ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

(خەڵك) هۆكارەكانی جموجوڵ و سەرهەڵدانەوەی داعش ئاشكرا دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە مەخمور ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و نێوخۆی عیراق هۆكارە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش.
چەند مانگێكە جموجوڵەكانی داعش بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان سەری هەڵداوەتەوە و لە ئێستادا دۆخی ناوچەكە و بەتایبەت بۆ جوتیارانی ناوچەكە مەترسیدارە و كیڵگە كشتوكاڵییەكانیان لەژێر هەڕەشەی چەكدارانی داعشدان.
ڕەشاد گەڵاڵی بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە مەخمور بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوو بەتایبەت دوای كێوماڵكردنی دواین پێگەی داعش لە موسڵ داعش پەرتەوازەیی پێوە دیار بوو، بەڵام شاخی قەرەچوخ باشترین ناوچەی عیراق بوو دوای گەڕانەوەی سوپای عیراق بۆ دەڤەرەكە بۆ داعش، بەهۆی ئەوەی شاخەكە سەنتەرێكی بەهێزە و ناوچەیەكی ئارامە بۆ كۆی هێزە شەڕكەرەكان لە ئێستا و لە ڕابردوودا.

وتیشی”ئەو شاخە بایەخێكی زۆری هەیە بۆ ئەو هێزانەی دەیانەوێ لە ڕووی سەربازییەوە دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرن، هەرلەبەرئەوەیە شاخەكە بۆ چەكدارانی داعش هەم پەناگەیەكە بۆ خێزانەكانیان، هەم ناوچەیەكی سەربازیشە كە دەتوانرێت مەفرەزەكانیان بۆ ناوچەكان بنێرن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستا داعش لە قۆناغی خۆڕێكخستنەوە تەواو بووە و مەفرەزەی بچوكی دروست كردووە بەتایبەت لەم وەرزەدا كە وەرزی دروێنەیە دەیەوێت زۆرترین پیتاك بۆ داهاتووی خۆی كۆبكاتەوە بەمەش بڕێكی باشی بەردەكەوێت، هەروەها ململانێیەكی خودی ناوچەكەش هەیە لەنێو گوندە عەرەب نشینەكان یان گوندە كوردییەكان لەسەر هاتنەوەی داعش، ئەمەش وایكردووە دەتوانرێت بەناوی داعشەوە ئاگر لە كێڵگەی جوتیاران بەربدرێت.

ئاشكراشیكرد، سیاسەتی هەرێمایەتی و نێوخۆی عیراق و نێودەوڵەتی هەموویان هۆكاری یاریدەدەرن بۆ گەشەی داعش، بەتایبەت نەبوونی ئارامی لە ناوەندی عیراق و ناوچە سونییەكان.

کوردستان

سبەینێ‌ لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

بڕیارە سبەینێ‌ خوێندكارانی ناڕازی قۆناغی 12 لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

هاوبیر جەزا نوێنەری خوێندكارانی ناڕازی قۆناغی 12 لە سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەینێ‌ 5 شەممە 20/6/2019 لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا گردبوونەوەیەك ئەنجام بدەن.

وتیشی، بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەكە مۆڵەتیان لە لایەنی پەیوەندیدار وەرگرتووە.

نوێنەری خوێندكارانی ناڕازی قۆناغی 12 لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لەو گردبوونەوەیان “سەبارەت بە هەڵەی تاقیكردنەوەكان و خستنەڕووی ئەو ناهەقییانەیە كە بەرامبەر خوێندكارانی قۆناغی 12 ئەنجامدراوە و ئەو ناهاوسەنگیانەیە كە لە پرسیارەكاندا كراون”.

هاوبیر جەزا وتیشی، سبەینێ‌ لە گردبوونەوەكەدا ڕاگەیەندراویان دەبێت و تیایدا تەواوی داواكارییەكانیان دەخەنەڕوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پێشنیارێكی یاسین مەحمود بۆ هەڵەبجە بڕیارێكی گرنگی بەداوی خۆیدا هێنا

خەڵك – بەشی هەواڵ

دوای ئەوەی یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشنیاری كرد، ژمارە (1)ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە لە 100 هەزار دۆلارەوە بخرێـتە كێبڕكێوە بۆ ئەوەی‌ پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ بكرێت، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ژمارە نایابەكان بە شێوەی زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشێت.

لەوبارەیەوە كاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕایگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەند بوون لەسەر دروستكردنی تابلۆكانی پارێزگای هەڵەبجە و فرۆشتنی ژمارە نایابەكان بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا و گەڕانەوەی داهاتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دانانی ژمارەی حسابی تایبەت بە داهاتەكان بۆ پڕۆژەكان و ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەو گەشەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگاری هەڵەبجە و ئەندامیەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چاودێری داواكاری گشتی بۆ ئەوەی بەشێوەی ئاشكرا و شەفاف بفرۆشرێت.

جێگی پارێزگای هەڵەبجە دەشڵێت: “سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ئەو كۆنووسەی، كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٥/٥/٢٠١٩ لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكرا بە ئامادەبوونی (پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم و بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ) سەرجەم خاڵەكانی پەسەندكران و ڕەزامەندبوون لە سەر سەرجەمیان”.

جێی ئاماژەیە، پێشتر یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بە هەر كەسێك بێت دەبێتە فەخر و شانازی بۆی، بۆیە پێویستە ژمارە (1)ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە لە 100 هەزار دۆلارەوە بخرێـتە كێبڕكێوە بۆ ئەوەی‌ پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ بكرێت.

یاسین مەحمود، ئاماژەی بەوەشدابوو، تابلۆی شارەكانی تری هەرێم لە ئێستادا نرخیان گەیشتووەتە نزیكەی 1 ملیۆن دۆلار، ئەمە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بەپێی یاسا ڕێكبخرێت و لەكاتی كردنەوەی موزایەدەكەی لە 100 هەزار دۆلارەوە دەست پێ بكات. وتیشی، “من ڕەنگە زۆر مەبەستم ئەوە نەبێت ببمە خاوەنی ئەو ژمارەیە، بەڵام ئەمە هەلێكە بۆ هەڵەبجە لەو ڕێگەیەوە برێك پارە بگاتە دەست بەڕێوەبەرایەتی و بخرێتە خزمەت پڕۆژەكانی هەڵەبجە”.

یاسین مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوەشكردبوو، ئەگەر كاری جددی لەسەر بكرێت لە ژمارە سەرەتاكانی تابلۆی هەڵەبجە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار كۆدەكرێتەوە بەمەش پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ دەكرێت، ئاشكراشیكرد، ئامادەیە نرخی‌ تابلۆی‌ ژمارە یەك تا 500 هەزار دۆلار، كە دەكاتە (50 دەفتەر) بەرزبكەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

چیمەنی باخچەكان بەرەو وشكبوون دەچن
باخچەكانی سلێمانی: هەولێر كێشە بۆ باخچەكانمان دروست دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوای شەش مانگ لە ناردنی نووسراو بۆ دابینكردنی تانكەری ئاو بۆ باخچەكان، بەڵام نووسراوەكە ونكراوە، دەشڵێت: “چیمەنی باخچەكانی سلێمانی لە وشكبوون نزیك بوونەتەوە”.

هاوژین عوسمان، وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵانە لە سەرەتای مانگی یەك لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیەوە نووسراو دەكەین بۆ وەزارەت بەمەبەستی گرتنی نزیكەی 40 تانكەر بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار بۆ ئاودانی چیمەنی باخچەكانی سلێمانی، كە هەموو ساڵێك ئەم تانكەرانە بوونەتە هۆكاری گەیاندنی ئاو بۆ ئەو باخچانەی پێویستیانە.

وتیشی، “ئاودان بە تانكەر لە هەموو شارەكانی هەرێم بوونی هەیە و كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە وەزارەت كێشەی زۆر بۆ سلێمانی دروست دەكرێت و دوای 6 مانگ ئەو نووسراوەی داوای تانكەری بۆ سلێمانی كردووە ون بووە، كێشەی ئەو هەموو باخچەیە لەسەر نووسراوێكە ئەوەیش ون بووە، بۆیە جارێكی دیكە لیژنەكەی ئێمە لە هەولێر نووسراوی كردۆتەوە”.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا، كە 19ی مانگە هێشتا بەڵێنمان پێ نەدراوە بۆ دابینكردنی تانكەرەكان، ئەم ڕۆتیناتە لە هەولێر زۆر كێشە بۆ ئێمە دروست دەكات، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە بە شەش مانگ نەكراوە لە هەولێر بە چوار ڕۆژ جێبەجێ‌ دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ئێستادا بلوارەكان (جەزرە وەسەتیەكان) دراوەتەوە بە كۆمپانیا و ڕەنگە هەفتەی داهاتوو دەست بەكارەكانیان بكەنەوە.

وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی ئاشكراشیكرد، ئەو چیمەنی باخچانەی لە ناو شاری سلێمانی دروست كراون و تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكات بە مۆدێرن دروست كراون و پێویستیان بە ڕۆژ ناڕۆژێك ئاو هەیە، بۆیە ئەگەر ئاوی بۆ دابین نەكرێت بەرەو وشكبوون دەڕۆن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان