دوای ڕێككەوتنەكەی عێراق و ئەمریكا نرخی دۆلار ڕاگەیەنرا



دوای ڕێككەوتنە سەرەتاییەكەی ئەمشەوی نێوان عێراق و ئەمریكا لە توركیا، نرخی دۆلار بە نزیكەی 10 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك دابەزی و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەڵێت: “سوپرایزمان بۆ نرخی دۆلار دەبێت”.

ئارام سەردار، پەیامنێری (خەڵك) لە هەولێر ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكان نرخی دۆلار ڕووی لە دابەزین كرد و ئێستا 100 دۆلار بە 162 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

لای خۆشیەوە، ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەیانی ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دۆلارەكە، 100 دۆلار بە 162 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەكرا، بەڵام دواتر نرخەكەی گۆڕانكاری بەسەردا هات و تا 165 هەزار ڕۆیشت.

وتیشی، “دوای ڕێككەوتنەكەی عێراق و ئەمریكا و بڕیارە نوێیەكانی بانكی ناوەندی بازاڕ ناجێگیری بەخۆیەوە بینیوە”.

شەوی ڕابردوو كۆبوونەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و شاندی عێراقی لە توركیا لەگەڵ بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكی و ڕێككەوتن 9 مانگ مۆڵەت بدرێت بە عێراق بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیستمە داراییەكان، دوابەدوای ئەوەش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، ڕۆژی یەك شەممە سوپرایزیان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار دەبێت.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەی شاندی عێراق و ئەمریكادا هاتووە، “هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر گرنگى سه‌قامگیرى ئابوورى عێراق و ئه‌مریكا نه‌رمى نواندووه‌ له‌ هاریكارى كردنى عێراق له‌ جێگیر كردنى نرخى دۆلاردا”.

هاوكات، بانكی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ چەند بڕیارێكی دیكەی دەركرد بۆ ڕێكخستنی سیستمی حەواڵەی دۆلار و گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ 147 هەزار دینار و بەرزكردنەوەی بەهای دینار، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهای 100 دۆلار تاوەكو سەرووی 174 هەزار دینار بەرزبووەوە.

بانكی ناوەندی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێدان و ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ کاری بازرگانی و هێنانی کاڵا و وەبەرهێنان و کڕینی موڵک لە دەرەوەی عێراق و نەخۆشی و خوێندن و کاروباری دەوڵەت و پێدان و فرۆشتنی دۆلار بەبانکەکان لە ڕێگای فیزا کارت و ماستەرکارتەوە دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاسانکاری گواستنەوەی پارە دەکرێت بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون و هەروەها کۆمپانیا بچوکەکانیش مانگانە دەتوانن ۲۰۰ هەزار دۆلار وەربگرن.

دەقی بڕیارەكانی بانكی ناوەندی:
١-زیادکردنی پێدانی دۆلار بۆ ئەوکەسانەی گەشتی دەرەوەی عێراق دەکەن بۆ ۷ هەزار دۆلار بۆ هەرکەسێک بەمەرجێک لە مانگێدا بۆ یەک جار.
٢-هەموو فرۆشتنێکی دۆلار بەمەبەستی حەواڵەکردنی تایبەت و ناردنە دەرەوە دەبێت لە ڕێگای هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی گواستنەوە و ناردنی دراو ”ویسترۆن یونێن و مونی گرام”ەوە بێت لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق.
۳-پێدان و ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ کاری بازرگانی و هێنانی کاڵا و وەبەرهێنان و کڕینی موڵک لە دەرەوەی عێراق و نەخۆشی و خوێندن و کاروباری دەوڵەت و پێدان و فرۆشتنی دۆلار بەبانکەکان لە ڕێگای فیزا کارت و ماستەرکارتەوە دەبێت و دەبێت کۆمپانیاو بانکەکان هەژماریان لە بانکی جی پی مۆرگانی ئەمەریکی هەبێت. پاڵپشتی ڕەسیدی دەزگا داراییەکانی عێراق دەکرێت لە سیتی بانکی ئەمەریکی و هەموو گواستنەوە و حەواڵەیەکیان دەبێت لەڕێگای هەردو کۆمپانیای ویسترن یونێن و مونی گرامەوە بێت.
٤-ئاسانکاری گواستنەوەی پارە دەکرێت بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون و ئەو پڕۆژانەش تۆمارکراون لە وەزارەتی پیشەسازی و کۆمپانیاکانی دەرمان و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی بەشێوەی یاسایی دەتوانن دۆلار وەربگرن. کۆمپانیا بچوکەکانیش مانگانە دەتوانن ۲۰۰ هەزار دۆلار وەربگرن.
٥-بانکی ناوەندی ڕووماڵی هەموو داواکاریەک بۆ پێدانی دۆلار و ناردنە دەرەوەی دەکات.

 

ڕۆناڵدۆ: دڵخۆشم بە تۆماركردنی یەكەمین گۆڵ
پێت ڕۆناڵدۆ: دڵخۆشم بە تۆماركردنی یەكەمین گۆڵ
بانكی ناوەندی بۆ دۆلار چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد
دوات بانكی ناوەندی بۆ دۆلار چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد
پەیوەندیدار