ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“تائێستا یەك بەرمیلی نەوتی ڕادەست نەكردووە”
داوا لە هەرێم دەكرێت پێنج ملیار دۆلار ڕادەستی بەغدا بكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەڕلەمانتارێكی فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە پەڕلەمانی عیراق، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، پێنج ملیار دۆلار وەك داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان ڕادەستی بەغدا بكات، جەختیش لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی دەقەكانی دەستور دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە، حازم خالیدی، پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی نەهج لە پەڕلەمانی عیراق، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “داوا لە سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم دەكەین، پابەندی دەقەكانی دەستور و پێوەرەكانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بن، كە شێوازی دابەشكردنی داهاتە داراییەكان لە سامانی سروشتی بەسەر عیراقییەكان بە یەكسانی و بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دیاری دەكەن”.

بە وتەی حازم خالیدی، “لە بودجەی 2019، حكومەتی هەرێم پابەندكراوە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، وێڕای ئەوەی بەرهەمی ڕۆژانەی هەرێم لانی كەم 600 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت، ئەمەش بەشەرعیكردنی بەهەدەردانی سامانی گشتی هاوبەشە، كە مافی هەموو عیراقییەكانە”.

ئەو پەڕلەمانتارە دەڵێت: “لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان داهاتەكان ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵ ناكات، ڕێگە لە لایەنە چاودێرەكانی حكومەتی فیدڕاڵ دەگرێت تا لەبارەی بڕ و چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو داهاتانە ئاگاداربن و بزانن ئەو پارانە چۆن خەرج دەكرێن، ئایا بەشێوەیەكی دروست خەرج دەكرێن یان بە تاڵان دەبرێن لەلایەن گەندەڵكارانەوە”.

خالیدی بەپێویستی دەزانێت، “هەرێم بە ماددەی دەیەمی بودجەوە پابەند بكرێت، چونكە موجامەلە سیاسییەكان گەیشتوونەتە ئاستێكی نەخوازراو، بۆیە پێویستە هەرێم بڕی (پێنج ملیار دۆلار) ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵ بكات”.

ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی عیراق، داوای جێبەجێكردنی دەقەكانی دەستور و پێوەرەكانی دادپەروەری و پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كرد بە ڕادەستكردنی داهاتەكانی نەوت و خاڵە سنورییەكان، جەختیشی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو كردبوو لەلایەن پەڕلەمانەوە بۆ زامنكردنی ئەو كارە.

ئابوری

پێشنیارێكی یاسین مەحمود بۆ هەڵەبجە بڕیارێكی گرنگی بەداوی خۆیدا هێنا

خەڵك – بەشی هەواڵ

دوای ئەوەی یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشنیاری كرد، ژمارە (1)ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە لە 100 هەزار دۆلارەوە بخرێـتە كێبڕكێوە بۆ ئەوەی‌ پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ بكرێت، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ژمارە نایابەكان بە شێوەی زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشێت.

لەوبارەیەوە كاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕایگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەند بوون لەسەر دروستكردنی تابلۆكانی پارێزگای هەڵەبجە و فرۆشتنی ژمارە نایابەكان بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا و گەڕانەوەی داهاتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دانانی ژمارەی حسابی تایبەت بە داهاتەكان بۆ پڕۆژەكان و ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەو گەشەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگاری هەڵەبجە و ئەندامیەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چاودێری داواكاری گشتی بۆ ئەوەی بەشێوەی ئاشكرا و شەفاف بفرۆشرێت.

جێگی پارێزگای هەڵەبجە دەشڵێت: “سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ئەو كۆنووسەی، كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٥/٥/٢٠١٩ لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكرا بە ئامادەبوونی (پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم و بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ) سەرجەم خاڵەكانی پەسەندكران و ڕەزامەندبوون لە سەر سەرجەمیان”.

جێی ئاماژەیە، پێشتر یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بە هەر كەسێك بێت دەبێتە فەخر و شانازی بۆی، بۆیە پێویستە ژمارە (1)ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە لە 100 هەزار دۆلارەوە بخرێـتە كێبڕكێوە بۆ ئەوەی‌ پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ بكرێت.

یاسین مەحمود، ئاماژەی بەوەشدابوو، تابلۆی شارەكانی تری هەرێم لە ئێستادا نرخیان گەیشتووەتە نزیكەی 1 ملیۆن دۆلار، ئەمە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بەپێی یاسا ڕێكبخرێت و لەكاتی كردنەوەی موزایەدەكەی لە 100 هەزار دۆلارەوە دەست پێ بكات. وتیشی، “من ڕەنگە زۆر مەبەستم ئەوە نەبێت ببمە خاوەنی ئەو ژمارەیە، بەڵام ئەمە هەلێكە بۆ هەڵەبجە لەو ڕێگەیەوە برێك پارە بگاتە دەست بەڕێوەبەرایەتی و بخرێتە خزمەت پڕۆژەكانی هەڵەبجە”.

یاسین مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوەشكردبوو، ئەگەر كاری جددی لەسەر بكرێت لە ژمارە سەرەتاكانی تابلۆی هەڵەبجە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار كۆدەكرێتەوە بەمەش پڕۆژەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەی‌ پێ‌ جێبەجێ دەكرێت، ئاشكراشیكرد، ئامادەیە نرخی‌ تابلۆی‌ ژمارە یەك تا 500 هەزار دۆلار، كە دەكاتە (50 دەفتەر) بەرزبكەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

سبەینێ‌ مووچەی 6 وەزارەت و دامەزراوە دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی زیاتر لە 15 ڕۆژ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری ڕابردووی فەرمانبەران دەستی پێ‌ كردووە و بڕیاریشە سبەینێ‌ مووچەی فەرمانبەرانی 6 وەزارەت و دامەزراوە دابەش بكرێت.

سەرچاوەیەك لە گەنجینەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، سبەینێ‌ پێنج شەممە 20ی حوزەیران مووچەی وەزارەتەكانی (بازرگانی، ڕۆشنبیری و لاوان، ئاوەدانكردنەوە) و هەرسێ‌ سەرۆكایەتی پەڕلەمان و هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران دابەش دەكرێت.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە، كە ڕۆژی یەك شەممە و دوو شەممەی داهاتوو مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە و شارستانی دابەش دەكرێت.

جەختیشی كردەوە، كە ئەگەری ئەوەش هەیە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان گۆڕانكاری بەسەردابێت و پێشبخرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی دەستی پێكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی 30 پارچە زەوی بەشێوەی تیروپشك بەسەر دانیشتوانی گەڕەكێكدا دابەش دەكات و جەختیشدەكاتەوە، كە ئەو كەسانە ناگرێتەوە، كە پێشتر سوودمەند بوون.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوار شەممە ١٩/٦/٢٠١٩ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ھەستا بە دابەشكردنی (٣٥) پارچە زەوی بە شێوەی تیروپشك بەسەر دانیشتوانی گەڕەكی شێخان-ی شاری سلێمانی،كە سەرجەم ئەو خانوانە موڵكی شارەوانین و پێشتر فەرمانبەرانی شارەوانی تێیدا نیشتەجێ بوون.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم زەویانە ئەو كەسانە ناگرێتەوە، كە پێشتر سوتمەند بوون.

ئاشكراشی كردووە، دوای چۆڵكردنی خانووەكان لەلایەن دانیشتوانی ئەو گەڕەكە، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەیكاتە پڕۆژەیەكی ھاوچەرخ، كە شایستەی خەڵكی شاری سلێمانی بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان