی کەلێیان دراوە جبەخانەی وڵاتانی دراوسێن ئەم لێدوانانەش لەلایەن هێزە شیعیەکانی ترەوە باس کراون ، بۆیە شتێک نەماوە بەناوی ئاسایشی نیشتمانی ، ڕاستە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیمان هەیە بەڵام هێندەی لە خزمەت تایەفەو گروپ و حزب و کەسایەتیەکاندایە هێندە لەخزمەت بەهای نیشتمانپەروەریدا نیە.

بەهەمان ڕێتم ڕێژەی گەندەڵی و فەساد گەیشتوەتە ئاستە مەترسیدارەکانی ستانداردی جهانی، ناشەفافی حکومەت و پشک پشکێنە شۆر بوەتەوە بۆ جومگە سەرەتاییەکانی بەڕێوەبەراتیەکان، خزمەت گوزاریەکان لە خراپترین ئاستدان .

ئابوری عیراق لە دۆخێکی پڕ مەترسیدایە و بڕی قەرزەکانی لە (۱۲٤) ملیار دۆلارەوە ڕێژەکەی بەرەو هەڵکشان دەڕوات بەهەردوو تەوەرەکەیەوە چ قەرزی دەرەکی بێت کەلەبوجەی ۲٠۱۹ ڕێگریمان لێکردوە چیتر نابێت عیراق قەرزی دەرەکی نوێ بکات ئەگینا زیاتر دەبوو، چ قەرزە ناوخۆیەکان بێت کەدەزگاو دامەزراوەی دارایی و بانکی نەماوە پارەی لێ وەرنەگیرابێت بەقەرز تاکار گەشتوەتە ئەوەی ساڵی ۲٠۱۹ بڕی (۷) ترلیۆن دینار قەرز کراوە لەسندوقی خانەنشین.

کەدێنە سەر گومرگ ئەوا بۆ زانینی دۆخی خراپی گومرگ وتەکەی کاظم العقابی کە لەلێژنەی دارایدا باسی کرد بەسە بۆ ئەوەی بزانین دۆخی گومرگ چۆنە، لەو کۆبونەوەدا بەرپرسی دەروازە سنووریەکانی عیراق وتی لە باکوری بەسرە لەکۆی (۹) دەروازەی سنووری لە(٥) دەروازەدا لەدوای نیوەڕۆ حکومەتیان تیدا نامێنێت و میلیشیا چەکدارەکان بەکەیفی خۆیان کاڵاو کەل و پەل هاوردە دەکەن.

سەبارەت بەداهاتە نەوتیەکان

عیراق لە سەقفی هەناردەکردنی (٤٠٠٠٠٠٠) چوار ملیۆن بەرمیل نەوت نزیک بوەتەوەو هێشتا تەهریب هەر هەیە کەرۆژانە خۆی دەدات لەنزیک (۲٠٠٠٠٠)دوو سەدهەزار بەرمیل نەوت  ئەمەش بە وتەی عدنان الجنابی سەرۆکی لێژنەی نەوت و ووزەی پەرلەمان لە خولی دووەمدا.

ئەگەر باسی دەسەڵاتی نەختینە بکەین (البنک المرکزی) تەنها ئەوەندە بەسە لێژنەی دارایی پەرلەمان هەرچەند دەکات لەو بابەتە تێناگات کەبۆچی ئەم بانکە لەماوەی تەنها (٤) رۆژدا نزیکەی (۱) یەک ملیار دۆلار دراوی قورسی دۆلار دەخاتە بازار لەم کاتەدا کەچالاکی بازرگانی لەعیراقدا لە ئاستێکی لاوازدایە ، بەپێی ئەو شیکاریەی سەرۆکی لێژنەی دارایی دەیکات بۆ مەزادی دراوی دۆلار کە ساڵانە نزیکەی (٤٠_٥٠) ملیار دۆلار لەڕێگەی بانکی مەرکەزیەوە دەخرێتە بازار بەمەبەستی وەبەرهینان و هاوردەکردن خۆ ئەگەر لانی کەمی گومرگ بخەمڵێنین کە٥٪ بێت دەبێت وەزارەتی دارایی نزیکەی (۱٠) ملیار دۆلار گومرگی دەست بکەوێت کەلە راستیدا بری گومرگ لە (۳) تیپەر ناکات ئەی باقی ئەو داهاتە لە کوێیە یان ئەو دراوە دەخرێتە بازارەوە بۆ کوێ حەواڵە دەکرێت!

هەموو ئەمانەی پێشوو کە خستمانەڕوو کە مشتێکە لە خەروارێک پیمان دەڵێن بەزمانی ڕوون ڕاشکاو:

عیراق وەک وڵات و حکومەتەکەی وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن وڵاتێکی لاوازی بێ ئیرادەی سیادە نوقسانی تاسەر ئێسک گەندەڵی ناشەفافی شپرزە.

بەڵام دەبێت بەرپرسانی هەرێم بزانن ئەم لاوازیە بەرانبەر کێیە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان