ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان: سەرۆك بارزانی رێگەی لە هێرشێكی نەخشە بۆ داڕێژراو گرت

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، بەهیمەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی هێرشێكی نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ سەر كێڵگە كشتوكاڵییەكانی خانەقین و دوبزو گوندەكانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای كەركووك رێگری لێكرا.

 

لە مانگی رابردووەوە سووتاندنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك و ئەو ناوچانەی كە كێشەلەسەرەن زیادیكردووە و لە چەند شوێنێك گەنم و جۆی جووتیارانی كورد سووتێندران.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە

ڕاگەیەندراوێك لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان

دوای ئەوەی هێرشێكی نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ سەر كێڵگە كشتوكاڵییەكانی خانەقین و دوبزو گوندەكانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای كەركووك ئەنجامدرا، لیژنەكەمان لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بەزوویی هاتینە سەر خەت و لێكۆڵینەوەمان لەم هەنگاوە مەترسیدارە كرد و بەهیمەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی كەهەر زوو بەدەنگییانەوە هات و بەدانیشتنی لیژنەكەمان لەگەڵ جووتیارانی ئەو گوندانە و بەرزكردنەوەی ڕاپۆرتمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان توانرا ڕێگە لەو پلانە بگیرێت و بەفەرمانێك ئێستا ڕێگە دەدرێت ئەو جووتیارانە كاری دروێنەی خۆیان بكەن.

ئێمە وەك چۆن سەرەتا بەڵێنمان پێدان تەواوی هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ كە ئەم كێشەیە بەزوویی چارەسەر بكەین، بەڵێنی ئەوەشیان پێدەدەین بەزوویی لەڕێگەی یاساوە مافەكانیان بپارێزرێن.

لێرەشەوە سوپاسی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی بەغداد دەكەین كەهاوكاری باشمان بوون بەدەم داوای لیژنەكەمانەوە هاتن.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان

کوردستان

سبەینێ‌ لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

بڕیارە سبەینێ‌ خوێندكارانی ناڕازی قۆناغی 12 لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

هاوبیر جەزا نوێنەری خوێندكارانی ناڕازی قۆناغی 12 لە سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەینێ‌ 5 شەممە 20/6/2019 لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا گردبوونەوەیەك ئەنجام بدەن.

وتیشی، بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەكە مۆڵەتیان لە لایەنی پەیوەندیدار وەرگرتووە.

نوێنەری خوێندكارانی ناڕازی قۆناغی 12 لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لەو گردبوونەوەیان “سەبارەت بە هەڵەی تاقیكردنەوەكان و خستنەڕووی ئەو ناهەقییانەیە كە بەرامبەر خوێندكارانی قۆناغی 12 ئەنجامدراوە و ئەو ناهاوسەنگیانەیە كە لە پرسیارەكاندا كراون”.

هاوبیر جەزا وتیشی، سبەینێ‌ لە گردبوونەوەكەدا ڕاگەیەندراویان دەبێت و تیایدا تەواوی داواكارییەكانیان دەخەنەڕوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پێشنیارێكی یاسین مەحمود بۆ هەڵەبجە بڕیارێكی گرنگی بەداوی خۆیدا هێنا

خەڵك – بەشی هەواڵ

دوای ئەوەی یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشنیاری كرد، ژمارە (1)ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە لە 100 هەزار دۆلارەوە بخرێـتە كێبڕكێوە بۆ ئەوەی‌ پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ بكرێت، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ژمارە نایابەكان بە شێوەی زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشێت.

لەوبارەیەوە كاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕایگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەند بوون لەسەر دروستكردنی تابلۆكانی پارێزگای هەڵەبجە و فرۆشتنی ژمارە نایابەكان بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا و گەڕانەوەی داهاتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دانانی ژمارەی حسابی تایبەت بە داهاتەكان بۆ پڕۆژەكان و ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەو گەشەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگاری هەڵەبجە و ئەندامیەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چاودێری داواكاری گشتی بۆ ئەوەی بەشێوەی ئاشكرا و شەفاف بفرۆشرێت.

جێگی پارێزگای هەڵەبجە دەشڵێت: “سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ئەو كۆنووسەی، كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٥/٥/٢٠١٩ لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكرا بە ئامادەبوونی (پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم و بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ) سەرجەم خاڵەكانی پەسەندكران و ڕەزامەندبوون لە سەر سەرجەمیان”.

جێی ئاماژەیە، پێشتر یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بە هەر كەسێك بێت دەبێتە فەخر و شانازی بۆی، بۆیە پێویستە ژمارە (1)ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە لە 100 هەزار دۆلارەوە بخرێـتە كێبڕكێوە بۆ ئەوەی‌ پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ بكرێت.

یاسین مەحمود، ئاماژەی بەوەشدابوو، تابلۆی شارەكانی تری هەرێم لە ئێستادا نرخیان گەیشتووەتە نزیكەی 1 ملیۆن دۆلار، ئەمە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بەپێی یاسا ڕێكبخرێت و لەكاتی كردنەوەی موزایەدەكەی لە 100 هەزار دۆلارەوە دەست پێ بكات. وتیشی، “من ڕەنگە زۆر مەبەستم ئەوە نەبێت ببمە خاوەنی ئەو ژمارەیە، بەڵام ئەمە هەلێكە بۆ هەڵەبجە لەو ڕێگەیەوە برێك پارە بگاتە دەست بەڕێوەبەرایەتی و بخرێتە خزمەت پڕۆژەكانی هەڵەبجە”.

یاسین مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوەشكردبوو، ئەگەر كاری جددی لەسەر بكرێت لە ژمارە سەرەتاكانی تابلۆی هەڵەبجە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار كۆدەكرێتەوە بەمەش پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ دەكرێت، ئاشكراشیكرد، ئامادەیە نرخی‌ تابلۆی‌ ژمارە یەك تا 500 هەزار دۆلار، كە دەكاتە (50 دەفتەر) بەرزبكەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

چیمەنی باخچەكان بەرەو وشكبوون دەچن
باخچەكانی سلێمانی: هەولێر كێشە بۆ باخچەكانمان دروست دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوای شەش مانگ لە ناردنی نووسراو بۆ دابینكردنی تانكەری ئاو بۆ باخچەكان، بەڵام نووسراوەكە ونكراوە، دەشڵێت: “چیمەنی باخچەكانی سلێمانی لە وشكبوون نزیك بوونەتەوە”.

هاوژین عوسمان، وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵانە لە سەرەتای مانگی یەك لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیەوە نووسراو دەكەین بۆ وەزارەت بەمەبەستی گرتنی نزیكەی 40 تانكەر بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار بۆ ئاودانی چیمەنی باخچەكانی سلێمانی، كە هەموو ساڵێك ئەم تانكەرانە بوونەتە هۆكاری گەیاندنی ئاو بۆ ئەو باخچانەی پێویستیانە.

وتیشی، “ئاودان بە تانكەر لە هەموو شارەكانی هەرێم بوونی هەیە و كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە وەزارەت كێشەی زۆر بۆ سلێمانی دروست دەكرێت و دوای 6 مانگ ئەو نووسراوەی داوای تانكەری بۆ سلێمانی كردووە ون بووە، كێشەی ئەو هەموو باخچەیە لەسەر نووسراوێكە ئەوەیش ون بووە، بۆیە جارێكی دیكە لیژنەكەی ئێمە لە هەولێر نووسراوی كردۆتەوە”.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا، كە 19ی مانگە هێشتا بەڵێنمان پێ نەدراوە بۆ دابینكردنی تانكەرەكان، ئەم ڕۆتیناتە لە هەولێر زۆر كێشە بۆ ئێمە دروست دەكات، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە بە شەش مانگ نەكراوە لە هەولێر بە چوار ڕۆژ جێبەجێ‌ دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ئێستادا بلوارەكان (جەزرە وەسەتیەكان) دراوەتەوە بە كۆمپانیا و ڕەنگە هەفتەی داهاتوو دەست بەكارەكانیان بكەنەوە.

وتەبێژی باخچەكانی سلێمانی ئاشكراشیكرد، ئەو چیمەنی باخچانەی لە ناو شاری سلێمانی دروست كراون و تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكات بە مۆدێرن دروست كراون و پێویستیان بە ڕۆژ ناڕۆژێك ئاو هەیە، بۆیە ئەگەر ئاوی بۆ دابین نەكرێت بەرەو وشكبوون دەڕۆن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان