ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پەڕلەمانتارێكی گۆڕان: ناكۆكی قوڵ لە نێو گۆڕاندا هەیە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاند، ناكۆكی قوڵ لە نێوان دوو پێكهاتەی گۆڕاندا هەیە و بزوتنەوەكەش لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە، شێواوە و لە بەرنامە و پرانسیپەكانی دووركەوتۆتەوە.

كاوە محەمەد، لە فەیسبوكی خۆی لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا وتارێكی نوسیووە لە ژێر ناونیشانی “سۆز و سیاسەت، بۆ ساڵیادی نەوشیروان مستەفا” باسی لەوەكردووە، لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە، دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان شێواوە و دووركەوتنەوەیەكی بەرچاو لەبەرنامە و پرەنسیپەكانی بەدیدەكرێت “كەمینەیەكی بڕیاربەدەستی ڕێكخراو لەگەڵ زۆرینەیەكی پەرشوبڵاوی ناڕازی، لەسەر ئاڕاستەی بزووتنەوەكە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی، ناكۆكی قووڵ لەنێواندایە”.

كاوە محەمەد ئاماژەی بە دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان كردووە و وتویەتی، “لەسەروبەندی دووەمین ساڵیادی نەوشیروان مستەفادا ئەو ناكۆكییانە، كە لەهەموو كاتێك توندتر بوون، بەشێوەیەكی بەرفراوان تێكەڵ بەو ھەست و سۆزە هەڵچووەدا كراون، كە بۆ یادكردنەوەی نەوشیروان مستەفا ناخی تەواوی گۆڕانخوازانی داگرتووە”.

ئەو پەڕلەمانتارەی گۆڕان ڕەتیكردووەتەوە كێشەكانی گۆڕان بە ئاشتبوونەوەی كەسی و فرمێسك هەڵڕشتنی هاوبەش بۆ نەوشیروان مستەفا چارەسەر بكرێن، “بێگومان زۆربەشیان لەپەرۆشییان بۆ گۆڕان و گەڕانەوە بۆ مەجدەكانی سەردەمی ئەو سیاسییە كاریزمیە، ڕوو لەلایەنە ناكۆكەكانی بزووتنەوەكە دەكەن، كە لەبەر خاتری ڕۆحی كاك نەوشیروان و لەسەر گۆڕەكەی دەست لەناو دەستی یەكتر بنێن و كۆتایی بە كێشەكانتان بھێنن. لەكاتێكدا، كە ئەوەی لەناو بزووتنەوەكە لە ئارادایە، كێشەی گەورە و بونیادین، نەك كێشەی شەخسی و عەشایەری، كە بە دەست خستنە ناو دەستی یەكتر و باوەش بەیەكترداكردن چارەسەربكرێت. ھەر خۆی ئەمە پێچەوانەی بیركردنەوە و شێوازی كاركردنی نەوشیروان مستەفا خۆیەتی لەژیانی سیاسییدا”.

کوردستان

مەلا بەختیار: هۆشداری توند دەداتە یەكێتی و پارتی

خەڵك – بەشی هەواڵ

مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت، حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە كۆڕێكدا لە شارۆچكەی دەربەندیخان ڕایگەیاند، حكومڕانی و دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەجیهانگیری تێنەگەیشتوون، لەوانیش خراپتر حزبەكان سیاسەت و ستراتیژیان لەسەر بنەمای گۆڕانكارییەكانی جیهانیگری دانەڕشتووە. بۆیە تێنەگەیشتن لەجیهانگیری لەلایەن حزب و ڕێكخراوەكانەوە زۆر مەترسیدارە.

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە ئەوروپا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی حزبایەتی و خەباتی سەندیكایی و ڕێكخراوەكاندا هاتووە و ئەوان بەتەواوی خۆیان لەگەڵ جیهانگیریدا گونجاندووە، بەڵام بەداخەوە لە عیراق و كوردستاندا هێشتا بەشێوازی كۆن و كلاسیكی حزبایەتی دەكەین.

مەلا بەختیار، وتیشی، حزبایەتی لە عیراقدا لە ئەشكەوتی پەنجاكاندایە، ئێمە كەمێك باشترین، بۆیە حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەخۆیاندا بكەن و لەگەڵ سەردەمەكەدا خۆیان بگونجێنن، ئەگەرنا ئەم بازنە داخراوەی حزبایەتی كۆتایی دێت، ئەوە كۆتایی دێت كە كوڕ و خزمەكانیان كۆنتڕۆڵی ئەم دەڤەر و ئەملاوئەولا بكەن.

مەلا بەختیار جەختیشیكردەوە، ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بكەن، ئەمڕۆ 17/7/2019یە، ئەگەر تا دوو خولی هەڵبژاردنی تر یەكێتی و پارتی خۆیان نەگۆڕن بەتایبەتی یەكێتی، بەدیلی خراپتر و فەوزایەكی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا دروستدەبێت. ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، بەرەو گەندەڵی زیاتر هەنگاو دەنێنین پاكەكانیش پیس دەبن و ئەوكات كێشەی گەورە لەكوردستاندا دروستدەبێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئێستا خواستی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، خەمی ئەوەیەتی كە ئایا تۆ گەندەڵی لەناودەبەیت یان نا؟ یاسا سەروەر دەكەیت یان نا؟ سیستمی پەروەردە دەگۆڕی و ئازادی ژن دەستەبەر دەكەیت؟ چاودێری بازاڕ دەكەیت و قۆرخكاری ناهێڵیت و مافی بەركارەكان دەپارێزیت؟ ئەمانە خەمی نوێن، بۆیە گەندەڵی هاندەری سەرەكی ناڕەزایەتی خەڵكە و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە.

مەلا بەختیار جارێكی تر جەختی لە گۆڕانكاری ژیانی حزبایەتی لە كوردستان كردەوە و بە تایبەتی یەكێتی و هیوای خواست كۆنگرەی ئایندەی یەكێتی بەزوویی وەكو كۆنگرەی گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت سەرەپا گۆڕانكاری لەحزبەكەدا بهێنێتەدی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قوباد تاڵەبانی: چاكسازیی و خزمەتگوزاری بەرنامەی حكومەتە

خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نییەتمان وایە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند بەشێوەیەكی هەمیشەیی چارەسەر بكەین و كۆتایی بەچارەسەرە كاتییەكان بهێنین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، لە شاری ھەولێر، لەگەڵ ماتیۆ تولەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و ستیف فەیگن كونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر كۆبووەوە.

لەو كۆبووەنەوەیەدا قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی ئەمریكای ڕوونكردەوە، هەموو ئامادەكارییەكیان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لە بەغدا و تیشكی خستە سەر دوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە پێناو دانانی ڕێوشوێن بۆ كۆتاییهێنان بە چارەسەرە كاتی و كورت مەوداكان.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕوونیشیكردەوە، بەرنامەی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی چاكسازیی و خزمەتگوزار دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق ئیدانەی پەلامارەكەی هەولێر دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكات كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەیخستەڕوو، ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەن كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشدا، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئامانجی بەدەستهێنانی وردەكاری و زانیاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەكەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە چێشتخانەی (هۆك باز)ی نزیك ئێمپایەر لە شاری هەولێر پەلاماری ژمارەیەك لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا درا و تێیدا جێگری كونسوڵی توركیا و كارمەندێك كوژرا و كەسێكی تریش برینداربوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان