ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پۆلیس، دوو كەسی بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر كرد

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، دوو كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستگیر كران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوای ئەوەی تۆمەتبار (م، ص) تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی ڕانیە دەستگیركرا بەتۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، حەواڵەی بەشی پۆلسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین لە ڕانیە كرا و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا، ناوبراو دانی ناوە بە تاوانەكەی كە هەستاوە بە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

پۆلیس ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە كەسێكی دیكە بەناوی (د، ع) تەمەن ٢٠ساڵ دەستگیر كرا كە هەستاوە بە بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە و لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.

پۆلیسی ڕانیە مەلەفی لێكۆڵینەوەی بۆ هەردوو تۆمەتبارەكە ڕێكخستووە و بە بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەی ۱٤ لە یاسای نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان هەردوو تۆمەتبار ڕاگیراون و مەلەفی لێكۆڵینەوەكەش بەردەوامە.

کوردستان

پزیشكێكی فێتەرنەری ڕێنمایی دەداتە هاووڵاتیان بۆ خواردنی گۆشتی مریشك

خەڵك- بەشی هەواڵ

پسپۆڕێكی بواری بەكارهێنانی دەرمانی فێتەرنەری ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات، گۆشتی مریشك بە كوڵاوی بخۆن و دوربكەونەوە لە خواردنی بە برژاوی، چونكە زۆربەی پێكهاتەی دەرمانە كیمیاوییەكان لە كوشتی مریشكەكەدا دەمێنێتەوە و لەناوناچن و بەوەش مەترسی لەسەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات.

د. نادیە عەبدولكەریم، پسپۆڕی بەكارهێنانی دەرمانی فێتەرنەری بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان پابەندی ڕێنماییەكان بن هیچ جۆرە گۆشتێكی مریشك مەترسی دروستناكات، بەڵام لە حاڵەتی بەكارهێنانی هەندێك دەرماندا كێشەی تەندروستی لێدەكەوێتەوە.

ئەو پسپۆڕە ڕونیكردەوە، باشترە ئەو مریشكانە بكڕدرێن كە كێشیان كەمترە لە دوو كیلۆ، چونكە بەو كێشەوە زیاتر سروشتی گەورەبوون و كەمترین دەرمانیان بۆ بەكارهێنراوە، بەپێچەوانەی ئەو مریشكانەی كە كێشیان دەگاتە نزیكەی سێ‌ كیلۆ.

وتیشی”دوای كڕینی مریشكەكە باشترە بخرێتە بەفرگر و ماوەیەك بیبەستێت و پاشان بكوڵێندرێت و دواتر بخورێن، لەو حاڵەدا ئەگەر ڤایرۆس یان بەكتریای مەترسیداریشی تێدا بێت لە ناودەچێت”.

د.نادیە عەبدولكەریم ڕێنمایی ئەوەش دەدات بە هاووڵاتیان دروبكەونەوە لەو مریشكانەی كە نەخۆشن یان خوێنیان پێوەیە و جوڵەكەی كەمە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

چیرۆكێكی نەبیستراوی حەسەن زیرەك لە پێنجوێن بڵاودەكرێتەوە

 

خەڵك –بەشی هەواڵ

ڕۆژنامەنووس سەڵاح سالار چیرۆكێكی نەبیستراوی هونەرمەندی بەنێوبانگی كورد حەسەن زیرەك لە گوندێكی نێوان شارۆچكەكانی پێنجوێن و سەیدسادق بڵاودەكاتەوە.

سەڵاح سالار لە نوسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەرەتای دروستكردنی ڕێگەكە بەدواوە لە گوندی دۆڵەسوور هەڵكەوتوو لە نێوان هەردوو شاری سەیدسادق و پێنجوێن و سەر بە ناحیەی ناڵپارێز، چێشتخانە و چایخانەی لێبوون، ئۆتۆمبێل و ڕێبواران لەوێ لایانداوە و نان و چایان خواردووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە چیرۆكێكی هونەرمەند حەسەن زیرەك لەو گوندە بڵاودەكاتەوە و نوسیوێتی “ساڵی 1958 كاتێك شۆڕشی 14ی تەمووز ڕوویدا و بنەماڵەی پاشای عێراق كوژران و سیستمی حوكمڕانی گۆڕدرا لە پاشاییەوە بۆ كۆماری، هونەرمەندی دەنگخۆش حەسەن زیرەك لە ڕادیۆی كوردیی بەغدا كارمەندبوو لەبەر ئەوەی گۆرانییەكی وتبوو ناوی شای عیراقی هێنابوو، كە شۆڕشی تەمووز سەركەوت ئەویش لە ترسان بەغدای بەجێهێشت و ڕێگەی ئێرانی گرتەبەر تا بڕواتەوە بۆ كوردستانی خۆرهەڵات”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئۆتۆمبێلەكە دەگاتە گوندی دۆڵەسوور بۆ پشوودان لە چێشتخانەكەی خوالێخۆشبوو (عەبەی مینە) لادەدەن، خەڵكی دۆڵەسوور دەچن بۆ پێشوازیی حەسەن زیرەك و ئەویش ئاهەنگێكی گەورە ساز دەكات و بە دەنگە زوڵالەكەی خۆی گۆرانییان بۆ دەڵێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو پاش كەمێك هێلی كۆپتەرێك هاتووە و لە سەرووی چایخانە و چێشتخانەكەی دۆڵەسوور نیشتووەتەوە، بەڵام حەسەن زیرەك بەپەلە لە شوێنەكە ڕۆیشتووە و وازی زانیوە بە دوای ئەودا دەگەڕێن و دواتر گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئاهەنگەكە تێكچووە.

هونەرمەند حەسەن زیرەك لە نێوان هەردوو رژێمی پێشووی عیراق و رژێمی شای ئێراندا دووچاری چەندین دەرد و نەهامەتی هاتووە و بەپێی سەرچاوەیەك هۆكاری كۆچی دواییەكەشی دەستی دەزگای هەواڵگری رژێمی شا ساواكی تێدابووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو هونەرمەندە گەورەی كورد ملی نەداوە بۆ خواستەكانیان.

لە كتێبی “ساواك بۆچی حەسەن زیرەكی كوشت” بەوردی باس لە كارەكانی ئەو دەزگە هەواڵگرییە لە دژی هونەرمەند حەسەن زیرەك كراوە كە ئەوانیش ناوبراویان كوشتووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بەشێك لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود بەربەست كرا

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەشێك لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود بەربەست كرا.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەكاتەوە، بەهۆی كاركردنی تیمەكانی شارەوانی سلێمانی لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لەسەر پردی قالاوا بە ئاڕاستەی ڕۆیشتن بۆ چوار ڕیانی سەرچنار بەربەستكراوە.

هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەكات، ڕێگای خزمەتگوزاری شەقامەكە بەكاربهێنن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان