پلانی قەتەر بۆ بەدەستهێنانی داهات دوای مۆندیال چییە؟


یاری جامی جیهانی (مۆندیالی 2022) لە وڵاتی قەتەر بە خوێندنی قورئانی پیرۆز و ئامادەبوونی سەرۆك و بەرپرسی بەشێكی وڵاتان دەستی پێكرد، بەڵام ئامادەكارییەكانی ئەو وڵاتە لەڕووی بنیاتنانی ژێرخانی وەرزشی و شەقام و ئۆتێل و چەندین ڕێكاری دیكەوە بووە جێگەی سەرنجی گەشتیاران، پسپۆڕێكی ئابووری-ش باس لە پلانی ئەو وڵاتە بۆ بووژاندنەوە و گەشەی ئابووری دەكات و پێی وایە لە داهاتوودا ساڵانە داهاتی قەتەر 4 ملیار دۆلار زیاد دەكات.

ئومێد قەرەداغی، توێژەر و مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، قەتەر لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردودا، لەو كاتەوەی بڕیار بوو مۆندیال لە قەتەر ساز بكرێ، تا ئێستا نزیكەی230 ملیار دۆلاری خەرج كردووە، ئەم تێچوونە زەبەلاحە تەنها لە دروستكردنی یاریگا و پێداویستی وەرزشی خەرج نەكراوە، بەڵكو گەورەترین پڕۆسەی بونیادنانی ژێرخانی وڵات بەڕێوەچووە.

ڕاشیگەیاند، به بەرزترین كوالێتی، باشترین ژێرخان بۆ قەتەر دروستكراوە، كە ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر زۆربوونی داهات و گەشەی ئابووری نیشتیمانی ئەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتێكی كابیتاڵ ئیكۆنۆمی، نزیكەی ملیون و نیوێك گەشتیاری تایبەت بە مۆندیال سەردانی قەتەر دەكەن.

ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی وتی، “هەر گەشتیارێك بەلایەنی كەمەوە پێویستی بەوەیە ڕۆژانە 500 دۆلار خەرج بكات، بەمەش لە بری ئەو پارەیەی گەشتیارەكانی مۆندیال خەرجی دەكەن، قەتەر زیاتر لە 8 ملیار دۆلاری دەست دەكەوێ، ئەمەش نزیكەی 7%ی كۆی داهاتی نیشتیمانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم مۆندیالە داهاتەكەی تەنها لە 28 ڕۆژی مۆندیال كورت ناكرێتەوە، بەڵكو گەورەترین دەرگای گەشتیاری بەڕووی قەتەردا دەكاتەوە و لە 5 ساڵی داهاتوودا ڕێژەی گەشتاری بەڕێژەی 60% زیاد دەكات، ئەمە جگە لەوەی قەتەر بەو ژێرخانە بەهێزەیەوە ئامادەیە بۆ پێشوازی لە هەموو چالاكییەكی وەرزشی نێودەوڵەتی لە داهاتوودا ئەمەش كاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری نیشتیمانی ئەبێت بەڕێژەی (2.6 بۆ 3.9%) بە تێكڕا ساڵانە 4 ملیار بۆ داهاتی قەتەر زیاد دەكات.

ئومێد قەرەداغی وتیشی، “تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا 50 ئوتێلی نوێ كراونەتەوە، ڕۆژانە داهاتی دەگاتە 3.1 ملیۆن دۆلار، كۆی گشتی داهاتی ئوتیلسازی قەتەری لە ڕۆژێكدا دەگاتە 16 ملیۆن دۆلار”.

ئەردۆغان: بۆ ئۆپەراسیۆنەكانمان پرسمان بە ئەمریكا و ڕووسیا نەكردووە
پێشت ئەردۆغان: بۆ ئۆپەراسیۆنەكانمان پرسمان بە ئەمریكا و ڕووسیا نەكردووە
زیانەكانی زۆر تێكردنی هەوا لە تایەكانی ئۆتۆمبێل
دواتر زیانەكانی زۆر تێكردنی هەوا لە تایەكانی ئۆتۆمبێل