ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

چریكەی حەسەن زیرەك نەوە لە دوای نەوە بە زیندوویی دەمێنێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

حەسەن زیرەك گۆرانیبێژی ناوداری كورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سرووشتی لە29ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە مەڵبەندی موكریان لە گوندی هەرمێلەی نێوان شارەكانی بۆكان و سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە 26ی حوزەیرانی١٩٧٢ لە بۆكان كۆچی دوایی كردووە، هەر لەوێ لە شاخی ناڵەشكێنە بەخاك سپێردراوە.

ئەو یەكێكە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی كورد، بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینیەیەك لە ھونەری ئاواز و گۆرانی كوردییە، كە بە دەنگی ئەو وتراونەتەوە.

زیرەك باوكی ناوی عەبدوڵڵایە و دایكی ئامینی ناو بووە، باوكی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە كاری كردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەك ناوی دەركردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو كوڕی دیكەی بە ناوەكانی حسێن و مینە ھەبووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەند كەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆكان لە شاییەكانی ناو شار و گوندەكانی بۆكان گۆرانی وتووە.

لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەكات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەكانی بۆكانیشی كردووە.

زیرەك منداڵ دەبێ، كە باوكی دەمرێ (تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ، كە باوكی كۆچی دوایی دەكات)، بە دوای مردنی باوكیدا بنەماڵەكەیان لە دێ بار دەكات و دەچنە شاری سەقز، پاشان دایكی زیرەك شوو دەكاتەوە، ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لە ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ زیرەك و خوشك و براكانی.

لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە بە كاركەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەكات بە قاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات.

  ساڵانی ھەرمێلە و سەقز 
ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەكەی سەرنجی خەڵكی ئەو دێیە بۆ لای خۆی رادەكێشێ و ھەموو ھەوڵی ئەویان دەبێ زیرەك لە دەنگە خۆشەكەی بێ بەشیان نەكات، كە خانان دەبینێ زیرەك دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەك بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەكانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە.

لەو لاشەوە زیرەك مێرد منداڵ و دەنگ خۆش بۆ شەو داوەت و ڕەشبەڵەكی كوڕان و كچانی دێ، بەزمی شەوانەیان خۆش دەكات.

دوای ساڵێك ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەكاتە شار، بە شاگردب كەبابچی و وردە كاری دیكە ژیان دەباتە سەرێ.

جارێكی دیكە دێتەوە بۆ ھەرمێلە و وەك تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان بەینی لە گەڵ ئاغا تێكدەچێ و واز لە تفەنگچیەتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵك لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شاگرد شۆفێری “مینە خانی ئەردەڵان” و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە كار دەكات.

  ئاوارەیی و بەغداد  
ڕۆژێك لە ڕۆژان كوڕە جەحێڵەیەكی گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج، دەكەوێتە بەر ماشێنەكەی و گیان لەدەستدەدات، لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت تا لە كوردستانی عێراق دەگرسێتەوە، دواتر زیرەك دەگاتە شاری بەغداد و لەوێ بە ھۆی چەند كەسێك لە میوانخانەی “شومال ئەلكەبیر” دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەكات بە گۆرانی وتن و لە ماوەیەكی كەم دا بەم ھۆیە ناو دادەخات.

چەند كەس لە ناودارانی مۆسیقای كوردی وەك عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەك لەوێ دەبینن و ئەو دەبەنە بەشی كوردی “رادیۆ بەغداد” بۆ یەكەم جار دەنگی لە رادیۆی كوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێكی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەك پەیدا دەبێ.

   زیرەك و مام جەلال 
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق لە بارەی زیرەكەوە، باسی لە ناسینی زیرەك كردووە لە بەغداد، باسیشی لەوە كردووە، كە لە ڕێگەی دۆستێكی خۆیەوە، زیرەكی بردووەتە ڕادیۆی كوردی بەغداد.
مام جەلال ئاماژە بەوە دەكات، بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (1954-1955) لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی، كە تازە لە ئەمریكا هاتبووەوە، پێكەوە لە ژورێك دەژیاین لە هۆتێل (الشمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە، لەو هۆتێلەشدا حەسەن زیرەك وەكو كرێكار كاری دەكرد، منیش ئەوسا لاوێكی چەپی خۆ بەماركسیست زانی عەوداڵی هۆشیاركردنەوە و ڕێكخستنی ڕەنجدەران و كرێكاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد، كە زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی ڕەوییەوە، كە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لەگەڵیدا چوومە ناو باسەكەوە.

مام جەلال تاڵەبانی لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت :”لە ڕێی كوردایەتییەوە رامكێشا بەلای خۆماندا، تا وایلێهات ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی، چ هی خۆمان و چ هی حزبەكانی تر، لای ئەوم دام دەناو ئەویش لە ژوورەكەی سەرەوەی هۆتێلەكەو لە سەربانەكە، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا، بۆی دەشاردمەوە”.

دەشڵێت :”ئەویش ناوبەناو، كە ئیشی كەم دەبوو، دەهاتە ژوورەكەم، تا ڕۆژێكیان بەسەردا چووم، كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێر گوڵان)ی دەگوت، منیش تاوێك هەستم لێی ڕاگرت و زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئیتر پیرۆزباییم لێ كردو تەشویقم كرد، شەویش هاتە ژوورەكەمان داوام لێكرد، گۆرانییەكەم بۆ بڵێتەوە، بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئەویش هەندێك گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین، كە لەناویاندا (دەسماڵ هەریر سوورە)شم زۆر بەلاوە خۆشبوو”.

هەروەها مام جەلال دەڵێت :”ئیتر لەگەڵ حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆشدا تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ، كە كارەكانی لەسەر سوك دەبوون، دەهاتە لام لە ژوورەكەمان گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە و شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا، بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە رادیۆ كەوتەسەر، بۆیە هەستام چوومە لای كاك (عارف تاڵەبانی) خزممان، كە ئەوسا (مفتش اداری) بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی كوردی بەغدا بوو، لەلای كاك عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانییەكانیم بۆ كرد، ئەویش بەلایەوە باشبوو، كە بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا، هەر بۆیەش لەبەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی كوردی كردو ئەویش رازی بوو، داوایكرد من حەسەن زیرەك بەرمە لای و ئەوانیش تاقیبكەنەوە، ئەوە بوو منیش چوومە هۆتێلەكەم و موژدەكەم دا بە حەسەن زیرەك، ئەویش لە خۆشیانا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ رۆژی دووەم كە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی كوردی زۆر لەسەرخۆ لە تاقیكردنەوە بەشداری كردو سەركەوتوو بوو، لەو رۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانیبێژ، بەو شەرتەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەرجارەی 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەویش ئەوی رۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە هۆتێلەكە جگە لە خواردن و نوستن تەنها 3 دیناری وەردەگرت.

حەسەن زیرەك لە ماوەی مانەوەی لە بەغداد دەیان گۆرانی تۆمار دەكات، ئەم گۆرانییانە ناو و ئاوازەی زیرەك بە كوردستاندا بڵاو دەكەنەوە.

زیرەكی گۆرانیبێژ لە ماوەی نزیك بە دەساڵ مانەوە لە عێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی كورد، لە ئەزموون و ڕێنوێنییەكانیان كەڵك وەردەگرێ و سەرنجیان بۆ لای مایە بەھرە ھونەرییە كەم وێنەكەی خۆی ڕادەكێشێ.

  گەڕانەوە بۆ ئێران 
لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی خوێندوە.
ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێكەوە ژیانی ھاوبەش پێك دێنن، كە ئاكامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بە ناوەكانی “مەهتاب” و “ئارەزوو” دەبێ.

حەسەن زیرەك ماڵەكەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە “كانی مەلا ئەحمەد” چایخانەیەك دادەمەزرێنێ، دیارە شان بە شانی ئەو كارەش لە گۆرانی گوتن و كاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵكدا بەشداری دەكات و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەكات.

پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواكاتەكانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لە شاری شنۆ بە كار و كاسبی ژیان تێپەڕ دەكات.

لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی “شانۆی ھونەرەجوانەكان” لەگەڵ “سێوەخان” و “رەشۆڵ عەبدوڵڵا” لە شانۆكای «بووكی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری كردووە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە، كە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

 گۆرانییەكان 
یەكێك لە تایبەتمەندیقەكانی گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك، پشت بەستنی ئەو بە گۆرانی فۆلكلۆرییە، ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی كوردستان كەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لە خەڵكەكەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵس و كەتیان ئاشنا بووە.

ئەو گۆرانییانەی لە خەڵكەوە بیستوویە، فێر بووە، هەرچەند زیرەك زۆر گۆرانیشی هەیە كە ھەم ھەڵبەستەكەی و ھەم ئاھەنگەكەی ھی خۆیەتی، زیرەك لە شێعری كوردیش كەڵكی وەرگرتووە، لە ئەو شاعرانە: نالی، وەفایی، سەید كامیل ئیمامی، كوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن، زیرەك بۆ وێنە شیعری “شەو”ی سەید كامیل ئیمامی كردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەك گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەك ھەڵبەستی كوردی تێكەڵاو كردوون.
“گویلدر” یەكێكە لەو گۆرانییانە، كە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی.

  بەشێك لەگۆرانییەكانی 
دیسان شەو هات، وەك قومری، لۆركێ، كەتانە، هەی نار، كابوكێ، لەیلا، كرماشان شاری شیرین، ئەمان دۆكتۆر، بۆ چ منت ناوێت، هۆ لەیلی، ماڵی بابم نەسرین، كەویار، ئەسمەر.
زیرەك زیاتر لە هەزار گۆرانی تۆماركراوی هەیە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان گۆرانییەكانی زیرەك خۆی لە زیاتر هەزار و 500 گۆرانی دەدات، بەڵام بەشێكیان تۆمار نەكراون، یان بەشێكیان هێشتا بڵاونەكراونەتەوە و لە ماڵاندا ماونەتەوە.

حەسەن زیرەك لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی كورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە “محەممەد ماملێ” ، “مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە”، “عوسمان بۆكانی” و “ئەحمەد شەماڵ”.

گۆرانی “ماڵی بابم بێ وەفا” یەكێك لەو گۆرانییانەیە، كە حەسەن زیرەك، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە، پێكەوە بە یارمەتی تیپی موسیقای كرماشان تۆماریان كردووە. “بەرھەڵبێنە” و “ھەوارە، گوڵم ھەوارە” دوو گۆرانی دیكەن، زیرەك و محەممەدی ماملێ پێكەوەیان گوتوویانن.

  ژیانی ھونەری  
لە ماوەی ژیانی ھونەری، زیرەك دەربەدەری زۆری چێشت، ماوەیەك لە شارەكانی ئێران و ماوەیەك لە عێراق، لە ڕۆژانی دەسپێكی ژیانی لە باشووری كوردستان لە شاری سلێمانی كاری دەكرد، ڕۆژێك بەدەم كارەوە لە ژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانیبە و دەنگی زیرەك ھەستی ڕێبوارێك دەبزوێنێ و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانكاری لە ژیانی زیرەك‌دا و ڕێگەی بۆ دەكاتەوە بڕواتە ڕادیۆی بەغداد. بۆ ماوەیەك لە ڕادیۆ بەغداد كار دەكات و كاتێ لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی كوردی ڕادیۆ تاران دەست بەكار دەكات حەسەن زیرەك بۆ تاران بار دەكات و لەوێ درێژە بە كار دەدات. زۆربەی بەرھەماكانی حەسەن زیرەك لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەكانی مووسیقای ئێرانی وەك: حسەین یاحەقی، حەسەن كەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەك و ئەحمەد عیبادی بووە.

حەسەن زیرەك ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ‌بەش مابوو، بەڵام توانای بێ‌ وێنەی لە ھۆنینی شێعری كوردی و دانانی مۆسیقای كوردی ھەبوو، ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێ ‌وێنەی بووە ھۆی ئەوەی كە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك لە سەرانسەری كوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵك، ئێستاش لە شار و گوندەكانی كوردستان و لە ماڵی كوردەكان گوێ لە گۆرانییەكانی دەگیرێت.

حسەن زیرەك نە لە ئێران و نە لە عێراق ڕووی خۆشیی نەدی، ھەڵسووكەوتی حكوومەتی ئێران كێشەی زۆری بۆ درووست‌ كرد، بۆ نموونە دوای ماوەیەك ڕێگەیان نەدا بە ڕادیۆ تاران، ئەوە دڵی ناسكی زیرەكی ڕەنجاند و بڕیاری ‌دا نەگەڕێتەوە تاران، باری كرد بۆ عێراق بەڵام لە بەغداد دەست‌بەسەر كرا و لە بەندیخانە ئەشكەنجە درا.

خۆی دەگێڕێتەوە، كە لە بن‌ میچ ھەڵواسراوە و لێی‌دراوە، بۆیە دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی، لە ئێرانیش ساواك دەیگرێ و ئەشكەنجەی زۆری دەدەن، زیرەك لە شوێنێك چۆنییەتی ئەشكەنجەكان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەك یادگاری ماوەتەوە لێی.

حەسەن زیرەك لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ كرماشان كاری كردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەك موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەكبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەكی كاری كردووە و ئەو ھاوكارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا، كە وەك شاكارەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.

 كۆچی دوایی 
قەبری حەسەن زیرەك (چەپ) و قەبری قالەمەڕە (ڕاست) لە بۆكان، دوای ئەوەی نەخۆشییەك كە لە مێژ بوو حەسەن زیرەكی ئازار دەدا، لێی تووند كرد، چەند جار لە نەخۆشخانەكانی ورمێ و بۆكان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەكەی كە شێرپەنجە بوو، دەست بەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەك واز لە گۆرانی گوتن نەھێنا :
لە پڕدا پیریم لێ وەدەركەوتبەختیش وەكوو خۆم ھات و لێی خەوت
فتیلەی عومرم ھاتووەتە گزیھەر بینا ئەویش لە سووتان كەوت
ئەسپی تەبیعەت ھەروا خۆش ڕۆیەبەبێ ئاوزەنگی لە ڕەوت نەكەوت

سەرئەنجام نەخۆشی ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپەنجەی جەرگ لە عەردی دەدا و دوای ماوەیەكی زۆر لە جێگادا كەوتن لە ١٩٧٢ی زایینی دا لە نەخۆشخانەی شاری بۆكان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەكەی دەكات و چرای تەمەنی لە سووتان دەكەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لە ماتەمی بەجێ ھێشت.

لە سەر ویستی خۆی لە داوێنی كێوی ناڵەشكێنە، كە دەڕوانێتە بۆكان ئەسپاردەی دایكی نیشتمان دەكرێت.

مەرگی حەسەن زیرەك وەك بۆمبێك لە نێو كوردستاندا تەقییەوەو شەپۆلەكانی خەم و ماتەمی لە دەستچوونی لە سنوورەكانی كوردستان تێپەڕی، گۆڕەكەی بوو بە زیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی.

ساڵانەش لەم ڕۆژەدا یادی كۆچی دوایی حەسەن زیرەك لە كوردستان و دەرەوەی وڵات بە شێوازی جیاجیا دەكرێتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا لە شاری سلێمانی و لە تەلاری هونەری بڕیارە ئەمشەو كاتژمێر نۆی شەو مەراسیمی یادی زیرەك ساز بكرێت.

بە بۆنەی 46هەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی بە نێوبانگی كورد حەسەن زیرەكەوە سبەی سێ‌ شەممە 26ی 6ی 2018 كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر ساز دەكرێن.

كاتژمێر 5ی پاشنیوەڕۆ لە كافتریای سۆلۆ لە شەقامی سالم مەراسیمی نمایشكردنی گۆرانییەكی حەسەن زیرەك لەلایەن هونەرمەند نەجات ئەمین ساز دەكرێت كە بە ئامێری سەردەمیانە نوێی كردووەتەوە و ماوەكەی دوازدە خولەكە.

كاتژمێر 6ی ئێوارە لە ماڵی كلتوری سۆفی كەریم لە نێو بازاڕی شاری سلێمانی رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیكەری حەسەن زیرەك ساز دەكرێت.

لە كاتژمێر 7ی ئێوارە لە سەرای سلێمانی ئاهەنگێك سازدەكرێت بە بەشداری هونەرمەندان ناسری رەزازی، ئیحسان زیرەك و چەند هونەرمەند و تیپێكی مۆزیكی دیكە.

جیهان

پەیامێك بۆ پیاوە دەسەڵاتدارەكانی دنیا… سانا مارین حكومەتێكی پڕ لە ژن بەڕێوەدەبات

خەڵك – لوقمان غەفوور- ئەمریكا

سانا مارین لەلایەن حزبی سۆسیال دیموكراتی فنلەنداوە بە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی هەڵبژێردرا، كە گەنجترین سەرۆك وەزیرانە لە جیهاندا و بووە سەرۆكی حكومەتێكی ئیئتیلافی كە 12 وەزیریان ژنن،ئێستا مارین گەنجێكی ئاسایی نێو خێزانێك نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتی وڵاتێكی كەوتۆتە ئەستۆ.

بەپێی نیویۆرك تایمز ئەم كچە 34 ساڵە، حكومەتێكی ئیئتلافی پێكهێناوە كە 12 ژنی تێدایە لە ترۆپكی حكومەتدا كە چواریان تەمەنیان خوار 34 ساڵە.

لەدوای سەركەوتنی مارین، لە وەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی كە كاریگەری ڕەگەز چەندبووە لەسەر هەڵبژاردنی، وتویەتی:”هەرگیز بیرم لە ڕەگەز و تەمەن نەكردووەتەوە”، ئەم قسەیەی مارین لەكاتێكدایە بەپێی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی 2019، فنلەندا بەشێوەیەكی ڕۆتینی لە یەكسانی جێندەری-دا لوتكەی ڕیزبەندی جیهانی گرتووە، لەدوای ئایسلەندا و نەرویج و سویدەوە لە پلەی چوارەمدایە و ئەمریكا لە پلەی 51دایە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕەخنەی توندی لەم بوارە بەرەكەوێت، چونكە بەپێی یەكێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی، ئەمریكا لە پلەی 76 دێت لە كۆی ئەو 193 وڵاتەی دەستنیشانكراوە كە ژن تێیدا كاری پەرلەمانی و حكومی دەكات.

مارین لە پێگەی ڕەسمی حكومەتی فنلەندا-دا نوسیویەتی:”گرنگترین پەیامی من ئەمڕۆ ئەوەیە كە ئەم حكومەتە بۆ هەموو تاكێكی فنلەندا كاردەكات، ئێمە نایەكسانی كەمدەكەینەوە و یەكسانی بەهێزدەكەین.، ئێمە توانای تاكەكانی كۆمەڵگە و بڕوانامەی فێركردنیان بەگەڕدەخەین، ئەگەڕێین بەشوێن ئەوەی كە لەپشت ئاسایش و ئارامی خەڵكەوەیە”.

مارین ئەبێتە سێیەم ژنە سەرۆك وەزیران لە مێژووی فنلەندا، یەكەم سەرۆك وەزیرانی ژن لە مێژووی فنلەندا بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە و هەر لەو ساڵەشەوە رێژەی 43%ی پەرلەمانی وڵاتەكە پێكدەهێنێت.

پێگەی ڤۆكس –ی ئەمریكی، ئەمریكا ڕەخنەباران دەكات و دەڵێت: “پێویستە ئەمریكا وانەیەك لە فنلەنداوە وەرگرێت، چونكە تائێستا نزیكەی 24%ی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ژن، لە كۆی 435 نوێنەر لەكۆشكی سپی 113 یان ژنن كە دەكاتە یەك لە چوار، هەروەها لەكۆی 100 ئەندامی ئەنجومەنی پیران، 20 ئەندامی ژنن كە 24% دەكات”.

ئەم ڕەخنەیە لەكاتێكدا ساڵی 1917 تاكە یەك ژن لە كۆنگرێسی ئەمریكادا بووە، بەڵام پێگەی ڤۆكس ئەوەش ناشارێتەوە كە یەكەم ژن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی گرتە دەست نانسی پێلوسی بوو لە ساڵی 2003 و بۆ جاری دووەمیش لە 2019 ئەو ئەركەی گرتەوە دەست”.

هەروەها یەكێكی تر لەو بازدانەی ئەمریكا ویستی بیكات ئەوە بوو، دیموكراتەكان بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەمریكا ساڵی 2016، هیلاری كلنتۆن-یان پاڵاوت بۆ سەرۆكایەتی بەرامبەر سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، بەڵام نەیتوانی سەركەوێت.

بۆ هەڵبژاردنی 2020 یش ژمارەیەكی بەرچاو لە پاڵێوراوی دیموكراتەكان لە كێبڕكێدان كە زۆرینەیان ژنن، لەسەرەتای كێبڕكێكەدا كە مالا هاریس، پێشەنگی ریزبەندی گرتبوو لە پاڵێوراوی دیموكراتەكان و چاوەڕوانی سەركەوتنی گەورەی لێدەكرا بۆ 2020، بەڵام هەفتەی پێشوو لە پێشبڕكێكە كشایەوە.

هەر لەدوای ڕاگەیاندنی كابینەكە هیلاری كیلنتۆن-ی سیاسەتمەداری ئەمریكا لە تویتێكدا نوسی:”كاتێك حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی فنلەندا ئیعلانی سەرۆك وەزیرانی نوێی فنلەندای كرد، سانا مارین بوو بە گەنجترین سەرۆك وەزیران و سەرۆكایەتی حكومەتێك دەكات پڕە لەژن”.

سەعدییە زاهیدی بەرێوەبەری كارگێڕی كۆڕبەندی ئابوری جیهان بە هۆف پۆست-ی ڕاگەیاندووە كە نێوانی مافی دەنگدانی ژن لە ئەمریكا و فنلەندا 14 ساڵیان نێوانە، بۆیە هەمیشە فنلەندا لە پێشتر ئەبێت.

لە فنلەندا ساڵی 1906 مافی دەنگدان بەژنان دراوە، بەڵام لەئەمریكا ساڵی 1920.

لەبەرامبەر ئەم گەشبینی و دەنگدانەوەیەدا ڕۆژنامەی زە دیترۆیت دەڵێت: بەسروشتی ڕێژەی ژن لە فنلەندا لە پیاو زیاترە، بۆیە دەشێت كاریگەری ڕەگەز لە بەڕێوەبردندا كاریگەیی هەبێت.

گۆڤاری ئیكۆنۆمست-ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا لە ڕۆژی 11ی دیسێمبەر ئامارێكی وردی بڵاوكردۆتەوە كە ئاماژەی بە رێژەی بەشداری ژن كردووە لە حكومەتدا لە ئەورپا و نیشانی داوە كە فنلەندا 62% ی ئەندامانی حكومەت ژنن، بەدوای ئەودا ئیسپانیا دێت كە ژن 58%ی حكومەت پێكدەهێنێت و دواتر سوید 51% و نەمسا 50% و فەرەنسا 47% و ئەڵمانیا 45% و دانیمارك 35% و ئیتالیا 31% و بەریتانیا 30% و ئیرلەندا و بەلجیكا و هەنگاریا و پۆڵەندا لە خوار 30%ن.

ڕەنگە قسەیەكی مارین جێگەی ڕاڤە بێت بۆ هەموو دنیا، لەئەمریكاوە تا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت هەرێمی كوردستان-یش، ئەوەش مەسەلەی باوەڕبوونە بە هەڵبژاردنی ژن لەلایەن سیستمی سیاسی و حزبەكان و تەنانەت دەنگدەرانەوە.

یەكێك لەو پاڵنەرانەی كە لە هەندێك وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەكرێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە مەسەلەی ڕێژەیە كە دادەنرێت، بەشێوەیەك ئەبێت ڕێژەی ژن لە حكومەت یان پەرلەمان لەوە كەمتر نەبێت! مارین بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت:”یەكێك لەو فاكتەرانەی وایكردووە كە بەشداری سیاسی بكەین باوەڕی دەنگدەرەكانە بە ئێمە”.

مارین كە وەزیری گواستنەوەی فنلەندا بوو پێشتر ڕاسپێردراوە لەلایەن حزبی سۆسیال دیموكراتی فنلەندا، ئەویش دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەنتی ڕاێین.

گۆڤاری تایم دەڵێت:”مارین حكومەتێكی ئیئتلافی بەرێوەدەبات كە لە 5 حزب پێكهاتووە. مارین سەركردایەتی تیمێكی حكومەت دەكات كە لە 19 كەس پێكهاتووە، 7 یان پیاو 12یان ژنن، لەو دوانزە ژنە بە خۆیەوە چواریان تەمەنیان لە 35 ساڵ كەمترە و هەریەكەیان سەربە حزبێكن، ئەوانیش:

*كاتری كۆلۆمنی -32- لە پارتی ناوەند، وەزیری كاروباری ئابوری.
*ماریا ئۆهیسالۆ-34- پارتی سەوز، وەزیری ناوخۆ.
*لی ئەندرسۆن-32- پارتی هاوپەیمانی چەپ، وەزیری فێركردن.

ژنە وەزیرەكانی تریش:
*ئانا هینریكسۆن-55- پارتی گەلی سویدی، وەزیری داد.
*تیتی تۆبۆرینین-43-حزبی سۆسیال دیموكرات، وەزیری كارەباری ئەوروپا.
*سیریا پاتیرۆ-55- حزبی سۆشیال دیموكرات، وەزیری دەسەڵاتی خۆجێیەتی.
*هانا كۆسۆنین- 43- حزبی ناوەند، وەزیری زانست و رۆشنبیری.
*تولا هەتینین- 59- حزبی سۆسیال دیموكرات، وەزیری ئیشغال و ئاوەدانكردنەوە.
*ئاینۆ كایزا بیكۆنین- 40- هاوپەیمانی چەپ- وەزیری تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی.
*كریستا كیۆرۆ- 45- حزبی سۆسیال دیموكرات، وەزیری كاروباری خێزانی و خزمەتكوزارییە كۆمەڵایەتییەكان.
*كریستا میكۆنین- -پارتی سەوز، وەزیری ژینگە و گۆڕانكاری كەشوهەوا.

ئۆپۆزسیۆنی فنلەندا دڵخۆشە بە دۆخەكە و ڕەخنە ناگرێت، ئەلكساندر ستۆپ سەرۆك وەزیرانی پێشووی فنلەندا و سەركردەی حزبی كۆنزەرڤاتیڤ-ی فنلەندا لە تویتێكدا لەواڵەكەی خۆی نووسیویەتی:”حزبەكەم لە حكومەتدا نییە، بەڵام دڵخۆشم چونكە سەركردایەتی ئەو 5 حزبە لە حكومەت ژنیان هەڵبژاردووە بۆ سەركردایەتیكردن، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە فنلەندا وڵاتێكی پێشكەوتوو و مۆدێرنە، زۆرینەی حكومەت ژنە، یەك ڕۆژ، ژن كێشە نابێت بۆ حكومەت”.

هەرچەندە ئەوەی زیاتر لە فنلەندا فۆكسی خراوەتە سەر مەسەلەی تەمەنە، چونكە لەو وڵاتە ژن دەمێكە چمكی سیاسەت و سەركردایەتی ئیدارەی گرتووەتە دەست، گۆڤاری ئەتلەنتا لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت: “ساڵی 2003 لەگەڵ ئەوەی ئینلی جاتینماكی بووە سەرۆك وەزیرانی فنلەندا، ژنان لە 200 كورسی پەرلەمان 93 كورسی پەرلەمانیان بۆ خۆیان برد”.

گۆڤارەكە پێی وایە ئیتر ئەمە وەك كەڵچەری لێهاتووە زیاد ئەكات كەم ناكات، بەڵام ئەوەی بۆتە جێگەی دڵخۆشی حزبەكانی فنلەندا لە هەڵبژاردنی 2019دا، 48%ی پەرلەمانتارانی وڵاتەكە تەمەنیان لە خوار 45 ساڵە و 8 لەوانەش 30 ساڵ-ن.

هەروەها گۆڤاری ئەتلەنتا نووسیویەتی:”لەنێو ئەو سەرۆك وەزیرانە گەنجانەی دنیادا مارین گەنجترینە، جگە لەم سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا ئۆلیكی هۆنشارۆك -36- ساڵ و جاسیندا ئاردرن -39- هەن.”

سەركردایەتیكردنی ژنان لە جیهاندا لە دوای نەوەدەكانەوە جەدەلی گەورەی دروستكردووە، تەنانەت وڵاتانی عەرەبی بەر ڕەخنەی قورس كەوتوون لەو ڕووەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا ڕۆڵی باڵای گێڕا، تانسۆ چیلەر، 22 یەمین سەرۆك وەزیرانی توركیا (1993-1996) یەكەمین ژن ئەو پۆستە وەرگرێت، كە ژنێكی بەتوانای بواری سیاسەت بوو.

لەم دەمەدا توركیا كرانەوەی گەورەی بەخۆوە دی، بەڵام بەدەركەوتنی حزبی “داد و گەشەپێدان” لەسەردەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان توركیا پاشەكشێی كرد.

پسپۆرانی جێندەری پێیان وایە جەنگی یەكسانی جێندەری لە فنلەندا و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا كۆتایی نایەت، ریك واك بۆ واشنتۆن پۆست دەڵێت:”تا ئەم ساتە توندوتیژی كۆمەڵایەتی لە فنلەندا بوونی هەیە، لە توێژینەوەیەكی مەیدانیدا ئاژانسی یەكێتی ئەوروپا بۆ مافە بنەڕەتییەكان ساڵی 2014 ئاشكرای كردووە كە ژنانی كۆچبەر جیاكراونەتەوە لە ژنانی فنلەندی، ژنانی كۆچبەر كەمتر فرسەتی ئیشكردنیان خراوەتە بەردەم، لەكاتێكدا بەپێی ئاماری 2015، 6%ی كۆچبەران خەڵكی فنلەندا پێكدەهێنن كە زۆربەیان لە عیراق و ئەفغانستان و ڕوسیاوە هاتوون، بۆیە ترس لەوە هەیە ئەم ڕێژەیە كاربكاتە سەر ڕیزبەندی فنلەندا لە یەكسانی جێندەریدا.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

یاساناسێك: تەنها پەڕلەمان دەسەڵاتی هەیە
دەرماڵەی فەرمانبەران لەنێوان بەرداشی حكومەت و پەڕلەمان

خەڵك- بەشی هەواڵ
بە پێی وتەی بەشێكی پەڕلەمانتاران و شارەزایانی بواری دارایی، حكومەتی هەرێم بەنیازە لەچوارچێوەی یاسای چاكسازی، دەرماڵەی بەشێكی فەرمانبەران ببڕێت و بەشێكیشی كەمبكاتەوە، یاساناسێكیش دەڵێت: “ئەگەر پەڕلەمان پەسەندی بكات، ئەوا حكومەت دەسەڵاتی هەیە، چونكە تەنها پەڕلەمان دەتوانێت ئەوەی بیەوێت پەسەندی بكات و بەپێچەوانەشەوە”، پەڕلەمانتارێكی پارتی-ش دەڵێت: دەرماڵە نابڕدرێت، بەڵكو ڕێكدەخرێتەوە”.

سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاشكرای كردووە، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە لە یاسای چاكسازی مووچەی فەرمانبەران كەمدەكرێتەوە بەوەی بەشێكیان دەرماڵەكانیان دەبڕدرێت و بەشەكەی تریشیان كەمدەكرێتەوە، بۆ نمونە دەرماڵەی بڕوانامەكانی دبلۆم لە (35%)ەوە دەبێت بە (5%)، بەكالۆریۆس لە (45%)ەوە دەبێت بە (10%)، دبلۆمی باڵا لە (55%)ەوە دەبێت بە (15%)، ماستەر لە (75%)ەوە دەبێت بە (15%)، دكتۆرا لە (100%)ەوە دەبێت بە (20%)، جگە لەمانە چارەنووسی دەرماڵەكانی نازناوی زانستیش دیار نیە، وەك مامۆستای یاریدەدەر (15%)، مامۆستا (25%)، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (35%)، پڕۆفیسۆر (50%).

لای خۆشیەوە، عەبدولقادر ساڵح، شارەزای یاسایی بۆ (خەڵك) وتی، “ئەگەر ئەو یاسا چاكسازیە لە پەڕلەمان ببێ‌ بە یاسا ئەوا حكومەت دەسەڵاتی هەموو شتێكی هەیە، چونكە لە هەرێم یاساكانی پەڕلەمانی كوردستان بەركارە بۆیە پەڕلەمان ئەوەی بیەوێت دەیكات و پەسەندی دەكات ئەوكاتەش هێزی یاسایی دەبێت و حكومەت ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەگەر پەڕلەمان پەسەندی نەكات و حكومەت تەنها خۆی بڕیاری لەسەر بدات، ئەوا ناتوانێت”.

بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی عیراقی، دەرماڵە جێگیرەكان بریتین لە دەرماڵەی بڕوانامە و هاوسەرێتی و منداڵ، كە ناكرێت حكومەت دەستكارییان بكات.

سەبارەت بە دەسەڵاتی هەمواركردنی یاسای خزمەتی شارستانی عیراقی لە هەرێم ڕاشیگەیاند، لەبەر ئەوەی لە هەرێم پەڕلەمان هەیە، بۆیە جێبەجێ‌ كردنی یاساكانی پەڕلەمانی كوردستان لەپێشترە و دەتوانێت هەر یاسا و مادەیەك هەبێت هەمواری بكاتەوە یان خۆی یاسای دیكە دەربكات.

جەختیشی كردەوە، كە پەڕلەمانی كوردستان دەتوانێت ئەو یاسایانەی تایبەتن بە مووچە و دەرماڵە پەسەندیان بكات و ئەوكات حكومەت جێبەجێیان دەكات، بەڵام ئەزموونی پەڕلەمانی كوردستان لەبواری یاساكاری وەزیفی نیە و ئەو یاسایانەشی لەو بوارەدا دەری كردوون لاوازن.

وتیشی، “ئەو یاسایەی بەناوی چاكسازی دەردەكرێت هەڵەیە، چونكە بە یەك یاسا ناتوانیت چارەسەری هەموو كێشەكان بكەیت، چونكە پێشینەی لەو بابەتە لە عیراقیش نەبوو، كە بە یەك یاسا دەست ببەیت بۆ یاسای مووچە و یاسای خانەنشینی و چەند یاسایەكی دیكە ببەیت”.

لای خۆشیەوە، لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسایی و ئەندامی خولی پێشووی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “ئەو دەرماڵانەی لە مادەی دوەمی پڕۆژە یاساكەدا باسكراون، دەرماڵەی شەھادەن بۆ خانەنشینەكان و پەیوەندی بە فەرمانبەری دەوامەوە نیە، ڕێك وەك ئەوەی عیراقی لێكراوە”.

هەروەها، زانا خالید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، لەپڕۆژە یاسای چاكسازی دا بە هیچ شێوەیەك بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە، بەڵكو ڕێكخستنەوەی دەرماڵە و بڕینی ئەو دەرماڵەیەیە، كە بە ناحەق وەردەگیرێت.

وتوشیەتی، “دەرماڵەی مەترسی لە هەندێك وەزارەت هەیە بۆ نموونە، لە كەرتی كارەبا و تەندروستیدا، بەشێك لە فەرمانبەرانی هەردوو كەرتەكە دەرماڵەی مەترسییان بۆ بەستراوە و هیچ كارێكی مەترسیداریش ناكەن”.

بەڵام سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو چاكسازیەی لە ئێستادا كراوەتە هەڵا لەسەری هی ئەوە نیە، چونكە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هەزاران خێزانی ئەم هەرێمەوە هەیە، كە بە دەرچوواندنی یاساكە دەرماڵەكانیان دەبڕێت.

وتیشی، “فراكسیۆنی یەكێتی پێشتر ئەوەی بۆ ڕای گشتی خستەڕوو، كە لە پڕۆژە یاساكەدا ماددەیەك هەیە بۆ ڕێكخستنەوەی دەرماڵە، پێم وایە ئەوە بۆ بڕینی دەرماڵەی هەزاران هاووڵاتی ئەم هەرێمەیە، ئەگەرنا پێدانی دەرماڵە بەیاسا نەدراوە تا یاسای بۆ دەربچوێنرێت، هەر فەرمانگەیەك لای خۆیەوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەری كارگێڕی دەتوانێت دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرە ببڕێت، كە شایەنی نیە”.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

چیرۆكی لیزا سمیس، لە پێشوازیكاری فڕۆكەی جێگری سەرۆكەوە بۆ ناو داعش

خەڵك – لوقمان غەفوور

دوای ئەوەی ڕۆژێك لەئاسایشی فرۆكەخانەی ئەستەنبول دەستبەسەرمایەوە، حكومەتی ئێرلەندا، لیزا سمیس- 38 ساڵ و كوڕە 2 ساڵەكەی لە رێگەی توركیاوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەكەی.

ڕۆژی 4ی دیسێمبەر، لیزا سمیس، دوای چوار ساڵ دووربوون لە وڵاتەكەی، لەدۆخێكی ئەمنی تونددا لە داونداڵك-ی ویلایەتی لاوس-ەوە گەیەندرایە دادگای تاوانەكان لە دبلن، تا بە تۆمەتی تاوانی هەڵاتن لە سەربازیی و خیانەتی نیشتمانی لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ – دیسێمبەری ٢٠١٩، دادگایی بكرێت.

چیرۆكی لیزا بووەتە چیرۆكی نێو لاپەڕەی ڕۆژنامەكانی ئەمریكا، چونكە دوای پێنج ساڵ لە خزمەتی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری ئێرلەندا، ساڵی 2015 پەیوەندی دەكات بە ڕیزەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە.

ڕۆژنامەی زە پرۆڤیدینس جۆرناڵ، لە ژمارەی رۆژی 6-12دا، نوسیویەتی: “لیزا لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی بە سەركردەیەكی داعشەوە دەكات كە لەبنەڕەتدا هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بووە، هەر لە سوریا هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، ئێستا خاوەنی منداڵێكی 2 ساڵە لەو كەسە، لەكاتێكدا مێردەكەی لە شەڕێكی سەختدا ساڵی 2017 كوژراوە و خۆیی و منداڵەكەی لە كەمپی “عەین عیسا” لە باكوری سوریا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستبەسەربوون.

بەپێی زە پرۆڤیدینس جۆرناڵ، لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لەدوای هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك زیندانی داعش و ژن و منداڵی نێو كەمپی عەین عیسا، هەوڵی هەڵاتنیان داوە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی توركیا لەلایەن ئەوانەوە دەستگیركراون كە ژمارەیان 287 چەكداری داعش و ژنەكەنیانن، لەنێو ئەو دەستگیركراوانەدا لیزا سمیس یەكێكیان بووە”.

لە چاوپێكەوتنێكی سی ئێن ئێن-دا لەو كاتەی كە لە كەمپی عەین عیسا بووە لە سوریا، لیزا دەڵێت:”بەشداری هیچ شەڕ و مەشقێكی سەربازیم نەكردووە لەلای داعش” وتوشیەتی :”ئێف بی ئای چەند جارێك سەردانیان كردوم و پەنجەمۆر و سمپلی دی ئێن ئەی-م لێوەرگیراوە”.
لەبەرامبەر دانپێدانانەكانیدا “ئێف بی ئای” كۆمەڵێك وێنەی پیشانی لیزا داوە كە نیشانە دەگرێتەوە و مەشق لەسەر چەك دەكات بۆیە دەست دەكات بە گریان و تێدەگات لەوەی ئەوانەی وێنەیان گرتووە و لە ناو داعش بوون، سەر بە ئێف بی ئای بوون.

كاتێك لیزا بەپێی ڕێكەوتنی نێوان توركیا و ئێرلەندا دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتەكەی، پەیامنێری “ئار تی ئی” لەنێو ئەو فڕۆكەیەی گەشتی هێڵی ئاسمانی توركیدا بووە كە لە ئەستەنبول-ەوە لیزا و منداڵەكە-ی گواستۆتەوە بۆ دبلن، لیزا رەتیكردۆتەوە هیچ لێدوانێك بدات بۆ كەناڵەكە سەبارەت بە هەستەكانی لەكاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی.
بەپێی قسەی پەیامنێرەكەی “ئار تی ئی” لیزا لەماوەی ئەو چەند سەعاتەدا شوێنەكەی جێنەهێشتووە و زوربەی كاتەكە یاری لەگەڵ منداڵەكەی كردووە و هیچ پەیوەندییەكی قسەكردنیشی نەبووە لەگەڵ ئەو چوار پاسەوان و دیپلۆماتەی پارێزگارییان كردووە.

پەیامنێرەكە وتوشیەتی، كە لیزا هەر بەرگی حیجابی لەبەردا بووە لەگەشتەكەدا و دۆخی دەروونی لەوپەڕی ئارامیدا بووە و شڵەژاو دەرنەكەوتووە.

ڕۆژنامەی زە واشنتن پۆست لە ژمارەی 6ی دیسێمبەردا ئاماژەی بەوەداوە، لەكاتی دابەزینی لە پێپلیكانەی فڕۆكەكە بە پەتانییەكی ڕەنگاو ڕەنگ سەرو دەوموچاوی شاردراوەتەوە و بەپەلە خراوەتە ناو ئۆتۆمبێلێكی ڕەشی جام تاریكەوە.

توركیا لە كۆتایی نۆڤێمبەرەوە بڕیاری داوە كە ئەو دەستگیركراوە داعشانەی لەلای دەستبەسەرن و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپین، بیانگێڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ وڵاتەكە.

بەپێی زە نیویۆرك تایمز، لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، هەریەك لە ئەلمَانیا و فەرەنسا و بەریتانیا ڕازی بوون بە گەڕانەوی ئەو داعشانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتەكەیان هەیە لەبەرامبەر چەند مەرجێك، بەڵام تا ئێستا ئاشكرا نەبووە مەرجەكانی نێوان توركیا و ئەو وڵاتانانە چین، چونكە توركیا هەمیشە هەڕەشەی بەو داعشانە كردووە كە ئازادایان ئەكاتەوە بەرەو ڕووی وڵاتەكەی خۆیان.

یەكەم گەڕانەوەی دەسبەسەركراوی داعش-یش كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپییە لە لیزا- وە دەستی پێكردووە و بەپێی ئاژانسەكانی ئێرلەندا 30 هاووڵاتی ئێرلەندی لە2015 -2016 پەیوەندییان بە ڕیزەكانی داعشەوە كردووە، بەڵام بەپێی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندا بەشێك لەوانە كوژراون.

شارلی فلانگن وەزیری دادی ئێرلەندا، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتوویەتی:”ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەخێوكردن و چاودێریكردنی منداڵەكە لەهەمووی گرنگترە”.

دواتر وتی:”مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە پێویستە خەڵك ئارام كەینەوە لەدوای ئەوەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و تەلەفیزیۆنەكانەوە دیمەنی گواستنەوەی لیزا لە فرۆكەخانەی توركیاوە گواسترایەوە بۆ ئێرلەندا”.

لیزا سمیس ساڵی 2009 پەیوەندی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندییەوە دەكات و وەك سەربازی هێزی پیادە، دوای پێنج ساڵ داوای گواستنەوە دەكات بۆ هێزی ئاسمانی سەربازی تایبەت بە پێشوازیكاری فڕۆكەی نەفەرهەڵگر و دەبێتە پێشوازیكاری فڕۆكەی جێگری سەرۆك وەزیرانی ئێرلەندا.
بەپێی لێكۆڵینەوەی ئێف بی ئای، لیزا لەساڵی 2011 قوڵبۆتەوە لە ئاینی ئیسلام لەكاتێكدا سەربازی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندی بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان