ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

بەهۆی سیاسەتەوە میخیتاریان لە یاریی کۆتایی “یوروپا لیگ” بێبەش دەبێت !

خەڵک سپۆرت

هینریتک میخیتاریانی ئەستێرەی ئەرمینی یانەی ئارسیناڵ بەهۆی کێشەی سیاسییەوە بەفەرمی لە پێکهاتەی یانەکەی بۆ یاریی کۆتایی خولی ئەوروپی “یوروپا لیگ” دوورخرایەوە.

یانەی ئارسیناڵ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا هاتووە: بەداخێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە هینریک میخیتاریان لەگەڵ یانەکەمان گەشت بەرەو باکو ئەنجام نادات و بەشداری ڕووبەڕوبونەوەی چێڵسی ناکات، هەوڵی زۆرماندا تا ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆ بەشداریکردنی یاریزانەکەمان و تا بەشێک بێت لە دەستەی بەشداری یاریی کۆتایی لە باکو، بەڵام پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەگەڵ خودی خۆیی و خێزانەکەی هەمووان لەسەر ئەوە ڕێکەوتین کە ناوی لە پێکهاتەی یاریزانە بەشدارەکاندا نەبێت”.

تۆڕی “بی بی سی” بەریتانی لەئیدارەی یانەی ئارسیناڵەوە ئاشکرای کردووە، میخیتاریانی یاریزانی نێودەوڵەتی ئەرمینی یانەی ئارسیناڵ بەهۆی کێشە سیاسیەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربیجانەوە ناتوانێت بەشداری یاریی کۆتایی یوروپا لیگ بکات، بەڵکو لە فڕۆکەخانەی باکوی پایتەختی ئازەربیجانەوە ڤیزە بۆ یاریزانە ئەرمینیەکە نەکراوە و لەبەرامبەردا ئیدارەی ئارسیناڵ و تەنانەت یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا) نەیانتوانیوە دۆخەکە چارەسەر بکەن.

ئەرمینیا و ئازەربیجان دوو وڵاتی دراوسێن، چەندین ساڵە کێشەی سیاسی لەنێوانیاندا بونی هەیە و لەساڵی ٢٠١٦ چەند جارێک لەسنورەکانی نێوان دوو وڵات پێکدادان ڕوویدا، لەوکاتەوە تائێستا پەیوەندی نێوان دوو وڵاتەکە لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسیەوە بچراوە.

جیهانی

ڕابیتەی یانەکانی لالیگا گڵۆپی سەوزی بۆ بەرشلۆنە داگیرساند: یەک بۆندی ناوخۆیی ڕێگەپێدراوە

خەڵک سپۆرت

یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی لەلایەن ڕابیتەی یانە پیشوەرەکانی خولی ئیسپانیاوە ئاگادارکراوەتەوە، کە لەماوەی داهاتوودا دەتوانن یاریزانێکی شوێنگرەوە بۆ عوسمان دیمبیلی فەرەنسی بگوێزنەوە بۆ ڕیزەکانیان.

ماڵپەڕی “گۆڵی نێودەوڵەتی” ئاشکرای کردووە، کە لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا ڕابیتەی یانە پیشوەرەکانی ئیسپانیا بەفەرمی دەرگای گواستنەوەکانیان بەڕووی بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنەدا کردۆتەوە بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستێک.

سەرەڕای ئەوەی دەرگای گواستنەوەکانی زستانەی ٢٠٢٠ داخراوە، بەڵام ڕایبتەی یانەکانی لالیگا پاش لێکدانەوەی بارودۆخی پێکانی عوسمانی فەرەنسی، پێیان وایە بەپێی یاسا دەکرێت یانە کەتەلۆنیەکە لەماوەی (١٥) ڕۆژدا یەک یاریزان بۆ جێگەی هێرشبەرە فەرەنسییەکە دابین بکەن.

بەپێی یاسا کارپێکراوەکان لە ئیسپانیا، هەر یانەیەک بەر لەداخستنی دەرگای گواستنەوەکان یاریزانێکی دووچاری پێکانی درێژخایەن ببێت، دەتوانێت یاریزانێکی شوێنگرەوەی بۆ دابین بکات.

گۆڵ ئاماژەی کردووە، کە لەدوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی پزیشکی پێکانی عوسمان دیمبیلی، دەرکەوتوە یاریزانەکە چەند ڕۆژێک بەر لە کۆتایی هاتنی وادەی گواستنەوەکان دووچاری پێکانی درێژخایەن بووە و بەهۆیەوە تاکۆتایی وەرز دووردەکەوێتەوە، ئەوەش ڕێگە بە یانە کەتەلۆنیەکەی دەدات لەژێر سێبەری یاسای قەرەبووکردنەوەدا یاریزانێک بکڕێت.

لەم وەرزەدا یانەی بەرشلۆنە دووجار ڕووبەڕوی قەیرانی هێرشبەران بووەتەوە، یەکەم جار بە پێکانی لویس سوارێز و دواتریش پێکانی دیمبیلی.

سەرچاوەکان پێیان وایە نوێنەرانی بارسا لەنێوان یانەکانی خولی پلە یەک و دووی ئیسپانیا دەتوانن هێرشبەرێک بگویزنەوە بۆ ڕیزەکانیان، ئەو یاریزانانەش کە دیاریکراون پێکهاتوون لە: کریستیان ستیوانی (جیرۆنا)، ویلیان جوزێ (ڕیاڵ سۆسیداد)، لۆرینزۆ مۆرن (ڕیاڵ بیتیس).

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

گواردیۆلا هەڵوێستی خۆی لەبارەی سزاکانی یوفا و بەجێهێشتنی مانچستەر سیتی ئاشکراکرد

خەڵک سپۆرت

پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری ئیسپانی بەبێ گوێدانە سزا سەپێنراوەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، بڕیاریداوە تا کۆتایی بۆندەکەی لە پۆستی ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی بەردەوامبێت.

تۆڕی “سکای سپۆرت”ی بەریتانی ئاشکرای کردووە، کە پیپب گواردیۆلای ئیسپانی ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی بە یاریزانانی راگەیاندووە، یانە ئینگلیزییەکەی بەجێناهێڵێت تەنانەت ئەگەر سزاکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا قوتستریش بن.

سەرچاوەکە وەڵامی گواردیۆلای بۆ یاریزانانی مان سیتی بڵاوکردۆتەوە، کە ڕایگەیاندووە :” دەستبەرداری پۆستەکەم نابم، ئەگەرچی سزامان بدەن و مانچستەر سیتی بۆ خولی پلە دوو داببەزێنن من هەر لێرە دەبم و بەردەوام دەبم، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ سەلماندنی ڕێز و وەفاداریمان بۆ یانەکەمان، کاتی ئەوەیە دەستبخەینە نێودەستی یەکتری و یەکبگرین”.

بەپێی سەرچاوەکە، جگە لە گواردیۆلا، ڕەحیم ستێرلینگی هێرشبەری یانە بەهەمان شێوە بەردەوامبوونی لەڕیزەکانی سیتی دووپاتکردۆتەوە و بە هاوڕێکانی ڕاگەیاندووە، کە تا کۆتایی بۆندەکەی بەردەوام دەبێت.

چەند ڕۆژێکە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەفەرمی سزای دوو ساڵ سڕکردنی لە خولە ئەوروپییەکان بەسەر یانەی مانچستەر سیتیدا سەپاندووە، هاوشانی سزای دارایی بەبڕی ٣٠ ملیۆن یورۆ.

بەهۆی ئەم سزایانە و دوورخستنەوەی یانەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی داهاتوو، میدیاکان پێیان وایە زیانی دارایی قورسیان بەردەکەوێت و ناچار دەبن ڕاهێنەر و یاریزانەکانیان بفرۆشن.

میدیاکان بەتایبەت سەرنجیان لەسەر گواردیۆلای ڕاهێنەر بووە و پێیان وایە، لەکۆتایی وەرزدا ماڵئاوایی دەکات و پەیوەندی بە یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵییەوە دەکات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا خەڵاتی باشترین یاریزانانی چامپیۆنزلیگ دەکات

خەڵک سپۆرت

یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) لەقۆناغی (١٦)ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاوە خەڵاتی باشترین یاریزان لەهەر ڕووبەڕوبونەوەیەکدا دابەش دەکات.

سبەینێ دوو یاریی گرنگی قۆناغی چوونی قۆناغی (١٦)ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەنێوان یانەکانی بوروسیا دۆرتمۆند و پاریس سانت جێرمان لەلایەک، لەلایەکی تر لەنێوان ئەتلەتیکۆ مەدرید و لیڤەرپوڵ ئەنجام بدرێت.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردۆتەوە، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بریاریداوە لە قۆناغی (١٦)ی خولە ئەوروپییە ناودارەکەوە دەست بەدابەشکردنی خەڵاتی باشترین یاریزان لەهەر یارییەکدا بکات، سارەزایانی یەکێتیەکە لێکدانەوە بۆ ئاستی یاریزانان لەهەر ڕووبەڕوبوونەوەیەکدا دەکەن و پاش گەیشتنیان بە ئەنجامی کۆتایی خەڵاتی باشترین یاریزان دەکەن.

لێکدانەوەکان لەسەر ئاستی تاکە کەسی و هونەری یاریکردن و ئەرکیان لە ساتە گرنگەکان و ئاستی تاکتیکی و جۆش و خرۆشی یاریزانان دەبن.

میکانیزمی دیاریکردنی باشترین یاریزانی یارییەکان بەشێوەیەکی سیستماتیکی لەلایەن نۆ چاودێری فەرمی (یوفا) و ئەندامی یەکێتیەکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

نمونەیەک لەو خەڵاتەی بۆ باشترین یاریزانانی هەر یارییەک تەرخانکراوە

بەپێی زانیارییەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، ئەوانەی دەنگ لەسەر باشترینی هەر یارییەک دەدەن پێکهاتوون لە: ئیتۆر کارانکای یاریزانی پێشووی ئەتلەتیک بلباو و ڕیاڵ مەدرید، کە لەپێشوودا ئەرکی ڕاهێنانی لە خولی ئینگلتەرا ئەنجامداوە، هەروەها  ڕۆبێرتۆ مارتینێزی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا و جینێس میلێندێز ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکانی لاوانی ئیسپانیا و پاکی بۆنەر گۆڵپارێزی پێشووی ئێرلەندا و  کۆزمین کۆنترا یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ڕۆمانیا، هەروەها ڕۆبی کەینی ئەفسانەی تۆپی پێی هەڵبژاردەی  ئێرلەندا و فیڵ نیڤیڵ یاریزانی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد کە حاڵی حازر ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کچانی ئینگلتەرایە، لەپاڵ ناوەکانی ویڵی ڕۆتینشتاینەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسرائیل و گاریس ساوزگەیتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.

شارەزایان بۆ هەر یارییەک هەڵدەستن بە دیاریکردنی باشترین یاریزان و تا کۆتایی خولەکە ٢٩ جار خەڵاتەکە بەسەر باشترینی یاریزاناندا دابەش دەکەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان